ھەمووچاوەکان ئەم چەند ڕۆژە لەباکووری کوردستانن، ھەمووان چاوەڕوانن بزانن سەرکردە زیندانیکراوەکەی ئیمڕاڵی چی دەڵێت، بزانن ئۆجەلان ئەو ڕابەرەی کە ملیۆنان کورد ھێشتا بە ڕابەر و پێشەوای خۆیانی دەزانن پەیامی چی ڕادەگەیەنێت و داوای چی دەکات و چۆن چۆنی کۆتایی بەو جەنگە دەھێنێت کە زیاتر لە ٤٢ ساڵە لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیادا ھەڵگیرساوە.
ئەم ڕۆژانە کە یادی ٢٦ ساڵەی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان و زیندانیکردنیەتی لە ئیمڕاڵی، دۆخی باکووری کوردستان و چارەنووسی ئاشتی لەتورکیا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگدایە کە ڕەنگە ئەگەر سەربگرێت چارەنووسی ناوچەکە بگۆڕێت.
ھەر دوابەدوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی لە ٠١-١٠-٢٠٢٤ تەوقەی لەگەڵ ھاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بچێتە پەرلەمانی تورکیا قسەبکات و داوای ئاشتی بکات، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەھێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
جارێکی تر شاندەکەی دەم پارتی لە ٢٢-٠١-٢٠٢٥ سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبویەوەو و رایانگەیاند کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.
ھاوکات شاندەکەی دەم پارتی ھاتونەتە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەردوو حزبی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانی دەم پارتی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی تورکیا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لایەنە سایسییەکانی تورکیا بۆ پڕۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکەن.
بەبڕوای بەشێک لەچاودێرانی سیاسی ئەو پرۆسە ئاشتییەی وابڕیارە لەتورکیا دەستپێبکات زەمینەی سەرکەوتنی زۆرە ئەگەربێت و دەسەڵاتدارانی تورکیا پەندیان لە ڕابووردوو وەرگرتبێت و ئامانجیان کوشتنی کات نەبێت بۆ نەخشەو پلانی نوێی خۆیان.
ھەرچەندە بەپێی زانیارییەکان لەو نامەیەی ئۆجەلان بۆ پەکەکەی ناردووە داوای چەکدانانی لێنەکردوون، بەڵام پێدەچێت تاکلایەنە پەکەکە ئاگربەستێک ڕابگەیەنێت و چاوەڕوانی ھەڵوێستی تورکیابکات لەوبارەیەوە، ھەربۆیە ھێشتا ئاراستەی ڕووداوەکان نازانرێت بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵام تاکە شتێک کە دڵنیایی لەبارەوە بدرێت ئەوەیە ھیچ پرۆسەیەک چ ئاشتی بێت یان شەڕ بەبێ عەبدوڵا ئوجەلان ناکرێت.