کەرتی وەرزشی لەئێستادا لەجیھاندا بۆتە و ھۆی سەرگەرمی و ھۆکارێک بۆ چێژبردنی مرۆڤەکان و بەسەربردنی کاتەکانیان ، لەھەمان کاتدا بۆتە ھۆکارێکی بۆ دروستبوونی بازرگانی و بزنسی گەورە لەنێو بواری وەرزشیدا چ لەفرۆشتنی کەلوپەل و جلوبەرگی وەرزشی ، چ لەکردنەوەی خوول و یانە وەرزشیەکان و کردنەوەی کەناڵەئاسمانیە وەرزشیەکان و تا فرۆشتنی بلیتی بینینی یارییە جیھانیە بەھێزەکان لەیاریگاکاندا؛ ئەمانە و چەندانی تر بەردەوام دەبنە ھۆی پەیداکردنی ناوبانگ و بازاڕکارییەک بۆ ئەو کۆمپانیایە یاخود یانە یاخود تا دەگاتە ئاستی ناساندنی وڵات و شارێک لەڕێگای کەرتی وەرزشیەوە، لەئێستادا بۆ ئەوەی بتوانین قەبارەی پیشەسازی وەرزشی جیھانی بخەمڵێنین بەشێوەیەک ڕوون بێت لامان بەپێی ئامارەکانی پێگەی ئەلیکترۆنی (statista) قەبارەی بازاڕی کەرتی وەرزشی جیھانی (٢٤٢ملیار) دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت تا ساڵی ٢٠٢٣. لە ھەمان کاتدا، گۆڕانکاری تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانی ئەم دواییانە لە بازاڕی یارییە ڤیدیۆییەکاندا پلاتفۆرمی نوێی بۆ یاریزانان ڕەخساندووە بۆ ئەوەی لە بەرزترین ئاستدا کێبڕکێ بکەن، لە ئەنجامدا پیشەسازی وەرزشی ئەلیکترۆنی قازانج بەخش بووە کە توانای گەشەکردنی زیاتری ھەیە. بەشێوەیەکی بەردەوام لەجیھاندا ئەم پیشەسازییە گەورەیە ڕوو لەگەشە دەکات و سەرمایەگوزاری زەبەلاحی تێدا باڵادەکات.
وڵاتان لەئێستادا دەیانەوێت ھەریەکەو لەکێکە ڕازاوە و گەورەیەی وەرزشدا پشکی خۆیان ببەن چاویان لەسەر پارچەگەورەکەیە بۆ ئەوەی سوودی گەورەی ئابوری و داھات بۆ وڵات بەدەستبھێنن چەندین ئامانجی گەورەی دیکەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و گەشتیاری لەپاڵیدا بۆ وڵاتەکە بەدی بھێنن.
لەوڵاتان بەھۆی ئاوێتەکردنی کەرتی گەشتیاری و وەرزشی توانیویانە ئەو ئامانجانە بەدی بھێنرێن بەتایبەت ئامانجە ئابورییەکان لەڕێگای جۆرێک لەگەشتکردنەوە کە بریتیە لە (گەشتی وەرزشی).
گەشتیاری وەرزشی چییە؟"
گەشتیاری وەرزشی بریتییە لە گەشتکردن لەشوێنی نیشتەجێبوونی خۆتەوە بۆ شارێک، وڵاتێک، ناوچەیەک، بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکی پەیوەندیدار بە وەرزش بەسەرجەم جۆرەکانیەوە. گەشتیاری وەرزشی حەز و ئارەزووی وەرزش و ئارەزووی ئەزموون کردن شوێن مەبەستی نوێ تێکەڵ دەکات. لەڕێگای ئەم جۆرە گەشتەوە گەشتیاران ئاشنادەبن بەلایەنی وەرزشی ئەو وڵاتە و سەردانیکردنی یانە وەرزشیەکان و بۆ پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییە گەورەکانی وەک ئۆڵۆمپیاد و جامی جیھانیی فیفا ساڵانە ملیۆنەھا کەس ڕادەکێشن ئەو بۆنانە و دەبێتە ھاندانی ئابووری ناوخۆیی لە ڕێگەی خەرجکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن و چالاکی کات بەسەربردن لەچوارچێوەی گەشتەکە بۆ وڵاتی دیارکراو. ساڵانە بەملێۆنان گەشتیار بەمەبەستی وەرزشی و بۆ بینینی یارییەکان و بۆ چالاکییە وەرزشیەکان گەشتدەکەن، لە کاتێکدا ئەم جموجۆڵە سوودی ئابووری کورتخایەنی بۆ ناوچەیەک ھەیە، بەڵام دەتوانن ھاندەرێک بن بۆ دەرفەتی گەشەپێدانی گەشتیاری درێژخایەن بێت سوودی ئابوری و گەشتیاری لەڕێگای وەرزشەوە بە وڵاتەکە بگەیەنێت، نموونەی وڵاتی قەتەر. لەمۆندیالی ٢٠٢٢ دا وڵاتەکە لەڕووی گەشتیاریەوە لەدواین ئامار پێشوازی لە ٢.٥٦ ملیۆن گەشتیار کردووە لە ھەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا. قەتەر پێشوازی لە زیاتر لە ٢.٥٦ ملیۆن گەشتیار کرد لە کانوونی دووەم تا ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣، ئەمەش ژمارەی گەیشتنی تەواوی ساڵی ٢٠٢٢ تێپەڕاند پێشبینی زیاتر دوو ھێندە گەشتیاری زیاتر دەکرێت لەم ساڵانەی دوایدا، کوردستانیش ھەر مێژە بێ بەش نیە لەزۆرینەی وەرزشەکان بەشێوەیەکی نەریتی خۆڕسک کە ھەر لەکۆنەوە وەرزشە بەناوبانگەکان بریتین لە تۆپی پێ و زۆرانبازی و ڕاوکردن وەرزشێکی نەریتی کە بریتی لە ھەڵدانی ڕم لە کاتی سواری ئەسپ. پێشبڕکێی و ئەسپ لە لادێکاندا بەربڵاوە. ئەو شارەی پێشەنگە لەکوردستانیشدا شاری سلێمانیە، شاری سلێمانیھەر بوونیادنانیەوە وەرزشیش لەو نێوەندەدا بونی ھەبوە، بەپێی ئەوەی (مستەر ڕیچ)ی حاکمی ئینگلیز کاتێک ساڵی ۱۸۲٠ گەشتێک دەکات بۆ ئەم ناوچەیە، دەڵێت لەگەشتەکەمدا وەرزشکردنم لەسلێمانی بەدی کردوە.
دواترو لەسەردەمی حوکمداری (شێخ مەحمودی حەفید) ڕمبازی (زۆرخانە) کراوە. کاتێک ئینگلیزەکانیش دێنە سلێمانی و کەمپی (ئەرمەن) لەسەرەتای ساڵانی بیستەکان دروست دەکەن، لەوێ لەنێوان سەربازەکان خۆیاندا یاری تۆپی پێ دەکەن.تا دواتر لەساڵی ۱۹٥٦_۱۹٥۷ لەلایەن دەستەیەک لەدانیشتوانی شاری سلێمانیەوە (یانەی وەرزشی سلێمانی) دامەزراوە.
لەھەموو یارییە وەرزشیەکانی تریش سلێمانی بەردەوام لەگەشەدا بووە ،ھەمیشە ئاستی یەکەمی پاڵەوانیتە جیھانیەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی گرتووە، سەرباری بوونی کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان لە زانکۆی سلێمانی و پەیمانگەی وەرزشیی حکومیی و ناحکومیی و چەندین ناوبژیوانی ئاستبەرز و یاریزانی ناودار و ئەنجامی وەرزشیی شایستە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، لە تۆپی پێ و گۆڕەپان و مەیدان و و تۆپی سەرمێز و بالە و لەشجوانیی و کیکبۆکس شەترەنج و ...ھتد لەھەموویدا پلەکانی یەکەمی بەدەستھێناوە, بەتایبەت ئەوەی بەم دوایانە زۆر پەرەی سەندووە, یاری پەڕەگلایدەرە کە سلێمانی بەھۆی بەرز و نزمی خاکەکەیەوە بوونی چیای ئەزمەڕ و گۆێژە زەمینەیەکی زێڕێنی بۆ ڕەخساوە بۆ ئەنجامدانی ئەو وەرزشە سەرکێشیە کەیەکێکە لەوەرزش و چالاکییە سەرکێشیانە گەشتوگوزار کە گەشتیاری تایبەتمەند ھەیە تەنھا بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەزموونە سەردانی شارەکە دەکەن ، کەلەتەواوی عێراقدا تەنھا شاری لەسلێمانی گەشتیاران دەتوانن، ئەزموونی ئەو وەرزشە بکەن بەشێوەیەکی گونجاو و سەلامەت لەماوەی ڕابردوو پشبڕکێەکی نێودەوڵەتی تایبەت بەپەڕەگلایدەر بەبەشداری ١٣ وڵات ئەنجامدرا، بەپێی دواین ژمارە و داتای فەرمی بەڕیۆبەرایەتی وەرزشی سلێمانی ژمارەی یانەکان (٣١)یەکێتییە وەرزشییە ئۆڵۆمپییەکان (٢٥) یەکێتییە وەرزشییە نا ئۆڵۆمپییەکان (١٣) یانەی وەرزشی فڕینی ھەوایی (پاراگلایدەر) (٢)ئەکادیمییە وەرزشییەکان کە مۆڵەتیان ھەیە (٢)یاریگەی وەرزشی (١٥)ـە کە نوێترییان یاریگای نەورۆزە کەبەناوازەترین و نوێترین دیزاینی مۆدێرین و جیھانی دروستکراوە و ھاوشێوەی یاریگا ئەوروپییەکانە بۆتە جێگای بایەخی سەرجەم وەرزشکارانی عێراق و کوردستان ،ئەمانە چەندین دەرفەتی گەوھەرین،ئەوە دەردەخات شاری سلێمانی زەمینەیەکی لەبار و گونجاوی ھەیە بۆ پەرەپێدانی و ھێنانی گەشتیاران بەمەبەستی وەرزشی و گەشتی وەرزشی بۆ کوردستان و سلێمانی.
دەبێت بەڕێوبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی وەرزشی سلێمانی کاری پێکەوەیی و ھەماھەنگی بکەن، بۆ ڕێکخستنی زۆرترین چالاکی وەرزشی، کە کاریگەر بێت و ھاندەر و پاڵنەر بێت بۆ ئەوەی لەڕێگەی بواری وەرزشەوە گەشتیاران ئەو سروشت و کەشوھەوا و ڕۆحیەتە وەرزشیەجوانەی شاری سلێمانی ببینن.گەشتیاری وەرزشی ھاندەرێک بێت بۆ دەرفەتی گەشەپێدانی گەشتیاری و پەیداکردنی داھات و بوژانەوەی ئابوری.