شەڕی چاوەڕوانکراوی ئەوروپاو تورکیا!
شوان حەمە
2019-03-17   1463
پێنجشەمەی ڕابردوو سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەوروپی بڕیارێکی پێشنیارکراوی سەبارەت بە درێژەدان، یان ڕاگرتنی دانوستاندن بۆ بەئەندامبوونی تورکیا خستە دەنگدانەوە.
لەئەنجامدا (١٠٩) ئەندامپەرلەمان بە بەڵێو (٣٧٠) ئەندامپەرلەمان بە نەخێر دەنگیان دا.
بەوپێیە پەرلەمانی ئەوروپی بڕیاری ڕاگرتنی دانوستاندنەکانی داو داوای لەکۆمیسیۆنی ئەوروپا کرد، دانوستاندنەکان لەگەڵ تورکیا ڕابگرێت.
هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی دەنگە نەخێرەکان لە ژینگەی سیاسیو یاسادانانی ئەوروپیدا دژی تورکیا، دەگەرێتەوە بۆ تەوژمی دەستگیرکردنو زیندانیکردنی سەدانو هەزاران کەس کە لەناویاندا دەیان نوینەرانی هەڵبژێردراو و شارەدار و سەرمایەدار و دادوەرو ڕۆژنامەنوس هەن.
قەیرانی چاوەڕوانکراوی نێوان ئەوروپاو تورکیا تەنیا بەو بڕیارەوە ناوەستێت، بەڵکو چاوەڕوان دەکڕێت لەداهاتوویەکی نزیکدا ئەنجومەنی ئەوروپا بەهاوکاری کۆمیسیۆنی ئەوروپا، بەشێکی زۆر لەوهەزاران سکاڵایەی دژی تورکیا تۆمارکراون بۆ دادگای مافی مرۆڤی لەستراسبورگ بەرز بکاتەوە.
پەرلەمانی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپاو کۆمیسیۆنی ئەوروپا وەک سێ لایەنی پشتیوان بۆ سکاڵاتۆمارکراوەکان دژی تورکیا، چاوەڕوانی بردنەوەی چەندین سکاڵا لەدادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی لەشاری ستراسبورگی فەرەنسا دەکەن.
لەئەگەری بردنەوەی سکاڵاکان دژی تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییە سیاسیو ئابووریو دیپلوماسییەکانی نێوان ئەوروپا و تورکیا ڕووبەڕووی گرژی ببێتەوە.
لەئێستادا یەکێک لەداوا هەنووکەییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا ڕاگرتنی فرۆشتنی چەکە بەتورکیا.
خۆئامادەکردنی ئەوروپییەکان بۆ وەستانەوە دژی تورکیا دوای چەند ڕۆژ لەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دێت کە باس لە زیندانیکردنی زیاتر لە ٢٢٠ هەزار کەس لەتورکیا دەکات. هەمانکات هەفتەی ڕابردوو دادگای بەلجیکا داوایەکی تورکیای دژی ٣٦ کەسایەتیو دەزگا کوردی بەتۆمەتی تیرۆر ڕەتکردەوە.