نوێنەرايەتی ژنان و تێپەراندنی بەربەستی کۆتا

شایی حەمەنوری
  2025-02-22     273

یاساکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێژەی کۆتای ژنانی بە 25٪ دیاریکردووە، بەپێی ماددەی 49 بڕگەی 4ی دەستوری عێراق ياسای هەڵبژاردن ئامانجی ئەوەيە نوێنەرايەتی ژنان لەچارەکێک کەمتر نەبێت لەکۆی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران . بەڵام زیادکردنی ئەم ڕێژەیەو تێکشکاندنی ئەم بەربەستە پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەری دیکەوە، کە یەکێکیان ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنە و لە دوو هەڵبژاردنی ساڵەکانی 2018 و 2021دا دەتوانین ئەو جیاوازییە ببینین.

ئەگەرچی ژنان پێویستیان بە دروستکردنی ئەو متمانەو هێزە هەیە کە بتوانن بەبێ کۆتاش کورسی پەرلەمان  و ئەنجومەنە خۆجێییەکان بەدەستبهێنن، بەڵام لەمەش گرنگتر داکۆکیکردنە لەو یاسایانەی کە خزمەت بەژمارەی کورسییەکانیان دەکات و بەرزترین ڕێژەی کورسییان بۆ مسۆگەر دەکات.

ياسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠٢٠، عێراقی کرد بە 83 بازنەی هەڵبژاردن و بەو هۆيەوە ژمارەيەکی زۆر کانديدی ژن بەبێ کۆتاو بەدەنگی خۆيان سەرکەوتن. ئەمە چۆن ڕوویدا؟

بە پێی یاساکە دەبوو لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردندا ژنێک وەک کۆتا کورسییەکی ئەنجومەنەکە مسۆگەر بکات، بەڵام لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکەی تووشی دڵەڕاوکێی ئەوەکرد کە هەندێکجار ترسی نەبردنەوەی کورسییان دەبوو لە یەکێک لەبازنەکاندا ئەمە وایکرد حزبەکان بیر لەوە بکەنەوە کە لەو بازنانەی ریسکی گەورەی تیایە کاندیدێکی ژن دابنێن لەبری پیاو، کە ئەوەش ئەگەری بردنەوەی کورسییەکی بۆ زیاد دەکردن و زۆرجار لەبری ژنێک دو ژن بەدەنگی خۆيان  لەبازنەيەکدا دەردەجون.

دەرئەنجام ئەم ترسەی پارت و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکان بووە هۆی ئەوەی کە ژنان سوودێکی باش ببینن لە ياسا فرەبازنەييەکە، لە لایەک 83 کورسی خۆیان مسۆگەر کردو بە کۆی گشتیش لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەراندا 97 کورسییان بردەوە، واتە 14 کورسی لە ڕێژەی کۆتا زیاتریان بەدەستهێنا کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی بوو بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، لە کۆی ئەو کورسییانەش 57 کورسییان بەبێ کۆتا و بە دەنگی خۆیان بەدەستهاتبوو.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا کە عێراق 18 بازنە بوو، ژنان توانیویانە 84 کورسی بەدەستبهێنن، هەروەک لە 2014دا 83 کورسی و لە 2010دا 81 کورسییان بەدەستهێناوە.

جێبەجێکردنی ياسای هەڵبژاردنی ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠٢٠ لەهەڵبژاردنی ساڵی 2021دا پێماندەڵێت کە ژنان لەو جۆرەفرە بازنەییەدا دەتوانن کورسی زیاتر ببەنەوە بەدەنگی خۆيان، بەڵام لە 2023دا جارێکی دیکە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای ژمارەی 12ی ساڵی 2018ی هەموارکردەوە کە تیایدا هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی لەیەک یاسادا کۆکردەوەعێراق بەپێی ئەم ياسايە لەئێستادا 19 بازنەی هەڵبژاردنە، بەم پێیەش بەجۆرێک لە جۆرەکان دەگەڕێینەوە بۆ مۆدێلەکانی پێش 2021 کە ژنان ئەو رێژە بەرزەیان لە کورسی نەبووە.

عێراق يەکێکە لەو وڵاتانەی کە بڕياری 1325ی تايبەت بە (ژن، ئاشتی و ئاسايش) کە لەلايەن ئەنجومەنی ئاسايشی نێودەوڵەتيەوە دەرکراوە، هەر زوو بڕيارەکەی پەسەند کردو پلانی نيشتيمانی دانا بۆ جێبەجێکردنی. يەکێکیش لەپايەکانی بڕيارەکە بەشداريکردن و زيادکردنی رێژەی ژنانە لەپڕۆسەی سياسی و دانوستانی ئاشتی لەسەر ئاستی وڵاتان و هەرێم و نێودەوڵەتیی و بەمەش باوەڕ بەخۆبونێکی زۆری لەناو کانديدە ژنەکان دروستکرد کە بەبێ کۆتا دەتوانن کورسی بەدەستبهێنن و پارتە سیاسيیەکانی ناچار کرد کە ملکەچی ياساکە بن بۆ ئەو ڕێژە بەرزەی ژنان لەبردنەوەی کورسەييەکاندا. 

لێرەدا گرنگە رێخراوەکانی ژنان و رێکخراوە مەدەنيیەکان هەوڵی جددی بدەن بەفشار کردن لەنوێنەرانی پارتەسياسيەکان و سازدانی سيمينار و وۆرکشۆپ و ڕاهێنان، دەربارەی هۆشياری هەموارکردنەوەی ياسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ خولی شەشەم کەوابڕيارە کۆتايی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت کە بە یاسایەکی هاوشێوەی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2021، ژنان دەتوانن هەمان ئەو ڕێژە کورسییە (97 کورسی) بهێننەوە ئەگەر زیادیشی نەکەن، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ 19 بازنەی هەڵبژاردن ئەم ڕێژەیە بەدڵنیاییەوە کەم دەکات و لەژمارەی کورسییەکانی کۆتا تێپەڕ نابێت، بەمەش هەنگاوێکی دەچینە دواوە لەو متمانەبەخۆبوونەی ژنان دروستیانکردووە بۆ نوێنەرايەتیکردن لەئەنجومەنی نوێنەران زيادکردنی رێژەی ژنان لەناوەندی بريار بەپێی برياری 1325 ئەنجومەنی ئاسايش .

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×