ئەبێ چەند تاریق عەزیز لەنێو ئێمەدا هەبێ!

د. سه‌عید عه‌لی محەمەد
  2024-03-11     401

بەدرێژایی مێژوو هەمیشە لە دەوروبەری سەرۆك و خەلیفە و فەرمانڕەواكاندا حاشیە و كەسانێك هەبوون كە ڕۆڵی گەورە و چاك و پۆزەتیڤیان بینیوە لە ئاڕاستەكردن و ڕێنمونی كردن و گەڵاڵەكردنی بڕیارەكانی ئەو سەرۆك و فەرمانڕەوانەدا و، كاریگەریی گەورەیان هەبووە لەسەر جۆرو شێوازی ئەدای سیاسیی و بەڕێوەبردنی وڵات، لە بەرانبەردا تاقم و كەسانێكی تر بە دەوروبەری ئەو فەرمانڕەوایانەدا هەبوون كە حاشیەیەكی خراپ بوون و كاریگەری و ڕۆڵی خراپیان هەبووە لە مومارەسەكردنی سیاسەتی ئەو سەرۆك و خەلیفانەداو، بگرە زۆر كارەسات و ماڵکاولیان بۆ وڵات و میللەت و تەنانەت خودی فەرمانڕەواكەش دروست كردووە!

ئاشكرایە پەیداكردن و دەستنیشانكردنی ڕاوێژكارو كەسانی نزیك لە سەرۆك لە وڵاتانی ئێمەدا كارێكی ئێجگار قورس و ناڕەحەتە و، سەرۆك یان وەزیر هەتاوەكو چەند ڕاوێژكارێك بۆ خۆی دیاری دەكات (بە چاوپۆشی لەوەی ئەو ڕاوێژكارانە كەسانی بەتواناو شایستە بن یان نا) چەندان گرفتی بۆ دروست دەكرێ و، ڕووبەڕووی ڕەخنەو گلەیی و گازندەیەكی بێ سنوور دەبێتەوە، بەڵام لە وڵاتانی پێشكەوتوودا چونکە دەستنیشان كردن و دانانی ئەو ڕاوێژكارو كەسە نزیكانە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پسپۆڕیی و توێژینەوەیە، پڕۆسەیەكی زۆر ئاسان و بێ سەرێشەیە، هەر بۆیە لە وڵاتێكی وەك ئەمریكادا ڕاوێژكارەكانی كۆشكی سپی لە (5000) ڕاوێژكار تێپەڕ دەكات!

ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) لە سێ ئەڵقەدا بەناونیشانی (پەندو ئامۆژگاریەكان) دیمانەیەكی (یاسر عەبد ڕەببە)ی سەركردەی دیاری فەلەستین و كەسایەتیەكی نزیك لە یاسر عەرەفاتی سەرۆكی پێشووی كۆچكردووی (بزوتنەوەی فەتح)ی بڵاوكردۆتەوە ، ناوبراو ئاماژە بە هەندێ لە وێستگەكانی ژیانی سیاسی خۆی دەكاو پەردە لەسەر هەندێ لە نهێنییەكانی پشت پەردەو كۆبونەوە داخراوەكان لادەدات! ئەوەی لەو دیمانەیەدا زیاتر سەرنجی ڕاكێشام ئەوە بوو ئەو سەركردە فەلەستینە باسی ئەو كەسانە دەكات كە هەمیشە لە دەوروبەری سەرۆك و بەرپرسە باڵاكاندا كاریگەری خراپ و جەهەننەمیان لەسەر ئەو سەرۆك و فەرمانڕەوایانە هەیە!

ئەو دەڵێ : حاشیە و كەسانی نزیك لە سەرۆك زۆرجار كەسانی ماستاوچی و هەلپەرست و بەرژەوەندپەرستن، كەسانێكی خاوەن عەقیدە و فەلسەفەیەكی جێگیر نین و، بەپێی میزاج و ئارەزووی ئەو بەرپرس و سەرۆكانە مامەڵە دەكەن و قسەو باس و ئامۆژگاری و زانیارییەكان دەگەیەنن!

یاسر عەبد ڕەببە دەڵێ : ئەو حاشیە و كەسە نزیكانە ئەوەی كە سەرۆك بەلایەوە باش و پەسەند بێت بۆی دەڕازێننەوە و جوانی دەكەن و، كاتێك سەرۆك ئەبینن پشتیوانی خۆیانی بۆ دووپات ئەكەنەوە، ئەو دەڵێ : هەر ئەو كەسە نزیكانە كاتێك لە سەرۆك دوور دەكەونەوە زمان دەگۆڕن و بەشێوەیەكی جیاوازتر قسە و مامەڵە دەكەن! كە بەڕاستی ئەم جۆرە كەسانەش وەك (عەبد ڕەببە) دەڵێ مرۆڤی ترسنۆك و خۆرە و بێ كەڵكن.

ئەو سەركردە فەلەستینیە نمونەیەك دەهێنێتەوە و دەڵێ: كاتێك (یاسر عەرەفات) ئامۆژگاری سەددامی دەكرد بەوەی با عێراق توشی ئەو كارەساتە نەبێت كە توشی گەلی فەلەستین بووە، سەدام وەڵامی دەدایەوە و ئاماژەی بەڕووناكیەكانی نێو بەغدا دەكرد و دەیووت: من چۆن ئێستا ڕووناكییەكانی بەغدا دەبینم هەر ئاواش ڕووناكیەكانی قودس ئەبینم! لەو نێوەندەدا تاریق عەزیز بە شان و باڵی سەدامدا دەهات و بە یاسر عەرەفاتی دەووت: سەدام دەیەوێت قودست بۆ ڕزگار بكات تۆش ڕەفزی ئەكەیت؟!

عەبد ڕەببە دەڵێ : بەڵام كاتێك تاریق عەزیز لە سەدام دووردەكەوتەوە و لەگەڵ مندا قسەی دەكردو كۆدەبوینەوە، پێی دەوتم : بە یاسر عەرەفات بڵێ ئەگەر سەدام لەسەر سەپاندنی ڕاوبۆچوونی خۆی بەردەوام بێت ئەوا كارەسات و كاولكاری ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە!

منیش لە كۆتایی ئەم گێڕانەوەدا و لەبەر ڕۆشنایی قسەكانی دیمانەكەی عەبد ڕەببەدا دەپرسم : دەبێت ئێستاكە چەند جۆر تاریق عەزیز لەنێو ئێمەدا هەبن و ڕۆڵی تاریق عەزیز بگێڕن؟! دەبێ چاوەڕێی چەند عەبد ڕەببە بكەین تا ڕاستیەكان و پەنهانیەكانی پشت پەردە و ژوورە تاریكەكانمان بۆ بگێڕنەوە؟!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×