تاکەی ناتۆ و ئەمریکا بێ دەنگ دەبن بەرانبەر بە تورکیا؟

دانیار ئەکرەم
  2024-08-03     174

لە پێش لەتبوونی کۆریای باکوور و باشوور; تورکیای دۆستە ھەمیشەییەکەی ئەوروپا و ئەندامە بێزارکەرەکەی ناتۆ، لە ساڵی ١٩٥٢ بوو بە ئەندامی ھاوپەیمانی ھێزەکانی ناتۆ.
 رۆڵی تورکیا لەو ھاوپەیمانیە بە تەواوی بووە ھۆی بێزاری ئەوان، وە کەمترین ھاوکاری ماددی ئەو ھاوپەیمانیە دەکات، ئەوەی جێگای تورکیای کردۆتەوە تەنیا دوو خاڵە؛
یەکەم:
 بوونی رێژەیەکی زۆری سەرباز، ئەوەش ھۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە تورکیا ھێزی دووەم بێت لەو ھاوپەیمانیە، چونکە سەربازیبوون لە تورکیا بە یاسایی زۆرە ملێیە.

دووەم:
 جیۆپۆلۆتیک (جوگرافیایی سیاسی) ھەڵکەوتەی تورکیا بەو شێوەیە ھەڵکەتووە کە ھەر دوو کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە ببەستێتەوە، وە ھاوسنووری سێ دەریای گەورەیە، وە سنوورێکی یەکجار فراوان گەورەی ھەیە لەگەڵ (٩) وڵات، ھەر ئەوەش وایکردووە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا چاویان لەسەری بێت بۆ ململانێ سیاسی و سەربازیەکان.

لە ساڵی ١٩٤٩ کاتێک ھاوپەیمانی سەربازی ناتۆ دروست بوو بۆ وەستانەوە دژ بە ئەو وڵاتانەی ھێرش دەکەنە سەر ئەوروپا، بۆ نموونە ئەڵمانیا و روسیا، کۆمەڵیک یاسا لە ناتۆ نوسرانەوە کە نابێت ھیچ وڵاتێکی ئەندام لەو ھاوپەمانیە دژایەتی ئەو یاسایانە بکەن، بۆ نمونە؛ لە ھەر کوێیەکی جیھان بەژەوەندی ئەمریکا مەترسی لەسەربوو ناتۆ دەبێت ئامادەی پاراستنی بێت بە فشاری سیاسی و ھێزی سەربازی، وە ھەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ مەترسی نیشتیمانی لەسەر بێت ئەمریکا دەبێت چەکی ئەتۆمی پێ بدات.

تورکیا ھیچ کاتێک نەیتوانیوە ئەو یاسایەی ناتۆ بپارێزێت و زۆرجار تەواو پێچەوانەی یاساکانی ناتۆ جوڵەی سیاسی و سەربازی کردووە، ئەوەش دژی خواستە تاک جەمسەرەییەکەی جیھانە بە سەرپەرشتی ئەمریکا.
وەک دەبینین تورکیا وڵاتێکی بێزارکەر و دژی خواستەکانی ھاوپەیمانانە و زۆرجاریش بووە بە دژبەرە، بۆ نموونە؛

لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٦، تورکیا تەنانەت ئامادەنەبوو سەربازەکانی بنێریت بۆ پاراستنی سنووری کۆریای باشوور، کە کۆریای باشور لەو شەڕە ھاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا بوو.

ھەروەھا لە جەنگی کەنداو کە بە شەڕی گەردەلوولی بیابان دەناسرێتەوە، کاتێک عێراق ھێرشی کردە سەر  کوێت، تورکیا ھیچ رۆڵێکی نەبوو و تەنانەت رێگەی نەدا خاکی تورکیا دژ بە عێراق بەکاربێت.

جارێکی تریش، لە جەنگی ئەفغانستان و عێراق، دوای روداوەکانی ١١ ی سێپتێمبەر، ھێرشی ئەمریکا و ھاوپەیمانان بۆ سەر ھەر دوو وڵات، تورکیا ھیچ رۆلێکی سەربازی نەبینی و تەنانەت کاتێک ھێرش کرایە سەر عێراق، تورکیا رێگەی نەدا ھاوپەیمانان بنکەی سەربازی ئەنجەلیک بەکاربھێنن.
ھەر بەمەش نەوەستا، ئەمجارە کڕینی چەکی دژە فرۆکەی رووسی ناسراو بە S٤٠٠، کە ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی بنەماکانی ئەندام بوونی ناتۆیە، وە ھەر ئەمەش بووە ھۆکاری نەفرۆشتی فرۆکەی F٣٥ ئەمریکی بە تورکیا و پێنەدانی کەرەستەی یەدەگی فرۆکەی F١٦.
ئەگەر ئەمریکا بەو شێوەیە بەردەوام بێت و ئابلۆقەکەی درێژبکاتەوە بۆ فرۆشتنی فڕۆکە و کەرەستەکانی فرۆکە، ئەوە ساڵی ٢٠٢٧ ھێزی ئاسمانی تورکیا دەوەستێت و بە ناچاری دەبێت روو لە وڵاتانی روسیا و چین بکات.

وەک بڵێی بزن نانی شوانی خواردبێ، بۆیە لە جەنگی روسیا و ئۆکرانیاش، تا ئێستا تورکیا رۆڵی یەکلاکەرەوەی نەبینیووە. وڵاتانی ھاوپەیمانان بە ھەموو شێوەیەک دژی روسیان و ئابلۆقەی ئابووریان بەسەردا سەپاندوە، تورکیا ھیچ ئامادەییەکی نیشان نەداوە، تەنانەت لە کاتی دروستبوونی شەڕەکە تاکو ئێستاش تورکیا و روسیا بە ملیاران دۆلار ئالوگۆڕی بازرگانی دەکەن.

دوای ھەموو بە پێچەوانە بوونەوەکانی تورکیا، وڵاتانی ھاوپەمانی بەتەواوی بێ ھیوا بوونە لە تورکیا، بۆیە بڕیاریاندا و سەرەتا تورکیایان بێ ھیواکرد لە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا، رەنگە لە داھاتوودا لە ھاوپەیمانی ناتۆش دووری بخەنەوە.
ئەمریکا ماوەیەکە لە وڵاتێکیتر دەگەڕێت بۆ  شوێنگرەوەی بنکەی سەربازی ئەنجەلیکی بۆ بگوازێتەوە، ئەوکات تورکیا بە تەواوی پەراوێز دەخرێت، وە ھەموو ئەگەر و لێکۆڵینەوەکانیش بەرامبەر یاساشکێنی تورکیا لەسەر سەروەریی وڵاتان و بێ دەنگی ھاوپەیمانان و ئەنجومەنی ئاسایش بە تایبەتی، دەرخەری ئەوەن کە تورکیا بەرەو ھەلدێرێکی تەواو وێرانەکەری ناوخۆی بڕوات، لە سەرووی ھەموویانەوە داڕووخانە ئابووریەکەی و دابەشبوونە نیشتیمانەکەی لە داھاتوودا.
ئەوەی ئێستا لە سوریا و بە تایبەت لە عێراق دەیکات، و وڵاتان لێیی بی دەنگن، بە پێی لێکۆڵینەوەکەی ناوەندی ئەمریکی کە کار دەکات بۆ پنتاگۆن، دەڵێت؛ تورکیا لە پەلەقاژەی لەتبوونی نیشتیمانەکەی و مردنی ئابورییەکەی نزیک دەبێتەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×