شەڕی ناوخۆیی یەمەن ئەمڕۆ پێی ناوەتە قۆناغێکی ترسناکەوە؛ بەپێی ئەو دیمەنانەی گەیشتوون، کوشتارێکی زۆر کراوە؛ سوپای سعودییەش ڕایگەیاندووە بە بەشداریی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی پاڵپشتیی ھێرشە بەرفراوانەکەی حکومەتی یەمەنی (پشتیوانیکراو لەلایەن سعودییە) کردووە لە دژی حووسییەکان.
بەپێی زانیارییەکانیش، حووسییەکان چەند ناوچەیەکی گرنگیان لەدەستداوە کە لەنێویاندا تەنگەی بابولمەندەب ھەیە؛ ئەو ناوچەیەی لە ماوەکانی ڕابردوودا حووسییەکان لە ھێرشێکی کتووپڕدا دەستیان بەسەرداگرت و لایەنگرانی ئیماراتیان تێدا دەرکرد.
بەرپرسێکی ئەمریکیش ئاشکرایکردووە، لە سێ بواری: پلاندانان، گۆڕینەوەی زانیاری و پێدانی سووتەمەنیی ئاسمانی بە فڕۆکە سعودییەکان، ھاوکاریی سعودییەیان لەم ھێرشەدا کردووە؛ ھەروەھا نزیکەی ٢٠٠ ڕاوێژکاری سەربازیی ئەمریکی ھاوکاریی پلاندانانی سعودییەکان دەکەن.
پێناچێت ئەمجارە دۆخی حووسییەکان — کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن — باش بێت، چونکە ئامانجی ئەمجارەی سعودییە و ھاوپەیمانیی عەرەبی چوونە ناو سەنعای پایتەخت و وەدەرنانی حووسییەکانە، کە ساڵانێکی زۆرە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتووە.
ئەوەی لە دیمەنەکانی جەنگی ئەمڕۆدا جێگای داخە، کوشتنی چەندین دیلی حووسییەکانە لەلایەن لایەنی ھێرشبەر و چەکدارانی لایەنگری سعودییەوە، کە ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی ژنێڤە.
ئەم جەنگەی یەمەن زۆری خایاند؛ ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە کۆتایی بەو کارەساتە مرۆییە بێت.
🔹 وێنەکەش لە گرتەڤیدیۆیەکەوە وەرگیراوە کە تیایدا چەکدارە دیلە حووسییەکان دەکوژرێن.
