چەند ڕێکاری ژینگەپارێزیی

هێمن ئەمینی
  2025-02-20     56

لە چەند سەدەی ڕابردوودا و لە گەڵ گرنگیدان بە ئاوەزی مرۆڤ و بە ناوەندبوونی مرۆڤ و ئەو پێشڤەچوونانە خێرایەی مرۆڤ لە بواری زانست و بەرهەمهێناندا کاریگەری سەرەکیان لە سەر ژیانی مرۆڤ و خۆشبژوێی و ڕابواردنی مرۆڤ داناوە و هەروەها ویستی لەبڕاننەهاتوو و تێرنەخواردوی بازار و مرۆڤەکان بۆ مشەخۆریکردن وبەرخۆری هەر لە برەوسەندن و تەشەنەسەندن دایە و ئەو پێشکەوتن و بەرخۆریەش بۆتە هۆی تێکدانی ژینگە. مرۆڤ بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەرهەم و پێداویستی زیاتر دەستی لە ئەوکی ژینگە ناوە و لەو نێوانەشدا ژینگە لە هەموو لایەنێکەوە گورزی مەترسیداری بەرکەتووە. ئەوەش هەموومان بە سانایی هەستی پێدەکەین و ڕۆژ بە ڕۆژیش هەست بە کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەو دەستوەردانە نابەجێ و زۆر و زەوەندەی مرۆڤ دەکەین و ئەوەش بە شێوەی؛ گەرم بوونی زەوی، مەترسی کوونبوونی توێژی ئوزۆن، وشکەساڵی، گۆڕانی کەشوهەوا، توانەوەی چاڵە بەفرەکان و بەفر و سەهۆڵی جەمسەرەکان، لەنێوچوونی بە هەزاران جۆری گژ و گیا و بوونەوەر، خۆڵبارین، هەڵگەڕانەوەی هەوا، دووکەڵ، پیسبوونی ئاوەکان، چەندین جۆری نەخۆشی و بە دەیان  کێشەیتر کە ڕۆژانە ڕوبەڕوی سروشت و مرۆڤ دەبنەوە  و هەردەمیش لە هەڵکشاندان، خۆیان دەردەخەن. ئەوەش هەموو دنیای بە گشتی کەم یا زۆر تەنیوەتەوە و هیچ شوێنێکی گۆی زەوی لەو بازنەیەی تێکدانە بە دوور نیە و کاریگەرییەکانیشی هەموو شوێنێک و هەموو کەسێک کەم تا زۆر دەگرێتەوە. دیارە ئێرەش لەو کاوڵکاریە ژینگەییانە پشکی شێری پێبڕاوە. جا بۆ ئەوەیکە دۆخەکە لەوەی هەیە مەترسیدارتر نەبێت، چەند ڕێکارێک هەن کە دەکارین ڕەچاویان بکەین و بۆوەی یارمەتیەکی ژینگەمان دابێت و بەر لە هەموو شتێک بە هانای خۆشمانەوە بێین و ئەو ڕێکاڕانەش کە لە ئینگلیزیدا بە ڕ(ئار R) بە نێوبانگن، شی دەکەینەوە. دیارە ئەوانە هەر بۆ وەبیرهێنانەوەن و دەنا داهێنانێکی نوێ نین و وەچەکانی بەر لە ئێمە لە گشت دنیا بە خۆ سازدانیان لە گەڵ سروشت ئەوە ڕێکارانەیان ڕەچاو کردوە و لە بەشی زۆری ئایین و ڕوانینەکانی ڕابردوودا سەرنجی وردی ئەو ڕێکارانە دراوە و ڕەچاویان کردون و لەو ڕێکارانەش دەکڕێ ئاماژە بەوانە بکەین؛

١-دەست پێوەگرتن(Reduce)، کەمکردنەوە، داشکاندن. ئەو ڕێکارە واتە ئێمە دەست بە دەکارکردنی شتیەوە بگرین و یان ئەگا هەتا ئێستا زۆرمان دەکار کردوە، ڕێژەکەی کەم کەینەوە. بۆ وێنە؛

-ئێمە دەکارین بە جێی وەی کە هەموو چرای دە ماڵەوە یا نووسینگەکەمان باییسێ با هەر چرای ئەو ژورەی کارمان پێیە و ئەویش ڕوناک نیە، هەڵکەین.

- ئەگا ماشێنی دەشۆین یا خۆ دەشۆین با دەست بە ئاوەوە بگرین.

-بە جێی وەی دە دەست کەوش و دە دەست کاوپاتۆلمان هەبێت با کەمترمان هەبێت. با بەجێی سێ ماشێن با ماشێنێکمان هەبێت و بە جێی سیپەیەک میوە چەندمان دەوێت ئەوەندە ببەینەوە کە دەخورێت و پێویستە. با بیستۆکیكمان هەبێت و چەند دەنکمان نەبێت.

- با ئەگا گەرمامانە، بە جێی وەی پەنجەرەی وەکەین، کورەکە کز و کەم کەین و یان ئەگا لە ماڵەوەین با بەرگی گەرم لە بەر کەین و بە تەواوی خۆ نەکەینەوە و تینێ نەدەینە گەرمکەرەوەکان.

-هەر کات چووینە نانەوەخانەی با کەوڵ و پارچەی خۆمان بەرین و بەجێی جارێک بە دەیان جار دەکاری کەین و ئەوە بۆ شت کڕینی دیکەش دەتوانین زەمبیل، سەوەتە، تورەکە و ... خۆمان بەرین و بۆ چەندین جار بە کاری بێنین.

 -پێویست ناکات هەموو ڕۆژێک ماشێن بشۆین و ئاو بە فیڕۆ بچێت و با لە جیاتی ماوە ماوە بیشۆین و ئەوە بۆ کەسانێکیش کە سۆسەی ماڵپیسیان هەیە، با ساڵێ لە جارێک زیاتر ماڵێ هەڵنەگرن و لە خۆوە ئاوی زۆر دەکار نەکرێت و لەو لاشەوە زۆر شتی کیمایی لە ڕێگای ئەو شلانەی شومەک شتنەوە، بشتە دەنێو ئاوەکان و زێرابەکانەوە. 

واتە پێش بە فیرۆدان و خۆڕاییکردن بگرین.

٢-پاتەکردنەوە(Repeat)، دووپاتکردنەوە، دووبارەکردنەوە. ئێمە هەر ئەو شتەی کە هەمانە بێ ئەوەی دەسکاری کەین و لێی کەم و زیاد کەین، هەر بەو شێوەیە و هەر بۆ ئەو کارە دەکاری دەکەینەوە. بۆ میناک؛ دەستێک کاوپاتۆڵمان هەیە، وا هەست دەکەین ڕەنگیان کاڵبۆتەوە بە جێی وەی فڕێیان بدەین، بۆ کاری کشتوکاڵی یا دەرودەشتێ و یان کاریتر دەکاریان دەکەین. یان جاری وایە بەرگەکانمان بۆ تەنگ بوونەوە و دەیاندەین بە کەسانیتر با لە بەریان بکات. ئەو کۆنە یا بەرگی دەستی دوو یا تاناکۆرا کە دێت هەر ئاوایە، واتا وەک خۆی دەکار دەکرێتەوە. ئەوە بۆ کەڵوپەڵی ماڵێ و ماشێن و سەدان شتی دیکەش ڕاستە، خۆ ئێمە ناچین فڕێیان دەین، دەچین دەیاندەین بە کەسێک یان بە کۆنەکڕێک و یان بە ئی تازەیان دەگۆڕێنەوە و ئەوانە بێ ئەوەی گۆڕانکاریان بە سەر دابێت هەر بەو شیوەیە و هەر بۆ ئەو کار و مەبەستە بەڵام بە دەست کەسێکی دیکە و لە شوێنێکتر هەر وەک خۆیان دەکار دەکرێن.

٣-لەکارکردنەوە، بەکارهێنانەوە، خستنەوەکار(Reuse). لە خستنەوەکاردا، ئەو شتەی کە کارمان پێنەماوە بەجێی وەی فڕێی بدەین، دەچین بە شیوەیەکی دیکە و ڕەنگە بە هێندێک گۆڕانکاریەوە بێ ئەوەی پێکهاتە سەرەکیەکەی لە نێو بچێت بۆ کارێکی دیکە دەکاری دەکەین. بۆ وێنە تەنەکە یا پوتی ڕۆنی بە جێی وەی فڕێی بدەین، دەیکەنە تەنەکەی پەنیری و پەنیری تێدا دادەگرین و یان پاشماوەی زبڵ و خاشاکی تێدەکەین.

-ئەو جل و بەرگەی کەڵکیان نەماوە دەکەینەوە پەڕۆ کۆن.

ساڵان لە لای خۆمان دەهاتن بە تورەکە و کیسە برینجی کەوڵی نانیان هەڵدەدرو.

-لایلۆنی میوەی یا شومەکی کە هێنامانەوە و پاشی شومەکمان لێدەرهێنان، دوایە بیانکەینە لایلۆنی زبلی.

-کەڵک وەرگرتن لە شتی قایم و بۆ چەندین جار بەکارهاتن و دەکارکردن بە جێی شتومەکی یەکڕایی و سەفەری. بۆ وێنە بۆ نانوەرگرتن لە کەوڵ و خام و پارچەی تایبەت کە بۆ سەدان جار دەکار دەکرێت و هاسانیش دەشورێت کەڵک وەرگرین.

- لە ماڵەوە، خواردنگەکان و لە دەرودەشت بە جێی کەوڵ، سفرە و هەوروهۆڵەی یەکڕایی و سەفەری کە شتیشیان تێدا خۆش نیە، کەڵک لە کەڵوپەلی چەندڕایی و تۆکمەتر وەرگرین.

۴-مردەوەژیRecycling))؛ لە مردەوەژیدا کەڵوپەڵی لە کەڵکەوتوو، لە بەردادەکارکراو و لە کارخراو لە بنیڕا هەڵدەتەکێنرێت و و سەر لە نوێ هەڵدەشێلرێت و دادەڕێژرێتەوە و بۆ شتێکی دی و بۆ دەکارکردنێکی هاوشێوەی گۆرینی خۆی یا نوێتر و جیاوازتر دەگۆڕدرێت. بۆ وێنە پڵاستیکە کۆن، ئاسنی ژەنگاوی، زەردە و شتی لەو بابەتە  سەر لە نوێ دەتاوێنرێتەوە و هەڵدەشێلرێنەوە و دەکرێنەوە بە هەمان بەرهەمی پێشوو یان شتێکی دیکە. یا لاپەڕە و کۆنە قاقەز و نووسراو هەویر دەکرێنەوە و سەر لە نوێ دەبنەوە بە قاقەز، کارتۆن و شتیتر.

۵-گێرانەوە، دەستخستنەوە(Recover)؛ لە دەستخستنەوەدا ئەو پاشماوانەی خواردنەکانی مرۆڤ یا پاشەرۆی ئاژەلان بۆ نێو سروشت خۆی دەگێرینەوە. بۆ وێنە ئەو توێکل و پاشماوەی میوە، ورکەنان هەر لە نێو سروشتدا یا گەوەردا بۆ ئاژەڵ، پەلەوەر و بوونەوەرەکانیتری ڕۆدەکەین، یان گەڵای دارەکان هەر لە بن دارەکان دەکەینەوە بۆ خۆی وەک پەینی کیمیاوی کار دەکات و زەرەر و زیانی ویشی نیە، پەین و پاشەڕۆی ئاژەلەکان لە بن دار و گژی گیادا بکرێت با باشتر هەڵدەن و بەر بگرن. دیارە ئەوەش لە مێژە باوە.

۶-سەر لەنوێ گۆڕین، گۆرین، دیسان گۆرین(Rechange)؛ لە سەر لە نوێ گۆڕیندا دوو لایەن دەکرێت ڕەچاو بکرێت؛

 یەک: ئەو شت، ئامێر، کەڕەستە و شتانەی کە وزەیەکی زۆر دەکار دەکەن، دەستکاری بکرێن و یا بگۆڕدرێن بە ئامێر و کەرەستەی نوێ کە وزەی کەمتر دەکار دەکەن. بۆ میناک؛ چرا و گلۆپێ کە وزەی زۆر دەکار دەکەن بۆ ئەو چرا و گلۆپە نوێیانە دەگۆڕدرێن. ئەو ماشێنانەی کە وزە و سووتەمەنی زۆر دەکار دەکەن، وەلا دەنرێن و ئی نوێ دەکار دەکرێن.

دوو: بە جێی وزە نوێنەبووەکان لە وزەی نوێبووەکان(وەژینەوەکان) کەڵک وەردەگیرێت. بۆ وێنە؛ بەجێی کەڵک وەرگرتن لە وزەی نوێنەبووی هاوشێوەی سووتەمەنە بەردینەکانی وەک؛ نەوت، بێنزین، دار، گاز، ڕەژی بە هەردووک جۆری کانگە و دارینەکەیەوە و ... لە وزە وەژینەوە(نوێبووە)کانی وەک؛ خۆر، با، ئاو و ... کەڵک وەربگیرێت.

٧-سەر لە نوێ تێرامان، بە خۆداهاتنەوە(Rethink)؛ لە بە خۆداهاتنەوەدا لە تیرامان و بیرمان و داب و نەریت و هەڵسوکەوتەکان ڕادەمێنین و ئەوەی دەزانین بۆ ژینگە مەترسیدارە دەیانگۆڕین. بۆ وێنە؛

 - هەموو کەسێک ڕون بکرێتەوە کە بۆ شتی پروپوچ وەک؛ ئەوەی ئەو شوێنەی ئاژەلێک بۆ میناک جگی گورگی یا ئاژەلێکیتر بەختت دەکاتەوە دەست هەڵگرن و ئاژەلێک بۆ بیرێکی وا چەوت تێدا نەبرێت.

-ئەگا هەتا ئێستا لە باڵتەی چەرمی، یا شتێک کە لە پێستی ئاژەڵ یا پەر و تووکی باڵندە و ئەندامی بوونەوەرەکانیتر دروست کراوە. دەست هەڵگرین و دنەی کەسانی دیش بدەین لەوەی بتەکنەوە.

-گۆشتی ڕاوێ و ڕاوچیەتی کە ئەوەش بۆ سەردەمی نێچیرڤانی و بەروبۆ خڕکردنەوە دەگەڕێتەوە، وەلا بندرێت. ئیدی ئێستا کە مرۆڤ بۆ خۆی بە دەیان ئاژەڵی کەوی کردوە و بۆ خۆی بەڕێژەیەکی زۆر بە خێویان دەکا و کێلگەی ناوەتەوە، خواردنی گۆشتی ئاژەڵی کێوی و پەلەوەر و باڵندەکان هیچ واتایەکی نیە و با بە نێوی تامی خۆش و ئەوە دەست بە خوێنی ئەوانە سوور نەکەین. هەروەها با ڕاوچیەتی کە وەکوو ڕابواردنیش لێی دەنواڕن، وەک پیشەیەکی سووک، دڕندانە و قێزەوەن زەق بکرێتەوە و وەک تاوانباری و تێکدەری هاوسەنگی ژینگە پێناسە بکرێت.

-هەروەها با هێندە گرنگی بە ئاژەلێک لە سەر هەژماری ئەوانیتر نەدرێت، بۆ وێنە سەگ کە لە چاو ئاژەڵەکانی دیکە زۆری پێڕادەگەن، ئەو گرنگیدان بە گەماڵ و یان لانیکەم کار پێنەبوونی لە جاو بوونەوەرەکانیتر بۆتە هۆی زەوەنانەوە، ترەکین و وەچەنانەوەی لە ڕادەبەردەریان. جا ئەو شوێنەی سەشی لێیە، ئیدی هیچ ئاژەڵێکی کێوی لێنامێنێ و سە لە نێویان دەبات و هاوسەنگی سروشتی دەوەرەکە تێکدەدات.

 -دەست لە بازرگانی؛ پەلەوەر، باڵندە، گژ و گیا دەگمەنانە هەڵگرین، ئێستا کەسانێک فێربوون لە دەرەوەشڕا کەسانێک دێنن کە زۆرێک لە گیاکان بۆ وێنە مێکۆک لە بنەوە هەڵقەنن، بە قسێ خۆیان ئەو گیایە ڕیشاژۆیە زۆر دەکات و ئەوە لە کاتێکدایە ئەو گیایە و هەزاران گیایتر بە چەندان کەڵکی ژینگەیی و پزیشکیان هەیە، بەر بە جمگە، ڕۆچوون و داخزانی زەوی دەگرین و هەروەها ئاوێکی باشی بارانیش بۆ زەوی پاشقوول دەدەنەوە و پاشەکەوتی دەکەن.

- ئاژەڵ و باڵندە دە کەژاوە و قەفەس و ماڵێدا حاسیە نەکەین و هەر ئاژەڵە لە سروشتی خۆی و لە شوێن و جێگای خۆی چالاکتر، ئاسودەتر و جوانتریشە.

-با بە نێوی وەرزێری، ڕابواردن، مەڕداری، باخداری دەست لە پیخی لێرەوار نەنێین و ئەو بیری ئەوەی کە هەموو دەبێت خاوەن ماڵە باخی خۆمان بین وەلانێین. زەوی و زار لە کەسانێک کە ژینگەیان تێکداوە نەکڕینەوە و زەوی بەرهەمهاتوو لە تێکدانی ژینگە نەکڕینەوە. بەروبۆی ئەو زەوی و باخانەش نەکڕینەوە کە لەبەردا دارستان، پاوان و بە گشتی ژینگەی سروشتی و گشتی بووە.

-با هێندە دەستکاری ئاوەکان نەکەین و هێندە ئاوێ هەڵنەبەستین و بەردەوام بیر لێنەدەین و وابزانین کۆتاییان نایە.

-با نەیکەینە پیشە هەموو ڕۆژ و هەموو حەوتەیەک وەنێو سروشت بکەوین و گژ وگیا بشێلین و بۆ چایەک دارێک ئاور بدەین یا بۆ مریشک برژاندنێک مۆرەدارێک نەفەوتێنین و با هەر لە ماڵەوە چێشتەکەمان لێنین و لە دەرێ بە گەرمکەرەوەیەکی وەک پەڕەمێز، پکنیک و ... گەرمی کەینەوە،  لە ماڵێ ساردوگەرمی پڕ کەین و یان لە سەر گەرمکەرەوەیەکی گەڕۆک چای وەسەر نێین و ئەو بیرە وەلا نێین کە چای داری یان کەبابی ڕەژیەی خۆشترە.

- با لە ئاگرکردنەوەدا جا چ بۆ ڕابواردن، پێداویستی، جێژنی نەورۆز، چا و چێشت لێناندا و ... بە خۆداچوونەوەیەک بکەین و لە داری لێرەوار کەڵک وەرنەگرین و لە داری هەرسکراوی دەسنێژ و یا داری بڕاوی دەسنێژی تایبەتی نەک خۆڕسک، سروشتی و گشتی کەڵک وەرگرین و بە ئاگری چووک بسازێین و مۆرەدارانی پێوەنەنێین.

٨-بەرەنگاری(Resistance)؛ لە کۆتاییدا هەر تاکێکمان لە سەر شانمانە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوانەی ژینگە تێک دەدەن بوەستینەوە، جا ئەوە بە ئاگادار کردنەوە، ڕونکردنەوە و وشیارکردنەوەی ئەو تاوانبارانە و هەروەها تەواوی کۆمەڵگا لە ئاکامی کردەوەی دزێوی ئەو ژینگەتێکدەرانە بێت و یان بە مانگرتنی گشتی و بەرگرتن لێیان بە شێوەی ئاسایی و یاسایی و دەنگهەڵبرین یان بە هەر شێوەیەک بێت، وا بکەین ئەو کاولکاریەکانە بوەستێنرێت.

دیارە لەو چەند ڕێکارە سەرەکیە بە زۆرینە لە سەرچاوە و نووسینەکاندا ئاماژە بە ڕێکاری یەک، سێ و چوار زۆرتر دەکرێت و جاری واشە ئاماژە بە دوو و  پێنجیش دەکرێت و بەڵام هەر پێنجەکەم ڕیزکردن و جیا لەوەش ڕێکاری شەش، حەوت و هەشت بۆ خۆم زیادم کردون و ئەو میناکانەش هەر بۆ خۆم هێناومەنەوە و بە پێی ژینگەی خۆمان دامڕشتوون. ئێمە ئەگا ئەو ڕێکارانە ڕەچاو کەین جیا لەوەی کەڵکی بۆ ژینگە هەیە و لەولاشەوە لە باری ئابوریشەوە تێچوومان کەمتر دەبێت و لە لایەکی دیکەشەوە کاتمان بۆ دەگەرێتەوە و هەروەها پێویستیش ناکات خۆ ماندوو بکەین و بۆ وێنە تێچووی زیادی بکەین بەڵێ ئەوە ئێمە دار لە نێو دارستاندا لێدەدەین و ئەو هەموو خەڵکەکە بە خۆوە ڕاگیر بکەین، بە تایبەتی لەو شوێنانەی دارستانی خۆڕسکی لێیە، هەر ئەوی بپارێزین تەواوە و جا تێچووشی نیە بۆ سرۆشتەکەشی خۆڕاگرترە. هەروەها بە دەکارکردنی ئەو ڕێکارانە زۆر ڕوداوی سروشتی نەخوازراو و ئەو مەترسیە ژینگەییانەی کە لە سەرەتادا لە بارەیان دواین، لە کەمی دەدەن. لە کۆتاییدا دەتوانین ئەو هیوایەشمان هەبێت کە زانست و خراپ بەکارهێنانی چەندە لە تێکدانی ژینگەدا مەترسیدار دەرکەتووە، دەتوانرێت بە شێوەی دروست بۆ بەرژەوەندی سروشتیش دەکاری کەین و بەر لەو تێکدانە ژینگەییانە بگرین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×