سلێمانى شاره‌ ستەم دیدەكه‌م

ڕێبوار عەلی
  2023-11-14     287

ساڵى1992 مامۆستا جه‌مال بابان  كتێبێكى له‌سه‌ر مێژووى شارى سلێمانى بڵاوكردوەو ناوى لێنابوو (سلێمانى شاره‌گه‌شاوه‌كه‌م) تاكو له‌ئاستى گه‌وره‌یى و شكۆمه‌ندى شاره‌كه‌دابێت.

منیش وه‌كو چوارباخیه‌ك و خه‌ڵكى دێرینى شاره‌كه‌ (کە باپیرەو باوکم و خۆم لە چوارباخ لەدایک بووین )، له‌ دواى راپه‌رینه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێڕێزیم به‌رامبه‌ر به‌م شاره‌ بینیوه‌ له‌باسكردن نایه‌ت، به‌تایبه‌تى له‌ ڕوى كارگێڕى و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ ئه‌م شاره‌ هه‌ر زۆر ستمدیده‌ بووه‌، سزاكاى ئه‌م دواییه‌ى سه‌پێنران به‌سه‌ر سلێمانیدا باشترین به‌ڵگه‌ى حاشا هه‌ڵنه‌گرن، هه‌ربۆیه‌ به‌لامه‌وه‌ سلێمانى ئیستا له‌ هه‌مووكاتێك زیاتر سته‌ملێكراو تره‌ .

له‌دواى پارێزگارى مێژوویى شاره‌وه‌ تۆفیق وه‌هبى  زاناوزماناسى كورد، كه‌ساڵى 1930حوكومه‌تى ئه‌وكاته‌ى عیراقى  له‌به‌ر هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانیه‌كانى له‌ پارێزگاریى دوورى خسته‌وه‌و نه‌فى به‌غدادیان كرد، له‌ورۆژگاره‌وه‌و هه‌تاوه‌كو دواى راپه‌رین شارى سلێمانى ته‌نهاپارێزگارێكى نمونه‌یى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ كه‌ئه‌ویش مامۆستاجه‌مال عه‌بدول  داناورۆشنبیرو كه‌سایه‌تى ناسراوڕەسەنی شاره‌كه‌بوو، ئه‌فسوس له‌به‌رهۆكاره‌كانى ئه‌وێ رۆژێى كوردستان نه‌یان ده‌هێشت به‌ته‌واوى كاره‌كانى خۆى ئه‌نجام بدات .به‌داخه‌وه‌ سلیمانى له‌برى ئه‌وه‌ى كه‌سانى ڕه‌سه‌نى شارو  ڕاستگۆو خزمه‌تكار وجێگه‌ى متمانه‌ى خه‌ڵك به‌رێوه‌ى به‌رن، هه‌رده‌م پیاوانى حیزب و كه‌سى بەرژه‌وه‌ندخوازو ده‌ستكه‌لاكانى ده‌سه‌ڵات، به‌ئاره‌زوى سه‌رانى حیزبى فه‌رمانڕه‌وا، شاریان به‌ڕێوه‌ بردووه‌و نه‌گه‌راونه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌ڵكى ڕه‌سه‌نى شاره‌كه‌- به‌ لایه‌نى كه‌مه‌وه‌- ناوى بنه‌ماڵَه‌كه‌یان له‌ كتێبى شارى سلێمانیدا هه‌بێت. سیستمى كارگیرى له‌ سلێمانیدا هه‌رگیز له‌ئاستى گه‌وره‌یى وپێگه‌ى رۆشنبیرى و سیاسى و مێژوویى شارى هه‌ڵمه‌ت و قوربانى دانه‌بووه‌ .

ئه‌وشاره‌ى یه‌كه‌م حكه‌مه‌تى كوردیى له‌ 17-11-1918له‌به‌رده‌ركى سه‌رادا تیادا راگه‌ێنرا،كاتى خۆى ئگلیزى داگیركه‌رى هه‌راسان كرد،دهەر دوو دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی هەردەم هەوڵیانداوە مەحکوم و سوخرەکێشی بکەن، بۆیان نەخۆتەسەر.  به‌درێژایى ده‌سه‌ڵاتى رژێمه‌ شۆفێنیه‌كان سه‌رى دانه‌نه‌واند و و به‌عس به‌ شاره‌ دژواره‌كه‌ ناوى ده‌بردو له‌به‌رنامه‌یاندابوو ڕاگوێزىبکات، به‌ڵام بۆیان نه‌چووه‌ سه‌ر.

به‌ڵام بینیمان ده‌سه‌ڵاتى كوردى له‌ ساڵى 1994دا شه‌ڕى ناوخۆى تیادا به‌رپاكرد، ده‌ستى دوژمنى ده‌ره‌كیان گرت و به‌شاردا گوزه‌ریان پێكرد ! له‌ 17ى شوباتی 2011دا شاریان خه‌ڵتانى خوێنكرد ! له‌ 19ى نیسانى هه‌مان ساڵدا ئه‌نفالى خوێندکارانی زانكۆى سلێمانیان كرد!  هەردەم دەزگائەمنیەکانی شارسەرانیان لەدەستی کەسانی هاوردەدابوون، پەلاماری نوسەرانی شاریانداوە وەک لە کاتی ناڕەزاییەکانی ساڵی 2011 دا چەندین تۆمەتیان بۆ نوسەری گەورەی کورد د. فاروق ڕەفیق کە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانی دەکرد بۆ هەڵبەست، لێدان و هەڵکوتانە سەر ڕۆژنامەنووس ئاسۆس هەردی و گرتن و ئازاردانی ڕوناکبیر ڕێبین هەردی. تەنانەت کەسێکی وەکو بەندە لانی کەم قەڵەم بەدەستێکی شارەکەم،لە بەرواری 4/8/2022  بەهێزێکی چەکدارەوە، کە خەڵکی  هەڵبجەو ڕانیە و شارباژێڕبوون - لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە-،بەعس ئاسا هەڵیان کویایە سەرماڵم و کەلەپەچەیان کردم و کیفی ڕەشیان کرد بەسەرما و ماوەی هەفتەیەک بێ لێپرسینەوە لە زیندانی تاکەکەسی لە باستێلەکەی سێلمانی بە فەرمانی کوڕانی تاڵەبانی و بە موبارەکەی کوڕانی بارزانی، لەسەر بیروڕاکانم زیدانیان کردم!   

هەروەک روداوه‌كانى 2012ده‌ستپێكى سوكایه‌تیه‌كان بوو به‌ شار، مافیاكانى گه‌نده‌ڵى كه‌ده‌ستیان له‌ بیناقاقاى شاردایه‌، له‌ سیناریۆیه‌كى ناوخۆیاندا كاره‌ساتى قایمقامى قه‌زاى ناوشاریان به‌رپاكردو وه‌كو به‌رزه‌كى بانان بۆى ده‌رچوون .تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و هامنۆی کوڕیان، بەشێوەیەکی دڕندانە لە بەرواری 16/10/2019 لەناو جەرگەی شارداو شاردیانەوە.

ئیستا له‌م شاره‌داهه‌موو بڕگه‌كانى كارگێڕى هه‌رله‌ پارێزگاره‌وه‌ هه‌تا هه‌موو به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌كان به‌ته‌زكیه‌ى حیزبیى و به‌كه‌سانى  لاواز و گوێ له‌مستى حیزبى پڕكراونه‌ته‌وه‌ وهه‌ررۆژه‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌ك ئەنجام دەدەن.  بۆ بەڵگە هاوینی ساڵی 2012  کۆنفرانسێکی تایبەت بە گەشەکرنی شار بەسترا، بە سەرپەرشتی مامۆستا شێرکۆبێکەسی شاعیر و کەسایەتیەکانی شارتیادا بەشداربوون، لەوێ ڕاگەێبراکە %80 سەرجەم پۆستاکانی شار ڕادەستی کەسانی ناشیستەی هاوردری شوێنانی تر کراون، دڵنیام ئەوانە زۆربەی کەسانی ملکەچن و ئەقڵیەتی شاروشارستانیان لاوازەو بۆ بەرژەوەندی خۆیان و کەسانی تر کاردەکەن و خەمی شاریان نییە.  هەرچی خەڵکە دێرین و شارەزاکانی ناو شارەکەشە گەمارۆ دەدرێن و دووردەخرێنەوەو تەرە دەکرێن.  کە سەر ئەنجامیش ئەو پاشا گەردانی و وێرانکاریەیە، کە دیمەن و دیزانی شارەکەی شێواندووەو بەزەییان بە ڕەسەنایەتی شارەکەدا نایەتەوەو تەماحی چەند چەند کەسێکی پێ تێردەکرێت، حه‌مدى شاعیر لە مێژە گوتویەتی :

                    ڕه‌ببى موى لێبێ زمانى په‌نجه‌كانى هه‌ڵوه‌رێ

                      هه‌ركه‌سێ گوڵشه‌ن به‌ده‌ردى گوڵخه‌نى دۆزه‌خ به‌رێ

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×