ئەوەی لەشیلادزێ ڕویدا

عەزیز ڕەئوف
  2019-01-27     1114

یەکەم: بێدەنگی درێژخایەن لەسەر دۆخێکی سیاسی بەمانای ڕازیبوون نیە. هەندێ جار لە سوچێکی دنیای ئێمە بەشێک لە ناڕەزایی ئامادەیە و لەپڕ دەتەقێتەوە و زۆر شت لەگەڵ خۆیدا دەسوتێنێت. ئەوەی لە شیلادزێ ڕوویدا پێماندەڵێت دۆخی بێدەنگی و فەزای قسەنەکردن بەمانای ڕازیبوون نایات و ڕەنگە ڕووداوێک، توڕەییەکی کاتی دۆخەکە بباتە قۆناغێکی تر و ناڕەزایی فراوان دروست بکات.


دووەم: تورک بەڵای گەورەی ناوچەکەیە و هەمیشە شەڕ دەگوازێتەوە دەرەوەی سنوری خۆی. تورک لە قەندیل و لە شیلادزێ و لە شەنگال دەیەوێت لە باشور ئامادە بێت و ئەگەر نەشکرا ئەوا لە بەرگێکی تردا کە گروپی تیرۆرستی داعشە دێتەوە نێو دنیای ئێمە.


سێیەم: دنیای ئێمە پڕە لە ناڕەزایی و توڕەیی نادیار. ئەم بێدەنگیە و لە پشتکردنە دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردن دەیسەلمێنێت کە لە کۆڵانەکانی ئێمە شتێکی تر دەگوزەرێت و نابینرێت. لە کۆڵانەکانی دنیای ئێمە ناڕازی گەورە ئامادەیە و نایبینین و ئەم ناڕەزاییانە لە هەڵوێستێکی کاتیدا خۆی مانڤێست دەکات. 


چوارەم: خۆپیشانەکانی شیلادزێ خورسکە و خاوەنی نیە. خۆپیشاندەری بێخاوەن جۆرێک لە جوانی تێدایە بەوەی نەکەس ئاراستەی دەکات، نە دەتوانرێت کات و شوێنی بۆ دیاری بکرێت. ئەوەی لە شیلادزێ ڕوویدا دەم و چاوی کەسی پێوە دیار نیە و دەستی کەسی تێدا نابینرێت جگە لە دەستی خەڵک خۆی بە خۆیان و خەم و توڕەیی و ناڕەزاییەکانیانەوە. 


پێنجەم: مرۆڤ پرسیاری لا دروست دەبێت: ئەم هەموو تانک و زرێپۆش و سەربازەی تورک چی دەکا لە شیلادزێ؟. خۆ پارتی هەمیشە ناوچەی سلێمانی تاوانبار دەکرد بە بوونی هێزە ئێرانیەکان و قاسمی سولەیمانی. دەسەڵاتداران لەو دەڤەرە پێیان وابوو ناوچەکە ئارامە. ئەم خۆپیشاندانە عەورەتی ناشرینی دەسەڵاتی لەو دەڤەرە نیشانداین کە دەیویست دایپۆشێ و کەس نەیبینێت کە لە نێوان پارتی و تورکیادا چی لەئارادایە. دروستبوونی ئەم درزە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە شتێک بەناوی سنور لە هەرێم نەماوە و شوێن پۆستاڵی تورکەکان بەئاشکرا دیارە.


شەشەم: ئەوەی بینیمان لە شیلادزێ و بێدەنگی سەرجەم هێزەکان سەلماندی کە لە باشور سیاسەت مردووە و ئەسڵەن پارتە سیاسیەکان لە ناڕەزایی و خەم و ئازار و تەنانەت دیدو تێڕوانینی خەڵک تێناگەن و ئەوان لە بارەگاکاندا سیاسەت دەکەن نەک لە کۆڵانەکان. ئەم خۆپیشاندانە خوڕسکە ئەوەی دەرخست کە سیاسەت لە کۆڵان و لەسەر شەقامەکانە نەک لەبارەگای حزبەکان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×