کوردستان، ھەڵبژاردن‌و ئاسۆی نادیار

كاوان حسێن
  2024-10-16     173

ھەڵبژاردنی گشتی واتە مافی تاکەکەس و پیادەکردنی،ھەر چەند ساڵ جارێک بەمەستی دروست بوونی حکومەتێکی نوێ و کەسانی نوێ لە پەرلەمان و پلەحکومیەکان،بەمەبەستی دەست نیشانکردنی نوێنەری ھاوڵاتیان لە خۆیانەوە بۆ خزمەتی خۆیان.

ئەمە ڕێگەیەکە کە وڵاتە پێشکەوتووەکان پڕ بە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی پێی گەیشتون و ئەنجامەکەی گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست کردووەو کەسانی جیاواز دەرکەوتون و ھەڵبژێردراون و ھەر زوو حکومەت بنایات نراوەو چۆنێتی میکانیزمی ھەڵبژاردن و ئەنجامەکەی شەفاف و ڕێز لێگیراو بێ غەل و غەش بووە.

لێرەدا باسێک دێتە پێشەوە کە حزب و ئەندامانی حزب و پاڵێوراوەکان کێن و پێک ھاتەی حزبی چۆنە،بۆ ئەم باسە بەڕیتانیای گەورە بە نمونە وەردەگرین.

لەم وڵاتەدا کە حکومەتێکی پەرلەمانیە و ھاوڵاتیان لە شوێنی نیشتەجێی خۆیان دەنگ بە کاندیدانی خواستی خۆیان دەدەن و دەیان نێرن بۆ پەرلەمان کەلەلەندەنی پایتەختە کە بە ھاوس ئۆف کۆمن ناسراوە،حزب جا ھەرکامێک لەحزبەکان موڵکی تاکە مرۆڤێک نیەو بەھەموویان خاوەنی ئەوحزبەن و سەرۆکێکیان ھەیە کە وەک ئەندامانی تری حزب خۆی دەپاڵێوێت لە ھەڵبژاردن و بە دەنگی ڕاستەوخۆی ھاوڵاتیان ھەڵدەبژێردرێت جا ئەگەر ئەو حزبە بردیەوە ئەوە سەرۆک حزب دەبێت بە سەرۆک وەزیران و حکومەت پێکدێنێت.

ئەوەی شایەنی باسە سەرۆک حزب یان وەزیران موڵکی تاکەکەس نیەو ھەڵەی لێ قبوڵ ناکرێ و تەنانەت ئەندامانی حزبەکەی خۆی لێپێچینەوەی لێدەکەن لەسەر بابەتە گشتیەکانی وڵاتەکە جا گەورە بێت یان بچووک،وە مەرج نیە ئەندامانی پەرلەمان حزبەکەی چی وت یان پرۆژەی ھەبوو ئەوان پەسەندی بکەن و بەڵێی بەنێ بەڵکو لەوکاتەوەی ھەڵدەبژێردرێت دەبێتە موڵکی خەڵک و بۆ ئەوان کاردەکات..

ئەوەی زۆر گرنگە و شایەنی دووپاتکردنەوەیە حزب خاوەنداریەکەی بنەماڵەیی نیەو سەرۆک پیرۆز نیە و ھەڵبژاردن مانای ڕاستەقینەی خۆی وەرگرتووە و ھەڵبژاردن لەکاتی خۆی یان ھەندێک جار پێش وادەی خۆی ئەنجام دەدرێت و حکومەت درێژکردنەوە کفری سیاسیە.وە ھەر ئەندامێکی پلە باڵای حزب یان حکومەت دەرکەوت و بەسەریا ساغ بووەوە بابەتێکی گەندەڵی ،پێشێلکاری یان ھەر کردارێک کە لەگەڵ کارەکەی یەک نەگرێتەوە ئەوا ئەو ئەو ئەندامە لە حزب یان حکومەت دور دەخرێتەوە یان دەست لەکار دەکێشێتەوە،کە ئەمە ئەوپەڕی ئاستی ڕۆشنبیری سیاسی ناوچەکە پیشان ئەدات کە پلەو پۆست موڵک نیەو شوێنێک نیە قۆرخکاری تیا بکرێت.

لە کوردستانی باشوور وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرا لەپاش دواکەوتنی بۆ ماوەیەکی زۆر کە ھەڵبژاردنی پێشوو شەش ساڵ پێش ئێستەبوو  لەکاتێکدا ھەرخولێک چوار ساڵە! لەم گۆشەیەوە بڕوانینە پرۆسەی دیموکراسیەت و ھەڵبژاردن و مافی تاکەکەس و بەڕێوەبردن و مافی دەستووری دەردەکەوێت کە پرۆسەیەکی تەواو گاڵتەجاریەو تەنها نمایشێکەو هیچی دی،ئەم نوسینە ئەکرێت لێرەدا کۆتای پێبێت ومەبەستەکەی داوە بەدەستەوە،بەڵام واخۆشترە تۆزێک زیاتر لەسەری بڕۆین و باس و خواسی زیاتر بورژێندرێت.

لە کوردستان حزب موڵکی تاکەکەس یان خێزانە،دەست بردن بۆی بڤەیەو ھەرخۆشیان خاوەنی حزبەکەن و کەسانی دەرەوەی ئەو بازنەیە بۆی نیە باسی خۆپاڵاوتن و سەرۆک حزب بکات ئەمە بە درێژای سیو سێ ساڵی حکومەتە ھەرێمیەکەی کوردستان بووە و دەردەکەوێت ئاستی ڕۆشنبیری و بیر تەسکی و قۆرخکاری سیاسی حزبی لە چ ئاستێکدایە!وە حزب  خاوەنی چەندین ھێزی چەکدار و دەزگای لێکۆڵینەوە و سیخوڕیی ئەمە سەرەڕای یەک جەیش دەزگای ڕاگەیاندنن بۆ مەبەستی پیا ھەڵدان و چاوبەرەو ژێرکردنی ڕاستیەکان و پڕوپاگەندەو گەورەکردنی کەسانی سەرەوەی حزبن.

لە لایثکی دی حزب خاوەنی حکومەتەو لەژێر ڕکێفی حزب حکومەت بڕیار دەدات  واتە حکومەت و حزبی باڵا دەست دوو دیوی یەک دراون جا ھەڵبژاردن بکرێت یان نا لە ئێستای کوردستان ئەوە ڕاستیەکی تاڵەو  شانۆیەکە بۆ پێدانی ڕووەیەکی جوان و ڕەوا  بۆ پرۆسەکە،ڕاستە لەسەرەتای نوسینەکە ئاماژە دراوەبەوەی دەبێت لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت واتە مەبەستەکە ئەوەیە پێشێلکاری قۆرخکاری یەک جار باشترە لە دوان

واتە بەجارێک کوردەکان لە باشوور لە ھەردوو جەژنەکە بوون.

بابەتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و نەبونی ڕۆشنبیری بانگەشە ڕوویەکی تری ناشرینی ئەو ڕووداوە گرنگەیە کە ھیچ پێوەرێکی مۆدێرنەی پێوە دیار نیەو پڕ لە قین و یەکتر زڕاندن و تێکدانی باری دەروونی ھاوڵاتیان بۆ ماوەی مانگێک و پارەو دەمانچە بەخشینەوەو تێکدانی سیمای شەقام و کۆڵان و شوێنە گشتیەکان ولە ھەموویان ھەزەلی تر خۆ بچوک کردنەوەی دیکتاتۆرەکانی دوێنێ و بڵاو کردنەوەی پڕوپاگەندەی ھەندێک حزب ئەگەر دەنگ بدرێت بەوان بەھەشت ھی تۆیەو بە پێچەوانەوە توشی گوناحی گەورە ئەبیت؛ئەم جۆرە لە بانگەشە چ مۆدێلێکەو لەکوێوە ھاتۆتە ناوچەکە ئەوە دیار نیە و باباتی جنێو دان بەیەکتر لە ڕاگەیاندنەکان و تا دوێنێ موو بە بەینیان نەئەچوو وە سبەینێش ھاوپەیمانی یەکن بۆ قۆرخکردنەوەی دەسەڵات.

ئاینەدی سیاسی کوردستان نادیارەو ئاسۆی ڕوون نیە و هەلبژاردن هیچ لە مەسەلەکە ناگۆرێت ئەوەش لە نەبوونی دەسەڵاتێکی خەمخۆری لە ھاوڵاتیەوە بۆ ھاوڵاتی و نەبوونی ئۆپۆزسێونێکی ڕاستەقینەی خۆنەویست و ڕەخساندنی ھەلومەرجی دەنگی ئازاد و بەرجەستەکردنی مافە مرۆیەکان کە ھاوڵاتی بێ ترس وەک ھەر وڵاتێکی دیموکراسی تا ھەر کەس بتوانێت لە ئاست و پێگەی خۆی جێ دەستی دیار بێت و نەبوونی متمانەی ھاوڵاتیان بە حزب و حکومەت و ھەڵبژاردن  و بایکۆتی ھەڵبژاردن کارتی دەستی بێت.

ئەمانە باس و خواسی بابەتێکی گرنگن بەڵام سادە لە تێگەیشتن، ھەلبەت ئەکرا ھەموو نوسینەکە پێچەوانەبێت و ڕووی گەشی بابەتەکە باس بکرێت بەڵام بەداخێکی زۆرەوە بێ ئومێدی سیوسێ ساڵی ڕابردوو بەسە کە بڵێین خۆشی و گۆڕانکاری و ژیانێکی شەرەفمەندانە و ئێستای ڕوداوەکانی ئەمڕۆ دڵخۆشهێن نین و ئایندە ڕوون نیەو گۆڕانکاری ڕیشەی و رەخساندنی ژیانێکی سادە بۆ هاوڵاتیان بە دوریبینیش نابین رێت.

بێ ھیوای ھاوڵاتیان لەوەی حزب و ئەندامانیان دەسەڵات وەک پەیژەی سەرکەوتن  بۆ بەدەست ھێنانی پلەو پۆست وە باوەش کردن بە خێروبێری ناوچەکە بەکاردێنن وە قەترە قەترە بەشی ھاوڵاتیان بێت،بۆیە حزب و دەسەڵات بێ بەرھەمەو بارگرانیە بەسەر خەڵکی ناوچەکەوە،لەکاتێکدا حزب مەھامە سەرەکیەکەی بۆ خزمەتە،نەک دنیایەک فانتازیاو ئومێد،بەڵگەش بەھەدەردانی سامانی گشتی لەساڵانی ڕابردوو.بۆیە تاک یاخی بوونی ھەڵبژاڕدووەو ئەوەی لای حزبەوە بێت ڕەتی دەکاتەوە کە ئەمە ھۆشیاریەکە بەرھەمی خراپی حوکم ڕانی دورودرێژی چەند ساڵەی حزبەکانە لە نیشتمانێکی حەوت ملێوێنێدا.بۆیە تیجارەت کردن بەبزنسی کوردایەتی دەبێت بوەستێت چونکە نە لەبەرژەوەندی دەسەڵات و ھاوڵاتیانە نە مێژوو ڕەحم بەکەس دەکات.

 


 


 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×