ڕۆژئاڤا لەدووڕیانی سەرکەوتن‌و شکستدا؟! 

کەیهان جاف
  2025-02-12     209

لە مانگی دەی ساڵی ڕابوردودا ۲.۲٤   دەولەت باغچەلی سەرۆکی  پارتی ڕاست ڕەوی تورکی دژ بە کورد بەشێک لە جیهانی شۆک کرد کە چۆن هات و بە ووتەی خۆی دەستی ئاشتی بۆ پەرلەمانتارانی دەم  پارتی درێژ کرد وە هەروەها داوای کرد عەبدولا ئۆجەلان بانگێژ بکرێت بۆ پەرلەمانی تورکیا بۆ ئەوەی داوا لە پەکەکە بکات واز لە کاری تێرۆریستی بێنن وە کۆتایی بەجەنگی درێژ خایەنی نێوان پەکەکە و تورکیا بێنێت!؟ 

هەر زۆر زوو لە دوای ئەم دەست پێشخەرییە، پەکەکە هەستا بە پەلاماردانێکی خۆکوژی کە لە ڕێگەی چەند گەنجێکی خوێن گەرمەوە ئەنجامدرا !؟؟ 

لە وەڵامی ئەم کردەوەیەشدا تورکیاش، تورکیا ئاسایانە دەستی کرد بە بۆمبارانی هاوڵاتیان لە باشوری کوردستان و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژئاڤا!؟؟ 

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەکەکە 

هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە هەر هەموو پارتە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنیشەوە زۆر زۆر لاواز و نەرێنیانە بوو لە هەمبەر بۆمبارانەکانی تورکیا بۆ سەر باشور و ڕۆژئاڤا. 

بەڵێ هەوڵدان بۆ دامرکاندنەوەو هێورکردنی بارودۆخی جەنگ لە ڕێگای دیپلۆماسیەت و سیاسەت کردن زۆر پێویستە بەڵام وەک دەڵێن هەموو شت بە خوێ وە خوێش بە مانا. 

هەرێمی کوردستان دەبێت  باش بزانێت بە هەڵوێست وەرنەگرتنی توند بەرانبەر بە تاوانەکانی ڕژێمی تورکیا، 

پێگەی خۆی لە ناو کوردستاندا بێ هێز دەکات هەروەها بەها و پێگەشی لای دراوسێکانی وە بەتایبەتیش تورکیا کەمتر و لاوازتر دەکات، 

بەڵێ بە هۆکاری ئەوەی پەکەکە لە زۆربەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بە تایبەتی ئەمەریکا،ئەوروپا/ناتۆ وەک هێزێکی تێرۆریست پێناسە دەکرێت، بۆیە هەر جۆرە بەرگرییەک لە پەکەکە دەچێتە خانەی بەرگری کردن لە تێرۆریزم هەر بۆیە باشوری کوردستان دەبێت زۆری  وریا بێت لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ جۆرە هەڵوێستێکی نەبێت، ئەگەر هەرێم ناتوانێ بڵێ ئەمەی ئێوە دەیکەن بەرامبەر بە کورد تاوانە،  هەر هیچ نەبێت دەتوانن هەر ووتەکانی خۆیانیان پێ بفرۆشنەوە، هەر وەک چۆن کاتێک تورکیا سەرزنشتی ئیسرائیلی دەکرد بەوەی کە ئەوان لە غەزە بۆمبارانی هاوڵاتیانی بێ تاوان و دامودەزگا خزمەت گوزارییەکان دەکەن !؟ حکومەتی هەرێمیش هەر بە هەمان شێوە پێویستە بە بیری ڕژێمی تورکیا بهێنێتەوە کە بۆمبارانی هاوڵاتیان و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان لە رۆژئاڤا بۆ سزادانی هاوڵاتیانە نەک پەکەکە. 

کاریگەری پەکەکە لەسەر پرۆسەی دامەزراندن و سەرکەوتنی پرۆژەی ڕۆژئاڤای خۆسەر گەواهی توانایەکی  پتەوی خۆ بەڕێوەبردنە، لەو بڕوایەدام زۆرینە  هاوڕاین، ئەگەر هەوڵی پەکەکە نەبوایە ڕۆژئاڤا لەو ماوە کورتەدا وە سەرباری ئەو هەموو جەنگ و پشێوی و گەڕەلاوژێیە نەی دەتوانی بەو شێوەیە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. 

سەرەڕای ڕەخنەو تێبینیەکانمان سەبارەت بە شێوەی بەڕێوەبردنی ڕۆژئاڤا بەڵام ڕاشکاوانە دەتوانین بڵێین  ئەو بەرنامەیەی پەیڕەوی دەکەن سەرکەوتوانەیە.  

 هاوتەریب بەو یارمەتییە بەنرخانەی بۆ ڕۆژئاڤا،  پەکەکە  بووەتە مایەی کێشە و گیروگرفت و سەرئێشە زۆر بۆ ڕێبەرایەتی خۆسەر!!؟ 

ئێستا تورکیا بۆ ڕێگری کردن لە دەستکەوتی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەر وەک داشەهارە بە چواردەواڵدا ماخۆلانێتی زۆرینەی کارتەکانی بەکار هێناوە، تەنانەت کارتی ئاشتیش!؟ بەکارهێنانی کارتی ئاشتی لەم کاتەدا لە لایەن تورکیاوە جێگەی سەرسامییە،  لەمەش سەیرتر ئەوەیە کێ وە چ لایەنێک پێشنیاری ئاشتی کردووە،بۆیە  بە هەموو پێوانەیەک ئەم دەست پێشخەریەی تورکیا لەوانەیە  بۆنی ئاشتی لێبێت بەڵام  بە هیچ جۆرێک تامی ئاشتی نادات . 

تورکیا زۆر بە ئاگایە لە جێگۆڕکێی دەسەڵات لە ناوچەکە، وە دەزانن بەشی تورکیای تێدانییە… وە هەروەها دەزانن ئەم شاڵاوەی ئیسرائیل (ئەمەریکا) بۆ لاوازکردنی ئێرانە ئەگەر بۆ لە ناوبردنی نەبێت، هەر بۆیە بۆ ڕاگرتنی تای تەرازوی ناوچەکە دەبێت تورکیاش لاواز بێت، لە لایەک بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی ئێران بەجێی دەهێڵێت تورکیا نەتوانێت پڕی بکاتەوە وە لە لایەکی تریشەوە لە ئێستادا سعودی عەرەبی لە هەوڵی کرانەوەدایە، نایەوێت چی تر بە ڕابەرایەتی ووڵاتانی موسڵمان پۆلێن بکرێت بەڵام لە هەمان کاتیشدا نە سعودییە /ئیمارات وە نە ڕۆژئاوا بگرە زۆربەی ووڵاتانی جیهان نایانەوێت تورکیا ئەو جێگەیەش پڕ بکاتەوە.   

هەرچەندە تورکیا ئێستا کارتی ئاشتی بەکارهێناوە بەڵام  گەورەترین ترسی ئەوەیە پەکەکە ئاشتی هەڵبژێرێت!؟ 

 لە ئێستادا زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی کورد تێگەیشتون کە کێشەی کورد لە ڕێگای شۆڕشی چەکدارییەوە نایەتە چارەسگردن، کات کاتی سیاسەت و لۆبیکردنە.  

لەو بڕوایەدام ئەگەر کورد کارتەکانی ڕاست بەکاربێنێت لەم کاتە چارەنوس سازەدا دەتوانێت دەسکەوتی زۆر گەورە بە دەست بهێنێت بە بێ ئەوەی پێویستی بەوە بێت دوو گولەش بتەقێنێت. 

 

ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کورد دایە!؟؟ 

 بە پلەی یەک پەکەکە وە بە پلەی دوو پارتی دیموکرات .وە گشت پارتە سیاسییەکانی باشوری کوردستان  

پەکەکە بۆ ئەوەی گەورەترین گورز لە تورکیا بوەشێنێت پێویستی بەوەیە شتێک بکات کە بۆ تورکیا چاوەڕوان نەکراوبێت، بگرە لەوانەیە کەمەر شکێنیش بێت، ئەویش دەست بەرداربونیەتی لە شۆڕشی چەکداری، تورکیا ئاشتی ناوێت، نە لە ڕابوردودا وە نە لەئێستادا بەڵکو  بگرە شتێک نییە بە ناوی ئاشتی لە سیاسەتی تورکیادا.. تورکیا لە ئێستادا ئاشتی وەک کارتی دەربازبون بەکاردەهێنێت بۆ کاتێک کە ئەگەر هەموو کارتەکانی لەدەست بدات، تورکیا هەموو هیوایەکی لەسەر دەست بەکاربونی ترەمپ هەڵچنیوە، وەک دوا دەرفەت پێش ئەوەی بەتەواوەتی مل بنێت بۆ ئاشتی ( مافی کورد ) 

هەرچەندە زۆرینەی سیناروێکان بۆ داهاتوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی کوردە بەڵام  یەک سیناروێ هەیە ئەگەر لەسەدا یەکیش بێت، زۆر پێویستە بە هەند وەربگیرێت وە بە ئەوپەڕی وردی وریاییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت لە لایەن کوردەوە ئەویش ڕێکەوتنی نێوان ترەمپ و ئۆردوگانە بۆ بێدەسەڵات کردنی ڕۆژئاڤا. 

 

ترەمپ کەسێکی بازرگانە وە زۆر خۆشی بە جەنگ نایەت 

تورکیا زۆر باش ئەمە دەزانێ، تورکیا لەو باوەڕەدایە ئەگەر بێتو سازش بێنێت بۆ ترەمپ وە وەک دەڵێن دەمی چەور بکات،  دەتوانێت بە بەکارهێنانی کارتی تیرۆر ڕۆژئاڤا داگیر بکات !؟ 

لە دوای کردەوە تیرۆریستیەکەی ۱۱/۹ نیۆرک کارتی تیرۆر وەک کارتی جۆکەری لێ هاتووە بە دەست ئەو ووڵاتانەی کە دەسەڵاتی سەربازی و سیاسیان هەیە وە تەنها کارتە کە هەموو ووڵاتەکانی جیهان بە ترس و زۆر ووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. 

بۆ ڕێگری کردن لە بەکارهێنانی ئەم کارتە دژی ڕۆژئاڤا یان ئەوەیە هەوڵ بدرێت پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، کە پەیەدە زیاتر لە دەساڵە هەوڵی چڕ  دەدات ئەمەریکیەکان بێنێتە سەرخەت بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە وە بڕوا ناکەم ئێستا بەم پەلە پڕوزێیە سەر بگرێت مەگەر بە قودرەتی قادر .... 

یان وازهێنانی پەکەکەیە لەشۆڕشی چەکداری، کە ئەمەیان زۆر سەخت دەبێت بۆ زۆرێک لە پەکەکە و لایەنگرانی ، بەڵام وەک دەڵێن دەسکەوتی گەورە قوربانی گەورەی دەوێت... وە هەروەها جێگەی خۆیەتی بگوترێت پەکەکە چیتر پێویستی بە شۆڕشی چەکداری نەماوە، چونکە جگە لەوەی پەکەکە هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی دوو دامەزراوەی زۆر بە هێزە لە کوردستاندا ئەوانیش دەم پارتی لە باکور و پەیەدە لە ڕۆژئاڤایە، وە هەروەها لە لایەکی ترەوە پەکەکە ئایۆلۆژیایە هەر بۆیە دەتوانێت خۆی لە چەندین فۆرمی تردا بئافرێنێ. 

 پەکەکە پێویستە بە ڕاستی بێت یان بە درۆ بۆ کات کوشتن بێت یان بە فێڵ بێت لەم کاتەدا کە هەموو جیهان چاوی لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە دەست پێشخەری دەست هەڵگرتن لە شۆڕشی چەکداری بکات وە شێوازی چەک دانانەکەشی زۆر گرنگە کە تاک لایەنانە بێت، بە بێ  ڕێگەوتن لەگەڵ تورکیا بێت، وە لە ژێر ناونیشانی لە پێناوی ئاشتی بۆ کورد و بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بێت. 

لە لایەکی ترەوە زۆر پێویستە پارتی دیموکراتیش کە هیچ دەست نەخاتە کاروباری ڕۆژئاوای کوردستانەوە، بگرە هانی پارتەکانی تری ڕۆژئاڤا بدات کە هەموو بچنە ژێر باڵی هەسەدەوە، وە شان بە شانی هەموو پارتە سیاسیەکانی تری باشوری کوردستان هەوڵ بدەن لەڕێگای پەرلەمانی کوردستانەوە پردێک دروستکەن بۆ گەیاندنی دەستی هاوکاری بە ڕۆئاڤا. 

هاوتەریب بەم ئەرکەش، گەوهەرییە کە پەلە بکرێت لە دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم وە  هەروەها بە نیشتیمانی کردنی یەکەکانی  هەفتا و هەشتا بە یەک جاری. 

 

لە کۆتاییدا 

ئێستا ڕۆژئاڤا لە لێواری سەرکەوتنێکی گەورەدایە، نیشانەکان ئاماژە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەدەن، سەرکەوتنی ڕۆژئاڤا واتە بە هێزبون و سەربەخۆیی زیاتر بۆ هەموو کوردستان وە بەتایبەتی باشور، بەڵام جێگەی خۆیەتی کورد زۆر ورد و هەستیارانە  ئەم فرسەتە هەڵسەنگێنێت، وە دەبێت ئامادەبێت بۆ خرابترین...خرابترینیش بە پێناسەی ئەمڕۆ واتە  

( ڕێکەوتنی نێوان تورکیا و ئەمەریکایە) 

ڕاستییەکەی ئەوەیە لە کاتی ڕوداوێکی لەو جۆرە کورد هیچ شتێکی ئەوتۆی پێ ناکرێت، بەڵام  ئەگەر کورد ووریا بێت وە بزانێت چۆن یارییەکە دەکات ئەو کاتە دەتوانێت ڕێگە بە هەموو  ڕوداوێکی نەخوازراو بگرێت..کورد پێی خۆشبێت یان نا ...تەنها و تەنها ڕۆژئاوا وە بەتایبەتی ئەمەریکا بەکەڵکی دێت, بە چاوخشاندنێک بە ووڵاتان و کارکتەرەکانی تری جیهاندا ئەوەمان بە چاکی بۆ ڕون دەبێتەوە کە باشترین هەڵبژاردە بۆ کورد بۆ ماوەیەکی دورو درێژ سیستمی ڕۆژئاوایە ( ئەمەریکا و ئەوروپا ). 

بۆ بە دەست هێنانی پشتگیری لە لایەن ئەمەریکاوە کورد نابێت چاوەنوار بێت بەڵکو زۆر چالاک بێت. 

هەر بۆیە کورد دەبێت کارێکی وەها بکات بۆ ئەمریکا کە ئەمریکا پێویستی بەوە نەبێت دوو دڵ بێت لەیارمەتیدانی کورد یان کورد نەبێت بە ئەرک بەسەر ئەمەریکاوە...ئەمەریکای تڕەمپ واتە سەردەمی ئابوری و بازرگانی واتە پارە پەیدا کردن نەک پارە بەفیڕۆ دان بۆ ڕێک خستنی ماڵی گورد، ئەوە ئەرکی کورد خۆیەتی کە ماڵی خۆی زوو ڕێک بخات وە زۆر پێویستە کە بەرنامەی گەشەدانی ئابوریشی هەبێت. 

پێویستە کورد خۆی دەست پێشخەریی بکات بە دەرخستنی ئامادەباشی بۆ پێکەوە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕێگای 

یەکەم خێرا کردن لە دامەزراندنی حکومەت و کابینەی نوێ هەروەها دەست بە کار کردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا. 

دووەم پەلە بکرێت لە بەنیشتیمانی کردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی باشوری کوردستان. 

سێهەم ئەم خاڵەیان سەختە بۆ زۆرێک کەتێی بگەن ئەویش دەستهەڵگرتن( نەک چەک دانان ) ی پەکەکەیە لە شۆڕشی چەکداری، سەرکەوتن بە تەنها نەبەسراوەتەوە بە شۆڕشی چەکداریەوە، جگە لەوەی جەنگی ئێستا بەتەکنەلۆجیا دەکرێت هەروەها پەکەکە نیشانەی خۆی پێکاوە (دەم پارتی و پەیەدە) بە نمونە. 

چوارەم تیشک خستنە سەر بەهێز کردنی ئابوری . 

 

ئەم جۆرە دەرفەتانە هەموو ڕۆژێک هەڵ ناکەوێت، کات کاتی سیاسەت و لۆبی کردنە، تورکیا ئامادەیە دوو قاچ و دەستێکی لە دەست بدات بۆ ئەوەی ئەم فرسەتە نەکەوێتە دەست کورد !؟؟ بەڵام کورد تەنها پێویستی بە خۆ ڕێک خستن و یەک دەنگییە.. 

ئەم جارەش دەیڵێمەوە کورد ناتوانێت سود لەو گۆڕانکاریینە ببینێت وە بەرەو دەوڵەت بوون بڕوات بە سێ هێزی میلیشیا و هێزێکی تێرۆریستەوە. 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×