ئەوەی بینرا کۆبوونەوەیەکی جیاواز و گرنگ لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا ، ئەوەی ئەم کۆبونەوەیەیی جیاکردەوە لە کۆبونەوەکانی تر ئەوەبوو کە بە نێوەندگیری و ئەمریکاو هاوپەیمان و فەڕەنسا ئەنجامدرا و ناچار کران کە دوور لە چاوی کامێراکان و دوور لە شیکەرەوە سیاسیەکان و دور لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و دروست کردنی کەشێکی سیاسی هێمن و ئەمنی توند کە بە سەرپەرشتی هاوپەیمانان ئەنجام درا و مەزڵوم عەبدی یاوەری کرا و داواش کرا کۆبونەوەکە ئەنجام دار بێت ، تەوەری کۆبونەوەکە دیار نیە ئەوەی ئەوترێت لێرە و لەوێ تەنها شیکاریە بەڵام هەموان لە سەر ئەوە کۆکن کە ئەم کۆبونەوەیە کاریگەری هەیە لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەناوچەکە ڕودەدەن و چۆنیەتی مامەڵەکردنی کوردانە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی داهاتوو، هەموو کوردان لەسەرجەم پارچەکان بێ جیاوازی خۆشحاڵن و پارتەکانی تریش یارمەتی دەر بوون لە نێویاندا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی هەوڵی دا یارمەتیدەر بێت بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەکە.
پێشتر کۆبونەوەی زۆر ئەنجام دراون و لە ئاستی باڵادا بوون بۆ نمونە کوردەکان لەگەڵ تورکیا کوردەکان لەگەڵ ئێران کوردەکان لەگەڵ عێراق کوردەکان لەگەڵ ئەمریکا کوردەکان لەگەڵ وڵاتانی تر بەڵام ئەمە یەکەم جارە کوردەکانی پارچەیەک لەگەڵ کوردەکانی پارچەیەکی تر لە ئاستی باڵا کۆ ببنەوە و دیبلۆماسیەت ئەنجام بدەن و ئاڵوگۆڕی سیاسەت بکەن و لە نزیکەوە لە یەکتر تێبگەن ، ئەم کۆبونەوەیە وای کرد ئەو ڕقەی کە هەبوو لە نێوان لایەنگرانی پارتی و هەسەدەدا کاڵتر بێتەوە و هەردوو لا بتوانن یەکتر قبوڵ بکەن و تێبگەن لە یەکتر کە ئەمانە ئەتوانن لەگەڵ یەکدا بژین و دوژمنی سەرسەختی یەکتر نەبن ، وە بەرەو پێشچونی ئەم پەیوەندیانە گەر بە لایەکی پۆزەتیڤ دا بڕوات ئەوا کورد ڕزگاری ئەبێت لەو چەق بەستویەیی کە چواردەوری وشکانی بێت و وڵاتانی دراوسێ بن ، ئەتوانێت لەڕێی کوردەکانی سوریاوە بە ئاسانی بگاتە سەر دەریا کە هیچ وڵاتێک نەتوانێت لە داهاتودا وەک کارتی فشار سنوری وشکانی بەکار بهێنێت دژی میلەتی کورد.
گەر ئیرادەیەک هەبێت لە هەردوولاوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیان ئەبێت ئیدی کوردەکان وازبهێنن لە سیاسەتی خۆ تواندنەوە و بڵاوکردنەوەی ڕقی ناوخۆیی بە فیتی وڵاتانی تر و ناشرین کردنی چەند سەرکردەیەک و دروست کردنی گروپ دژی یەکتر و تیژ کردنەوەی لایەنگران بەرامبەر یەکتر و وازهێنان لە سیاسەتی یەکتر قبوڵ نەکردن و دیاری کردنی تەنها پارتێک کە کورد پەروەر بێت و بە مەرجەع سەیر کردنی تەنها کەسێک و ڕەت کردنەوەی کەسانی تر ، ئەمانە هەمووی ئەبنە هۆی ئەوەی کە کورد لاواز و دەستەمۆتر بێت و بێ ئەنجامدار بێت و بەدرێژای مێژوو لە چواردەوری بازنەیەکدا بسوڕێتەوە.
لەم قۆناغەدا کوردانی باشور ئەتوانن سود وەرگرن لە کوردەکانی ڕۆژئاوا چونکە پاڵپشتی هاوپەیمانان یان بە دەست هێناوە و لە قۆناخێکی باشدان و بەفەرمی بانگهێشت کردنی مەزڵوم عەبدی بۆ سوێند خواردنی سەرۆکی ئەمریکا کەم نیە و نیەتی هاوپەیمانانیش بەهێز کردنی پەیوەندی نێوان کوردەکانە ، کوردانی باشور لەم قۆناغەدا بە نزیک بونەوە لە کوردانی ڕۆژئاوا زیانمەند نابن و ڕەنگە بتوانن چەند دەستکەوتێک بەدەست بهێنن، وە ئەم کۆبونەوەیە سەلماندی کوردەکان ئەتوانن لە هەموو قۆناغەکاندا لەگەڵ سەرجەم پارچەکانی تریش لە نزیکەوە کۆببنەوە و لە یەکتر تێبگەن و ئاڵوگۆڕی سیاسەت بکەن بۆ سەرخستنی میلەتی کورد و گەیاندنی بە کەناری ئارامی.