نیشتمانێک بۆکورد؟! چوار دەوڵەتی سەربەخۆ یەک ناسنامەی نەتەوەیی 

سەمیرە عەلی
  2026-10-12   

من وەک کوردێکی دڵسۆز کە بە چاوی واقیعبینی و خەمخۆرییەوە دەڕوانمە داھاتووی نەتەوەکەمان، لەو بڕوایەدام کە کاتی ئەوە ھاتووە پێداچوونەوەیەکی قووڵ بە دروشمە کلاسیکییەکانی ڕابردوودا بکەین. بۆ چەندین دەییە، خەونی تاکە دەوڵەتێکی گەورەی سەرانسەری وەک تاکە بژاردەی ڕزگاری  دەبینین، بەڵام کاتێک سەرنجێکی قووڵ لە مێژوو و واقیعی سیاسی دەدەین، دەبینین کە پێداگری لەسەر ئەم خەونە محاڵە، لەوانەیە تەنھا تەمەنی بێ دەوڵەتی و ژێر دەستەییمان درێژتر بکاتەوە.
ئەگەر سەیری نەخشەی سیاسی جیھان بکەین، دەبینین کە فرە دەوڵەتی بۆ یەک نەتەوە، مۆدێلێکی پێگەیشتوو و تەواو باوە کە گەلان لە ڕێگەی مێژووی ھەڵکەوتەی ناوچەکانی خۆیانەوە پێی گەیشتوون نموونەکان زۆرن دیارترینیان:
* نەتەوەی عەرەب: سەرەڕای ھەبوونی یەک کلتور، کایەی ئاینی و زمانی ھاوبەش، بەسەر ٢٢ دەوڵەتی جیاوازدا دابەشبوون. ئەوان بە فەرمی لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیدا بە ناوی "نیشتمانی عەرەب" کۆبوونەتەوە و ھەموو ئەو دەوڵەتانەش لە ژێر چەتری عەرەبایەتیدا خۆیان دەبیننەوە.
* نەتەوەی ئەڵمان: خاوەنی سێ دەوڵەتی سەرەکی و سەربەخۆن کە بریتین لە ئەڵمانیا، نەمسا و سویسرا کە زۆرینەی دانیشتووانی بە زمانی ئەڵمانی دەدوێن. ئەم دابەشبوونە کلتوری و سیاسییە نەک ھەر لاوازی نەکردوون، بەڵکو بووەتە ھۆی سەقامگیری زیاتری دیموکراسی لە ئەوروپادا.
* نەتەوەی تورک: جیا لە کۆماری تورکیا، خاوەنی ٥ دەوڵەتی سەربەخۆی تری ھاونەتەوەن لە ئاسیای ناوەڕاست کە بریتین لە: ئازەربایجان، کازاخستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان و قرغیزستان. ئەم دەوڵەتانە دوای داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و ئێستا لە چوارچێوەی "ڕێکخراوی دەوڵەتە تورکییەکان"دا ھاوکاری یەکتر دەکەن.
ئەم بەراوردکارییە لەگەڵ ئەو نەتەواندا پێمان دەڵێت؛ کە یەکێتیی نەتەوەیی مەرج نییە تەنھا لە چوارچێوەی یەک سنووری سیاسیدا بێت، بەڵکو دەکرێت لە ڕێگەی ھاوپەیمانیی ستراتیژی لە نێوان چەند قەوارەیەکی سەربەخۆدا بەدی بێت.
 لێرەوە، کاتێک سەیری کوردستان دەکەین، دەبینین ھەر چوار پارچەکە لە ئەنجامی سەدەیەک دابەشبوونی زۆرەملێ، تایبەتمەندی، شێوەزار و کلتوری سیاسی جیاوازیان بەخۆیانەوە .
_ باشووری کوردستان خاوەنی ئەزموونێکی دامەزراوەیی و فیدراڵیی زیاتر لە سی ساڵەیە.
_ڕۆژاوا مۆدێلێکی خۆبەڕێوەبەریی تایبەتی ھەیە.
_ باکوور و ڕۆژھەڵاتیش خاوەنی کلتورێکی سیاسی و شێوازی خەباتی جیاوازن تا ئاستێک لەگەڵ واقیعی ئەو دەوڵەتانەی تێیدا دەژین ،گونجاوە
 یەکگرتنی دەستبەجێی ئەم چوار پارچەیە لە یەک قەوارەدا، نەک نەک لەھەموو ڕوویەکەوە  ئاڵۆزە، بەڵکو دەبێتە ھۆی دروستبوونی ناکۆکی ناوخۆیی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و ناوەندێتی دەسەڵات.
جگە لەوە، لە ڕووی ستراتیژیی نێودەوڵەتییەوە، گۆڕینی نەخشەی چوار دەوڵەتی بەھێزی ناوچەکە لە یەک کاتدا، ھاوپەیمانییەکی بەھێز لە نێوان نەیاران ودوژمنانی کورد دا دروست دەکات بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو خەونە.
 بەڵام مۆدێلێکی چوار دەوڵەتی کوردی لەژێر چەتری یەک نیشتماندا، ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی ھەر پارچەیەک بەپێی دەرفەتە مێژووییەکانی خۆی و بە شێوەیەکی تدریجی بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو بنێت، بەبێ ئەوەی بارگرانی پارچەکانی تر بخاتە سەر شانی. ئەم مۆدێلە ڕێگە دەدات کە لە داھاتوودا، ئێمە ببینە خاوەنی چوار کورسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و چوار دەنگی فەرمی لە کایەی نێودەوڵەتیدا، لە جیاتی تەنھا یەک دەنگ بین.
بێگومان، گەورەترین ڕەخنە یان مەترسی کە ڕووبەڕووی ئەم پێشنیازە دەبێتەوە، ئەگەری سەرھەڵدانی ململانێ و شەڕی ناوخۆییە لە نێوان ئەم چوار دەوڵەتە نوێیەدا. 
بۆ ڕێگریکردن لەم ململانێیانە و پاراستنی ئاشتی ھەمیشەیی، پێویستە ئەم چوار قەوارەیە لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنیانەوە پابەندی چەند بنەمایەکی دەستووری و ستراتیژی بن:
١. پەسەندکردنی مۆدێلی کۆنفیدراڵی: دروستکردنی "کۆمکاری دەوڵەتە کوردییەکان" کە تێیدا ڕێز لە سنوورە سیاسییەکانی یەکتر بگرن و بە ھیچ جۆرێک دەست وەرنەدەنە کاروباری ناوخۆی یەکتر.
٢. پەیماننامەی بەرگری ھاوبەش: واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی سەربازی کە ھێرش بۆ سەر ھەر دەوڵەتێکیان وەک ھێرش بۆ سەر تەواوی دەوڵەتەکان ئەژمار بکرێت، ئەمەش ھەم مەترسی دەرەکی کەم دەکاتەوە و ھەم متمانەی ناوخۆیی بەھێز دەکات.
٣. بازاڕی ھاوبەشی ئابوری: گرێدانی بەرژەوەندییە ئابورییەکان . کاتێک گەشەسەندنی ئابوری، ھەناردەکردنی وزە و بازرگانی ئازاد لە نێوان ھەر چوار دەوڵەتەکەدا تێکەڵ بێت، تێچووی ھەر شەڕێکی ناوخۆیی ئەوەندە بەرز دەبێتەوە کە ھیچ لایەنێک بیر لە ململانێی چەکداری ناکاتەوە.
ئەم بۆچوونە شم ڕەنگە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆرببێتەوە، بەڵام  کاتێک دەبێتە واقیع کە ئێمە لە داوی دروشمە سۆزدارییەکان بێینە دەرێ و پێکەوە وەک نەتەوەیەکی زیندوو، کار بۆ بنیاتنانی داھاتوویەکی فرەقەوارە بەڵام یەکگرتوو بکەین. چوار دەوڵەتی سەربەخۆ، کە بە کلتور، زمان و بەرژەوەندی ئابوری ھاوبەش بەستراونەتەوە، دەتوانن گەورەترین نیشتمان بۆ کورد لەسەر بنەمای واقیعی نوێی سەدەی بیستویەکەم دابین بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×