کابینەی خزمایەتی

هەڤاڵ عارف
  2026-10-17   

لە عێراقدا، پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی و توانای بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات نیە بەقەد ئەوەی  لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و ڕازیكردنی جەمسەرە سیاسییەکانە، ئەمەش لە هەموو کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی دوای (٢٠٠٣) بووەتە عورف و عادەتێکی جێگیر.

لەم قۆناغەشدا، دوای نزیکەی پێنج مانگ لە چاوەڕوانی و ململانێی سیاسی، دواجار بە دابەشکردنی کێکی دەسەڵات بەسەر خزم و کەسوکاری هەندێک لە کارەکتەرە باڵادەستەکاندا گرێـکوێرەی پێش تەواوکردنی کابینەی نۆیەم کرایەوە

ئەمجارەیان پشکپشکێنەی مەزهەبی و حیزبی بەس نەبوو بۆ کردنەوەی گرێی ڕێککەوتنەکان، خزمایەتیش بووە پێوەرێکی دیکەی دابەشکردنی پۆستەکان و بازنەی یەکەمی پەیوەندییە خێزانییەکان پشکیان لە کابینەکەدا بەرکەوت.

لێرەدا قۆناغی ململانێ لەسەر پۆستەکان کۆتایی هات، بەڵام ئەوە بە مانای کۆتاییهاتنی کۆی قەیرانەکان نایەت و یاریە ئاڵۆزکە لێرەوە دەست پێدەکات، ئێستا عێراق لەبەردەم دوو دۆسیەی قورسدایە، یەکێکیان ئەمنی و ئەوی دیکەیان ئابوورییە، لە دۆسیەی ئەمنیدا، کۆتاییهێنان بە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان تەنها داواکارییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی واشنتۆن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی نوێ، لە بەرامبەردا، ئابووری عێراق و سەقامگیریی دارایی وڵاتیش تا ڕادەیەکی زۆر بە ئاراستەی پەیوەندییەکان بە ئەمریکاوە گرێدراوە.

پرسیارەکە ئەوەیە، کابینەیەک کە لەسەر بنەمای موحاسەسە و پەیوەندی خێزانی پێکهێنراوە و قەبارەکەی لە حکوومەتی وڵاتێکی وەک (چین)یش گەورەترە، کە بە زیاتر لە ملیارێک و چوارسەد ملیۆن دانیشتووانەوە تەنها "٢٦" وەزارەت و دامەزراوەی هاوئاستی وەزارەتی هەیە، دەتوانێت ئەو بڕیارە قورسانە بدات، کە ئایندەی ئەمنی و ئابووری عێراقیان پێوە بەستراوە؟

ئەمە ئەستەمیش نەبێت زەحمەتە، چونکە گرفتەکە تەنها لە قەبارە و شێوازی پێکهێنانی کابینەکەدا نییە، بەڵکو لەوەدایە، کە خودی زەیدی نە خاوەنی پارتێکی سیاسییە، نە لە ئەنجوومەنی وەزیران و نە لە پەرلەماندا لەژێر هیچ ناوێکدا  ئەندامی سەر بە خۆی هەیە، تەنانەت مودیرعامێکیش،  لە کاتێکدا دەزانین بڕیارە چارەنووسسازەکان دەبێت لە ڕێگەی ئەم دوو دامەزراوەیەوە تێپەڕێنرێن، کە هەردووکیان لەژێر کاریگەریی هێزە سیاسییەکاندان.

نەخشەکە بەم شێوازەیە، سەرکردەی هێزە سیاسیەکان لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان بڕیارە گرنگەکان یەکلا دەکەنەوە و دواتر لە ڕێگەی وەزیر و پەرلەمانتارەکانیانەوە تێیدەپەڕێنن، بۆیە لەم بارودۆخەدا، سەرۆکوەزیران بۆ هەر هەنگاوێکی گرنگ پێویستی بە ڕەزامەندی ئەو سەرکردانە هەیە، کە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بڕیاردانیان لە دەستدایە.

ئەمەش دەریدەخات زەیدی لە بەردەم مەوقیفێکی سەختدایە، لە ڕووی دەستوورییەوە سەرۆکی حکوومەتە و بەرپرسیاری ئەنجامەکانیەتی، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە دەسەڵاتی بڕیاردانی سەربەخۆی  لەهەگبە ئیدارییەکەی خۆیــدا نیە و سنووردارە، بۆیە واقیعەکە پێمان دەڵێت ئەو گرێیانەی لەبەردەم زەیدیدان، بە دابەشکردنی وەزارەت و پۆستەکان و تەواوکاری پێکهاتەی کابینەکە ناکرێنەوە و لەمپەرەکان هەر لەجێی خۆیاندان و کۆدی جیاوازتریان لەسەرە.

لەم هاوکێشەیەدا، توانای هەنگاونانی کابینەکە بە ڕادەی ئەو ڕەزامەندییە سیاسییانە دەبەسترێتەوە، کە زەیدی دەتوانێت لە سەرکردەکانی پشت پۆستەکان بەدەستی بهێنێت، نەک بەو ئەندازەیەی واقیع و پێداویستییەکانی عێراق دەیخوازن، بەمەش تاقە ڕێگای بەردەمی سەرۆک وەزیران ئەوەیە بە هونەری دانوستان و سازشی سیاسی، ڕەزامەندی ئەو سەرکردانە بۆ بڕیارە قورسەکان بەدەست بهێنێت، خۆ ئەگەر نەیتوانی بەتایبەت لەسەر ئەو دوو دۆسییە قورسەی ئاماژەمان پێکرد ڕەزامەندییەکی سیاسی بەدەست بهێنێت، ئەوا ئەو ڕێککەوتنانەی کابینەکەیان پێ تەواو کرا، دەبنە هەمان ئەو بەربەستانەی ڕێگە لە هەنگاو و بڕیارەکانی دەگرن.

بە کورتی، زەیدی وەک شۆفێرێکە لە پشت سووکانەوە دانیشتبێت، نە بڕیاری ئاراستەی ڕێگاکە دەدات و نە ئازادی ئەوەی هەیە بە خواستی خۆی لێبخوڕێت، ئەوانی دیکەن پێی دەڵێن بەرەو کوێ بڕوات و لە کوێدا بوەستێت. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
پێکدادانی قورس و هێرشی درۆنی لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک لە بەرزاییەکانی شاهۆ ڕوویدا
وتاربێژی هەینیی نەجەف هێرش دەکاتە سەر کابینەکەی زەیدی: دروستکردنی سێ وەزارەتە نوێیەکە بارگرانییە
پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من: بانكی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پاییزی ساڵی رابردوه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ دورخراوه‌ته‌وه‌
دوای ١٨ ساڵ کارپێکردن؛ وەزارەتی دارایی عێراق مەرجێکی پێدانی سەرمووچەی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندەوە
كه‌شناسی: باران ده‌بارێت و پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌
فواد حسێن: به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌، عێراق 60 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتوه‌
محەمەد سەمعان: لە چەند ڕۆژی داهاتودا پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکوک دەستبەکاردەبێت
تره‌مپ: پێویست ناكات چه‌كی ئه‌تۆمی له‌دژی ئێران به‌كاربهێنین
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار زیاتر به‌رزبوه‌وه‌
ئه‌و بانكه‌ عێراقییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سزادرا: تۆمه‌تباركردنمان پاڵپشته‌ به‌ بانگه‌شه‌ی ناڕاست
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×