زۆرینەی پەرلەمانی لەسایەی دەوڵەتی یاساو مافدا

سلێمان مستەفا حەسەن
  2025-01-13     87

"هەڵبژاردن و دیموکراسی "

هەڵبژاردن وەک بنەمایەکی دیموکراسی بە رۆحی سیستەمی هاوچەرخ دادەنرێت، ناکرێت بێ بونی دیموکراسی باسی هەڵبژاردن بکرێت، پێچەوانەکەشی ڕاستە ناکرێت بێ بوونی هەڵبژاردن باس لە دیموکراسی بکرێت، هەروەک هەڵبژاردن بە بەردی بناغەی دیموکراسی دادەنرێت، و ڕۆحی سیستەمی سیاسی مۆدێرن بەرجەستە دەکات. مرۆڤ ناتوانێت بە شێوەیەکی مانادار باسی هەڵبژاردنەکان بکات بەبێ ئەوەی ئاماژە بە دیموکراسی بکات. لە سیستەمی تۆتالیتارەکان گەر هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت بەڵام لە ناوەرۆکدا پوجەڵ و بەتاڵە، بەڵام زۆرجار ئەمانە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرۆکەکان زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنن. لەم جۆرە سیستەمەدا کە هێزە ئەمنییەکان و حکومەت و پارتە سیاسییەکان بە یەک دەنگ کاردەکەن و لەدەستی یەک کەس دان دیموکراسی بونی نییە. ئەم سیستەمانە گەرەنتی سەروەری یاسا و مافی هاووڵاتیانیان نییە، کە بۆ حوکمڕانی دیموکراسی بنەڕەتین، هەڵبژاردن پایە و بەشێکی دانەبراوە لە دیموکراسیدا، بەڵام لە بنەڕەتدا گەرەنتی حوکمڕانی دیموکراسی ناکات. لە زۆرێک لە سیستەمە تۆتالیتارییەکاندا، هەڵبژاردن خزمەت بە شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەکات نەک بەرزڕاگرتنی بنەما دیموکراسیەکان. سیستەمێکی دیموکراسی ڕاستەقینە پێویستی بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان هەیە، تەنانەت بە پێچەوانەی ئیرادەی زۆرینەشەوە.

 

"دیموکراسی و یاسا "

لە سیستەمی دیموکراسی، یاسا وەک بناغە و دەستوری حوکمڕانی و سیستەمی کۆمەڵایەتی لێ دەڕوانرێت، بەبێ یاسا دامەزراندنی دەزگاکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بێ مانا دەبێت. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم یاسایانە شەرعی بن، دەبێت لەگەڵ پەیماننامە و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان بگونجێن، بەتایبەتی پابەند بوون بە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ سەرەڕای ئەوەش، یاساکان دەبێت پابەند بن بە دەستووری وڵات و لە رێگەی پرۆسەی یاساییەوە دەربکرێن وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە. لێرەدا بابەتێکی گرنگ هەیە ئاماژەی پی بدەین، هەموو ئەو یاسا و رێکارانەی لە ژێر پەردەی یاسادا دەردەکرێت مەرج نییە لە بنەڕەتدا دادپەروەرانە وشەرعی بن گەر ڕەچاوی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافە مەدەنیەکان نەکرابێت. مێژوو گەواهی چەندین دڕندەیی و پێشێلکاری لە ڕابردوو و ئێستادا دەدات کە بە بیانووی یاسا ئەنجامدراوە. نموونەی زۆر هەیە لەوانە هەڵمەتی ئەنفال، ڕاگواستن، بۆمباران کردنی کیمیایی و زیندانی کردنی کورد لە تورکیا، ئێران، سوریا و عێراق لەسەر کورد بوون و بەکار‌هێنانی زمانی دایک و داوا کردنی مافە بنەرەتیەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و مافی هاونشتیمانی بوون. ئەم کارانەلەبەر ڕۆشنای دەقە یاسایەکان و دەقە شەرعیەکان  بە یاسای نەتەوەیی ئەنجام دراون. حکومەتی عێراق وحکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەهەندێ پرس دا رەچاوی بنەماکانی مافی مرۆڤ و بنەکانی دەستوریان نەکردوە سەبارەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەکان، بەوەش کار گەشتە ئەوەی بە هەڵە بنەماکانی دیموکراسی پەیرەوبکەین لە ساڵانی رابردوو،کە دەرنجامی پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی دیموکراسیی لێکەوتەوە.

 

"زۆرینەی پەرلەمانی و مافی هاوڵاتیان "

مافی هاوڵاتیان بە هەردوو ستونەکەیەوە، چ ئەو مافانەی کە لە جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دا هاتون، یان ئەو مافانەی لە چوارچێوەی مافە مەدنیەکان لە لەدەستوری ولاتات دا هاتون، خاڵی جەوهەری سیستەمی دیموکراسین، وە یاساکان هیچ نرخێکیان نابێت گەر پاراستنی مافی مرۆڤ و مافە مەدەنیەکان پاریزراو ریزلێگیراو نەبن، بەو مانایەی دەوڵەتی یاسا هیچ سود نرخێکی نابێت بەبێ بونی بنەماکانی دەوڵەتی ماف.

دەکرێت بڵین جارنامەی مافی مرۆڤ بریتیە لەو جارنامەیە کە ١٠ /١٢ ی ساڵی ١٩٤٨ لەدووتوێی (٣٠) بەند لە لایەن نەتەوە یەگرتوەکانەوە ڕاگەیەنرا، کە دەکرێت بڵین مافی (ژیان، هاتۆچۆ ونیشتەجێبوون، ئاین، یەکسانی،ئازادی، خوێندن، ماف     ) لە خۆ دەگرێت، وە ئەومافانە مافی جیهانین و باڵایەتیان بەسەر یاسا وڵاتاندا هەیە.

هەرچی مافە مەدەنیەکانن ئەوە ئەو مافانەنن کە لەدەستوری هەروڵاتێکدا هاتوون و دەڵەت پابەندە بە پاراستن و فەراهەم کردنیان بۆ هاونیشتیمانیانی لەوانە ( ئازادی ڕۆژنامەگەری، هەڵبژاردن، کۆبونەوە، لێپرسینەوە لە حکومەت ) مافە مەدەنییەکان تایبەت بە وڵاتان و سیستەمە یاساییەکان گرنگی به په یوه ندییه کانی نێوان هاوڵاتیان و حکومه تەکانیان دەدەن بۆ نمونە لە عێراقدا مافە سیاسی و مەدەنی و ئابوری وفەرهەنگی کۆمەڵاتیەکان لە ماددەی ( ٢) برگەی یەکەم، خاڵی (ب. ج ) و ماددەی (١٤، ١٥،١٦،١٧،١٨، ١٩،٢٠، ٢١، ٢٢، ٢٣،٢٦، ٢٧،٢٨،٢٩،٣٠،٣١، ٣٢، ٣٣، ٣٤) ی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ دا هاتوون و جەسپێنراون وە لە ماددەی (٥،٦، ١٣ ) بنەماکانی سەروەری یاسا دوپات دەکاتەوە.

مافی مرۆڤ مافێکی بنەڕەتی و جیهانیە، بەڵام مافە مەدەنیەکان پەیوەندییەکی زۆریان هەیە بە سیستەمە تایبەتی کۆمەڵگا و یاسایەکان لەناو خودی وڵاتەکەدا، کە چەسپاندنیان بە سەر ناوەڕۆکی پەیوەندی خەڵک و حکومەتەکانەوەیە، بەڵام مافەکانی مرۆڤ لەسەر بنچینەیی و جیهانی جەخت دەکاتە لە سەر شکۆمەندی و ئازادی هەموو تاکێک، لە کاتێکدا هەردوو مافی مرۆڤ و مافە مەدەنیەکان ئامانجیان پاراستنی ئازادییەکان و بەرەوپێش بردنی خۆش گوزەرانی کۆمەڵگایە، بەڵام لە مەودا و کارپێکردنیان جیاوازن. مافی مرۆڤ گشتگیرە، بەبێ گوێدانە شوێن و ڕەگەزنامە بۆ هەموو تاکەکان دەگرێتەوە. بەڵام مافە مەدەنییەکان تایبەتن بە چوارچێوەی یاسایی و کۆمەڵایەتی تاکە وڵاتان، پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و حکومەتەکانیان بەڕێوەدەبەن، بەبێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافە مەدەنیەکان ئەستەمە باسی دەوڵەتی ماف بکرێت، جەوهەری دیموکراسی لە پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیاندایە چ لە مافانەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەرگیراون یان لە دەستووری نەتەوەییدا جێگیر کراوبن. سەروەری یاسا بێ مانا دەبێت ئەگەر ئەم مافانە پارێزراونەبن.

ئەگەر هەرێمی کوردستان و عێراق وەک نمونە وەربگرین و پرسیارێک بکەین ؟ ئایا لەدەرئەنجامی خولەکانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستان زۆرینەی پەرلەمانی یان حکومەت چۆن مامەڵەی لەگەڵ پرسی مافی مرۆڤ و مافە مەدنیەکان و بنەماکانی دیموکراسی و سەروەری یاسا دا کردوە، ئایا دەوڵەت دەوڵەتی یاسا و ماف بوە ؟ ئایا لەبەر ڕۆشنایی ئەو چەمکانەی باسمان کرد مامەڵەی وەک یەکێ لەگەڵ هاوڵاتیان کراوە ؟ ئایا ئەوانەی دەنگیان پێ نەداون و وەک ئەوان بیر ناکەنەوە هەمان مامەڵەی هاوڵاتی ئاساییان لەگەڵ دا کراوە ؟ئەوە پرسیارێکی حیسابیە وەڵامەکەی بۆ ئێوەو توێژەران جێدەهێڵم.

ئێمە هاوڕاین کە زۆرینەی هەڵبژاردن بەواتای ئەوەی زۆرینە دەنگدەران هاوڕان لەسەر ئەوەی پرسی وڵات لەلایەن حزبی (ا) یان هاوپەیمانیەتی (ا) بەرێوەببرێت بۆ ماوەی چوار ساڵی خولی هەڵبژاردن بەپێی بنەمای دەستور و رێکارە یاساییەکان، دوای ئەوە بەپێی رێزگرتن لەبنەمای خولاوخولی هەڵبژاردن دەگەرێنەوە بۆ دادگای گەل،کەواتە هەڵبژاردن و زۆرینەی پەرلەمانی پێدانی بریکارنامەیە لە لایەن زۆرینە بۆ بەرنامەیەکی دیاریکراو، بە واتای بڕیاردان لە رێکخستنی کاروباری دەوڵەت.

بەڵام ئەو زۆرینەی پەرلەمانیە، یان ئەو زۆرینەی کە دەنگی بەدەست هێناوە مافی ئەوەی نییە، پێشێلکاری دەستور بکات، بۆی نییە پێشەڵکاری مافە مەدنیەکانی هاوڵاتیان بکات، بۆی نییە پێشێلی مافی مرۆڤ بکات، بە واتای ئەوەی مافی ئەوەی نییە یاسا و رێکاو بڕیارگەلێک دەربکات پێجەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافە مەدنیەکان بێت.

کەواتە گەر هەڵبژاردن بنەماو پایەی دیموکراسی بێت و سەروەری یاسا بە کۆلەکە وبناغەی دێموکراسی ئەژماربکرێت لە سیستەمی مۆدێرندا، ئەوە کارێکی ناچاری و سەپێنراوە دەبێت لە سیستەمی دیموکراسی دا مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنیەکان لە دەست درێژی  زۆرینەی پەرلەمانی و حوکمڕانی پارێزراوبن.

پرۆسەی ٣٢ ساڵەی حوکمرانێ کوردی لە باشور کوردستان ئەوەمان بە بیردا دێنێتەوە کە دان  بەهەڵە کانمان بنێن و هەڵەکانمان ڕاست بکەینەوە، دەبێت کۆی ئەو هەڵانە بەیان بکەین کە لەماوەی ٣٢ ساڵەی حوکمرانی کردومانن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان  بە هەرسێ دەسەڵاتەکیەوە (جێبەجێکردن، یاسادانان، دادوەری)، جگە لە مامەلەکردنی پاوان خوازی و حزبایەتی ناتەندروست  لەگەڵ کاری رێکخراوەیی و سەندیکاکان و رۆژنامەگەری و دەستە سەربەخۆکان و تەوای کایەکانی تر.

ناکرێت بە رێگایەکی ناهۆشمەندانە بەکەوینە ژێر کاریگەری پرنسیپی تۆتالیتاریزم و پۆپۆلیزم، چونکە تۆتالیتاریزم لە جەوهەردا دژی هەر جۆرە دابەشکارێکی دەسەڵاتە، پۆپۆلیزمیش دیاردیەکی ترسناک و پر کارەساتە. دەسەلاتی کوردی نابێت هەڵەی سیستەمە کانی شکست خواردوو دووبارە بکاتەوە خۆی بە سیستەمی بێ هەڵە هەژمار بکات.

دەسەڵات لە کاتێکدا پێویستییەکی ژیاری و ژیانی مرۆڤە، بەڵام دەبێت بە ژیرانە بەکاربهێنرێت بەتایبەتی بۆ کورد. هەڵبژاردنیش بە هەمان شێوە ئامرازێک نییە بۆ جیاکردنەوەی ڕاستییە ڕەهاکان بەڵکو میکانیزمێکە بۆ هاوسەنگکردنی بەرژەوەندیەکانی رکابەرەکان. لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا ئایندەی حوکمرانی و سیستەمی دیموکراسی و سەروەری یاسا و دەوڵەوتی مافەکان پەیوەستە بە ئامێزگرتن بە گوتاری گشتی و دەستەبەرکردنی شەفافیەت و دروستکردنی متمانە بە دامەزراوەکان.

دیموکراسی بەهەڵبژاردنی پاک ، بەسەر سەروەری یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنیەکان گەشە دەکات. ئەم بنەمایانە دەبێت ڕێنمایی حوکمڕانی بکەن بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و دەستەبەرکردنی مامەڵەی دادپەروەرانە لەگەڵ هەموو هاووڵاتیان. ئێمەش وەک کورد بە پابەندبوون بە لێپرسینەوە و وەرگرتنی مافە گشتگیرەکان دەتوانین لە ئایدیاڵەکانی دیموکراسی ڕاستەقینە نزیک ببینەوە و خۆمان لەداروخان و سیستەمی شێرە بەفرینە بپارێزین، بۆ ئەم کابینە وەزاریە و ئەو چوار ساڵەی حوکمڕانی داهاتوی حکومەتی هەرێم  پێویستە لەسەر ئەو زۆرینەیەی حکومەت پێکدێنێت هەڵەکانی حوکمڕانی ٣٢ ساڵەی پێشوو بە هەند وەربگرێت، و رێکەوتنی پێش وەختە هەبێت لەسەر دەست نیشانکردنی ئامرازەکانی خۆچاککردن کە داواکاری و ویستی ناوخۆیی و دۆستانی کوردو کۆمەڵگای نیودەوڵەتیە، پێداچونەوە بە پرسی دەسەڵاتی دادوەری و ئازادی رۆژنامەگەری و سەروەری یاسا و یەکخستی هێزە چەکدارەکان و ئەمنیەکان و پاراستنی بنەمای مافەکانی مرۆڤ و لە لایەکی ترەوە پابەندبوون بەدەستوری عێراق و جێبەجێکردنی دەستور لەمەر هەرێم و حکومەتی فیدراڵی. پەسەندکردنی دەستوری هەرێم و، کۆتایی هێنان بە مەینەتیەکانی گەلی کورد و ساز کردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ بەرجەستەکردنی حوکمڕانیەکی ڕەشید لە باشوری کوردستان، گێرانەوەی مافی فەرمانبەران و خانەنیشیانان کە بەنایاسای مافەکانیان پێشێلکراوە و موچەکانیان پێنەدراوە بەهەر ناوێک بێت، دانەوی مافی وەبەرهێن و بازرگانانی هەرێمی کوردستان، کارکردن لەسەر بەشدار پێکردنی شارەزاو پسپۆرانی بوارە جیاجیاکان لە تەواوی کایەکانی حکومرانی و مرۆڤ سازی و وەڵات سازی،  حەرامکردن و قەدەغە کردنی حزبایەتی لەناو حکومەت و کەرتی پەروەردەو فێرکردن و تەندروستی و هێزە چەکدارەکان وتەوای کایەکانی تر، مامەلەکردن لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون، و رێزگرتن لە مافی ژنان وپێکهاتەکان، ژیانەوەی ئابوری کوردستان و رەخساندنی هەڵی کارو وئاوردانەوە لە بواری پێشکەوتنەکانی تەکنوۆلۆژیا بەتایبەتی ( S.T.E.M ) زانست و تەکنۆلۆژیا و، ئەندازیاری و بیرکاری لە خوێندنگە و پەیمانگا و زانکۆکان و ناوند زانستیەکانی توێژینەوە، گەر پەلە نەکەین  بەجێدەمێنین بۆیە پێویستە ریفۆرمێکی تەواو بکرێت لەم کەیسانە بۆ ئایندەی کوردستان، گەر ئەقلیەتی دواکەوتوویی  خێڵ و خۆخۆری و حزبایەتی شێواو سەقەت و ماوە بەسەرچوو جێنەهێڵین ناتوانی بەردەوام بین و خۆمان بۆ ئەرکەکانی داهاتوو ئامادە بکەین، ئەمانەش بەبێ پلان و چاودێری ناکرێن بۆیە دەبێت کار بکرێت وڕێگا بدرێت دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی چوارەم و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وسەندیکاکان دەستە سەربەخۆکان  بە ئەرکی خۆیان هەڵسن.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×