بەپێی هەندێک زانیاری ماوەیەکە خولێکی نوێی دانوستاندن لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و حکومەتی تورکیا، لەئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دەستیپێکردوە!
لەخولی یەکەمی دانوستاندنەکاندا کە زیاتر لەسێ ساڵی خایاند (٢٠٠٩ تا ٢٠١١) هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدی نەهات، دانوستاندنەکان وەستێنرانو شەڕی نێوان گەریلاو سوپای تورکیا بەگوژمێکی بەهێزترو خوێناویتر سەریان هەڵدایەوە!
هۆکارەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستاندن:
لەنێوان دوو خولی دانوستاندندا (٢٠١١ـ ٢٠١٨) دوو ڕووداوی گەورەو گرنگ لەناوچەکە ڕوویان داوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە تورکیاو پەکەکەوە هەیە!
یەکەم: جەنگی ناوخۆی سوریا (٢٠١١) و دیفاکتۆی ڕۆژئاوا بەڕابەرایەتی پەیەدە، کە لەڕووی ئایدۆلۆجییەوە لەپەکەکەوە نزیکە، هەلومەرجی نوێی سیاسیو ستراتیجی بۆ هەردوو لا هێناوەتە ئاراوە.
دووەم: شکستی کودێتا سەربازییەکەی تورکیا (٢٠١٦) و گۆڕینی دەستوری وڵات بۆ سیستمی سەرۆکایەتی، دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی لەدەستی ئەردۆگاندا کۆکردووەتەوە.
ئامانجی پەکەکە لەدانوستاندن.
یەکەم: پەکەکە هەوڵ دەدات لەیەککاتدا ناوی پارتەکەی لەلیستی تیرور بسڕێتەوەو ناوبژیوانو چاودێری نێودەوڵەتی وەک پەرلەمانی ئەوروپا، نەتەوەیەکگرتووەکان یان حکومەتی ئەمریکا تێکەڵ بە دانوستاندنەکان بکات.
دووەم: باشکردنی دۆخی زیندانو تەندروستیی بەڕێز ئۆجەلانو بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی ئاپۆ لەدانوستاندنەکاندا.
سێیەم: پاراستنو جێکەوتەکردنی زیاتری ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان.
ئامانجی تورکیا لەدانوستاندن:
یەکەم: بەهۆی ڕووداوەکانی عێراقو بەهاری عەرەبییەوە، پەکەکە چەند جۆر چەکی نوێو کاریگەری دەستکەوتووە. لەدووساڵی رابردوودا بەشێک لەو چەکانە بەکارهاتونو زیانی بەرچاویان بە هێزە زەمینیو ئاسمانییەکانی تورکیا گەیاندووە، لەبەرامبەردا کەمترین زیان بەر گەریلا کەوتووە. تورکیا لەو ڕاستییە تێگەیشتووە کە هەرکات پەکەکە بخوازێت ئاگری ڕووبەرووبوونەوەکان بەربڵاوتر دەکاتو گورزی گەورەترو کاریگەرتر بە سوپا دەگەیەنێت، واتە ستراتیجی شەڕی دڕێژخایەن لە بەرژەوەندی پەکەکە دەگۆڕێت. تورکیا هەوڵ دەدات لەڕێگەی دانوستاندنەوە دۆخی "نە شەڕ نە ئاشتی" بخولقێنێت، تا لەو ڕێیەوە کاتی زیاتر بەدەست بێنێتو ڕێگریی لەگەشەی سەربازیی پەکەکە بکات.
دووەم: ئازادکردن یان گۆڕینەوەی دوو بەرپرسی گەورەی دەزگای هەواڵگری میت کە لەهاوینی ٢٠١٧دا بەئامانجی تیرۆرکردنی گەورە سەرکردەی پەکەکە جەمیل بایەک چووبونە سلێمانی، بەڵام دەزگا هەواڵگرییەکانی پەکەکە توانیان لەسەیرانگای دوکان دوو بەرپرسەکەی میت دەستگیر بکەن. بەدیلگرتنی گەورەبەرپرسانی میت لەفەرهەنگی هەواڵگریی وڵاتاندا وەک شکستو شەرمێکی گەورە بۆ دەزگای میتی تورکی چاولێدەکرێت. بەپێی لێدوانەکانی پەکەکە تا ئێستا زیاتر لەبیست بەرپرسی باڵای تورکیا دیلی دەستی گەریلان.
سێیەم: لەئەگەری دانپیانانی فەرمی حکومەتی سوریو وڵاتانی تر بەدیفاکتۆی ڕۆژئاوای کوردستاندا، تورکیا یا دەبێت شەڕی هەموو سوریا بکات، یا کارتی بەکارهێنانی هێز دژی ڕۆژئاوا لەدەست دەدات، تورکەکان هەوڵ دەدەن لەپشتی ڕووداوەکانەوە دەرگایەک بەکراوەیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە بهێڵنەوە. ڕەنگە تورکیا وای ببینێت کە کلیلی ئەو دەرگایە لەدەستی پەکەکەدایە.
چوارەم: تا ئێستا چەند دەزگای دادوەریی ئەوروپی ئاماژەیان بەدەرخستنی ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر کردووە. لەچەند ساڵی ڕابردودا بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی تورکیاو ئەمریکا لەسەر ئاستی جیاواز لێکترازاون. دەرخستنی ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر، دۆخگەلێکی نوێی سیاسیو سەربازیو دیپلوماسی دێنێتە ئاراوە. دۆخگەلێک کە ڕەنگە ئەنجامی کارەساتباری بۆ تورکیا هەبێت. لەئەگەری ڕووداوێکی وادا تورکیا هەوڵ دەدات دەرگاکانی دانوستاندن لەگەڵ پەکەکە بەکراوەیی بهێڵێتەوە.
داوایەک لەپارتی کرێکاران!
پێویستە پارتی کرێکاران، لانیکەم بەشێك لەسەرخەتە گشتییەکانی دانوستاندن بۆ ڕای گشتی کوردی ئاشکرا بکات. ئامانجە راگەینداراوەکانی پەکەکە لەدانوستاندن چین؟ هەمانکات کاریگەریی دانوستاندنەکان لەسەرپارچەکانی تری کوردستانو ناوچەکە، لەدیدی خۆیەوە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنێت.