کارێزما بە لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەوە

سەعید مەموزینی
  2025-04-08     126

لە ھەر شۆڕش  و سەرھەڵدانێکدا کارێزما دەبینرێت، بەڵام  کارێزما خاڵی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی ھەیە، لە خاڵە ئەرێنییەکانی کارێزما  خاوەن کەسایەتی  کاریگەرو بەھێزەو بیرمەندەو متمانەی بە خۆی ھەیە، رێزی حیزب و خەڵک یەکدەخات و ئاراستەیان دەکات، و کێشەکان یەکڵا دەکاتەوە خۆی لە کێشەو شکستەکان دەکاتە خاوەن  و لە کاتە سەختەکانیش بڕیاری بوێرانە بە ئامادە بوونی خۆی لە مەیدان دەدات، کارێزما کەسێکە ھەرگیز مەیدانەکان چۆڵناکات، ھەرکات کارێزما مەیدانی چۆڵکرد ئەوە ھەمووان مەیدان چۆڵدەکەن،چونکە ئومێدەکان بەو گرێدراوەو  زۆرینە پێڕەوی لە قسەو گوفتارەکانی دەکەن، گوێڕایەڵی کارێزمای راستەقینە لە خۆشەویستییە، نەک خۆ سەپاندن، ھەرکات خۆ سەپاندن ھاتە ناو بابەتی کارێزما ئیتر شتێک بەناوی کارێزما نامێنێت، دروست پێچەوانە دەبێتەوە، لە شوێنی خۆشەویستی رق دروستدەبێت، ئەوانەی خەڵک  رقی لێیانببێتەوە ئەوە دەکەونە ناو لاپەڕەی رەشی مێژوو.
(کارێزما وشەیەکی یونانییە، بە مانای  شارەزاو سەرنج راکێش یانی ھەموو چاوەکانی لەسەرەو جێگای ئومێدی خەڵکە.)(١) کاتێ باسی کارێزما دەکەین یەکسەر بیرتان بۆ        سەرۆکەکانی جیھانی دەڕوات،لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاترین خەڵک حەزیان لە کارێزمایە،چونکە ئەگەر کارێزمایەک نەبێتیش ئەوە خەڵک خۆیان دەرۆن دروستیدەکەن وێنەکانی لە ماڵەوە ھەڵدەواسن،لە سینگی منداڵەکانیان دەدەن،  بەڵام لە ئەوروپا پابەندی کارێزما نین، لە وانەیە زۆرینەی جارەکان خانەوادەیەکیش پێویستی بە کارێزما ھەبێت، چونکە کورد گوتویەتی( ھەر ماڵێک پێویستە گەورەیەکی ھەبێت، یان ئەو ماڵەی گەورەیەکی نەبێت، زوو تێکدەچێت، ئەوە زۆر جار گەورەی ماڵێک کۆچی دوایی دەکات ماڵەکە تێک و پێکدەچێت.
---------
لە خاڵە نەرێنییەکان:
---------
مرۆڤی کارێزما بە تەنیا حیزبێکەو بگرە گەورەترە، زۆر جار دەبێتە دیکتاتۆرێک بڕیاری بێ گەڕانەوە بۆ رای سەرکردایەتی حیزب و پرۆگرام و پەیڕەوی  ناوخۆی حیزب  دەدات، ھەندێکجار ئەو بڕیارانە لەوانەیە ستەمکارانە بێت بەرامبەر بە خەڵکانێکی زەحمەتکێشی رۆژانی تەنگانە، چونکە کارێزما تێکدەری سیستمەو سیستمیش بە سوودی ھەمووانە، ھیچکات کارێزمایەک بۆ ھەمیشە کارێزما نامێنێت ئەوەی ئەمڕۆ کارێزمایە لەوانەیە سوبەی کارێزما نەبێت لە چاوی خەڵک، خەڵکی روسیاو  وڵاتە سوسیالیستەکان  سەردەمێک مارکس و لینینیان بە کارێزما دەزانی پاشان لە زۆرینەی وڵاتە سوسیالیستەکان پەیکەری مارکس و لینینیان شکاند، ئاخر ھیچ پەیکەرو وێنەو قسەیەکی جوان سکێکی برسی تێر ناکات.
-------
کارێزما لە  کوردستان و  وڵاتە ئەوروپییەکان.
---------------
لە وڵاتە ئەوروپییەکان پێویستیان بە کارێزما نییە، چونکە یاسا بەرگری لە تاکی ئینساندەکات، ھەر ئینسانێکی ئەوروپی رێگای پێشکەوتنی لە پێشدا واڵا کرایە، لە فەراشێکەوە بگرە تا پلەی  سەرۆک کۆمار، لە کوردستان تەنانەت فەراشێکیش پێویستە تەزکییەی حیزبیی ھەبێت، لە ئەوروپا سەیری توانای خەڵکدەکرێت، لە کوردستان زۆربەی جارەکان کەسانی بێ توانا کاری گەورەتر لە توانا بە مرۆڤێکی لاواز دەسپێرن، ئەوە کێشەیەکی گەورەیە، لە ئەوروپا ھەر بیر لە شتێک بەناوی کارێزما ناکەنەوە.
لە کوردستان ھەرگیز کارێزماکانی دوێنێ وەکوو ئەمڕۆ نەبوون و نین، کارێزمای دوێنێ بە پێویستی ھەمان سەردەم دەگونجان و کارێزما جوڵانەوەکەی تا ئاستێکی زۆر لە گەل داواکاریی خەڵکی کوردستان گونجاو بوون، تا ئاستێکی زۆر لەگەل رەنگ و دەنگی خەڵک گونجاو بوون، ئەویش ١٠٠% گونجاو نەبوون، بەڵام زیاتر لەمڕۆ گونجاو بوون، ئەمڕۆ رۆشنبیرو خامە بە دەست نەخۆشدەکرێن بۆ ئەوەی بە رەش بڵێن سپی و بە سپی بڵێن رەش، ئەوە نەخۆشیی عەقڵیییە، تەنانەت رۆشنبیریش بە دوای پارووە نانێک غار دەدات.
-----------
پەیوەندی لە نێوان رۆشنبیریی و کارێزما
-----------
ھەر چەند رۆشنبیریی خەڵک  زیاتر بێت رۆڵی کارێزما زیاتر کاڵدەبێتەوە، ئیتر لە زۆر شوێن خودی ئەوانەی چاویان لە کارێزما بوونە بۆ مانەوەی خۆیان بە شێوازی جۆراوجۆر رۆشنبیرەکان لە سەر رێگا لادەدەن، لە ئەوروپا ئەگەر کاریگەریی ئەدەبیات نەبوایە جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم خوێنینتر دەبوو، چونکە ئەدەبیات رۆشنبیریی زۆر کرد، رۆشنبیر بە عەقڵ رێگایان لە خوێنڕێژی گرت.

---------------
١- افسانە کاریزما، اولبوبا فاکس کابان،٢٠٢٣،انترنێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×