حکومەتی ڕاستی توندڕەو

هونەر تۆفیق
  2018-12-26     2619

زۆربەی حکومەتەکانی پێشو لەهەرێمی کوردستاندا حکومەتی ڕاستڕەوبون، جیاوازی ئەم حکومەتە چاوەڕوانکراوەی داهاتو لەگەڵ ئەوانی تردا ئەوەیە کە ڕاستی توندڕەو سەرۆکایەتی دەکات.


 
ڕاست‌و ڕاستی توندڕەو لەوێدا لەیەکتر جودا دەکرێنەوە کە ڕاست جگە لەوەی کۆنزەرڤاتیڤەو دڵخوازی نەریت و ئاداب و فەرهەنگە دێرینەکەی کۆمەڵگەکەیەتی، بەڵام لەگەڵ ژیاری نوێدا خۆی دەگونجێنێت و لەهەندێک کایەدا هەوڵی مۆدێرین بون ئەدات بەتایبەتی لەبازاڕدا.



پێچەوانەی راست، ڕاستی توندڕەو سازش لەسەر فەرهەنگە کۆنەکان ناکات، دەیکاتە شانازی و هەوڵی بوژانەوە  چەسپاندنی دەدات. ڕاستی توندڕەو بڕوای تەواوی بەتاک سەرۆکی هەیە، لەدیدی سیاسی خۆیەوە پێیوایە دەبێت خەڵک و حکومەت و دەزگا حکومی و ناحکومیەکان لەخزمەت بڕیارو فەرمانەکانی ڕابەرەکەیاندابن.



لەئێستادا شەپۆلێکی جیهانی لەهەڵکشانی ڕاستی توندڕەودا دروستبووە کە ڕێژەکەی ٪۳٥ نزیکە لەو ڕێژەیەی لەسییەکانی سەدەی ڕابردودا ٪٤٥ بو. هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم بون، چونکە ڕاستی توندڕەو بڕوای بەکرانەوەی بازاڕو کاری هاوبەشی نێوان گەلان نیە. لەسەرەتاوە چەند هاوپەیمانیەکی لاواز لەگەڵ لێکچووەکانی خۆیاندا دروستدەکەن، بەڵام دواتر دەبنە نەیاری هاوپەیمانەکانی خۆیان.



دۆخ و کەشی سیاسی هەرێمیش لەباربو بۆ سەرکەوتنی ڕاستی توندڕەو لەهەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێمدا. موفاجەئە لەئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا نەبو، بەڵام موفاجەئەکە لەوەدایە حیزبە چەپ مەیلەکانی هەرێم کە بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەکێتی نیشتمانی نوێنەرایەتی دەکەن، ئامادەن ببنە پشتیوانی ئەو حکومەتە ڕاست توندڕەوە. 



بۆیە لەئێستاوە هەر کارەساتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی چاوەڕوانکراو لەئەنجامی دیدی سیاسی ئەو حکومەتە توندرەوە بکەوێتەوە پشکی شێری بەر یەکێتی‌و گۆڕان دەکەوێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×