مەلا بەختیار مێژوو چەواشە دەکات!

مستەفا باهیر
  2023-06-13     1055

 لە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ "کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی" لە  یادی ١٠٠ سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا لە سویسرا کۆنفرانسێکی بۆ کۆمەڵێك سیاسەتمەدار ڕێکخست.  مەلا بەختیار کە یەکێك بوو لە بەشداربوان، باسی ستراتیج و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرسێ تەوژمی (کۆڵۆنیالیزم، کەمالیزم، بۆلشەویزم)ی دەکرد و لە بەشێك لە قسەکانیدا ووتی:"بەلشەویک هەڵەیەکی ئێجگار گەورەی ستراتیجی کردووە لە پشتیوانیکردنی کەمالیزم، بەبێئەوەی بڵێت نابێت تەعەدا لەکورد بکەیت! بەبێ ئەوەی بڵێت سیاسەت تێدەگەم، ئابوری هاوبەش تێدەگەم، جوگرافیا و هەموو ئەمانە تێدەگەم، بەڵام قبوڵکردنی سەرکوتکردن تێناگەم! قەتڵوعام کردن لەدەرسیم، لەزیلان و ئەو ناوچانە تێناگەم..! سوپای تورکیا بەو هەموو دڕندەییەی خۆیەوە دەکەوێتە گیانی کورد، بەڵام لینین بۆ قبوڵی دەکات؟)

 سەرەتا پێویستە رونکردنەوەیەك لەسەر پەیوەندی نێوان دەوڵەتی سۆشیالیستی سۆڤیەت و بەلشەفەیکەکان لەگەڵ دەوڵەتی تازە دامەرزاوی تورکیا بە سەرۆکایەتی کمال ئەتاتورك بکەین و دواتر راستی و ناڕاستی ئەو بانگەشەیەی مەلا  بەختیار روون بکەینەوە.

وەکو هەموان دەزانن یەکێك لە دروشمەکانی بەلشەفیەکان و دواتر سیاسەتی رەسمی دەوڵەتی سۆڤیەتی ئەوەبوو کە کۆتایی بە جەنگی ئیمپریالیستی یەکەم بهێنێ کە لەنێوان ناوەند و سوێندخۆرەکاندا ( المرکز  و الحلفاء) بەرپا بوو. ڕوسیای تزاری و دەوڵەتی عوسمانی کە بەسەر دوبەرەی شەڕکەردا دابەش بووبوون، دوای رێکەوتنی (بریست لیستۆفسك) لەنێوان ئەڵمانیاو روسیا ساڵی ١٩١٨، لە ساڵی ١٩٢١ رێکەوتننامە مۆسکۆیان واژۆکرد. بەڵام ئەوکاتە ئیتر دەوڵەتی عوسمانی ئەو توانایەی نەمابوو، پەرلەمان و دەسەڵاتی ڕاستەقینە لەدەستی کەمالیتسەکاندا بوو. هەر لەو کاتەدا دەوڵەتی سۆڤیەتی کە تازە دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبوو، لەلایەن سوپای ٢٠ دەوڵەتەوە پەلاماری درابوو، لەوانە بەریتانیا و یۆنان کە هاوکات لە شەڕدابوون لەگەڵ کەمالیستەکاندا. ڕیکەوتنی نێوان بەلشەفیەکان و دەوڵەتی سۆشیالیستی بەڕابەری لینین هیچ پەیوەندیەکی بە پرسی کوردەوە نەبوو، بەڵکو بۆئەوە بوو لەوکاتە ناسکەی دەسەڵاتی چینی کرێکاردا دۆخی سیاسی و کێشەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا ئارام بکاتەوە.

هەڵبەتە مەلا بەختیار خۆی باش لەو ڕاستیە تێدەگات. حکومەتێك کە شۆرشێکی بەرپاکردوەو هێشتا ووڵاتەکەی لەناو شەڕێکی ئیمپریالیستیدا گیرۆدەبووەو دەبێت باجی قورس بدات بە لایەنە شەڕکەرەکان تا ئاشتی لەگەڵ بکەن، هەروەکو ئەوەی کە لە پەیماننامەی ئاشتی بریست لیستۆفسكدا ناچاربوو بەشێکی فراوانی خاکی سۆڤیەت بداتە بە ئەڵمانیا بەرامبەر بە ڕاگرتنی شەڕ، سەرەڕای ئەوەش هەموو ووڵاتانی ئیمپریالیستی و دەیان ووڵاتی دیکە دەیان هەزار هێزی چەکداریان رەوانەی روسیاو سۆڤیەت کردوە بۆ پشتیوانی لە سوپای سپی و جەنەڕالەکانی پاشماوەکانی دەسەڵاتی تزاری و حکومەتی بۆرژوازی، و شەڕکردن لەگەڵ سوپای سوور و بۆ روخاندنی حکومەتی تازە بەسەرکارهاتووی سۆڤیەت، لەوکاتەدا کەمکردنەوەی فشارە سیاسی و سەربازیەکان لەسەر حکومەت و دەوڵەتی سۆڤیەتی پرسی مان و نەمانی دەوڵەتی سۆشیالیستی بوو. کام سیاسەتمەداری هوشیار و عاقڵ و بەویژدان رەخنە لەو سیاسەتەی لینین و بەلشەفیەکان دەگرێ! بەتایبەتی کە مەلا بەختیار خۆی و حزب و بزوتنەوە و حکومەت و دەسەلاتەکەیان ساڵانێکە بۆ ڕاگرتنی قەوارەی هەرێم نەك هەر بە رژێمە سەرکوتگەرەکانی ئێران و تورکیاو سوریایان نەووت بۆچی غەدر لە کوردەکانی ناو ووڵاتەکانتان دەکەن، بەڵکو هاوکاری ئەو رژێمانەیان کرد بۆ تیرۆری هەڵسوڕاوان و نەیارانی سیاسی ئەو رژێمانە لە هاوزمانەکانی خۆیان و بگرە شەڕی چەکداریان دژی پەکەکە کرد بۆخاتری بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ دەولەتی سەرکوتگەر و فاشیستی کەمالیستی تورکیا! چ جای ئەوەی باسی ئەوە بکەی کە لینین غەدری لە کورد کردوە! لەکاتێکدا نەك هەر پرسی کورد هیچ جیگایەکی نەبووە لەو رێکەوتن و دانوسانەدا، بەڵکو لەوکاتەدا دەوڵەتی کەمالیستی تورکیا هیچ غەدرێکی لە کورد نەکردبوو تا لینین ناڕەزایەتی لەو غەدرە دەرببرێ، بەڵکو سەرۆك خێڵەکانی کورد و ئەوانەی کە وەکو نوێنەری ناوچە کوردنشینەکان لە پەرلەمانی تورکیادا بوون لەپاڵ کەمالیستەکاندا ڕاوەستابوون!

بەگوێرەی وتەی نوسەری ناوداری بەریتانی" ه. س ئارمسترۆنج" کە لەوکاتەدا  نوێنەری سەربازی بەریتانیا بووە لە تورکیا لەکتێبی "گورگی تۆزاوی ...مستەفا کەمال ئەتاتورک" دەڵێت: " ئەتاتورک پەیوەندی کرد بە سەرکردەکانی خێڵە کوردەکانەوە و بەناوی ئاین و نیشتمانپەروەریەوە دیالۆگی لەگەڵ کردن... ڕاستیەکە ئەوەیە کە کورد ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرنی تورکیادا، لەسایەی نیازپاکی و دڵسۆزیان لەلایەک و زیرەکیی ئەتاتورک لەلایەکی ترەوە."

ئەتاتورک داوای لە نوێنەرانی کورد لە پەڕلەمانی تورکیا کرد کە ٧٢ نوینەر بوون بۆئەوەی تەلگراف بکەن بۆ هاوپەیمانان و پێیان بڵێن نامانەوێت لە تورکیا جیابینەوە. نوێنەرە کوردەکان ئەم کارەیان کرد. دواتر ئەتاتورک شاندێکی نارد بۆ کۆنفرانسی لۆزان  بە سەرۆکایەتی عیسمەت ئینۆنۆ کە بەڕەچەڵەک کوردە. ئەتاتورک داوای لە ئەندام پەڕلەمانە کوردەکان کرد پشتگیری ئەو قسەیەی "عیسمەت ئینۆنۆ "بکەن کە دەڵێت کوردەکان نایانەوێت جیاببنەوە و خوازیارن لە دەوڵەتی تورکیادا بمێننەوە. هەمدیسان نوسەری بەریتانی دەڵێت:" نوێنەری کورد حسین عەونی بیگ لە پەڕلەمان وتەیەکی پێشکەش کردو ووتی: "ئەم وڵاتە بۆ کورد و تورکە و مافی قسەکردن لەم وڵاتەدا هی ئەو دوو نەتەوەیە، کورد و تورک” و لە لایەن  هەموو نوێنەرە کوردەکانیشەوە پاڵپشتی کرا! بەپێی ئەم قسەیە ئینۆنۆ لە کۆنفرانسی لۆزان ڕایگەیاند کە تورکیا بۆ ئەو دوو گەلەیە، تورک و کورد، کە لەبەردەم دەوڵەتدا یەکسانن و لە  مافی نەتەوەیی یەکسان و بەهرەمەندن"".

بەوجۆرە دەردەکەوێ ئەوەی پشتیوانی لە سیاسەتی کەمالیستەکان کردوە خودی بەناو سەرکردەو نوێنەرە سیاسیەکانی کورد بوون. بەڵام دوای ئەوەی ئەتاتورک لە ٢٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٣ کۆماری تورکیای ڕاگەیاند و پشتیوانی رۆژئاوا و  زلهێزەکانی بەدەست هینا، دەستیکرد بەڕەتکردنەوەی ئەو بەڵێنانەی کە بە کوردی دابوو. دوای ئەوە قۆناغێکی تاڵ و تاریک لەژیانی خەڵکی کوردزمانی تورکیا دەستی پێکرد و ئەوەبوو کۆمەڵێك یاخیبوون و ڕاپەڕینی چەکداری دژی دەوڵەتی تورکیای کەمالیستی لە ناوچە کردنشینەکاندا سەری هەڵدا. کاتێکیش ئەم سەرکوت و ستەمەی دەولەتی تورکیا دژی خەلکی کورد و یاخیبوون و ڕاپەڕینەکان لەدژی سەری هەڵداوە، نە لینین لە ژیاندا ماوەو نە دەوڵەتی سۆڤیەتیش ئیتر دەوڵەتە بەلشەفیەکەی سەردەمی لینینە! بۆیە ئەم هەڵبەستنەی مەلا بەختیار بۆ لینین و بەلشەفیەکان دەچێتە پاڵ ئەو قسە نەستەقانەی دیکەی کە مەلا بەختیاری پێدەناسرێتەوە!

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×