کاتێک مرۆڤ و مرۆڤایەتی پێکەوە دەمرن

هەڤاڵ عارف
  2026-11-17   

​مارتن لوسەر کینگ ڕابەری مافە مەدەنییەکان، لە یەکێک لە دەربڕینە مرۆییەکانیدا ویژدانی مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم مەحەکێکی مـۆڕاڵی و دەڵێت: (پرسیارەکە ئەوە نییە، کە ئەگەر بوەستم و یارمەتی ئەم مرۆڤە بدەم، چی بەسەر مندا دێت؟ پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئەگەر نەوەستم و یارمەتی نەدەم چی بەسەر ئەودا دێت؟) ئەوەی لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچوانی زانکۆیەکی کوردستاندا رویدا و بینیمان، دەقاودەق بەرجەستەبونێکی واقیعییانەی دیوی دووەمی ئەو پرسیارە ئەخلاقییەی مارتن لوسەر بوو.

 

کاتێک خوێندکارێکی جوانەمەرگ لە لوتکەی تامەزرۆترین ساتەکانی تەمەنیدا و لەسەروبەندی چنینەوەی خەرمانی (١٦) ساڵ مەشەققەت، شەونخونی و ماندووبون، دوای ڕەنجێکی درێژخایەن و خۆڕاگرییەکی بێوێنە، لەبەردەم ئاڵنگاری و وێستگە سەختەکانی خوێندن و ژماردنی چرکەساتە قورسەکانی چاوەڕوانیدا، وێڕای هەموو تەنگوچەڵەمە و نشێوییەکانی ژیان، بە کۆڵێک هیوا و خەون و خولیای داهاتووەوە، پێش ئەوەی لەسەر شانۆی ئاواتەکانی کڵاوی سەرکەوتنەکەی بەرەو ئاسمان فڕێ بدات، وەک گوڵێکی تازەپشکوتوو لەپڕ لەبەردەم چاوی هەمواندا دەژاکێت و دەکوێتە سەر زەوی، هەر لەوێشدا دوایین هەناسەی خۆی دەسپێرێت، دیمەنێکی هێندە ویژدانتەزێن و ناخـهەژێنە، زەحمەتە هیچ هەستێکی زیندوو بتوانێت وێنای ئەو تابلۆ ژاناوییە لە دەرونی خۆیدا بکێشێت، کە تێیدا خوێندکارێک لە دوایین چرکەساتی کاروانی زانکۆییداو  لەیەکـکاتدا بە دەستێک بڕوانامەی دەرچوون و بە دەستێکی دیکەشی بڕوانامەی دوایین ساتەکانی ژیانی پێکەوە وەردەگرێتەوە.

 

خەمە قوڵەکە تەنها مردن نییە، چونکە مەرگ هەرچەندە تراژیدیاش بێت، دواجار بەشێکە لە چارەنوسی مرۆڤ و قەدەرێکی حەتمی ئیلاهییە، زو بێت یان درەنگ لێی قوتار نابین، لە هەر کات و مەکان و مەکانەتێکیشدا بێت هەر یەخەمان پێ دەگرێت، بەڵام ئەوەی لە چیرۆکی ئەو ماڵئاواییەدا جێگەی تێڕامان و هەڵوەستەیە،  ئەو بێباکی و بێدەربەستییەی بەشێک لە هاوپۆل و هاوئەکادیمییەکانی چواردەوری بون، وەک ئەوەی چەند بستێک لەولاترەوە جیهانێکی دیکە بێت یان هەر هیچ روینەدابێت، وەک ئەوەی کەوتنی هاوڕێکەیان، تەنها وەرینی گەڵایەکی پاییز بێت لەسەر شۆستەیەکی بێگیان و بێباک، لە ناوجەرگەی ئەو کۆستەدا، بزە و پێکەنینەکان، ئاراستەی ڕوخسارەکان بۆ زومی کامێرای مۆبایل و چرکەکان بۆ تۆماری دڵخۆشییەکان بەردەوام بون و تەزویەک بە هەڵوێستی کەسیاندا نەهات، ژانەکە  لێرەدایە، ئەو هاوقافڵانەی کوچکردوو، کە لەو ڕێڕەوەدا ئامادە کرابون تا هەریەکە و لە سەنگەرێکی ئەکادیمی و پیشەیەکی جیاوازەوە بچنە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە، کەچی لە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی مرۆڤبووندا، هەر لە تەنیشتیانەوە هاوڕێکەیان گیانی سپارد و کەسێک نەبوو ئاوڕێکی لێ بداتەوە!

 

ئــیتر ئینسانیەت لە کوێی زانست و مەعریفە لە کوێی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی ئێمەدایە؟ خەونێک لەپڕ دەژاکێت، هیوایەک لەناکاو دەمرێت، ڕۆحێک بە بێنازی دەتارێت و دەکەوێتە سەر دامێنی ساردوسڕی زەوی، کەچی نە خورپە و ڕاچڵەکینێک، نە بەهاناوەچون و خۆدانەواندنەوەیەک، نە تەنانەت چرکەیەک ڕاوەستان! باشە ئێمە کەی وا فێر کرابوین، لە کەیەوە وامان لێ بەسەرهاتووەو لە خۆمان نامۆ بووین؟ 

 

لە کاتێکدا پاشخانی مرۆڤدۆستی و گیانی هاریکاری لە کەلتوری کوردەواری ئێمەدا، لەسەر ئاستی نەتەوە، کۆمەڵگە، خێزان و تاکیش، هەمیشە نەریتێکی دەوڵەمەندی ڕەچەڵەکی و بۆماوەیی و غەریزەیەکی پراکتیکی پاک و ڕەسەن بووە لە جەوهەری مۆڕاڵ و ئاکارماندا، نەک دەقێکی تیۆریی نێو لاپەڕەکان، 

 

کـەواتە، لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا، بەها مرۆڤایەتییەکانمان چییان لێ بەسەرهات؟ ئەو بەهایانەی، کە ڕۆژگارێک لە سایەیاندا حورمەتی مەینەتی و نەهامەتییەکان لە سەروی هەمو شتێکەوە بوو، کاتێک لە کۆڵانێکدا ماڵێک کۆستێکی دەکەوت، زەماوەندی حەوت گەڕەک بێدەنگ دەکرا و دەنگی قاقا و زەردەخەنەکان کپ دەکرانەوە، ماتەم سیمای شار و خەمیش ڕومەتی دەرودراوسێی دادەپۆشی، کەوتنی مرۆڤێکی بێگانەش لەسەر شۆستە و شەقامێکدا، بەس بوو بۆ ئەوەی دەیان دەستی نەناسراو بۆ هەستانەوەی درێژ بکرێن.

 

کاتێکیش غەریبترین ڕێبوار لە ساردوسڕترین شەوەکاندا لە سوچێکی شاردا دەبینرا، دەرگای گەرموگوڕترین دیوەخانەکانمان بۆ دەخستە سەرپشت، هەر ئەمەش نا، میللەتێک، لە ڕابردووی خۆیدا تەنانەت لە ئاست تینوێتی و بێپەنایی باڵندەیەکیشدا بێدەربەست و بێـموبالات نەبووە، چۆن دەکرێت ئێستا مرۆڤێک لە تەنیشتمانەوە بمرێت، نەک هەر دەستێکی بۆ درێژ نەکەین، بەڵکو بەوپەڕی خەمساردییەوە بەلایدا تێپەڕین و هەنگاوەکانمان خێراتر بکەین؟ کەی لە خەسڵەت و نەریتمەندیی ئێمەدا مرۆڤ هێندە بێـشکۆ و مەرگیش هێندە بێبایەخ بوە؟

 

سەرئەنجام، مەرگی کیژێک لە ڕۆژی دروێنەکردنی خەونەکانیدا، هەر برینێکی قوڵی نەخستە نێو ویژدانمانەوە، پەردەشی لەسەر ڕاستییەکی تاڵ هەڵماڵی و پێشانیداین، کە لە روی ئاگایی و هەستەوە هێندە لە یەکتر دابڕاوین مەرگی یەکێکمان نابێتە رووداو لە جیهانی ئەوی دیکەماندا! ئەم نامۆبونەش پێمان دەڵێت ئێمە لە چ دۆخێکی مەترسیدار، لە چ خەوێکی قوڵ و غەفڵەتێکی پوچگەراداین!

 

سەردەمێک، کە هێندەی لە خەمی ئەوەداین لەناو چوارچێوەی شاشەکاندا دڵخۆش و بێخەم دەرکەوین، نیو هێندە باکمان بەو واقیعە تاڵە نییە لە دەرەوەی شاشەکاندا دەگوزەرێت! جەنجاڵی داهێنان و جادوی تەکنەلۆژیا، لەژێر پەردەی شارستانیەت و روکاری بریقەداری مۆدێرنێتەدا، تەنها شێوازی پەیوەندییەکانمانی نەگۆڕیوە، بەڵکو کرۆکی مرۆڤبونیشی لە ناخماندا هەڵکۆڵیوە، دەنا دەبێت چ زریانێکی سارد بەسەر ڕۆحی ئەم مەملەکەتەدا هەڵیکردبێت، وا سۆز و میهرەبانی لە سینەکاندا بەستوویەتی و داتەپیوە؟

 

​سەعدی شیرازی لە شاکاری گوڵستانـدا جوانی فەرمووە، ئەو دەڵێت: (ئەگەر تۆ لە دەرد و ئازاری مرۆڤانی دیکە بێخەم بیت، شایستەی ئەوە نیت ناوی مرۆڤت لێ بنرێت). مخابن، ئەمڕۆ تەپوتۆزی دونیای مەجازی لەسەروبەندی ئەوەدایە ڕەسەنایەتی مرۆڤایەتی و ڕۆحی هاودەردیی ئێمە بەتەواوەتی دابپۆشێت و بەها باڵاکانمان بشێوێنێت، بەرەو قۆناغێکی وا سەختمان پەلکێش دەکات، کە لە ئاست کاڵبوونەوەی میهرەبانی و هاوخەمیماندا، بەناچاری بڵێین: ئەی سەردەمی زێڕینی کەلتور و بەهای کۆمەڵگەی ئێمە، سەری وەرچەرخان و پێشکەوتنت خۆش!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
لە سلێمانی دەست بەسەر کێڵگەیەکی برنجدا گیرا
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: میوانداری وه‌فدێكی سلێمانیمان كرد كه‌ پێكهاتبون له‌ نزار ئامێدی، بافڵ تاڵه‌بانی و شاسوار عه‌بدولواحید
حکومەتی عێراق: مۆڵەت دراوە کەتیبەکانی حزبوڵڵا جورف سەخر چۆڵ بکەن و ئەگەری هەیە سوپا بچێتە هەرێمی کوردستان
عێراق بڕیاریدا به‌ راگرتنی ته‌له‌گرام و هه‌رێم ده‌ڵێت: هیچ نوسراوێكی ره‌سمیمان پێنه‌گه‌یشتوه‌
نوسینگەی سەرۆکی کۆمەڵ: عەلی باپیر ڕەتینەکردوەتەوە پێشوازی لە شاسوار عەبدولواحید بکات
تا کارلەکار نەترازاوە ناوی خوا بهێنن و ئارامبگرن...
عەگید کەلاری: گەلی کورد دوو ئیدارەیی قبوڵ ناکات و پارچەبوون پارتی و یەکێتیش دەڕوخێنێت
رۆیته‌رز: بۆرییه‌كه‌ی جورف سه‌خر كون كراوه‌و له‌ 2021ه‌وه‌ به‌ به‌های سه‌دان ملیۆن دۆلار نه‌وتی لێبراوه‌
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ ترسی عێراق، باری قاچاخ و تانكه‌ریان راگرت
شەپۆلێکی بارانبارین و سەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×