ناودار زیاد
تەنها دوو هەفتە دوای گەڕانەوەی بۆ كۆشكی سپی و لە 4 ی شوباتدا، دۆناڵد تڕەمپ واژۆی لەسەر یاداشتێك كرد كە پێكهاتبوو لە كۆمەڵێك ڕێوشوێن بۆ گەمارۆدانی زیاتری ئێران و پاشگەزكردنەوەی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی و سەپاندنی سزا و ڕێوشوێنی ئابوری و دارایی بەرامبەر ئەو وڵاتە. بە دوایدا و لەم چوارچێوەیەدا، لەناو عێراقدا، ئەمریكا كۆمەڵێك ڕێوشوێنی گرتەبەر، لە نموونەی سزادانی چەند بانكێكی عێراقیی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا و گوشارەكانی بۆ سەر حكومەتی فیدڕاڵی بە مەبەستی ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و دواترینیشیان گوشارخستنە سەر حكومەتی عێراق بوو بۆ دەستبەرداربوون لە هاوردەكردنی كارەبا لە ئێرانەوە. هاوكات، ئەمریكا پابەندبوونی خۆی دووپات كردۆتەوە بۆ یارمەتیدانی عێراق تاكو لە بواری وزەدا پشت بە خۆی ببەستێت.
لە خولی یەكەمی ئیدارەكەیدا (2017-2021)، لە ساڵی 2018، دۆناڵد تڕەمپ، لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 ی ئێران كشایەوە و لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"دا بەشێك لە سزاكانی لەسەر ئێران سەپاندەوە، بەڵام تا كۆتایی خولی یەكەمی ئیدارەكەی و دواتریش لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا، واشنتۆن عێراقی بوارد لە كڕینی كارەبا و غازی شلی ئێرانی و بەردەوامیش هانی عێراقی داوە بۆ ئەوەی پشت بە خۆی ببەستێت و چیتر پێویستی بە وزەی ئێران نەمێنێت. كەچی عێراق هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆی نەناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا و دەستكەوتنی غازی شل. لەبەرئەوە، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر و لە 8 ی ئەم مانگەدا و لەگەڵ كۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوونی ئەمریكا بۆ كڕینی كارەبا و غازی شلی ئێرانی لەلایەن عێراقەوە، ئەمریكا ڕایگەیاند "چیتر ماوەی لێخۆشبوونی كڕینی كارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق درێژ ناكەینەوە" و پێشتریش، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پابەندبوونی وڵاتەكەی بە سزاكانی ئەمریكا دووپات كردبۆوە.
ئەم سزا و ڕێوشوێنانەی ئەمریكا بەرامبەر ئێران، بە ئامانجی ئەوەیە ئەو وڵاتە بە لاوازی بهێنرێتە سەر مێزی دانوستان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە. ئەمەش، ئەو وڵاتەی نیگەران كردووە، هەرچەندە خوازیاری ڕێككەوتنە لەگەڵ ئەمریكدا. لەكاتێكدا، چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن بەهۆی پێداویستی زۆری ناوخۆی ئێرانەوە بە كارەبا و كورتهێنانی بڕی كارەبا لەو وڵاتە، ڕەنگە ئێران كەمتر زیانمەند بێت لەم ڕێوشوێنە و ئەگەر ئەمریكاش ڕێگر نەبێت پێدەچێت لە داهاتوویەكی نزیكدا ئێران تاكلایەنە هەناردەی غاز و كارەبا بۆ عێراق ڕابگرێت. سەرباری ئەوەش، ئەم سزایەی ئەمریكا دەرگا بۆ ئێران دەكاتەوە تاكو ئەمریكا تاوانبار بكات و بە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی قەدەغەكردنی عێراق لە كڕینی كارەبای ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەركۆنەی ئەو بڕیارەی كرد و وتی "ئەمریكا خەڵكی بێتاوانی عێراق دەكاتە ئامانج و لە دەستڕاگەیشتن بە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكان بێبەشیان دەكات، كە كارەبایە". سەبارەت بە عێراقیش، ئەمریكا ئامانجی ئەوەیە عێراق بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی لە بواری وزەدا ڕوو لە توركیا و وڵاتانی كەنداو بكات و بژاردەی جێگرەوە بدۆزێتەوە و لە پشتبەستن بە ئێران دووربكەوێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی كارەبا، عێراق ساڵانە بە بەهای نزیکەی 6 ملیار دۆلار غاز و كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا و پڕكردنەوەی كورتهێنانی كارەبای پێویست. ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ڕایگەیاند، "بڕینی غازی ئێران دەبێتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 30% ی وزەی کارەبای عێراق". بەڵام، بەگوێرەی لێدوانی، فەرهاد عەلائەدین، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دەرەوە، "ئەمریكا لێخۆشبوونی بۆ هێنانی غازی شل لە ئێرانەوە هەڵنەوەشاندۆتەوە، بەڵكو كڕینی كارەبای لە ئێران هەڵوەشاندۆتەوە". هەرچەندە، پچڕانی ئەو كارەبایە بڕێكی كەم كورتهێنان لە دابینكردنی كارەبای پێویستی عێراق دروست دەكات، كە بریتییە لە 1.2 گێگاوات لە كۆی گشتی 30 گێگاوات، بەڵام بۆ وەرزی هاوین، كە پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سەدی، ئەگەر عێراق جێگرەوە نەدۆزێتەوە، ئەوا لێكەوتەی نەرێنی دەبێت.
لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە لەسەر عێراق وەستاوەتە سەر پابەندبوونی عێراق بە بڕیارەكەی ئەمریكا و تا ئێستاش لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەمریكادا بۆ ئەوەی ماوەی لێخۆشبوونەكانی بۆ هێنانی غاز و كارەبا لە ئێران بۆ درێژ بكاتەوە یاخود هەردوولا ڕێگەچارەیەكی هاوبەش بدۆزنەوە، پێشتریش، سودانی داوای لە واشنتۆن كردبوو لێخۆشبوونەكان تا ساڵی 2028 درێژ بكاتەوە، بۆ ئەوەی تا ئەوكات عێراق سەربەخۆیی وزە بەدەستبهێنێت. هەرچەندە، ئەمجارە پێدەچێت ئەستەم بێت ئەمریكا نەرمی بنوێنێت و چاوپۆشی لە عێراق بكات، چونكە عێراق هەم كاتی زۆر و هەم سەرچاوەی دارایی پێویستی لەبەردەستدا بووە بۆ ئەوەی كۆتایی بە پشتبەستن بە كارەبا و غازی سروشتی ئێرانی بهێنێت، بەڵام كەمتەرخەمی نواندووە. لەبەرئەوە، ئەگەر ئەمریكا سوور بێت لەسەر پچڕانی ئەو بازرگانییە و عێراق چیتر نەتوانێت كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بكات، ئەوا ئەستەمە بتوانێت لە ماوەیەكی كورتدا لە ناوخۆدا كورتهێنانی كارەبا پڕ بكاتەوە، ئەمەش، بۆ هاوینی 2025، حكومەتی عێراق دووچاری تەنگژە دەكاتەوە، كە تەنها كاریگەری لەسەر پێداویستییەكانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان نابێت، بەڵكو كاریگەری لەسەر گەشەپێدانی ئابوری وڵاتیش دەبێت، لەپاڵ گوشاری جەماوەریی لەسەر دەستەبژێری حوكمڕانی نزیك لە ئێران بەهۆی هاوكاتبوونی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا. بەڵام، لە درێژماوەدا، عێراق ناچارە پلانی جێگرەوە دابنێت و ڕێوشوێنی دیكە بگرێتەبەر بۆ ئەوەی كێشەی كارەبا چارەسەر بكات، وەك چۆن لە هەرێمی كوردستاندا لە ڕێگەی بەرنامەی دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری و زیادكردنی نرخەكەیەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت كۆتایی بە پشتبەستن بە كارەبای مۆلیدەی ئەهلی بهێنێت. لەكاتێكدا، پاساوی حكومەتی هەرێم بە فیڕۆدانی كارەبایە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەهۆی كەمی نرخەكەیەوە، حكومەتی عێراقیش زیاتر لە نیوەی ئەو كارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت پێش ئەوەی بگاتە دەست بەكارهێنەرانی بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە بەفیڕۆ دەچێت و سوودی لێ وەرناگیرێت. لەپاڵ ئەمەشدا، دوای بەرزبوونەوەی خواستی ناوخۆیی ئێران بۆ كارەبا، عێراق هەستی بە مەترسی كردووە و بۆ چارەسەركردنی كەمی كارەبا چەندین بەرنامە و پلانی دیكەی دەستپێكردووە، بەڵام هەندێكیان درێژخایەنن و چەندین ساڵی دیكەی دەوێت، وەك گرێبەستی دانانی سیستەمی وزەی خۆر لەلایەن كۆمپانیای وزەی تۆتاڵی فەڕەنسی و كۆمپانیای ئەكوا پاوەری سعودی و مەسدەری ئیماراتی و دروستكردنی سەكۆیەك لە بەندەری بەسڕە بۆ هاوردەكردنی غازی سروشتی شل لە ڕێگەی كەشتییەكانەوە. هەندێك هەوڵیشی لە پڕۆسێسدایە و پێویستی بە ئەنجامدانی گرێبەستە، وەك هێنانی غازی شل لە وڵاتی قەتەڕ و جەزائیرەوە. هەندێكی دیكەشیان ئاستەنگی لۆجستی و سیاسییان لە بەردەمدایە، وەك هاوردەكردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستانەوە.
سەرچاوە:
Tony Gamal-Gabriel, Iran says won't negotiate under 'intimidation' as Trump ramps up pressure, Mar 9, 2025, Available: https://www.al-monitor.com/originals/2025/03/iran-says-wont-negotiate-under-intimidation-trump-ramps-pressure
Reuters, US keeps Iran gas waiver but ends power exemption, says Iraqi PM adviser, March 11, 2025, Available: https://www.reuters.com/business/energy/us-keeps-iran-gas-waiver-ends-power-exemption-says-iraqi-pm-adviser-2025-03-12/
تحليل معمق: العراق بين الأزمة والفرصة بعد إنهاء أميركا إعفاءه من شراء الكهرباء الإيرانية، 9 مارس 2025، متاح علی الرابط: https://amwaj.media/ar/article/deep-data-us-ends-iraq-s-iran-electricity-waiver-stoking-crisis-and-opportunity