ئێس-400 و فۆرمولا وه‌نی چه‌ك له‌نێوان ئه‌مریكاو روسیا

سه‌نگه‌ر رسوڵ
  2019-07-14     821
هێنری كیسنجه‌ر زه‌به‌لاحه‌كه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌ڵێت: "له‌سه‌رده‌می ئێستادا، به‌تایبه‌تی له‌ هۆشمه‌ندی ده‌ستكرد، كۆنترۆڵكردنی پێشبڕكێكانی چه‌كی پێشكه‌وتوو زۆر قورستره‌ له‌چه‌كی ئه‌تۆمی"! هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: ئه‌م پێشبڕكێیانه‌ بۆیه‌ قورسن، چونكه‌ تاوه‌كو ئێستا مرۆڤایه‌تی ته‌واو ئاماده‌ نه‌بووه‌ هه‌م له‌رووی فه‌لسه‌فی و هه‌میش له‌رووی لۆجیكه‌وه‌ بۆ چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هۆشمه‌ندی ده‌ستكرد (ته‌كنه‌لۆژیای زیره‌ك)!. 

له‌ئێستادا كێبڕكێیه‌كی خێرای چه‌ك بوونی هه‌یه‌ له‌نێوان رووسیاو ئه‌مریكادا و زۆر له‌و پێشبڕكێیه‌ی چه‌ك پڕ مه‌ترسیدارتره‌ كه‌ له‌ ساڵانی 1945 تاوه‌كو ساڵی 1990 كه‌ له‌نێوان یه‌كێتی سۆڤییه‌تی ئه‌وكات و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا روویدا. بۆ نموونه‌؛ له‌پار ساڵه‌وه‌ رووسیا ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه‌ كه‌ كار له‌سه‌ر بنیادنانی بۆمبی سوپه‌رسۆنیك كه‌ 20 جار خێراییه‌كه‌ی له‌خێرایی ده‌نگ زیاتره‌ ده‌كه‌ن كه‌ كاتێكیش له‌ئامانجه‌كه‌ نزیكده‌بێته‌وه‌ ئه‌وا به‌ئاسانی به‌شێوه‌ی زیك-زاك و خۆ لادان ده‌روات و ئه‌مه‌ش واده‌كات وه‌ستاندنی قورس بێت! له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ژێرئاویشه‌وه‌ خه‌ریكی بنیادنانی چه‌كێكی هه‌ڵگری كڵاوه‌ی ئه‌تۆمیین كه‌ به‌خێرایی زیاتر له‌ 150 كم رێبكات بۆ پێكانی كه‌شتییه‌ زه‌به‌لاحه‌كان! 

ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانه‌! له‌به‌رامبه‌ر پێشخستنی توانا سه‌ربازییه‌كانی رووسیا به‌تایبه‌تی له‌سه‌ره‌تا سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌بینین خاوییه‌كی زۆر به‌رۆژئاواییه‌كان و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی دیاره‌و ئه‌مه‌ش له‌بازاڕی كرێنی سیسته‌می به‌رگری هه‌واییه‌وه‌ به‌روونی ده‌رده‌كه‌وێـت! بۆ نموونه‌؛ ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ سیستمی ئێس-400 رووسی بكه‌ین و بپرسین بۆچی وڵاتان زیاتر حه‌ز ده‌كه‌ن روو له‌كرینی ئه‌و چه‌كه‌ بكه‌ن نه‌ك سیستمی پاك-3 و تادی ئه‌مریكی بكڕن ئه‌وا ده‌ركه‌وێت له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ كارئاسانترو باشتره‌ خاوه‌نی سیستمه‌ رووسییه‌كه‌ بیت.

 سیستمی ئێس-400 رووسی چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی باش و سرنج راكێشی هه‌یه‌، له‌وانه‌: له‌رووی نرخه‌وه‌ كرینی سیستمه‌ رووسییه‌ك ئه‌وا 500 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی ده‌كه‌وێت له‌كاتێك بۆ كرینی سیسته‌مه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ تا 3 ملیار دۆلار ده‌روات! هه‌روه‌ها رێوشوێنه‌ یاساییه‌كانی كرینی سیسته‌مه‌ رووسییه‌كه‌ زۆر ساناتره‌و له‌كاتێك كرینی سیسته‌مه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ له‌رووی یاسایی و رۆتیناته‌وه‌ زۆر زیاتر ده‌خایه‌نێت!

له‌رووی تواناو ته‌كنیكی سه‌ربازیشه‌وه‌، سیستمی ئێس-400 رووسی زۆر پێشكه‌وتوو تره‌ له‌زۆر رووه‌وه‌ بۆ نموونه‌ له‌رووی راداره‌وه‌ به‌ سه‌دان كیلۆمه‌تر دووری باشتره‌ و له‌رووی پێكانی هه‌ر هه‌ره‌شه‌یه‌كی قه‌باره‌ بچووك و گه‌وره‌ زۆر كاریگه‌رتره‌و ته‌نانه‌ت له‌توانای دایه‌ بۆمبێك به‌خێرایی سوپه‌رسۆنیك بخاته‌خواره‌وه‌. له‌رووی كاركردنیشه‌وه‌ زۆر پراكتیكییه‌و له‌سه‌ر سێ بارهه‌ڵگر ده‌گوازرێته‌وه‌و ته‌نها سێ ئه‌فسه‌ری كار پێكردنی گه‌ره‌كه‌وله‌كاتێكیشدا سیسته‌مه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ نزیكه‌ی 30 ده‌قیقه‌ی ده‌وێت بۆ كارپێكردنی به‌ڵام ئه‌و سیسته‌مه‌ رووسییه‌ ته‌نها 5 ده‌قیقه‌ی به‌سه‌! هه‌روه‌ها له‌پێكانی فره‌-ئامانج و جیاوازی گۆشه‌ی هه‌ڵدانیش زۆر كاراتره‌. ئه‌م خاڵانه‌ وایكردووه‌ ده‌وڵه‌تان زیاتر روو له‌سیسته‌مه‌ رووسییه‌كه‌ بكه‌ن و كرینی ئه‌و سیسته‌مه‌ش له‌لایه‌ن توركیاوه‌ هه‌ر له‌وچوارچێوه‌دابووه‌.

له‌ئێستادا چاینا بۆته‌ خاوه‌نی چه‌كه‌كه‌ و یه‌كه‌م پارچه‌ گرنگه‌كانی سیسته‌مه‌كه‌ش گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره‌و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی وه‌ك هیند رێككه‌وتنێكی سه‌روو 5 ملیار دۆلاری له‌گه‌ڵ رووسیا ئیمزا كردووه‌و زیاتر له‌ 10 وڵاتی دیكه‌ش چاوییان لێیه‌ ببنه‌ خاوه‌نی ئه‌وسیسته‌مه‌.

پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ ئه‌مریكییه‌كان خاوه‌نی سیسته‌می پێشكه‌وتووترن و ده‌ریناخه‌ن! یاخود ئه‌م به‌ره‌وپێشچوونانه‌ی رووسیا له‌بواری سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی و ده‌ریایی و بۆمبی سوپه‌رسۆنیك هێنده‌ی دیكه‌ هه‌ژموون و قه‌باره‌ی ئه‌مریكا له‌پێگه‌ جیهانییه‌كه‌ی بچووك ده‌كاته‌وه‌!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×