مەسرور بارزانی، لە ساڵی 2019 بوو بە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان. تا ئەم بەروارە، لە سێبەردا مایەوە و كەم لە میدیاكان دەردەكەوت. زیاتر خەریكی سەرپەرشتیكردنی ئاساییش و ئاژانسی پاراستن بوو. ئەمەش وایكرد، لە كایە گشتییەكانی ژیان و سیاسەتی كوردستان دوور بێت. لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەم دوور كەوتنەوە و لە سێبەردا مانەوە، لەوانەیە بە هۆی هەڵەیەكی خوێندنەوە بوو بێت، بۆ ڕێڕەوەی ژیانی ئەم پیاوە، ئنجا ئەم هەڵە خوێندنەوە هی كێیە، ئەمە دیار نیە، وێڕای ئەوەی گریمانەیە. هەڵەی خوێندنەوەكەش ئەوەیە، كە لە هەفتاكانی سەدەی ڕابردوو، سەدام دەستی بە سەر دەزگای ئەمن و موخابەراتی عێڕاقدا گرت. لە كاتێكدا كادیرگەلانێكی بەعسیی زۆر لە سەدام گرنگتر، خاوەنی پۆستی سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، كایەكانی ڕۆشنبیریی و میدیا بوون، كەچی سەدام بەهۆی چەپۆك گرتن بە سەر موخابەرات و ئەمن، توانی ئەوانی تر لا بدات و خۆی ببێتە كەسی یەكەمی عێڕاق و دەست بە سەر هەموو دەوڵەت و چومگەكانیدا بگرێت. لەوانەیە ئەم پێشنیارە بۆ مەسرور بارزانی كرابێت كە ئەگەر دەست بە سەر ئاساییش و پاراستندا بگرێت، لە داهاتوو خۆی دەبێت بە كەسی یەكەم لە بواری سیاسەت و حوكمڕانیی.
ئەم خوێندنەوەیە، ئەگەر وابێت، زۆر هەڵە بووە، چونكە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان عێڕاقی هەفتاكان و هەرێمی كوردستانی دوای ساڵی 1991، لە هەموو ڕووێكەوە بە ئەندازەیەك ناكرێت پێوەری ئەوكات بۆ هەرێمی كوردستانی هەنوكە بەكار بێت. عێراق دەوڵەتێكی ناسیۆنالیی عەڕەبیی ناوەندیی بوو. دامودەزگاكانی یەك بوون، فرە-هێز و فرە-سەنتەر نەبوو. هەرێمی كوردستان فرە-هێز و فرە-سەنتەر، لە ڕووی جوگرافییەوە، ناوچەی جیاواز و ملكەچی هێزی جۆراوجۆرە. یەكێتی بۆ خۆی دەزگای زانیاریی و سەربازیی هەیە. جگە لەمەش، ئەو كەسانەی پێش مەسرور بارزانی بوون بە سەرۆك وەزیران، لە نێوانیشیاندا ئەوانەی پارتی بوون، بە هۆی گەندەڵییەوە، توانیان هێز و دامودەزگای تایبەت بە خۆیان لە نێو كوردستان دروست بكەن و ببنە حكومەتێكی شاراوە لە نێو حكومەتی فەرمیی. كەواتە، مەسرور بارزانی لە بوون بە سەرۆك وەزیران زۆر دوا كەوت، دوای بیست و هەشت ساڵ بوو بە سەرۆك وەزیران، كاتێك كوردستان غەڕقی گەندەڵیی بوو، لاشەی لە نێو گەندەڵیی هەنجن-هەنجن ببوو. ئەوانەی پێش ئەم پیاوە بوون بە دەستەڵاتدار، خەڵكانێكی زۆریان بە گەندەڵیی قەڵەو كرد، بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر، بەرژەوەندییەكانیان بوو بە شێك لە تۆڕی گەندەڵیی لە گەڵ ئەو كەسانەی لە میانی سێ دەیە خاوەن دەستەڵات بوون. ئەمانەش لەم ماوە درێژەدا بوون بە خاوەنی دامودەزگای جیاوازی ئابوریی، دراو، بازرگانیی، میدیا و كاریگەر لە دروستكردنی ڕای گشتیی لە كوردستان، وێڕای هێزی سەربازیی.
ئەم چینە، كە پانتایەكی فراوانی كۆمەڵگای هەرێمە، پارتی، یەكێتی و لایەنەكانی تری تیایە، وێڕای خەڵكانی سەر بە خێڵ و بەرەباب و خاوەن بنەماڵە. ئەمانە، بیست و هەشت ساڵ هەرێمی كوردستانیان دۆشیی، تەنانەت بۆ وڵاتانی دەوروبەر هەڕاجیان كرد. لەو ڕۆژەی مەسرور بارزانی بوو بە سەرۆك وەزیران و دەستی بە پاكسازیی كرد، ئەمانە بوون بەو چینە یاخیەی كە زۆر زیرەكانە لە ژێرەوە پڕوپاگەندە دژ بەم پیاوە دەكەن، دەگەی لێدەدەن و ئاستەنگی زۆری بۆ دروست دەكەن. ئەم چینە بەرفراوانە، ئەوەندە بە هێز و پشت قایمە، مەسرور بارزانی نەیتوانی دەستگیریان بكات و بە سزایان بگەیەنێت، كە تیایاندایە ئێستا ملیاردێرە و لە لایەن كەسانی سەر بە دەستەڵات پارێزراون، جگە لەمەش، پاڵپشتیی و پارێزبەندی وڵاتانی دەوروپشتیان هەیە. ئەمانە، یەك زەڕرە وەلائیان بۆ كورد و كوردستان نیە، كایەی ژیانیان بە تەواویی گرێدراوی بەرژەوەندیە گەندەڵیەكەیانە و غەڕقی خۆشگوزەرانی خۆیانن. بە بوونی مەسرور بارزانی زەڕبەیەكی كوشندە بە پێگە و بەرژەوەندیە نا یاساییەكانیان كەوت.
سیاسەت لە جیهان، گرێدراوی گەمەی موخابەرات، هێزە شاراوەكان، مافیاكانی هێزە زلەكان، ئەوانەی خوار خۆیان و بچوكترەكانیشە. ساڵی 2010، دەنیز بایكاڵ، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی توركیا، دوای ئاشكرا-بوونی ڤیدیۆیەكی دزە پێكراوی ساڵی 2008 كە تیایدا لە گەڵ ئەندام پەرلەمانێكی ئافرەتی حزبەكەی خەریكی سێكسە، لە سەرۆكایەتیی حزب وازی هێنا و دەستی لە كار كێشایەوە. بایكاڵ بۆ نزیكەی سی ساڵ سەرۆكی حزب بوو، چەندین جار پۆستی زۆر باڵای حكومیی لە توركیا هەبووە وەكو سەرۆكی پەرلەمان، وەزیری دارایی، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیەكان، جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئۆپۆزۆسیۆن بوو لە پەرلەمان. ئەگەر كەسێكی وەك ئەردۆغان، كە خۆی بە مسوڵمانێكی زۆر بە تەقوا دەزانێ، لە بەر چاوی كامێرا قورئان دەخوێنێ، بەم شێوازە سیاسەتمەدارێكی وڵاتەكەی لە سەر نەخشە بسڕێتەوە، دەبێ لە گەڵ خەڵكانی دەرەوەی وڵاتەكەی چیبكات؟ دەبێ ڕژێمی ئێران، عێراق، سوریا و وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا و ئەمریكا چیان كردبێ و چی بكەن، دژ بە سیاسەتمەداران، لە نێویشیاندا كوردی دۆ نەدیوی خۆمان. لە بەر ئەوە، كاتێك دەبینی سیاسەتمەدارێكی هەرێمی كوردستان، ئەو پەڕیی زەلیلی و زەبوونی لە بەر دەم ڕژێمی توركیا، ئێران و وڵاتانی دونیا دەنوێنێ، دیارە كرتە ڤیدیۆییە نهێنیەكانی، بایكاڵ ئاسا، لە ژێر دەستیانە و هەڕەشەی پێ لێدەكەن. ئەگەر نا بە هیچ شێوە ناكرێت، مرۆڤێك سوكایەتیی بە خۆی و نەتەوە و نیشتمانەكەی بكرێت، كەچی ئەو بەردەوام بێت لە كڕنۆش بردن و دەست بە سەر سنگەوەنان بۆ دوژمنانێكی كە بە لەزەتەوە، بە ئەنقەست، سوكایەتیی پێدەكەن، زەلیل و زەبونی دەكەن. لە بەر ئەمە، یەكێك لە بڵندترین دەنگە دژە بەرەكانی ڕیفراندۆمی ساڵی 2017، لە لایەن ئەم جۆرە كەسانەوە بوو، كە بە هۆی زەلیلیی و زەبوونیان بەرامبەر بە بێگانە و دوژمنانی كورد، نەیانتوانی چاویان بەو خۆڕاگریە نەبەردەی مەسعود بارزانی هەڵبێت، كە توانی بەرامبەر بە جیهان و وڵاتانی ناوچەكە بوەستێت و بڵێت: نا، ڕیفراندۆم هەر دەكەم. ئەمەش ئاشكرای دەكات، كە مەسعود بارزانی كرتە ڤیدیۆی نهێنی نیە لە دەست هێزەكانی دونیا و ناوچەكەش، ئەگەر نا لە كاتی ڕیفراندۆم، بڕیارە مێژووییەكەیان پێ پوچەڵ دەكردەوە. هۆكاری ئەم پاك ڕاگرتنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بارزانی پەروەردەی تەكیە، شێخانی بارزان، دابونەریتی خێڵ و بنەماڵەیە، كە ئەم شتانە لە فەرهەنگیان بڤەیە و لە كەلتوریاندا، هەمیشە بە وریاییەوە مامەڵە لە گەڵ بێگانە دەكرێت. مەسروریش تەواو لە ژێر پەروەردە و كاریگەریی ئەم كایەو هەژمونی باوكیەتی، لە بەر ئەوە ئەویش كرتە ڤیدیۆی شاراوەی نیە بكرێت زلهێزەكان و وڵاتانی ناوچەكە دژی بە كاری بێنن، تا ملیاران دۆلاری پێ لێبەربدەنەوە، وەك ئەوەی پێدەچێت لە گەڵ زۆرێكی تر كردوویانە.
زلهێزەكانی جیهان و وڵاتانی دەوروبەر، نایانەوێ كەسی بەهێز و خاوەن ئیرادە، لە هەرێمی كوردستان، دەستەڵاتدار بێت و ئاوەدانیی و بنیاتنان بكات. كەسی سوك و چروكیان دەوێ، بە فەرمانی خۆیان هەڵسان و دانیشتنی پێبكەن، بێ سێ و دوو بە قسەیان بكات و فەرمانیان جێبەجێ بكات. بەڵام مەسرور بارزانی بەم شێوە نیە، نهێنی ئابروبەرانەی لە دەستیان نیە بتوانن هەڕەشەی پێ لێبكەن. لە كاتێكیشدا، زۆر بە ئاشكرا دیارە، لە ساڵی 2019 وە، ئاوەدانیی و بنیاتنانێكی بەرچاوی لە هەرێمی كوردستان بەرجەستە كردووە، بووەتە مایەی نیگەرانی ئەم زلهێز و وڵاتانی دەوروبەر و دەنیز بایكاڵە كوردەكانیان، كە نزیكەی سێ دەیە حوكمەتی هەرێمیان لە ژێر دەست بوو، بەڵام كوردستانیان بە گەندەڵیی وێران كرد. زلهێزەكان، پارەو پولی گەلانی ژێر دەستە و هەژاری دونیایان بۆ خۆیان دەوێت. وڵات و ڕژێمەكانی دەوروبەری هەرێمی كوردستانیش، ئاوەدانیی و پێشكەوتنی كوردستانیان ناوێت، سامان و پارەی كوردیان بۆ خۆیان دەوێت. گەندەڵە پاشەڵ پیس و ملكەچەكانی نێوخۆشمان، حەز ناكەن كەسی پاك و مەرد بێتە مەیدان، خزمەتی كورد بكات، چونكە پێی دەپوكێنەوە و ڕیسوا دەبەن. بە هەموو كابینەكانی نێوان ساڵانی 1992 تا 2019، نەیانتوانی بە قەدەر مەسرور بارزانی خزمەتگوزاریی پێشكەش بكەن، كە لە ماوەی شەش ساڵدا ئەوەی بە ئەنجام گەیاند كە دەبوایە لەو سی ساڵەی ڕابردوو بكرابووا كە نەكرا.
بەڵام دەنگێكیش هەیە نا ڕازیە لە دەستەڵات. ئەم دەنگە دەنگی میللەتە، كە لە ساڵی 1991 وە ماف و ئاساییش و ژیانی پێ شێل كراوە. تەنانەت لە ساڵی 2014وە توشی بێ موچەیی كراوە. ئەم بارە نا لە بارەش خەتای مەسرور نیە، بەڵكو بووەتە بەڵا بەسریەوە و باجی هەڵەی دەستەڵاتدارانی پێش خۆی و پیلانی ناحەزی وڵاتانی دەوروبەر دەدات، كە دەیانەوێ ملی كورد بشكێنن. ئنجا باجی حزبەكەی خۆی و گەندەڵانی نێو بنەماڵەكەی خۆی دەدات، كە دەیان ساڵە، دەمیان ناوەتە سەروەت و سامانی گشتیی، بە شێوازێك بووەتە هۆی ئەوەی خەڵك بكەنە دوژمنی بنەماڵەی بارزانی و پارتی. لێرەدا میللەت ئەو سی ساڵەی پێشووتریش دەخاتە ملی مەسرور. بەڵام لە نێو خودی خەڵكەكە، ڕێژەیەكی بەرچاو سەر بەوان گەندەڵانەن كە بۆ سێ دەیە دەستەڵاتدار بوون لە كوردستان، ئێستاش خاوەن پێگە و دەستەڵات و هێزن و خەڵكێكی زۆریان لە گەڵە. بەڵام ئەمانە زۆر زیرەكانە دەزانن چۆن توڕەیی و گڕی گازندەی ڕەشوڕوتی كوردی چەوساوە ئاڕاستەی مەسرور بارزانی بكەن، خۆشیان وەك بەرزەكی بانان لە بەرامبەر توڕەیی و ڕێژمە و بڵێسەی توڕەیی خەڵك دەرباز ببن، بە بەردێك دوو دوژمن بپێكن، یەكەمیان مەسرور بارزانی كە دەست و كلكەكانیانی بڕێن، میللەتی كوردیش كە بەهۆی ئەوانەوە بۆ سێ دەیە دووچاری بارێكی پڕ مەینەت و كوشندە بوویەوە و بەردەوام ڕەخنەی ئاڕاستە دەكردن كە بووە هۆی ئەوەی، تا ئەمڕۆش، بە چاوێكی ناحەزانە تەماشای كورد بكەن.
خەڵک پێویستە وریا بێت، بزانێت ڕەخنە لە شوێنی خۆی بکات و ئاڕاستەی کەسی موستەهەقی بکات، نەک کەسێک< گەندەڵکارانی سی ساڵ دوژمنایەتیی دەكەن. وڵاتانی دەوروبەر و زلهێزیش جەنگی جۆراوجۆری لەگەڵ دەکەن، نەک لەبەر ئەوەی گەندەڵە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ملکەچی گەندەڵیی و فەرمانەكانیان نیە. ئێستا ئەمانە هەموویان دەیانەوێ مەسرور لاببەن، تۆپەکەش لە گۆڕەپانی خەڵکە، كە پێویستە زیرەكانە مامەڵە بكات و نەبێتە وەڕەقەیكی هەرزانی دەستی ناحەزانی خۆی.