جارێکی دی گەمەی ھەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک ، ھاتەوە کایە ، بەڵام گومان لای ئێمەمانەند ئەوەیە ، کە چۆن ئەو بەناو مەحکەمە ئیتیحادییەکەی فایەق زێدان ، ئەو داوای نەکردنی ھەڵبژارنەی کەرکووکی ڕەتکردەوە . گومانەکەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت ، کە کوردواتەنی بڵێین :"ئەم ماستە موویەکی تێدایە " چونکە دڵنییان کە فایەق زێدان و دادگاکەی ، بەبێ ئەرێی دەسەڵاتدارانی شیعە ، پەنجە بە ئاودا ناکەن ! . ئەی خێرە وا ئەمجارە ھەڵبژاردنی کەرکووکیان لەلا ئاساییە و داوای ھێندێک لە عەرەب و تورکمانی ئەو شارە ، بۆ نەکردنی ھەڵبژادن ڕەتدەکەنەوە ؟! . بڵێی ئەمە سیناریۆیەک نەبێت و بە باشی بناوانی شێلرابێت و بزانن کە مەبەستی خۆیانیان دەستەبەر کردووە و دەزانن ، کە عەرەباندنە نوێیەکەیان لەسەر دەستی ڕاکانی جبووری و بە ھاوکاریی وەزیر و دەسەڵاتدارانی شیعەو سوننەی بەغدا بەئامانج گەیاندووە و ترسیان لە زۆرینەیی دەنگدەری کورد لەشارەکەدا نەماوە ، بۆیە دەیانەوێت بەم بڕیارەی مەحکەمەکەی فایەق زێدان ، بەتیرێک دوو نیشانە بپێکن ، کە یەکەمیان ئەوەیە کە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و کورد و ئێراقیش بڵێن ئەوەتا ئێمە دیموکراتانە کاردەکەین و کێ زۆرینە دەبێت با ببێت . دووەم ئەوەیە کە دووای دەرچوونی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن ، بڵێن ئیتر کورد با ھێندە باسی کەرکووک نەکەن و تاریق عەزیزئاسای بەعس ، پێمانبڵێن مافتان لە کەرکووکدا ، تەنیا ئەوەندەیە ، کە بەلایدا گوزەرتانکرد ، دەتوانن بۆی بگرین ! .
لای بەندە ئەوان ھەرچییەک بکەن ، بۆم گرنگ نییە ، چونکە ئێمە ئەزموونی پتر لە ٧٠ ساڵی حوکمڕانیی ژێردەستی سونەیانمان ھەبوو ، وا دوو دەیەشە شیعە حوکمڕانن و بەردەوام لەھەوڵی ئەوەدان ، کە ڕیسی کورد بکەنەوە بە خوری !. دیارە من گلەیی لەوان ناکەم ، چونکە چاک دەزانم کە کارکردنیان بەپێی ( ڕلفتویٰ ڕلمخفیە ) و ( مبدڕ ڕلتُقیە )یەو ھەر واش کاردەکەن و ئەوەش شەرعییەتی ئەوەیان پێدەدات ، کە بڕوایان بە دیموکراسییەت و مافی خەڵکی تر ، تا ئەو کاتەبێت ، کە نەتوانن پێشێلیبکەن ، بەڵام ھەر کە ئەو توانایەیان بەدەستھێنا ، ئیدی بەئاشکرا بڵێن ئەو ڕۆژگارە گوزەشت ، کورد بڵێت ئێمەو شیعە ھاوپەیمان بووین و پێکەوە خوێنمان لەپێناوی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا ڕشتووە . لەئێستادا ئەوان ئەم بۆچوونەیان بەئاشکرا بۆ میدیاکانیش باسدەکەن ، وەک ئەوەی ، کە بەڕێز ( قەیس ئەلخەزعەلی ) بەئاشکراو بێپێچوپەنا وتی و بڵاوبووەتەوە .
وەک وتم گلەیی لەوان ناکرێت ، بەڵکو گلەیی لەخۆمانە ، بەتایبەت حیزبانی دەسەڵات و باڵباڵێنەکانیان ، کە ڕوویەکی جوانیان پیشانی کەرکووکییەکان و کوردی کەرکووک بەتایبەتی و بگرە شارەکانی تری ھەرێمیش نەداوە و تا ئەم ساتە وەختەش ھەر لەسەر جرت و فرت و فاکوفیکی خۆیان بەردەوامن !. ئاخر ھەر ئەمان نەبوون ، کە ڕازیبوون بەوەی بەو ناوچانەی کوردستان بوترێت ( مناگق متنازع علیھا ) ئاخر ئەم فەرمایشتە ناقۆڵایە ، ئەو واتایەش ناگەێنێت کە خەڵکی تریش مافی لەو ناوچانەدا ھەیە ؟!. ئەمە چ بەڵایەک بوو بۆ کوردیان خوڵقاند !.
ئێستا وا چەند ڕۆژێک ماوە بۆ ئەو ھەڵبژاردنە ، کە ھەموو دڵسۆزانی کورد ، دەستیان لەسەر دڵیانە ، چونکە دۆڕاندنی ھەڵبژاردنەکە ، دەبێتە ھۆی دادانەوەی پەردە لەسەر مافی کورد وەک خاوەن خاک لەشارەکەکەدا . لێرەدا پرسی گرنگ ئەوەیە ، کە ئایا حیزبانی کورد دەرکی ئەم ترسناکییەیان کردووە ؟ خۆ ئەگەر کردوویانە ، ئایا وەک ئەوەی کە لەسەر لیستێکی یەکگرتوو ڕێکنەکەوتوون ، ئایا بەجیا کاری ڕژدیان کردووە ، تاوەکو کورد زۆرینە بەدەسبێنێتەوە ؟. ئەوەی ئێمە دەیبنین کوردێکی زۆری کەرکووک لەشارەکانی ھەرێمدان ، کەبەزۆری ئەوانەشن ، کە بەناو سەر بە حیزبەکانن ، ئایا ئامادەکاریی پێویست کراوە ، ئەوانە کەمتەرخەمی نەکەن و بچن بۆ دەنگدان . یاخود بڵیی کارتەکانیان نوێکردبێتەوە ؟.ئایا ھەوڵیانداوە چاودێریی عەرەب و پێکھاتەی تر بکەن ، تاوەکو نەتوانن فرتوفێڵ لە کوردی بەدبەخت بکەن؟
لە کۆتاییدا ڕووی دەمم دەکەمە خەڵکە بەشەرف ستەمدیدەکەی کەرکووک و تکاتان لێدەکەم ، نەکەن بەھۆی گەندەڵی و پاتاڵیی حیزبانی دەسەڵات و باڵباڵێنەکانیاوە ، خەمساردی بەرامبەر ئەم دەنگدانە بکەن ، چونکە بە ڕاستی دۆڕاندنمان لەم دەگدانەدا ، دۆڕاندنی ھەموو کوردی کوردستانی گەورەیە ، کە چاوی ھیوایان بڕیوەتە ئەم ھەرێمە و دۆڕاندنی کەرکووکیش دۆڕاندنی ھەرێمەکەش دەبێت و دەبێتە خاڵی ھەرەسھێنانی پرسی نەتەوە و نیشتمانەکەمان ، کە ڕەنگە بۆ سەدساڵی تر لە ھاوکێشەی پەرژەوەندییە ھەرێمی و نێودەڵەتییەکانمان بکەنەدەرە و ھەموو ئەو ڕووبارە فرمێسک و خوێنە ی سەدساڵی ڕابردوومان بدرێت بەبادا . دەنگدانی ئەم جارەتان کارێکی پێشمەرگانەی ڕاستەقینەیە و سەرکەوتنتان تیایدا ، وەک بەھاناوەچوونی ئەو پیرەمێردە پەڵکانەییە وایە ، کە وێڕای بێھێزی و دەستلەرزۆکییەکەشی ، ململانێیەکی پاڵەوانانە لەگەڵ دڕندە داگیرکەرەکاندا دەکات ، کە بەپاڵپشتیی سوپا و مێلیشیاکانیان ، بەھەموو شێوەیەکی نا مرۆڤانە ، کاردەکەن بۆ وەدەرنانی کورد لەسەر زەوی و زاری باب و باپیریان . دەنگدانی ئەمجارەتان ، بەرگرتنە بە و ھەڵمەتی عەرەباندنەی کە لە حەوتەغار و دووبز و خورماتوو و ناوچەکانی تر دەکرێت . دەنگدان و بردنەوەتان لەم دەنگدانەدا ، شادکردنی گیانی شەھیدانمان دەبێت . دایکانی شەھیدانی کوردستان ، چاویان بڕیوەتە ئاکامی ئەم ھەڵبژادنە ، ھیوادارین مژدەی سەرکەوتنی دیموکراسیانەیان پێبدەن . سەرفرازبن .