بیرەوەرییەکانم لەگەڵ فوئادی سۆلیدارێتی

مامۆستا سۆران
  2023-11-04     590

سەرەتای مانگی دووی ١٩٩٨ کاتێک لەوانەی پێنجەم تەواو بووم هاتمە خوارەوە بۆ ژووری مامۆستایان پشوو بدەم. هاوڕێیەکم بەناوی ئومێد پێیووتم: سۆران لەڕێکخراوی سۆڵیدارێتی هاوڕێیەکمی لێیە خولی کۆمپیەتەری کردۆتەوە بۆ مامۆستایانی بیرکاری و فیزیا با بچین بەشدار بین.

ئەوەبوو رۆشتین .کاتێک گەیشتین پیاوێکی ئەسمەری خوێن گەرمی روخۆش بەناوی فوئاد پێشوازی لێکردین هیچ هەستم بەوە نەکرد کە یەکەم جارمە بێمە ئەم شوێنە. ڕێکخراوەکە زۆر ڕێک و پێک و دڵگیر بوو. ئیتر فوئاد بوو بەو کەسەی کە کاریگەری زۆری لەسەرم هەبوو سەرتاپا بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتی گۆڕیم.

فوئاد پیاوێک پڕاوپڕ لەجوانی، پڕاوپڕ لەڕەوشتی بەرز لێوان لێو لەبیروباوەڕی مرۆڤایەتی. بەداخەوە کە ناتوانم و لەتوانای خامەکەی مندا نیە پێناسەیەکی تەواوی فوئاد بکەم.

ئاگەرچی بیرەوەری و یادگاریەکانی فوئاد ئەوەندە زۆرن رەنگە لەدووتوێ کتێبێکی ١٠٠٠ پەرەیدا تەواو نەبێت. ئەگەر بتوانم دڵۆپێک لە دەریای بیرەوەریەکانم لەگەڵ فوئاد دەنوسمەوە:

 

* سەرەتای کارکردنم لەسۆلیدارێتی

لەسەرەتای خولەکەدا بووین کاتێک فوئاد وانەی پێ دەووتین ڕاهێنانێکی داینێ من بۆم نەکرا هاتە لامەوە سەیری کرد بەهەڵە ئەنجامم دابوو لەپڕو بەڕویەکی خۆش‌و دۆستانەوە پڕ بەهۆڵەکە هاواری کرد (وەحشی)! منیش دامە قاقای پێکەنین هەموو بەشداربوانی خولەکە دایانە قاقای پێکەنین. دوای تەواو بونی خولەکە بەئاستێکی باش دەرچوم، فوئاد پێیووتم دەتوانی بێیتەوە راهێنانی زیاتر بکەیت. ئەوە بوو منیش رۆژانە سەردانی ڕێکخراوەکەم دەکردو بێ بەرامبەر راهێنانم دەکرد لەسەر ئامێری کۆمپیوتەر.

پاش ماوەیەک فوئاد گەڕایەوە بۆ سوید بەڵام من بەردەوام کەم و زۆر هاتوچۆی رێکخراوەکەم دەکرد . دوای سێ مانگ گەڕایەوە. ڕۆژێک فوئاد بانگی کردم پێی راگەیاندم کە خۆبەخشانە کار بکەم لەرێکخراوەکە، بەڵام من نەمتوانی بەخۆبەخشی کار بکەم چونکە نەمدەتوانی تەنها بەموچەی مامۆستایی خێزانێکی چوار کەسی بەرێوەبەرم . رۆژانە دوای دەوام کاری چاککردنی بەفرگرم دەکرد. ئەوە بوو فوئاد پێشنیاری ئەوەئ بۆ کردم کە واز لەو کارە بهێنم لەجیاتی ئەوە مانگی ٢٥ دۆلارم موچە پێ بدات . منیش رازی بووم . ئەوە بوو لێبراوانەو دڵسۆزانە کارم کرد تا کەمێک باری دارایم باش بوو ئیتر خۆبەخشانە لەگەڵ فوئاد مامەوە تا ١٣/٩/٢٠٢١ کە دەکاتە ناخۆشترین رۆژی ژیانم کە تیایدا فوئاد بۆ دواجار بەجێیهێشتم. بەکۆچی داوایی فوئاد بۆشاییەکی گەورە لەژیانم دروست بوو کە هەرگیز ناتوام پڕی بکەمەوە.

 

* دەستپێکردنی وەرزش                                                                                           

فوئاد کەسێکی وەرزشوان بوو حەزێکی زۆری بۆ وەزش هەبوو . ڕۆژێک دەمەو عەسر بڕە پارەیەکی دامێ وتی بڕۆ کالەو جلی وەزشی پێ بکڕە ئێوارە بە یەکەوە دەچین بۆ راکردن لەیاریگای سلێمانی (مەلعەبەکە). ئەوە بووم چووم لەگەڵیدا بۆ یەکەمجار بەدەوری یاریگاکەدا توانیم چوار خول بسوڕێمەوە بەرامبەر بە نۆزدە خولی فوئاد . ئیتر لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامم لەوەرزش کە سودێکی زۆری بۆ جەستەم هەیە.

فوئاد کەسێکی وەرزشوان بوو زۆریش وەرزشوانی خۆش دەویست هەر بۆیە هەمیشە هانی دەداین بۆ وەرزشکردن . هەفتانە هەموو ئەندامانی سۆلیدارێتی دەبرد بۆ راکردن بە دەوری شەقامی شەست مەتری . دوای راکردنی دە بۆ پازدە کیلۆمەتر ئنجا دەچوین بۆ حەمامی شەعب دوای بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە حەمام ئنجا دەچوین بۆ لای ئەحەی گوڵە و نانی بەیانیمان دەخوارد. لە پاشان هەرکەس دەگەرایەوە بۆ ماڵی خۆی.

 

* شاخەوانی

فوئاد زۆر گرنگی بە وەرزش دەدا هەر بۆیە دوو قۆڵی و هەندێ جاریش سێ قۆڵی و چوار قۆڵی واتە لەگەڵ شوانە و بەهرۆزیش کە ئەوانیش دوو ئەندامی دڵسۆزی سۆڵیداریتی بوون شاخەوانیمان دەکرد. بەیانیانی رۆژی هەینی سەردەکەوتین بۆ سەر شاخی گۆیژەو دەهاتینە خوارەوە بەدەم قسەی خۆش و گاڵتەو گەپەوە لەپاشان بۆ حەمامی شەعب ئنجا نانی بەیانی لە چاخانەکەی سابونکەران.

 

* سەفەری گەرمیان                                                                                                        

دیارە پێش هاتنی من بۆ ڕێکخراوەکە سۆلیدارێتی چەندین کاری مرۆیی و هاوکاری لەگەرمیان ئەنجام دابوو . لەوانە کردنەوەی خوێندنگا، بنکەی تەندروستی، دابەشکردنی بنە تۆو، دابەشکردنی شەش سەر مەڕ و بزن بەسەر جوتیارو بەجێماویی ئەنفال کراوەکان.ڕۆژێک فوئاد پێی راگەیاندم کە پێکەوە دەچین بۆ گەرمیان بۆ بەدوادا چوون و بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکان . منیش بەخۆشحاڵیەوە رازی بووم بۆ یەکەمجار خاکێکی سوتماکم بینی و هەستم بەگەورەیی تاوانی ئەنفال کرد.

 

* ئامەخان                                                                                             

نابێ و ناکرێ ئاماژە بە ڕۆڵی گەورەی ئامەخانی دایکی کاک فوئاد نەدەین سەبارەت بە خزمەتکردنی سۆڵییدارێتی و ئامادەکرنی ئەو خواردنە خۆشانەی لەهەموو سەفەرێکدا هاوسەفەرمان بوو. ئامەخان ئەندامێکی کاراو دڵسۆزی سۆڵیدارێتی بوو. رۆحی شاد بێت.             

     

* دێرێ

گوندێکی دڵگیری بناری گمۆیە ٦٠ کیلۆمەتر لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سلێمانییە لەناوچەی شارباژێر لەسەر سنوری ئێران. فوئاد باخێکی دڵگیری دروست کردبوو کە بۆ پشودان و هەندێ جاریش کۆبونەوەکانی سۆڵیدارێتیمان لەوێ ئەنجام دەدا.

جارێکیان هەموو ئەندامانی سۆڵیدارێتی و هەندێ میوانی دەرەوەی سۆلیدارێتیشمان هەبوو، گۆشتێکی زۆرمان کڕیبوو کە لەوێ بیبرژێنین. بەندە بەرپرس بوو لەبەرێوەبردنی سەیرانەکە. کاتێک گەشتین ویستمان گۆشت ببرژێنین بەداخەوە من گۆشتەکەم بیرچووبوو، بوو بەهەڵا، بەڵام فوئاد هیچ خۆی تێک نەدا راستەوخۆ رویکردە کاک مەحمود کە دانیشتوی گوندەکە بوو رایسپارد کاوڕێک بکڕێت، ئەوە بوو بە ماوەیەکی کەم گۆشت ئامادە بوو.

فوئاد هەمیشە چارەسەری کێشەکانی دەکرد بێ ئەوەی هیچ گرژیەک بە روخساریەوە دیار بێت. دوای نان خواردن و حەوانەوە ئنجا خۆمان ئامادەکرد بۆ سەرکەوتن بە شاخی گمۆدا ئەوەبو بەرێکەوتین، بەڵام فوئادو شوانە شارەزاییان هەبو لەکێڵگەی مینەکاندا پێشمانکەوتن و ڕیگایان بۆ پاک دەکردینەوە. دیارە مینێکی زۆری لێ بوو کە کاتی خۆی حکومەتەکەی سەدام حسێن لەشەڕی عیراق- ئێراندا چاندبوونی. ئەوە بوو دەمەو ئێوارەیەکی درەنگ سەرکەوتینە سەرەوە. لەڕێگا کاک سەلام و کاک نوری عەبۆلمان لەگەڵ بوو زۆر دەترسان لەهەرشوێنێک کاک سەلام پێی دابنایە کاک نوریش لەهەمان شوێن قاچی دادەنا. کە چوینە سەرەوە ئەوەی سەرنجی راکێشاین ژمارەیەکی بێشومار خاڵخاڵۆکە بو کە من یەکەمجار بوو ئەو ژمارە زۆرە لە خاڵخاڵۆکە ببینم. شەوێکی زۆر خۆش و دانسقەمان بردە سەر بەرەبەیان کە خەبەرمان بۆوە ئەو دیمەنە جوانەی لەسەر شاخی گمۆ بینیمان جارێکی تر دوبارە نابێتەوە. ئنجا بەرەبەیان هەموو هەستاین لەو کەش پاکەدا نانی بەیانیمان حازر کرد. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەڕۆڵی کاک ساڵحی عەبۆل بدەم کە دەستێکی باڵای هەبو لە ئامادەکردنی خواردندا. هەموو قەرزاری ئەو پیاوە جوانەین.

 

* تەقینەوە

یەکێ لەپڕۆژاکانی سۆڵیدارێتی هەڵگرتنەوەی مینە جێنراوەرانی رژێمە یەک لەدوایەکەکانی عێراق بوو . لەڕاستیدا فوئاد زۆر ماندو بوو لەم پڕۆژەیەدا. ئەگەرچی لەسەرەتادا فوئاد لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆژەکەدا نەبوو بەکارێکی قورسی دەزانی‌و دەیگوت ئەمە لەتوانای سۆلیدارێتیدا نیە، بەڵام دواجار ملکەچی خواست و ئیرادەی هاوڕێکانی بوو. ئەوە بوو سۆلیدارێتی باجێکی زۆری دا لەو پێناوەدا هەر لە شەهید بوونی چەند برادەرێک بە ناوەکانی (فەرهاد، بەهادین، کەنعان، سەباح، بەکر)، برینداربون‌و کەمئەندام بونی برادەران (عومەر، حەسەن، یوسف، شوان، ئاراس، ئومێد)، بەڵام هەمیشە فوئاد گەشبین بوو دەیگوت ئێمە توانیومانە ژیانی دەیان خێزانی جوتیاری کورد دابین بکەین لەڕێگەی پاکردنەوەی زەویەکانیان لەمین.

گەلێ یادەوەری تاڵ و شیرین لەم پڕۆژەیەدا هەیە . لەوانە کاتێ مین هەڵگرەوەکان مینەکانیان هەڵدەگرتەوەو کۆیان دەکردەوە، لەپاشان چاڵێکی گەورەیان هەڵدەکەندو مینەکانیان تێدەکرد کە ژمارەیان سەروو هەزار دانە دەبوو. ئنجا من و فوئاد دەچوین لە نزیک چاڵەکەوە حەشارگەیەکمان دەدۆزیەوە بۆ ئەوەی وێنەی تەقینەوەکە بگرین. سەرەتا من دەترسام چونکە زۆر نزیک بوین لەتەقینەوەکە. پاش تەقینەوەکە وەکو نیمچە سەیرانێک بەدەم قسەی خۆشەوە نانمان دەخواردو دەگەڕاینەوە بۆ شار.

 

* شەهید بوونی بەکر برا

رۆژێک من و فوئاد و شوانە بەرەو گەرمیان بەرێ کەوتین بۆ بەسەر کردنەوەی ئەو پڕۆژانەی کە سۆلیدارێتی ئەنجامی داون. گەشتێکی زۆر خۆش بوو لەگەڕانەوەدا لەسەر چیای گڵەزەردە نانمان خوارد، بەڵام بەداخەوە کە گەشتینەوە سۆڵیدارێتی بەسەر کارەساتێک ناخۆشدا کەوتین ئەویش هەواڵی شەهید بوونی دوو هاوریمان بوو بەناوەکانی (بەکر، سەباح)و برینداربونی هاوڕێیەکی ترمان بە ناوی (ئەبوبەکر) کە لەگوندی چنارەی شارباژێر مینێکی جۆری ڤاڵمارایان پیا تەقیبوو. کاریگەری ئەو روداوە لەسەر فوئاد زۆر قورس بوو، چونکە فوئاد بەکری زۆر خۆشدەویست هەر لە خۆشەویستیدا بانگی دەکرد (بەکر برا).

بەکر برا لەپاش خۆی دوو کوڕی بەجێهێشت بەناوەکانی (پاڤێڵ، شڤان)، خۆشبەختانە ئێستا گەورە بون‌و خوێندنیان تەواو کردوە دیارە کە نەسرینی دایکیان ئافرەتێکی بەهێزو دڵسۆز بووە بۆیان.

 

* فوئادو گاڵتەو گەپ

فوئاد کەسێکی زۆر چالاک بوو لەکارداو لەهەمانکاتیشدا زۆر حەزی بەقسەی خۆش و گاڵتەو سوعبەت بوو .

جارێکیان مینێک لەجۆری  Vs لەژێر پێی ئاراسی دیماینەر تەقی، بەداخەوە قاچی راستی لەخوار ئەژنۆوە قرتا. لەگەڵ فوئاد چوین بۆ سەردانی، فوئاد پێیگوت: ئاراس ئەوە ئیتر نەجات بوو لەنینۆک کردنی قاچی راست بەمەش مەجلیسەکە کرایەوەو دەستکرا بەقسەی خۆش، تا رادەیەک دڵنەوایی بوو بۆ ئاراس .

 

* بەناو بەفرا بەرەو دێرێ

 ساڵانە جارێک یان دوو جار لەکاتی بەفر باریندا دوو بەدوو لەگەڵ فوئاد بەرەبەیانێکی زوو لەسلێمانیەوە تەکسیەکمان بەکرێ دەگرت تا قەیوان لەوێ دادەبەزین . ئنجا بەپێ دەکەوتینە ڕێ بەرەو دێرێ بەڕێدەکەوتین. ڕێگاکە ٧ سەعات بۆ ٨ سەعاتمان پێ دەچوو چونکە ڕێگاکە زۆر سەخت بوو هەورا و نشێوێکی زۆر دەهاتە ڕێگامان. بەشاخی ئامەدەیندا سەردەکەوتین و لەپاشان شۆڕدەبوینەوە بۆ سەراوو میراو ئنجا  پشوویەکی کورتمان وەردەگرت، لەو کاتەدا فوئاد دەستی دەکرد بەگیرفانیدا و دوو باسوقی دەردەهێناو یەکی دانەیەکمان دەخوارد لەو کاتەدا هێندە بەتام بوو کە باوەڕ ناکەم جارێکی تر تامێکی وا بچێژمەوە. ئنجا بەرەو گمۆ سەردەکەوتین کە زۆربەی جارەکان کاتێک نزیک دەبوینەوە لەلوتکەی گمۆ من توشی رشانەوە دەبوم، ئیتر فوئاد  بەدیارمەوە دەوەستا هەتا دەهاتمەوە سەرخۆ. لەپاشان سەرەو خوار دەبوینەوە بەرەو هەزار کانی‌و ئنجا بۆ دێرێ کاتێک دەگەشتین تەواو شەکەت بووین خێرا زۆپا دارەکەمان دادەگیرسان و ژورەکەمان گەرم دەکرد . راستەخۆ خەومان لێ دەکەوت دوای ئەوەی سەرخەوێکمان دەشکاند ئنجا دەستمان دەکرد بەنان خواردن و چا خواردنەوە . ئنجا فوئاد کە زۆر حەزی بەگۆرانی دەکرد .پێشتر جەند گۆرانیەکی دڵخوازی هەردووکمانی ئامادە کردبوو دەیخستە سەر ئامێرە دەنگیەکەو بەدیاریەوە چێژی تەواومان لێ وەردەگرت. کە چێژو تامی ئەو گەشتانە پێموانیە دووبارە بێتەوە.

جارێک لەجارەکان لەنزیک هەزار کانیان بەفرێکی زۆر باریبوو کە رێمان لێتێکچوو کەوتبوینە ناو کێڵگەیەکی مینەوە، فوئاد چەند هەنگاوێک لە پێشمەوە دەرۆیشت بینیم مینێکی جۆری ڤاڵمارا لە \نێوان هەردوو قاچیدایە، هاوارم لێکرد کە بوەستێ ئەوە بوو لەجێ خۆی وەستا ئاوڕی دایەوە و بەمنی ووت جەنابیش بوەستە و سەیری بەردەمی خۆت بکە .کە سەیرم کرد دوو مینی ڤاڵمارا لەبەردەممدایە . دیارە بەهۆی کارەساتی سروشتیەوە شوێنی مینەکان گۆڕابون. زۆر بەنارەحەت توانیمان بێینە دەرەوە لە کێڵگە مینەکە. ئەوەندە لە ڕێگا دەخلیسکاین و دەکەوتین سەر ئەژنۆو قاچمان هەموو دەبو بەپەڵەی شین و ئازار. بڕوا بکەن ئەو ئازارەش چێژی تایبەتی خۆی هەبوو.

جارێکی تر شەو ماینەوە پلانمان دانابوو بەیانی کاتژمێر ٨ بەرێبکەوین و بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی. بەرەبەیان کاتژمێر ٥ من خەبەرم بۆوە بینیم بەفرێکی زۆر دەباری ترسی ئەوەم هەبوو ڕێگەمان لێبگیرێ ئەوە بوو فوئادم خەبەر کردەوەووتم ڕێگا دەگیرێ با خۆمان کۆکەینەوە ئەوە بوو نانمان خوارد، هەندێ سەمونی جۆمان لێمابۆوە هەڵمگرت بۆ ڕێگا . فوئاد لەدەستی وەرگرتم وتی هەتیو دایمە لەبرسا مردویت با تەیرو تیور بیخوات خۆمان لەکانی شوان نان دەخۆین. بەڕێ کەوتین ڕۆژێکی زۆر سەخت بوو زۆر بە نارەحەت سەرکەوتین نزیکی سەعات ١١ گەشتینە کانی شوان کە گەشتین تەنها چۆڵەوانیەک بوو نەچایخانەو نەخاوەن چایخانە کەس لەوێ نەبوو. چاوی رەشمان کاڵ بۆوە. هیوامان گرێدا بۆ کەناروێ بەداخەوە ئەوێش هەمان ئاکاری کانی شوانی هەبوو. زۆر برسیمان بوو. لەوەش ناخۆشتر ئەو سەفەرە پێڵاوەکانی فوئاد زۆر خراب بوو زوو زوو دەخلیسکاو دەکەوت. بەڵام دەمانکردە پێکەنین و گاڵتەو گەپ بۆ خۆدزینەوە لەبرسیەتی و هیلاکی. تا گەشتینەوە سلێمانی کاتژمێر ٨ی شەو بوو هیچ تیکە نانێکمان دەستنەکەوت. تاڵی و نارەحەتی ئەو سەفەرە ئێستا یادێکی شیرینەو رۆحمی پێوەگرێدراوە.

جارێکی تر گەشتینە دێرێ ئێوارەیەکی درەنگ بوو زۆپامان داگیرسان‌و پێڵاوەکانمان لەسەر زۆپا دارەکە دانابوو تا وشک بنەوە. خەومان لێکەوت بە دیار زۆپاوە کاتێک  لەبۆنی پێڵاوی سوتاو خەبەرمان  بۆوە. هەرچۆنێک بوو بەناو پێڵاوە کۆنەکاندا گەڕاین سەرو جووتمان پەیدا کرد ئەگەرچی بەپێمان زۆر نارەحەت بوو، بەڵام لە هیچ باشتر بوو.

 

* پڕۆژەکانی فوئاد

فوئاد شەو کە دەنوست بۆ بەیانی پڕۆژەیەکی تازەی پێ بوو کە هەمووی لەخزمەتی تاکی کوردو مرۆڤایەتی بوو، جگە لەپڕۆژەکانی سۆلیدارێتی چەندین پڕۆژەی تری لاوەکی تری هەبوو کە زۆربەی لەڕێگەی تاکەکەسی خۆیەوە جێبەجێی دەکرد. لەوانە :

هاوکاری زۆری ئاوارەکانی ڕۆژئاوای دەکرد هەر لەکەمپی عەربەت هەتا سەردانی کردنی شارەکانی کۆبانی، عەفرین، جندرێس، سەرێ کانێ. بەدەیان لاپتۆپ و داتاشۆی بەکۆڵە پشت دەگواستەوە لەگەرمەی داگیرکاری داعش. بەبێ ئەوەی رۆژێک لەڕۆژان لەسۆشیال میدیا یان لەگۆڤارو ڕۆژنامە بڵاویبکاتەوە. کەسێکی زۆر خۆنەویست بوو. دەڕۆشت و دەگەڕایەوە جگە لە یەک دوو برادەر کەس نەیدەزانی.

جارێکیان کەسێک بەناوی باوکی خەلیل لەئاوارەکانی رۆژئاوا لەکەمپی عەربەت دوو بۆری دڵی گیرابوو دەبوو سنگی بکرێتەوە تا بۆریەکانی بۆ بگۆرن. تێچوی نەشتەرگەریەکەی زۆر بوو ئەوانیش زۆر نەداربوون هەربۆیە بەناچاری باوکی خەلیل چاوەڕێی مەرگی دەکرد. کاتێک فۆئاد بەمە دەزانێ لەسەر ئەرکی خۆی و هاوکاری چەند هاوڕێیەکی توانی تێچوی نەشتەرگەریەکەی بۆ دابین بکات و چارەسەری بۆ بکەن خۆشبەختانە هیوای ژیان گەڕایەوە بۆ باوکی خەلیل. ئەمەو دەیان پڕۆژەی لەو شێوەیە ئەنجامداوە.

زۆرکاری دەکرد بۆ هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، خۆپیشاندان نەبوە لەسلێمانی فوئاد تیا بەشدار نەبێت یان دەستی باڵای تیا نەبوبێت.

 

* کێشەی لەگەڵ جەلالی سام ئاغا

جەلالی سام ئاغا سەرۆکی چاودێری دارایی بوو. کاتێک کە فەرمانگەکەیان هاتە بەردەم بینای سۆلیدارێتی راستەوخۆ یەکەم چالاکی گرتنی کۆلانەکەو کردنی بەگەراج بۆ ئۆتۆمبیلەکانیان کە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی شارەوانی و پرەنسیپی مرۆڤایەتی بوو جگە لەوەی ئاستەنگێکی زۆری بۆ منداڵانی خوێندنگەی جەواهیری دروستکرد کە دەبوو لەدەرگای سەر شەقامی سەرەکی کانێسکانەوە هاتوچۆ بکەن کە ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی منداڵەکان دروستکردبوو. هەروەها گرتنی کۆڵانەکە ئاستەنگی بۆ پیادەڕەوی کۆڵانەکەش دروست کردبوو. ئەم رەفتارەش هەرگیز بەفوئاد قبوڵ نەدەکرا. هەربۆیە لەسەرەتاوە فوئاد کەوتە دژایەتی کردنی ئەم رەفتارە نامرۆڤانەیە. سەرەتا لەڕێگەی دادگاوە شکاتی کرد بەڵام بەداخەوە دادگا کێشەکەی یەکلا نەکردەوەو بگرە پشتی جەلالی سام ئاغایان دەگرت، ناچار فوئاد رێگای شارستانیانەی گرت‌و دەستیکرد بەکۆکردنەوەی ئیمزا لەدژی کۆڵان گرتنەو بەتەنها خۆشی کەوتە بێزار کردنی جەلالی سام ئاغا .یەکێ لە بەزمە خۆشەکان ئەوە بوو کاتێک بەیانیان جەلالی سام ئاغا دەهات بۆ فەرمانگە دەبوو پاسەوانانی بەردەرگا سڵاوی پرۆتۆکۆڵی لێ بکەن چونکە پلەی وەزیری هەبوو. بەڵام فوئاد بەئۆتۆمبێلەکەی سۆڵیدارێتی پێشی بەجەلالی سام ئاغا دەگرت و لێی تێک دەدا بەمەش بارگرانیەکی زۆری بۆ جەلالی سام ئاغا دروست دەکرد .پاسەوانەکانیش لە دڵا ئەمەیان پێخۆش بوو. دیارە جەلالی سام ئاغا ڕۆژێک لەڕۆژان بیری لەوە نەکردبۆوە کە کەسێکی وەک فوئاد بەرەنگاری دەبێتەوە.

 

* ئومێد

ئومێد نامیق یەکێ بوو لەمین هەڵگرەوەکانی سۆلیدارێتی. ڕۆژێک بەبێ ئاگاداری هاوڕێکانی و بەتەنیا چووبوە ناو کێڵگەیەکی مینەوە بۆ پشکنین کە ئەمە پێچەوانەی یاساو پرەنسیپەکانی سۆلیدارێتی بوو. بەداخەوە مینێکی جۆری vs  لەناو هەردوو دەستی دەتەقێ و بەسەختی بریندار دەبێ کە تیایدا هەردوو دەستی لەمەچکەوە دەپەڕێ‌و چاوێکیشی لەدەستدەدات. ئەوەبوو فوئاد زۆر خزمەتی ئومێدی کردو زۆر دڵنەوایی دەکرد. هەوڵیکی زۆری دا تا رەزامەندی ‌‌حکومەتی سویدی بۆ وەرگرت‌و وەک پەنابەر لەسوید وەرگیرا. ئێستا وەک کەسێکی ئاسایی لەشاری ڤێستەرۆس ژیان بەسەردەبات.

 

* هاتنی گورگ

هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا ساڵانە لەکاتی بەف باریندا بەپێ رێگای دێرێمان دەگرتە بەر. جارێک لەجارەکان بەفرێکی زۆر باریبوو من‌و فوئاد بەڕێوەبوین نزیک ببوینەوە لەلوتکەی گمۆ گوێمان لەدەنگێ بوو کە لەلورەی گورگ دەچوو. هیچ جۆرە چەکێکمان پێنەبوو جگە لەدەمانچەیەک کە هی فوئاد بوو، بەڵام بەمن بوو. فوئاد پێیوتم کە دەمانچەکەی بدەمێ نەوەک گەلە گورگ بۆمان بێ کە دەستم برد بۆ کەمەرم دەمانچە دەرکەم، بۆم دەرنەهات ئەوەندە قەمسەڵەو جلم لەبەردا بوو، کاتێکی خایاند تا دەرم کرد. فوئاد دەستی کرد بەپێکەنین وتی گورگەکان بهاتنایە دەمێک بوو خورا بوین. خۆزگە گورگەکان هەردوکمانیان بخواردایە، نەک ئێستا فوئاد نەماوەو خەمێکی قوڵی بۆ من جێهێشتوەو ئێستا من یادگارییەکانی دەنوسمەوە.

 

* ئێوارەی هەینی

رۆژانی هەینی پشووی ئەو کرێکارە بیانیانەیە کە لەوڵاتانی فلیپین، بەنگلادیش ..هتد هاتون بۆ کارکردن‌و پەیداکردنی بژێوی.

ئێوارەیەک من‌و فوئاد لەبازاڕ دەگەراینەوە فوئاد کیلۆیەک خورمای کڕیبوو بۆ ئامەخان. بەناو باخی گشتیدا دەهاتین لەناکاو چاومان بەکۆمەڵێک لەو کرێکارانە کەوت دانیشتبون بەشێوەی بازنەیی‌و گۆرانیان دەوت، راستەوخۆ بەرەو رویان ڕۆشت‌و وتی: وەرە سۆران ئەم خورمایە بۆ ئەمان باشە ئامە خان پەکی ناکەوێ.

ئەوە بوو چوین بۆلایان و خورماکەی بۆ دانان و تۆزێ گۆرانیشی لەگەڵ وتن کە بوە مایەی دڵخۆشی هەموویان.

 

* خیش

فوئاد کەسێکی دڵ ناسک بوو زۆر گوێی بۆ بەرامبەر دەگرت و بیروڕاکانی دەگرت، بەڵام حەزی لەوەش بوو بەڵێی بۆ بکەیت. هەندێ جار کە بەڵێم بۆ نەدەکردو رەخنەم لێدەگرت، خیشی دەکرد، بەڵام ماوەی خیشەکەی لەچارەکێ تێپەڕی نەدەکردو بەقسەیەکی خۆش بارو دۆخەکەی ئاسایی دەکردەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×