ژنان پێویستە کام وەزارەتانەی کابینەی 10 وەربگرن؟

شایی حەمەنوری
  2025-03-20     305

پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 4/12/2024، واتە مانگ و نیوێک دوای ئەو هەڵبژاردنەی پارساڵ بەڕێوەچوو،  سوێندی یاساییان خوارد و پاش ئەو بەروارە حیزبە سياسيیەکانی هەرێم مشتومڕو کۆبونەوەيانە دەربارەی دياريکردنی سەرۆک و جێگر و  وەزيرەکان بۆ پێکهێنانی کابينەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لەم نێوەندەدا بەتايبەتی هەردوو حیزب (پارتی و يەکێتی) کەزۆرترين کورسييەکانی پەرلەمانيان بەدەستهێناوە، رۆژانە نوێنەرەکانیان لەدەزگاکانی راگەياندنەوە باس لە پێکهێنانی حکومەت و پۆستە وزاريیەکان دەکەن، بەڵام بۆ جارێکيش گوێمان لێنەبوو باسی پشکی ژنان بکرێت لەکابينەی 10ی حکومەتی هەرێم.

مەرجە ژنان بوونێکی ڕاستەقینەیان لە ناو کابینە وزارییەکەدا هەبێت، نەک تەنها بەوەرگرتنی چەند پۆستێکی وەزیر، بەڵکو گرنگە ئەو وەزارەتانەی دەدرێتە ژنان بریتی بن لەو وەزارەتە خزمەتگوزارییانەی کە دەکرێت پێگەی خۆیانی تیا بسەلمێنن و هاوکات گۆڕانکارییش دروست بکەن.

لەمێژووی کابينە وزاريیەکانی حکومەتی هەرێمدا، تەنيا درێژکراوەی کابينەی سێی يەکێتی بەسەرۆکايەتی دکتۆر بەرهەم ساڵح سێ وەزارەتی گرنگی وەکو پەروەردە و خوێندنی باڵاو  پيشەسازی و وزە وەزیرەکانیان ژن بوون و ئەم بەشدارییەش بەڕێژەی 16،6٪ ی وەزیرەکانی کابینەکە بووە، ئەمەش بەرزترین ڕێژەی بەشداری ژنانە لە کابینەیەکی وزاریداو هەمان کاتیش سێ وەزارەتیان بەڕێوەبردووە کە وەزارەتی کاریگەرو دیارن.

لە نۆ کابينەی پێشودا بوونی ژنان وەک وەزیر بە ڕێژەیەکی ئەوتۆ نەبووەو هیچ کاتێک 20٪ی کۆی وەزیرەکانی کابینەیەکیان پێکنەهێناوە.

کابينەی يەکەم لە 4/7/1992 پێکهات، لە کۆی 14 وەزارەت هيچ وەزارەتێک نەدراوە بە ژنان، بەڵام کابينەی دووەم کەدوای ساڵێک لەکابينەی يەکەم دروست بوو واتە ساڵی 1993 يەک ژن کە (کافيە سلێمان)ـە دەبێتە وەزيری ئەشغال و ئاوەدانکردنەوە لەکۆی 15 وەزارەت کە دەکاتە 6.6٪.

دواتريش شەڕی ناوخۆ و سەردەمی دوو ئيدارەيی لە نێوان يەکێتی و پارتی، کە سلێمانی و دەوروبەری ئيدارەی يەکێتی و هەولێر و دهۆک ئيدارەی پارتی بوو، کابينەی سێيەمی يەکێتی بەسەرۆکايەتی کۆسرەت رەسوڵ  يەک ژن لە کۆی 14 وەزارەت وەزیر بووە کە دەکاتە 7.١٪ و پارتی لەکابينەی سێيەم بەسەرۆکايەتی رۆژ نوری شاوەيس هيچ وەزيرێکی ژنی نەبووە لەکۆی 17 وەزارەت.

کابينەی چواری پارتی بەسەرۆکايەتی نێچيرڤان بارزانی لە ساڵانی 1999- 2006 لەکۆی 22 وەزارەت لەسەرەتادا تەنها نازەنين وسو وەزيری ئەشغال و نيشتەجێکردن بووە کەدەکاتە ٪4.5، پاشتر گۆڕانکاری دەکرێت لەهەمان کابينەداو وەزيری ئاوەدانکردنەوەو  گەشەپێدان زياد دەبێت، نەسرين مستەفا دەبێتە وەزیر و ڕێژەی ژنان بۆ 9٪ بەرزدەبێتەوە.

کابينەی درێژکراوەی سێی يەکێتی ساڵی 2001 - 2006 درێژەی کێشا، بەڵام لە ناوەڕاستی 2004دا بەرهەم ساڵح دەست لەکاردەکێشێتەوەو عمر فەتاح بەوەکالەت دەبێت بەسەرۆک وەزيران، لەکۆی 18 وەزارەت سەرەتا  يەک ژن نەرمين عوسمان وەزيری کارو کاروباری کۆمەڵايەتی بووە، دواتر ناوبراو دەبێتە وەزيری پەروەردە تاساڵی 2003 و پاشان لەپايزی 2003 شەونم عبدالقادر  بە وەزيری پەروەردە و پەروين بابەکر  بە وەزيری پيشەسازی و وزە دەستنیشاندەکرێن، لەسەردەمی سەرۆکايەتی عومەر فەتاح، ئەختەر  نەجمەدينیش دەبێتە وەزيری خوێندنی باڵا، بەمەش کۆی وەزيرە ژنەکان دەبنە سێ کەس و ڕێژەکە بەرزدەبێتەوە بۆ  16.6٪.

بەڵام کابينەی پێنجەم ساڵی 2006 - 2009 بەسەرۆکايەتی نێچيرڤان بارزانی دوای يەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارە لەکۆی 39 وەزارەت تەنها 3 ژن دەبنە وەزیر، ئەوانيش نازەنين وسو وەزيری شارەوانی و چنار سەعد وەزيری شەهيدان و ئەنفالکراوان و  جینان قاسم وەزيری هەرێم بەڕێژەی 7.6٪ی کۆی وەزیرەکان.

هەرچی کابينەی شەشەم وحەوتەمە لە 2009 -2011 دووساڵ بە دوو ساڵ  بەسەرۆکايەتی بەرهەم ساڵح  و 2011 – 2014 بەسەرۆکايەتی نێچيرڤان بارزانی، کە هەردوو کابينەکە  19وەزارەتی لەخۆگرتبوو، تەنيا ئاسۆس نەجيب وەزيری کارو کاروباری کۆمەڵايەتی بووە لەهەردو کابينەکەدا بەرێژەی 5.2٪.

لەکابينەی هەشتەمیش بەسەرۆکايەتی نێچيرڤان بارزانی لەکۆی 20 وەزارەت تەنيا يەک ژن نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی بووە بەرێژەی ٪5، بەڵام کابينەی نۆ بەسەرۆکايەتی مەسرور بارزانی ساڵی 2019 - 2025  لەکۆی 21 وەزارەت 3 ژنە وەزيری تێدایە ئەوانيش ڤالا فەريد وەزيری هەرێم و بێگەرد تاڵەبانی وەزيری کشتوکاڵ و  کوێستان محمد وەزيری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و ڕێژەکە دەکاتە 14.2٪.

داتاکانی وەزيرە  ژنەکان  لە مێژووی کابينەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێمان دەڵێن لەبەرئەوەی بەپێی ماددەی 49 بڕگەی 4 لە  دەستوری عێراق سيستمی کۆتای ژنان واتە (پشکی ژنان)ی دياريکردووە کە 25٪ کەمتر نەبێت تەنيا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و  ئەنجومەنی پارێزگاکان،  هەرێمی کوردستانيش کۆتای ژنانی بۆ پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بە 30٪ دياريکردووە و لە حکومەت و دەسەڵاتی دادوەرییدا کۆتای ژنان بە پێی یاسا بوونی نيیە، هەربۆیە لەلايەک حیزبە سياسيەکان ناچارنەبوون کە ڕێژەيەک بۆ ژنان تەرخان بکەن لەوەزارەتەکاندا و پابەندبن پێوەی، هەروەها نەبوونی هۆشياری تەواو بەرامبەر پرسی ژنان و باوەڕبوونی سەرکردايەتی حیزبەکان بە مافەکانی ژنان کە زياتر ڕووکەشانەيە و عەقڵيەتی پياوسالاری تیایدا زاڵە.

بەپێی ئامارێکی سایتی فەرمی ژنانی نەتەوەيەگرتووەکان (Women UN) کە لەسەر کابينەی حکومەتی  190 وڵاتی جيهان کراوەو لەنێویشیاندا عێراقی تێدايە، تا مانگی کانونی دووەمی 2024 لەکۆی 258 وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا 82 يان ژنن کە دەکاتە 32٪.

لەکۆی 191 وەزارەتی کاروبارەکانی تەندروستی 49 ژن وەزيرن کەدەکاتە 26٪.

هەربەپێی ئەو ئامارە لەکۆی 254 وەزارەتی دارايی و خەزێنە 56 يان ژنن کەدەکاتە 22٪.

لەکۆی 180 وەزارەتی داد 35 وەزيری ژن هەيە کەدەکاتە  19٪.

بەرزترين رێژەش بۆ وەزارەتی ژن و يەکسانیی جەندەرييە کە لەکۆی 90 وەزارەت 78 يان ژنن و  ڕێژەکە دەکاتە 87٪، کەمترين رێژەش وەزارەتی ئەوقاف و کاروبارە ئاينییەکانە کە لەکۆی 42 وەزارەت تەنها ٢ ژن وەزیرن بەڕێژەی 5 ٪.

ئەم ئامارەش پێمان دەڵێت کەلە دنيادا  ژنان توانيويانە لەوەزارەتەکانی خوێندنی باڵاو  و پەروەردەو تەندروستی و دارايی و داد وکاروبارەکانی ژنان ڕۆڵێکی باش ببينن.

بەسوودبینین لەم داتایانە دەکرێت لێرەش ژنان ڕۆڵ ببینن و لەگەڵ بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشدارییان لەکابینەی نوێی حکومەتدا، هاوکات جەختیش لەوەرگرتنی پۆستی ئەو وەزارەتانە بکەنەوە کە ڕۆڵی خزمەتگوزاریی دەگێڕن و دەتوانن گۆڕانکاریی فیعلی لە ناوەندی بڕيار  و کۆمەڵگەشدا دروستبکەن.

دەکرێت سەرکردايەتی حیزبە سياسيەکان و بەتايبەتی کەسی يەکەمی ئەو حیزبانەو سەرۆکی  کابينەی داهاتووش پشتگيری باشی ژنان بکەن و ڕێژەی وەزيرە ژنەکان زياد بکەن، چونکە لەنێو ئۆرگانە حیزبيەکاندا  بە دڵنیایی ژنانی بەتواناو خاوەن ئەزمون هەن و کاتی ئەوە هاتووە ئەوانیش ڕۆڵ بگێڕن، هەروەک دەبێت ژنانيش هەوڵبدەن بەرنامە و پلانيان هەبێت کە چ وەزارەتێک وەردەگرن و بەشیاوی خۆیانی دەزانن، نەوەک پۆستیان بەسەردا ساغبکرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×