زۆر سەیرە ئەو بەغدایە
عەزیز ڕەئوف
2020-09-02   696
بەغدا بە مانای " بەخششی خودا دێت" ئەو شارەی ئەبو جەعفەری مەنسور ساڵی 762 ی زاینی دروستی کردوە و ئێستا پارە وەک بەخشش بۆ کوردی چیاکان دەنێرێ. کورد لە چیاکان نازانێ خۆی بەڕێوە بەرێ و خەڵکەکەی برسیە، ئەگەر ئارد لە بەغداوە نەیا نانی گەرم بەچاوی خۆیان نابینن. کورد لە چیاکانەوە وەک نوێنەر کۆمەڵێ لات و پوتی بۆ بەغدا ناردووە خەریکی گیرفانی خۆیانن. لە مفەوەزاتەکەی ساڵی 1984 وەفدی یەکێتی بۆ ڕێکەوتن دەچنە بەغدا، کاک نەوشیروان وتی: (بەعس ئەوەندیان خواردن و خواردنەوەی خۆش دابوو بە وەفدەکەمان، بیریان چوبۆوە بۆچی چوون بۆ بەغدا).
بەغدا بازنەیی دروستکراوە، گریمانەی ڕووداوی چاک و خراپی لێ دەکرێ، ئەم شارە پڕە لە عەمامە بەسەر و ئەفەندیش پڕە لە مەزهەب و چەپ و عەلمانیش، پڕە لە خەڵکی بێدەنگ و گەنجی سەرکێش، ئەمریکای لێیە و ئێرانیش، ناوچەی سەوزی هەیە بۆ بەهەشتی سیاسیەکان و ناوچەی زەردی هەیە بۆ خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت.
حەسەن زیرەک لە سابلاغەوە ڕێگەی دوور دەگرێ و سەرهەڵدەگرێ بەرەو بەغدا، ئیتر کەس و کار و هاوەڵانی دەنگ و باسی نازانن. بۆیە زیرەک بە گۆرانیەک شوێنی خۆی کەشف دەکاو دەڵێ:
بۆم بڵێ نەرمە نەرمە
ئەمساڵ بەغدا زۆر گەرمە
سەردەمەکە جیاوازە و ئیدی ڕێگەی بەغدا نزیکە، هەر کە باسی بەغدا دەکرێ موچەمان بیر دەکەوێتەوە، بەغدا سیحرێکی سەیری هەیە، دەتوانێ گیرفان گەرم بکاتەوە. کرێکارەکان چەکوشەکانیان داناوە و چاوەڕێی بەغدان، شوان مەڕەکانیان نابەنە چیا چونکە بەغدا خوریەکانیان وەرناگرێ، جوتیار زەوی ناکێڵێت چونکە بەغدا پارەی گەنم نانێرێ، مامۆستای سرود منداڵان دژ بە بەغدا گۆش دەکا و لەسەر جادەش داوا لە بەغدا دەکا ڕاتب بنێرێ، پێشمەرگەکان لولەی تفەنگیان ڕوو کردۆتە بەغدا و چاوەڕێی موچەشی لێ دەکەن.
هەر لە بەغداوە سەردەمێ کیمیایی بەسەر کوردا دەکرا و هەمووانی خەمبار دەکرد، ئێستا تورەکە پارە بۆ کورد نەدێرن و خەڵک دڵخۆش دەکەن. ئێستا لەناو خەڵکی کوردستاندا بۆتە نوکتە: (بەغدا بینێرێ دەیدەن، نەینێرێ نایدەن) حوکمڕانی بەم شێوەیەی کورد منداڵیش دەتوانێ.
ئەم بەغدایە زۆر سەیرە، ئەگەر پێی بڵێین دەبابە بنێرە بۆ هەولێر بۆ شەڕی براکان ئەوا دۆستمانە، ئەگەر خۆی دەبابە بنێرێتە کوردستان بێ پرسی کورد، ئەوە دوژمنمانە.
بۆ سەرانی کورد بەغدا زۆر ئاڵۆزە، وەک شوێن و زمان و نەتەوە، دوژمنن، وەک ناردنی پارە و ڕازانەوەی سفرەی ماڵەکانمان یەکسەر دەبن بە دۆستی گیانی بەگیانی.
بەغدا کورسیەکەی هاڕونە ڕەشیدی بۆ کورد جێهێشتووە و بە دوژمنیشی دەزانین.
زۆرسەیرە بەغدا، هەم یارە و هەم نەیار.