هەندێك لە خەڵك، سەرنجی ئەوەیان لە سەر وتارەكەی پێشووم هەبوو، كە تیایدا باسی كاك مەسعود بارزانیم كردبوو وەك بەرجەستەبوونی ڕۆحی كوردبوون. سەرنجەكەشیان ئەوە بوو، چۆن دەبێت من ئەم وەسفە بكەم، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان غەڕقی گەندەڵیی و نا عەدالەتییە. ناواخنی ئەم سەرنجانەش ئەوەیە، مەسعود بارزانی بۆ ساڵانێكی دوور و درێژ سەرۆكی هەرێم بووەو، ئێستاش، كەسی هەرە بەهێزی كوردستانە. وەڵامی كورتی من ئەوەیە، ئەو وتارەی من باسە لە ڕۆحی كورد لە ڕوانگەی فەلسەفەوە، بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆحە و پاشخانە مێژووییەكانی. سەرنجەكانیش قسەكردنە لە سیاسەتی ڕۆژانە، كەچی وتارەكەی من، لە ڕوانگەیەكی مەعریفییەوە، باس لە چەمكە بناغەییەكانی پێكهاتەی كوردبوون دەكات. بەڵام لەم وتارە، وەڵامی ئەم تێكەڵكردن و بەدحاڵییبوونە دەدەمەوە. سەرەتا باسی گەندەڵیی دەكەم و دواتریش دەگەڕێمەوە سەر كاكڵەی سەرنجەكان.
گەندەڵیی لە كوردستان مێژوویەكی دێرینی هەیە و پەیوەندی بە مەسعود بارزانیەوە نیە. لێرەدا تیشكێك دەخەمە سەر باس بۆ ئەهلی هزر و نەزەڕ، گەر گەدایەكیش نەیەوێ تێبگات و پێداگریی بكات لە سەر تێنەگەیشتن، ئەمەیان لە توانای وتوێژ و بەڵگە نامێنێت، باسەكە بكەمە ئاوی قەناعەت و بیكەم بە سەر دڵی خەڵكەوە. لە سەردەمی سەددام و بەعس، لە كوردستان، زیاتر لە نیو ملیۆن چەكدارمان هەبوو لەوانەی پێیان دەگوترا جاش. ئەم چەكدارانە سەر بە خێڵە زۆرەكانی كوردستان بوون. هەر خێڵێك سەرۆك خێڵ و ئاغا و شێخی خۆی هەیە، قەوارەیەكی چەكداریی هەیە لە ناوچەیەكی دیاریكراو. واتە جوغرافیای كوردستان، لە نێوان دەستەڵاتی ئەم خێڵ و گروپانە دابەش بووە، سەنتەرێكی بە هێز نیە بۆ كۆكردنەوەیان لە سەر زەمینەیەك، بكرێت هیوای كوردبوون و نەتەوەبوونی لێوە فەراهەم بێت. لە شاخیش، چەند حزبێكی نەیار و ناكۆك هەبوون، كە دەستیان بە خوێنی یەكتر سور بوو. لە ڕووی ئایدیۆلۆژیاوەش، زیاتر پەرتەوازەییان هێنابووە نێو كورد، وەك چۆن لە بنەڕەتدا پەرتەوازەی دەستی ناوچەگەریی و ناحەزیی نێوان خێڵەكان و جیاوازیی زاراوە بوون. ئەم ڕەوشە وایكردووە، بە درێژایی مێژوو، كوردستان جێگای فرە سەنتەر و فرە هێز بێت. هەر مەملەكەتێكیش لە دونیا یان هەر گەلێك، فرە هێز و فرە سەنتەر بوو، دەستی لێبشۆ لەوەی بەرەو نەتەوەبوون هەنگاو بنێت و ئامانجی نەتەوەیی بپێكێت. جگە لەمەش، ئەم ڕەوشە بۆ خۆی كانگایەكە بەردەوام گەندەڵێی بەرهەم دێنێت. چونكە دەستەڵاتدارێكی بەهێز نیە ئەوانی تر هەمووی بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، یاسا جێبەجێ بكات. هەمیشە، دەستەڵاتدار (یان دەستەڵاتدارەكان) دەكەونە ژێر باری سازانكردن (مساومة) و دانوستان لە گەڵ یەكتر، لە سەر حیسابی ئامانجە گەورەكانی نەتەوە و بەرژەوەندییە گشتیەكان.
بۆ نمونە، ساڵی 1991، كاتێك ڕاپەڕین بوو، بەرەی كوردستانی بووە دەستەڵاتداری ئەم قەوارەیەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن هەرێمی كوردستان. دەستەڵاتەكەیان بە سەر حزبەكان دابەش كرد و وای لێهات، دەستەڵاتی پارتی و یەكێتی و حزبەكانی تر یەكسان بوو. بۆ نمونە، خەڵكانێكی قاچاغچیی دەچوونە عێراق لای ڕژێمی بەعس، گرێدەر و شۆڤڵ و ئامێرەكانی تریان دەهێنا و ئاودیوی ئێرانیان دەكرد. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستیان بە پسولەی بەرەی كوردستانی بوو. باشم لە بیرە ئەوكات، قاچاغچییەكان بێ منەت بوون، چونكە ئەگەر پارتی پسولەی بۆ نەكردبان، دەچوونە لای یەكێتی، یان سۆشیالیست یان زەحمەتكێشان و حزبەكانی تر. ئەمەش وایكرد، گەندەڵییەكی بێ وێنە بەرپا بوو، حزبەكان خۆیان ئەندازیاری بوون، لە غیابی دەستەڵاتدارێكی بەهێز، بتوانێت یاسا بە سەر هەموو لایەك بسەپێنێت. لە هەمان كاتدا هەر لە ساڵی 1991 وە، یەكێتی بە شێوازێكی زۆر شەڕانگێزانە هاتە نێو شارەكان و بە هەموو شێوازێك ڕیسوای بنەماڵەی بارزانی و پارتیان دەكرد. دەمی خۆیان نەدەگرتەوە لە جنێو پێدان و تەشهیر كردن پێیان. ئەم واقیعە وایكرد یەكێتی هەوڵی شەڕ كردن بدات لە گەڵ پارتی، تەنانەت پەنا بۆ هێزی وڵاتانی دراوسێ بردرا، بۆ پێكانی ئەم ئامانجە، بۆ ئەوەی یەكێتی خۆی ببێتە هێزی یەكەم لە كوردستان، یان بە لایەنی كەمەوە ببێتە تاقە دەستەڵاتدار لە ناوچەی سۆران (هەولێر و سلێمانی و دهۆك). مەسەلەیەك كە زۆر جێگای شەرم و شورەییە ئەوەیە، زۆرێك لە كادیرانی یەكێتی لە سەرەتای نەوەدەكان، بە لێدان لە سەر ئاوازی بادینیی و سۆرانیی، مەجلیسەكانیان لە گەڵ خەڵكی كورد گەرم دەكرد، بۆ دوور خستنەوەیان لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی!
لێرەدا، دوای بەرپابوونی جەنگی ناوخۆ، لە كاتێكدا زۆر لایەن و خەڵك، وێڕای لێدانی بنەماڵەی بارزانی بە چەك، بە نوسین و تەشهیر و لە ڕێگای میدیا كەوتنە گیانیان، بە تایبەتی مەسعود بارزانی. لەم میانەدا هێزی ڕاكێشانی كادیر و بەرپرس لە نێوان یەكێتی و پارتی دەستی پێكرد. لەم سەینوبەینەدا، كاتێك ئاساییشی خودی بارزانی و بنەماڵەكەی كەوتە ژێر مەترسیی، هەروەها بە هۆی هەوڵدانی یەكێتی بۆ ڕاكێشانی خەڵك لە پارتیەوە بۆ لای خۆی، ئەمە بووە هۆی گرێیەكی شێرپەنجەیی لە سیاسەتیی كورددا. گرێیەكەش ئەوەیە، تۆ خۆت بێنە شوێن بارزانی و كەوتوویتە ژێر فشاری هێرشكردنی سەربازیی و میدیایی جۆراوجۆر و پلانی لە ناو بردنت. خەڵكانێكی خۆت بەرگریت لێدەكەن و شەڕت بۆ دەكەن. چۆن دەتوانیت لە سەر گەندەڵیی لێپرسینەوەیان لە گەڵ بكەیت، لە كاتێكدا خۆیان خاوەنی هێز و خێڵ و ناوچەی خۆیانن و بێ منەتن لێت. ئیتر لەم واقیعە، گەندەڵیی گەش و نمای كرد و لە دەستەڵاتی بارزانی نەما بتوانێت چارەسەریی بكات، چونكە هەموو لایەك تێیوە گلا: خێڵەكان، حزبەكان، بنەماڵە دەستەڵاتدارەكان هتد. لە بەر ئەمە، لە چەند دانیشتنێكی تایبەت، بارزانی بە حەسرەت و بە ڕاشكاویی گوتبووی "دەزانم ئێستا پارتی و یەكێتی چەندین مافیای جۆراوجۆر بە ڕێوەیان دەبەن، منیش تاقەتی ئەم هەموو مافیایانە نایێم"! لێرەدا دەتوانین حیكمەتی ئەو فەرمودەیەی پێغەمبەر بزانین كە دەفەرموێت "ئەگەر دوو دەستەڵاتدار كردیان بە ململانێ لە سەر دەستەڵات لە ملی یەكێكیان بدەن". چونكە ئەگەر لە ملی یەكێكیان نەدرێ، ملی نەتەوەیەك لێدەدرێت. لە كوردستانیش نەك تەنها دوو دەستەڵاتدارمان هەیە، بەڵكو چەندین دەستەڵاتدار و خێڵ و حزب و گروپ و فرە سەنتەریی هەیە، زۆریشیان پشتیان بە هێزی دەرەكیی قایمە. لە هەر كاتێك بیانەوێ، دەتوانن زەبری كوشندە لە جەرگ و دڵی كورد و كوردستان بدەن. هەر لەم چەند ساڵە كەمەی دواییە، نمونەیەكی بەهێزمان بینی و ئێستاش كورد پێیەوە دەتلێتەوە!
ئەم ڕۆحی پەرتەوازەییەو شەڕانگێزیی و ناحەزیی نێوان پێكهاتەی كورد، بناغەی گەندەڵیی و پوكانەوەی بەژنوباڵای كوردبوون و ئامانجە سەروەرییەكانی نەتەوەی كوردە. دوور لە بابەتی بارزانی و پارتی و یەكێتی، دەتوانین نمونەی ئیسلامییەكان بێنینەوە. تەنانەت، با بەس باسی ئیسلامییەكانی ناوچەی سۆران بكەین. لە ناوچەی سۆران، ئیسلامییەكان سەر بە یەك ناوچە و زاراوە و مەزهەبن. كەچی ئێستا دەیان گروپی جیاواز و ناكۆك و ناحەزن لە گەڵ یەكتریی، بەهیچ شێوە ناچنە ژێر باری یەك دەستەڵاتدار، بتوانن لە نێوان خۆیان هەڵیبژێرن بە سەركردە، ئەمیر یان پێشەوا. ئەمە لە كاتێكدایە خودای گەورە لە قورئان فەرمانیان پێدەكات كە یەكگرتوو بن و پەرتەواز نەبن. بەڵام ئیسلامییەكان پێیان ئاساییە سەرپێچی ئەم فەرمانەی خودا بكەن بەرامبەر بە حەز و ئارەزووە دونیاییەكانیان، كەچی بەردەوام موزایەدە بە سەر خەڵكی ڕەش و ڕووت دەكەن، بە خودا دەیان ترسێنن ئەگەر مەیلیان بۆ حزبەكانی تر هەبێت نەك ئیسلامییەكان!
ئەگەر پرسیاریش ئەوەیە چیبكەین و چار چییە. بێگومان چارەسەر هەیە و دەكرێت خاڵی دەستپێك لە هەر كاتێك ببێتە سەرەتای وەرچەرخان. نوسەری ئەم باەتەش تێڕوانین و پێشنیاری خۆی هەیە، دەكرێت لە نوسینێكی تردا ئەم تێڕوانین و پێشنیارانە بخەمە ڕوو. بەڵام لە كۆتایی ئەم وتارەدا، دەمەوێ بڵێم لەم سی ساڵەی دوایی، زۆرێك لەو نوسینانەی دژ بە مەسعود بارزانی بڵاو كراونەوە، زۆرینەیان بەشیان تەنەكەی خۆڵە. چونكە ڕاستیەكەی، مەسعود بارزانی، یەكێكە لە بەرزترین ئەو سەركردە مێژووییانەی هەر میللەتێك گەرەكیەتیی. حەیف، بە هۆی ململانێی ناوەخۆ و شەڕانگێزیی و ناحەزیی پێكهاتەی كورد، هەروەها بە هۆی گەندەڵی حزبەكان، پێش هەمووشیان پارتی، ئەم سەركردەیەمان نەناسی و پێگەمان نەزانیی، بەڵكو بە هەموو لایەك، هەوڵی خستنیان دا. لێرەشدا، زۆرێك لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی بە هۆی تێوەگلانیان لە سامان و پارەوپولی كوردستان، یارمەتیدەری ئەو هەوڵە تاریكویستانە بوون كە بەردەوام هەوڵی كزكردنی چرای ئەم سەركردەیە بوون، كە دەكرا كورد بە دەوریەوە كۆ ببێتەوە بۆ ئەنجامی گەورەی نەتەوە. مەسعود بارزانی، وێڕای ئەوەی سەركردەیەكی عاقڵ و حەكیم و مەردە، تەواو داوێن پاكە. ئەمەش وایكرد زۆر سەرسەختانە، لە ساڵی 2017، دژ بە هەموو جیهان بوەستێتەوە و ویستی كورد سەر بخات. گەر یەك لەزمەی بچوكی بە دەست ئێران و توركیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دابوایە، بارزانی نەیدەتوانی ئاوا بەو مەردیە لە بەرامبەر هەموویان بوەستێتەوە. خەڵكانێكیش، وەكو هەندێك لە ئیسلامییەكان و چەپیەكان، كە سەر وبنی زمانیان لافوگەزافە دژ بە ئەمریكا، لە ساڵی 2017 لە تاقیكردنەوەیەكی زۆر ئاسان كەوتن. لە جیاتی پشتی سەركردەیەكی بێ پشت و پەنا بگرن، كە بە تاقی تەنیا دژ بە هەموو جیهانی ستەمكار وەستایەوە، كەوتنە گاڵتە پێكردن و هەوڵی پشت شكاندنی. هەندێكیان گرەویان دەكرد لە سەر ئەوەی بارزانی لە دوا ساتەكان ڕیفراندۆم ناكات، چونكە تەنها بۆ دەستكەوت لە بەغدا ئەم هەموو بەزمە دەكات، بێ ئەوەی بیر بكەنەوە ئایا چ دەستكەوتێكی لە بەغدا هەیە بارزانی بیەوێ حاسڵی بكات؟! بەڵام بارزانی قسەی خۆی سەر خست. مەردانە، لە شاكارێكی مێژوویی كەم وێنە، فەرمان و بڕیار و چاوسوركردنەوەی ئەمریكا و وڵاتانی دونیا و ناوچەكەی خستە ژێر پێی هەتیوە بێ نازەكانی كورد.
بەڵام دیسانەوە حەیف، ئەم سەركردە مەزنە، میللەتێكی هۆشیار و هاوتەبا و حەكیمی لە پشتەوە نیە، ئەگەر نا حاڵی ئەمڕۆی كورد شتێكی تر دەبوو!