دەنگ بەکێ بدەم؟ پێوەری من بۆ دەنگدان چی بێت؟

ئامانج ئیسماعیل
  2024-10-10     237


ڕۆڵی حیزب و پەرلەمانتار لە گۆڕانکاری و هەڵبژاردنی کاندید بەپێی (SMART Goal) "سمارت گۆڵ"

لە ئێستادا کە لە پێشوەختی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانداین، گرنگە بزانین لەسەر بنەمای چ پێوەرێک دەنگ بە حیزب و کاندیدێک بدەین کە بتوانێت گۆڕانکاریی ئەرێنی، ئەگەرچی زۆر بچوکیش بێت، دروست بکات. لەم وتارەدا، سەرەتا باس لە توانای پەرلەمانتار بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری دەکەین و پاشان چۆنیەتیی هەڵبژاردنی کاندیدی گونجاو بە پێی پرەنسیپی سمارت گۆڵ (SMART Goal) ڕوون دەکەینەوە.

یەکەم، ئایا پەرلەمانتار دەتوانێت گۆڕانکاری بکات؟

سەرەتا دەبێت بزانین کە ئەرک و کارەکانی پەرلەمانتار چین و وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرین کە ئایا پەرلەمانتار دەتوانێت گۆڕانکاری بکات یان نا. بێگومان لە سیستەمێکی ئایدیاڵ و دادپەروەردا، پەرلەمانتار دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی گۆڕانکاریدا بگێڕێت، لەکاتێکدا حیزبەکەی و کۆی سیستەمی سیاسی و ئیداریی وڵات ڕێگە بدات، هەرچەندە ئەم توانایە سنووردارە و پێویستی بە تێگەیشتنێکی واقیعبینانە هەیە. لەپێشدا گرنگە بزانین پەرلەمانتار بۆ خۆی ئەرکی چییە. بەگشتی پەرلەمانتار ئەم کارانەی خوارەوەی هەیە:

1. داڕشتن و پێشنیارکردنی یاسا: پەرلەمانتار دەتوانێت یاسای نوێ پێشنیار بکات یان داوای هەموارکردنی یاسا هەبووەکان بکات.
2. چاودێریکردنی حکومەت: پەرلەمانتار دەتوانێت لە ڕێگەی پرسیارکردن و لێپرسینەوە، چاودێریی کاری حکومەت بکات.
3. نوێنەرایەتیکردنی دەنگدەران: پەرلەمانتار دەتوانێت کێشە و داواکارییەکانی خەڵک بگەیەنێتە پەرلەمان و حکومەت.
4. بەشداریکردن لە گفتوگۆی گشتی: پەرلەمانتار دەتوانێت لە ڕێگەی بەشداریکردن لە میدیا و کۆبوونەوە گشتییەکان، کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی دروست بکات.

بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەو ئەرکانە بەپێی یاسا ڕێک خراوە و پێویستە دەستکراوەیی بدرێت بە پەرلەمان، توانای پەرلەمانتار لە خودی خۆیدا، بۆ گۆڕانکاری سنووردارە، بەهۆی:

- سیستەمی سیاسی: زۆر جار بڕیارە گرنگەکان لە دەرەوەی پەرلەمان دەدرێن، وەک ئێستای کوردستانی خۆمان.
- پابەندبوون بە سیاسەتی حیزبی: زۆربەی پەرلەمانتاران ناچارن پەیڕەوی لە سیاسەتی حیزبەکانیان بکەن، ئەگەرنا تا ڕادەی دوورخرانەوە و سڕکردنیان دەبرێن.
- سنوورداریی دەسەڵاتی خودی پەرلەمان: لە زۆر بواردا، پەرلەمان دەسەڵاتی سنوورداری هەیە و تا ئاستێکی دیاریکراو ڕۆڵی هەیە.

هەرچەندە لە ئێستای کوردستانی خۆماندا بەهۆی زۆر هۆکارەوە خەڵکی بەگشتی جۆرێک لە نائومێدی ڕووی تێکردوون و بێهوان لەوەی هەڵبژاردن هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بێنێتە کایەوە، بەڵام بارودۆخ هەرچۆنێک بێت مادەم لانیکەم خەڵکی هەلی هەڵبژاردنێکی هەیە، لە هەموو حاڵەتێکدا بەکارهێنانی ئەو مافە و چوون بۆ هەڵبژاردن باشترە لە نەچوون و بەشداریکردن. بۆیە گرنگە بزانین کە چ پێوەرێکمان هەبێت بۆ هەڵبژاردن و لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ بدەین. لێرەدا پرەنسیپێکی گرنگ دەخەینە ڕوو کە بە پرەنسیپی سمارت گۆڵ ناسراوە کە جگە لە لایەنی کاراکتەر و کەسایەتیی کاندیدێکی دیاریکراو گرنگە ئەم پرەنسیپە بەکاربهێنین بۆ هەڵسەنگاندنی بەرنامە و ئامانجەکانی ئەو کاندیدە.
سمارت کورتکراوەی ئەم وشانەیە: Specific (دیاریکراو)، Measurable (پێوانەکراو)، Achievable (بەدیهێنراو)، Relevant (پەیوەندیدار)، Time-bound (کاتبەند). با بزانین چۆن دەتوانین ئەم پرەنسیپە بۆ هەڵبژاردنی کاندید بەکاربهێنین:

1. دیاریکراو (Specific). ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە:
- ئایا کاندیدەکە بەرنامەیەکی ڕوون و دیاریکراوی هەیە؟
- ئایا ئامانجەکانی بە وردی دیاری کردووە یان زیاتر قسەی گشتین؟

بۆ نموونە: کاندیدێک کە دەڵێت "باشترکردنی سیستەمی پەروەردە" زۆر گشتییە، بەڵام کاندیدێک کە دەڵێت "زیادکردنی بودجەی پەروەردە بە ڕێژەی 10٪ و دامەزراندنی 1000 مامۆستای نوێ" زۆر دیاریکراوترە.

2. پێوانەکراو (Measurable)
- ئایا ئامانجەکانی کاندیدەکە دەتوانرێت بە ژمارە و داتا پێوانە بکرێن؟
- ئایا میکانیزمێکی ڕوونی هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتن؟

بۆ نموونە: "کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری بە 5٪ لە ماوەی دوو ساڵدا" ئامانجێکی پێوانەکراوە. بەڵام بانگەشەی نەهێشتنی بێکاری قسەیەکی موبالەغەیە و پێوانەکراو نییە. 

3. بەدیهێنراو (Achievable)
- ئایا ئامانجەکانی کاندیدەکە واقیعین و دەکرێت بەدی بهێنرێن؟
- ئایا پلانێکی ڕوونی هەیە بۆ چۆنیەتیی بەدیهێنانی ئامانجەکانی؟

بۆ نموونە: کاندیدێک کە بەڵێنی "نەهێشتنی هەژاری لە ماوەی ساڵێکدا" دەدات، زۆر واقیعی نییە. بەڵام "دابینکردنی هەلی کار بۆ 5000 کەس لە ماوەی چوار ساڵدا" دەکرێت بەدیهێنراو بێت.

4. پەیوەندیدار (Relevant)
- ئایا ئامانجەکانی کاندیدەکە پەیوەندییان بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵک و وڵاتەوە هەیە؟
- ئایا ئەولەویەتەکانی لەگەڵ کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا دەگونجێن؟

بۆ نموونە: لە کاتێکدا کە کێشەی بێکاری و موچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هەن، کاندیدێک کە تەنها باس لە پرۆژەی جوانکاریی شار دەکات، یان لەکاتێکدا جادەکانمان قیرتاوێکی ڕێکوپێکیان نییە و نێوان زۆربەی شارەکان هێشتا یەک سایدن و کێشەیان تێدایە، بانگەشەی دابینکردنی شەمەندەفەر پەیوەندیدار نییە.

5. کاتبەند (Time-bound)
- ئایا کاندیدەکە کاتێکی دیاریکراوی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی داناوە؟
- ئایا خشتەیەکی زەمەنیی ڕوونی هەیە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی؟

بۆ نموونە: "چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە ماوەی دوو ساڵی یەکەمی خولی پەرلەماندا" ئامانجێکی کاتبەندە. بەڵام بانگەشەی “پشت بە خوا لە داهاتوودا گرفتی کارەبا ناهێڵین” کاتبەند نییە و جێی متمانە نییە.

ئەنجام

لە کۆتاییدا، کاتێک دەنگ دەدەین، پێویستە سەیری ئەو حیزب و کاندیدانە بکەین کە:

1. بەرنامەیەکی ڕوون و دیاریکراویان هەیە.
2. ئامانجەکانیان پێوانەکراو و شیاوی هەڵسەنگاندنن.
3. بەڵێنەکانیان واقیعی و بەدیهێنراون.
4. تەرکیزیان لەسەر کێشە ڕاستەقینەکانی خەڵک و وڵاتە.
5. خشتەیەکی زەمەنیی ڕوونیان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانیان هەیە.

هەروەها گرنگە سەیری پێشینەی کاندیدەکان، کەسایەتی و کاراکتەریان، ئەزموونیان، و توانایان بۆ کارکردن لەو مەیدانە و لەگەڵ کەسانی جیاواز بکەین. لە کۆتاییدا، دەبێت لەبیرمان بێت کە هیچ کاندید و حیزبێک بەتەنیا هیچێکی وایان پێ ناکرێت و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە پێویستی بە کات و هەوڵی بەردەوام هەیە. بەڵام مادەم بەشداریی هەڵبژاردن بکەین گرنگە بزانین ئەو مافە بچوکەی کە لە دەستماندایە بۆ هەڵبژاردنی کێ بەکاری دەهێنین، بە هەڵبژاردنی کاندیدی گونجاو، هیچ نەبێت ڕێگا نادەین کەسانێک بچنە پەرلەمان، ئەگەر چی پڕ کەموکرتییش بێت، کە تەنها مەبەستێکی شەخسییان هەبێت و هیچ خەمێکیان بۆ هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی خەڵک و نیشتیمان نەبێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×