16 ئۆکتۆبەر وەک خەونێکی سیاسی

هونەر تۆفیق
  2020-10-16     1106

لەچاودێری‌و سزادا کاتێک فوکۆ ترسی دەستەجەمعی ڕاڤەدەکات دەڵێت بڵاوبوونەوەی پەتای تاعون (کە دەکاتە بڵاوبوونەوەی ترسی دەستەجەمعی ) خەونێکی سیاسی خۆشە هەموو دیکتاتۆرەکان ئاواتەخوازی هاتنەدین، چونکە کۆمەڵگە بەخواستی خۆی داوا لەدەستەڵات دەکات چاودێری بکات و سزای سەرپێچیەکانیشی بکات. ئیتر سیستەمی سزا لەبەر  حاڵەتی نەخوازراو لەناکاودا دەبێتە ئەداتێک بۆ خاڵی کردنەوەی ئیرادەی دیکتاتۆر و بەپێ ی خواستی خۆی سزا بەسەر کۆمەڵگەدا دابەش دەکات. 

جۆرو چۆنیەتی سزاکان تەعبیر لەهێز و توانای دەکات لەناو خەڵکدا . جەستەی کۆمەڵگە دەکرێتە مەیدانی جێبەجێکردنی ئیرادەی دیکتاتۆر ، چونکە ڕێساکانی دەستەڵات لە سیستەمی سزای دیکتاتۆردا دابەشکراونیە بەسەر لایەنە قەزایی و تەشریعی و تەنفیزیەکاندا تا خەڵک خۆی لەڕێگایەنەوە سزا دیاری بکات ، بەڵکە سزا تەنیا تەعبیر لە میزاج و خواستی دیکتاتۆر دەکات. 

کاتێک دەستەڵات بەدەست خەڵکەوەبوو دەتوانێت لێپرسینەوە لەجۆری سزاکان بکات وەک لە حاڵەتی کوشتنی هاوڵاتیە ئەمریکیەکە ( فلۆی) دا ڕوویدا کە لەژێر ئەژنۆی پۆلیسێکدا خنکا و خەڵکی ئەمریکا لەو جۆرە سزایەیان بەتوندی ڕەتکردەوە. 

بەڵام لە شوێنێکی وەک هەرێمدا کە دەستەڵات و سزا لە دۆخی ترس وەک خەونی سیاسی پراکتیزەدەکرێت تەنیا تەعبیر لە ئیرادەی ڕابەرێک دەکات کە ئومێدەواری ڕۆژێکی وەک 16 ئۆکتۆبەربوو . چونکە لەپاش ڕەوێنەوەی ترسی دەستەجەمعی لە داعش کۆمەڵگە دەبوو بخرێتە ژێر ترسێکی ترەوە کە ئەویش حەشدی شەعبی بوو  تاکۆمەڵگە بە خواستی خۆی پەنا بۆ دەستەڵات بباتەوە چاودێری بکات و سزای سەرپێچیە سیاسیەکانی بدات. 

بەڕەهایی تاقیکردنەوەی ئەو سزایانەش بەسەر جەستەی کۆمەڵگەوە لە پێنەدانی موچەوە پراکتیزە دەکرێت تا محاسەبەکردنی هەر کەسێک ڕەخنە لە خراپی دەستەڵات بگرێت هاوشێوەی شیروان شیروانی بە بیانووی بوونی مەترسی حەشدی شەعبی و ئەگەری هێرشهێنانی بۆ سەرهەرێم . لێرەوە زیندانی دەستەجەمعیش دروستدەکرێت کە زۆرینە بەخواست و دەستی خۆی بینای دەکات و تیایدا دەژی .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×