مێژووی گەلی ئێمە وەک زۆرێک لەگەلانی تر پڕە لە تاقیکردنەوەی سەخت، بەڵام هەندێک ڕووداو هەن کە وەک دڕکێک لە گەرووی مێژوودا دەمێننەوە؛ ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ یەکێکە لەو برینە ساڕێژنەبووانەی کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی قەیرانی فیکری و سیاسی سەرکردایەتی کوردییە. ئەم ڕووداوە نە کارەساتی لەناکاوی زەمینە لەرزیوەکانی سروشت بوو، و نە شاڵاوێکی نەبینراو، بەڵکو بەرهەمی سروشتی ساڵانێک لە قۆرخکاری، تاکڕەوی، ململانێی تەسکی حیزبی و نەبوونی ستراتیژێکی نیشتمانی و متمانە نەبوون و بێباکی سیاسی پارتی و یەکێتی بوو. هەروەها، کۆتاییهاتنی قۆناغی ڕۆمانسییەتی شۆڕشگێڕی حیزبەکان و هاتنەپێشەوەی ڕاستییە تاڵەکانی حوکمڕانی باشوور بوو کە پڕە لە فۆرمێکی شکستخواردوو.
لە لایەکەوە، پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە بارودۆخێکدا ئەنجام درا کە هێشتا ماڵی ناوخۆیی پڕ بوو لە درز و کەلێن، و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان دژ بەو هەنگاوە بوون. ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەبێ گەرەنتی نێودەوڵەتی و پشت بەستن بە تەحەدای سیاسی ڕووت، بەبێ ئەوەی خوێندنەوەیەکی واقیعبینانە بۆ بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی زلهێزان لەعێراق و ناوچەکە بکرێت، کوێربوونی ستراتیژی دەسەڵاتدارانی هەرێمی بۆ هەمووان ئاشکرا کرد.
لە لایەکی ترەوە، کاردانەوەی باڵی ناوخۆیی بەرامبەر، (یەکێتی)؛ کە بریتی بوو لە ڕێککەوتنی نهێنی لەگەڵ دەرەوە و ڕادەستکردنی شارێک کە هەمیشە دروشمی قودسی کوردستانیان پێدەگوت؛ بە چەند کاتژمێرێک، ئەو ڕاستییە تاڵەی پێگوتین؛ کە هێشتا بۆ بەشێک لە سەرکردە و دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان، کورسی دەسەڵات و بەرژەوەندی حزبی و کەسی و بنەماڵە، هەزاران جار لە شکۆی نەتەوەیی و پاراستنی خاکی نیشتمان پیرۆزترە.
١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو ڕاستیەی ئاشکرا کرد کە حزبی کوردی هێشتا نەیتوانیوە لە قۆناغی خەباتی چەکداری و شۆڕشگێڕی تەسکەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی دەوڵەتداری و دامەزراوەیی. لە سیستەمێکی دەوڵەتیدا، بڕیاری شەڕ و ئاشتی، بڕیاری خاک و نیشتمان، موڵکی گەلە نەک موڵکی سەرکردەیەک یان حزب و بنەماڵەکان، کە لە کاتی تەنگانەیاندا پەنا بۆ دەرەوە ببەن بۆ لێدانی یەکتر.
هاونیشتمانییان نابێت ئەو ڕووداوە کارەساتبارە لەبیر بکەن، هەروەک لەبیرنەکردنی ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ ساڕێژکردنی کینەی ڕابردوو نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی پاشەڕۆژە، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا نەبینەوە قوربانی بەڵێنی بێ بنەمای سەرکردە و حیزبەکان. گەل پێویستە بزانێت دروشمی بریقەدار بەبێ زەمینەسازی ناوەخۆیی و دەرەکی، ئامادەکاری سەربازی و ئابووری و سیاسی، دەرئەنجامەکەی تەنها وێرانکارییە بۆ نیشتمان و دانیشووانی.
هۆشیاری هاونیشتمانییان بۆ لەبیرنەکردنی ئەم ڕووداوە، ئامرازێکی گوشاری بەهێزە لەسەر دەسەڵاتداران، حیزب و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان تا نەتەوانن جارێکی تر بە ئاسانی بەرژەوەندی نیشتمانی بکەنە قوربانی کێشمەکێشی حزبی و بەرژوەندی تەسکی کەسی و حیزبی خۆیان. هەروەک ناڕەزایی و یادکردنەوەی ئەو کارەساتەش نابێ بۆ موزایدەی سیاسی بەکاربهێنرێت یان بۆ هەڵدانەوەی برین و قووڵبوونەوەی ناکۆکی ناوەخۆیی بێت، بەڵکو باشە ئەگەر ئامانج لەوەبێت نەوەکانی داهاتوو بزانن سەرچاوەی لاوازییەکان لە کوێوە هاتووە و پەرتەوازەیی چ زیانێکە و چۆن یەکڕیزی تاکە زامنی مانەوەیە.
بەبڕوای من، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە ڕەخنەی لێ بگرین… نابێ تەنها تاوانبارکردنی ئەم لایەن و ئەو لایەن بێت، بەڵکو دەکرێت سەرکردە و دەسەڵاتدارانیش، ئەم ڕووداوە خوێناوییە وەک وانەیەکی جدیی و گرینگ سەیر بکەن بۆ ژیانی سیاسی داهاتوویان، وانەکە ئەوەیە کەم ڕووداوە، بەڕوونی ئەوەی دەرخست کە ئەگەر کورد یەکڕیز نەبێت وعەقڵیەتی حزبی و ناوچەگەری زاڵ بێت بەسەرعەقڵیەتی نیشتمانپەروەریدا، چ زیانێک دەکەین. بەبێ یەکڕیزی سەرکردە و حیزبەکان نەدەتوانن نیشتمان بپارێزن و نە خۆشیان پێدەپارێزرێت، تا ئەوەی هیچ کاتێک دوژمنەکانی ئەو گەل و نیشتمانە پێویستیان بە زەحمەتکێشان نەبێت بۆ لەناوبردن و تێکشکاندنی نیشتمانی کورد و هەموو دەستکەوتەکانی گەلیکورد، چونکە ناسیۆنالیزمی کوردی حیزبی بەمجۆرەی کە هەیە، خۆی لە ڕێگەی ململانێی ناوەخۆیی تەسکی حیزبییەوە باشترین خزمەت بە نەیارەکانی دەکات. بۆیە چارەسەر لەمڕۆدا لە دووبارەکردنەوەی دروشمی حزبی و تۆمەتبارکردنی یەکتریدا نییە، بەڵکو لە گۆڕینی ڕیشەیی سیستەمی حوکمڕانی، بنیادنانەوەی سوپایەکی نیشتمانی بێگەرد، و گەڕانەوەیە بۆ قەدر و ئیرادەی گەل لەپێش هەر شتێکی تر.