چ کاتێک ئایین دەبێتە تلیاکی گەلان؟ کاتێک حیزبی عەلمانی پەنا بۆ دین ئەبات لە بانگەشەی هەڵبژاردن

ئامانج ئیسماعیل
  2024-10-13     174

لای هەموان ڕوونە، کە دوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان بۆ دەیان ساڵە خۆیان وەک حیزبی عەلمانی و بەناو نەتەوەیی پێناسە کردووە. ئەم دوو حیزبە کە ڕۆژانێک بە شانازییەوە باسیان لە جیاکردنەوەی ئایین لە کایە سیاسییەکان دەکرد و مێزگردیان سازدەکرد و هەوڵی وەلاخستنی ئایینیان لە پرسەکانی ژیان دەدا، کەچی لەم دوایین هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا، وەک بڵێی هەنگوینیان لە داردا دۆزیبێتەوە ستراتیژێکی تازەیان دەست پێکردووە، ئەویش پەنا بردنە بۆ ئایین و عاتیفەی ئایینیی خەڵکی وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی سۆز و دەنگیان.

لە لایەکەوە حیزبێکیان بە شانازییەوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە حیزبەکەی ئەوان لە هەمووان دیندارتر و بە ئیمانترن و دین ئەولەویاتە لایان. لەلایەکی ترەوە، ئەوی تریان بەڵێن دەدات کە مەلاکان بچنەوە سەر مینبەر و لە ڕێگەی دینەوە ئەخلاق بۆ کۆمەڵگا بگێڕنەوە.

ئەم جۆرە لێدوانانە لە لایەن سەرکردەی حیزبە عەلمانییەکانەوە، نیشانەی ئەوەیە کە چۆن ئایین دەشێت بکرێتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات. ئەمە ئەو دۆخەیە کە ئیتر ئایین دەشێت ببێتە "تلیاکی گەلان"، ئەو کاتەی گەلێک لەڕێگەی عاتیفەی دینییەوە فریو دەخوات و بەو ناوەوە هەرچیی پێ بدرێت پێی هەڵبخەڵەتێت. لێرەدا، ئایین بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی خەڵک مەست بکرێ و کوێرانە ڕازی بکرێ، نائاگایەنە و زۆر جار لە دڵسافییەوە بڵێن مادەم بەڵێنی پاراستنی دینمان پێ دەدرێ ئیتر چیمان دەوێ، و بەم شێوە لە کێشە ڕاستەقینەکانی ژیانیان دوور بخرێنە و تەرکیزیان بشێوێندرێ.

بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: بۆچی ئەم دوو حیزبە  عەلمانییە لەم کاتەدا پەنا بۆ گوتاری ئایینی دەبەن؟ وەڵامەکە سادەیە: ئەوان نزیکی سێ دەیەیە شکستیان هێناوە لە حکومڕانییەکی دادپەروەرانە و چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا و بەدوای ئامڕازێکی تازەوەن کە گەلی پێ مەست بکەن. لە جیاتی باسکردن لە چۆنیەتیی باشترکردنی ژیانی خەڵک، دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و ڕۆشنبیری، پەنا دەبەنە بەر گوتارێکی ئایینی کە لە ڕاستیدا دەکرێت ئەسڵەن  بڕوایان پێی نەبێت.

ئەم ستراتیژە دووڕووییانە لە چەند ڕووەوە جێگەی نیگەرانییە، بەڵام لەم پێش هەڵبژاردنەدا گرنگترینیان کە خەڵکی هۆشیار بێت لەبارەیەوە ئەم دوانەیە:

یەکەم. چەواشەکردنی خەڵک: ئەم حیزبانە هەوڵ دەدەن خۆیان وەک پارێزەری ئایین و بەها ئەخلاقییەکان نیشان بدەن، لە کاتێکدا هەمووان دەزانن لە ڕێگەی بەرنامە سیاسییەکانیان و میدیا و ڕاگەیاندنەکانیان مێژوویەکی درێژیان لە بێبەهاکردن و پەراوێزخستنی ئایین و بەها باڵاکانی لە کۆمەڵگادا هەیە.

دووەم. لادانی سەرنجی خەڵک لە کێشە ڕاستەقینەکان: بە بەکارهێنانی گوتاری ئایینی و وەک ئامڕازێک بۆ مەستکردنی خەڵکی بەتایبەت لەم کاتەدا و تا کاتی هەڵبژاردن، ئەم حیزبانە هەوڵ دەدەن سەرنجی خەڵک لە کێشە سەرەکییەکانی وەک گەندەڵی، بێمووچەیی، بێکاری و خراپیی خزمەتگوزارییەکان لابدەن.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان و تا ڕادەیەکیش نیشانەی سەرگرتنی ئەم هەوڵەیانە بۆ مەستکردنی خەڵک ئەوەیە کە کەمینەیەک نەبێت کەس ناپرسێت بۆچی ئەم سەرکردانە ئێستا لەبری باس و هەوڵی چارەسەرکردنی پرسە گرنگەکانی خەڵک پەنایان بۆ ئەم جۆرە گوتارە بردووە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردی هێشتا  پێویستی بە بەرچاوڕوونی و وشیارییەکی زۆر زیاترە بۆ تێگەیشتن لە یارییە سیاسییەکان و ڕەنخەگرتن و پرسینەوە لە سەرکردەکان.

تەنها کاتێک خەڵک ئەوەندە هۆشیارن کە دەتوانن تەرکیزیان لەسەر پرسە گرنگەکان بهێڵنەوە و بەبێ گۆڕینی ئاڕاستەیان دەست بکەن بە پرسیارکردن و داواکردنی وەڵامی راستەقینە لە سەرکردەکان لەمەڕ مافەکانیان، ئەوکات دەتوانین چاوەڕوانی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بین لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا. ئەمە جگە لەوەی کە پێویستە موسوڵمانان و خەڵکی خواناس بەتایبەت، کە زۆرینەی میللەتی ئێمەن، بەرپەرچی ئەم جۆرە بەکارهێنانە ناڕەوایانەی ئایین بدەنەوە ئیتر لەلایەن هەر حیزبێکەوە بێت، و داوای سیاسەتێکی پاک و دروست بکەن کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، ڕاستگۆیی و خزمەتی راستەقینەی خەڵک بێت، نەک خۆڵکردنە چاو و فرتوفێڵ بە ناوی ئایینەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×