بەهۆی قەیرانە سیاسیو ڕێکخراوەیییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەچەند ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لەئەندامانو لایەنگرانی ئەوحیزبانە لەتاراوگە، چەندین دەستەو ڕیکخراو و حیزبی نوێیان پێکهێناوە. حیزب هەیە تەنها لەدامەزرێنەرەکەی پێکهاتووەو حیزبیش هەیە دەستەیەکی چەند کەسین.
پارتی وەک حیزبێکی چالاک، لەڕێگەی ڕێکخستنەکانی دەرەوە، توانیویەتی تۆڕێکی بەرفراوان لەو دەستەو کەسانە دروست بکات، کە بێجگە لەچەند حیزبۆکەی لێرەو لەوێ، چەندین کەسایەتی بنەماڵەییو نوسەر و هونەرمەندو وەرزشوانو وەرگێڕی کتێبو ڕۆژنامەنوسی تێدایە. لەو پێناوەشدا ترافیکی نێوان هەولێرو ئەوروپا بەردەوامە!
بەشی بەرچاوو چالاکترین کەسانی ئەو تۆڕە، ئەندامو لایەنگرانی هەردوو حیزبی دیموکراتن.
پارتی توانای ئەو گروپو لایەنانە بۆ دروستکردنی لۆبی نەتەوەییو نیشتمانی بەکارناهێنێت، بەڵکو لەدوو پرسی دیاریکراودا کاریان پێدەکات! یەکەم: پیاهەڵدانی مێژوی مەلا مستەفاو ڕۆڵی مەسعود بارزانیو مەسرور بارزانی. دووەم: هێرشکردنە سەر نەیارە سیاسییەکانی پارتیی!
ئەگەرچی ساڵانێکی زۆرە، زۆرینەی بنکەو بارەگاکانی هەردوو حیزبی دیموکرات، لەکۆیەو لەزۆنی سەوز جێگیرن، بەڵام ئەندامانی تۆڕە ڕێکخراوەکەی پارتی لەدیاسپۆرا، بەهەمان تەوژمی هێرشکردنەسەر پەکەکە. بەشێوەیەکی نیمچەبەردەوام، هێرش دەکەنە سەر یەکێتی.
لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، تا مردنی نەوشیروان مستەفا، پارتییەکانی حیزبی دیموکرات، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کوردانی ڕۆژهەڵاتیان دژ بە نەوشیروان و گۆڕان هاندەدا، بەڵام دوای مردنی نەوشیروانو بەشداریی گۆڕان لەکابینەی مەسرور بارزانی، ئەو هێڕشانە بەتەواوی ڕاگیران.
هەر ئەو تۆڕە! دوای ڕووداوەکانی ڕیفراندۆمو شازدەی ئۆکتۆبەر، هێرشەکانیان بۆ سەر لاهور جەنگیو بافل تاڵەبانی دەستپێکرد، بەڵام دوای تەقینەوەی کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، ئەو هێرشانە تا ئاستێکی بەرچاو کەمبوونەتەوە.
بەشێک لەئەرکی ئەو تۆڕە چێندراوە لەچوارساڵێ ڕابردوودا، هیرشکردنە سەر چەند پەرلەمانتاری کوردی پەرلەمانی عێڕاق بوو، کە بە ئاشکرا ڕەخنەیان لەپارتیو مەسرور بارزانی دەگرت. بەشی زۆری هێرشو جنێودانەکانیش ڕووی لەهەردوو پەرلەمانتاری پێشوو، غالب محەمەدو سەرکەوت شەمسەدین بوو.
.
لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی مانگی ڕابردووی خوێندکارانو قوتابیانی سلێمانیو هەولێرو شارو شارۆچکەکانیتر، تۆڕە ڕێکخراوەکەی پارتی لەدیاسپۆرا، بەبیانوی ئەوەی گوایە خۆپیشاندەران سوکایەتیان بە ئاڵای کوردستان کردوە، (کەدواتر چەواشەکاریی هەواڵەکە ئاشکرا بوو)، گەنجانی ناڕازییان بەخائینو پاسداری ئێرانی تۆمەتبار کرد!
جار هەیە هێرشو پەلامارەکانی ئەو گروپە هەموو سنورە نەتەوییو نیشتمانییەکان تێدەپەڕێنێت، تا دەگاتە بەخائینکردنی خەڵكی شارو شارۆچکەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی پارتی، بەتایبەت شاری سلێمانی.
میکانیزمی کارکردنی ئەو گروپە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەجۆرێکە کە هەرکەس لای خۆیەوەو بە دەربڕینی خۆی، هێرش دەکاتە سەر کەسێک یان لایەنێک، یان هەر ڕووداوێک لەبەرژەوەندی پارتی نەبێت، بەڵام ناوەرۆکی هەموو پەیامەکان یەک بابەتو یەک ئامانجو یەک سەرچاوەو یەک ئەجەندای سیاسییە.
پارتی بێجگە لەموچەی بندیوار، هەرجارەی بە جۆرێکو هەرکەسەی بەپێی پێگەو پێویستی خۆی پاداشت دەکات. بۆ نمونە گەر نوسەر بێت کتێبی بۆ چاپ دەکات، هونەرمەند بێت هاوکاری هونەریی دەکات، ڕۆژنامەنوسو چالاکوان بێت، لەمیدیاکانی خۆیو کەناڵەکانی ڕووداوو بیستوچوار میوانداریی دەکات..تاد.
بە گوێرەی زیاتر لەسەرچاوەیەک، دیاردەی پارتییەکانی حیزبی دیموکرات، جۆرێک لەڕووگیری بۆ سەرکردایەتی هەردوو حیزبی دیموکرات دروست کردووە.
هەردوو حیزب لەڕێگەی ڕاسپاردە ناوخۆییەکانیانەوە، داوایان لەئەندامەکانیان کردووە، خۆیان تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکانی باشوری کوردستان نەکەن، بەڵام پێناچێت هەموان گوێڕایەڵی ڕاسپاردە حیزبییەکان بن.
دزەکردنی پارتی بۆ ناو ماڵی دیموکراتەکانو بەکارهێنانیان لەقووڵکردنەوەی پرسە ناوخۆییەکانی باشور، تەنها زیان بە هاوپشتی نێوان کوردان ناگەیەنێت!، بەڵکو مەترسی ئەوەیشی هەیە، لەداهاتووداو لەئەگەری دروستبونی هاوکێشەو هاوسەنگی نوێ، پارتی ئەو تۆڕە ڕێکخراوە دژ بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتو هەردوو حیزبی دیموکرات بەکار بێنێت!
دواجار ئەوەی پارتی دەیکات، کردەیەکی هەواڵگرییە بە پلەی نایاب.
لێرەدا بەبیرهێنانەوەی چیرۆکی سکرتێری پێشوتری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، عەبدوڵا ئیسحاقی (ئەحمەد تۆفیق)و پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتی، ڕەنگە بۆ دیموکراتەکان وانەیەکی مێژووی پڕ ئەزموون بێت!