ئایا پارتی مەسرور بارزانی لەپۆستی سەرۆکوەزیران دوردەخاتەوە؟!
شوان حەمە
2021-05-14   1203
ساڵێک بەر لەئێستا، کاتێک پەتای کۆرۆنا گەیشتە کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی میرەکانی کەنداو، لەناوچەیەکی دوورەشارو تەندراو بە پاسەوان، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک خۆی شاردەوە! کاتێکیش شەپۆلی پەتاکە ئارام بووەوە، لەڕێگەی قوباد تاڵەبانیو وەزیری ڕۆشنبیریو کابینەی یەکێتی لەحکومەت، یەکەمین کارەکانی مەسرور بارزانی، سانسۆرکردنی ژمارەی سپاردنی کتێب بوو!
ڕەخنەگرتن لەمەسرور بارزانی هەرگیز بەو مانایە نییە کە نێچیرڤان، یان هاوسەرۆکانی یەکێتیو سەرکردایەتی حیزبەکانیتر، دادپەروەر و دژە گەندەڵن، بەڵكو بەو مانایە دێت کە سەردەمی کابینەی حکومی مەسرور، بە یەکێک لەمەترسیدارترین قۆناغەکانی حوکمڕانی دژ بەئازادی دادەنرێت!
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان پێویستە ئەو ڕاستییە تێبگەن کە وەک چۆن تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانو سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی و ویداد حسێنو ئەوانیتر، نەیانتوانی بێدەنگی درووست بکەن. بەهەمانشێوە خراپبەکارهێنانی دادگاو فشار بۆ سەر دادوەرانو زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسانو چالاکوانان، ناتوانن یێدەنگی دروست بکات!
تۆمەتبارکردنی ئەمریکاو ئەڵمانیاو وڵاتانیتر بە تێکدانی "ئاسایشی هەرێم" بێجگە لەگەمژەیی سیاسیو سفرشارەزایی لەدنیای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هیچیتر نەبوو! ڕەنگە لەخەیاڵدانی مەسرور بارزانیدا ئەڵمانیەکان بە موشەکی میلانو ئەمریکییەکان بە دۆلارو فەرەنسییەکان بە پشتیوانی دبلوماسی یەکسان بوبێتن. بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەکراو بوو، کاردانەوەی ڕاستەوخۆو تووندی وڵاتانی خۆرئاواو یەکێتی ئەوروپاو نەتەوەیەکگرتووەکان، دژ بە سیاسەتی بێدەنگکردنی ئازادیو خەونی ستالینی مەسرور بوو!
پرسیارێک کە بە ئەندازەی سادەیی خۆی ترسناکو کارەساتهێنەرە ئەوەیە: ئایا ئەگەر ئەمریکاو ئەڵمانیاو فەرەنساو یەکێتی ئەوروپاو نەتەوەیەکگرتووەکان، لەئێستادا پشت لەهەرێمی کوردستان بکەن، کێ هەرێمی کوردستان دەپارێزێت؟ ئایا ئەو وڵات و هێزانە کێن کە جێگەیان دەگرنەوە؟ ئایا مەسرور بارزانیو پارتیو یەکێتی دەتوانن هەرێمەکە بپارێزێن؟ یان لەئێستاوە ڤێلای چلو حەوت ملیۆن دۆلاری لەئەمریکا، ئامادەی پێشوازی ژیانێکی نوێی شاهانەیە!
ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە خاوەی هەرێمی کوردستان دەزانێت، پێویستە بەزووترین کات مەسرور بارزانی لەپۆستی سەرۆکوەزیران دوور بخاتەوە!
مەسرور بارزانی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی سەرۆکوەزیرانێکی شكستخواردووە. باشترین ڕێگاچارەش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم، دوورخستنەوەی مەسروروبارزانیو سپاردنی پۆستی سەرکۆوەزیرانە بە کەسێکیتر!