لەڕۆژی جیهانی ژینگەدا گۆیژە بپارێزە..

ستارە عارف
  2024-06-06     441

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەساڵی١٩٧٢دا ڕۆژی( ٥)ی حوزەیرانی هەمو ساڵێکی بەڕۆژی جیهانی ژینگە ناساندوە و بڕیارەکە لەساڵی١٩٧٤وە جێکەوت بوە و کەوتۆتە بواری کرداریەوە، ئامانج لەڕۆژی جیهانی ژینگە بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری ژینگەیی و پەرەپێدانی گیانی ژینگەیی و نیشتمانی و ژیاندۆستی و پاراستنی پێکهاتە سەرەکیەکانی ژیانی مرۆڤە.

لەڕۆژی جیهانی ژینگەدا دەبێت کەمپینی پاراستنی چیای گۆیژە بەرفراوان بکەین، بۆ ئەوەی ڕێگە لەتاڵانکردن و وێرانکردنی شاخ و چیاکانمان بگرین و سنور بۆ دەستەڵاتی چەتەگەرێتی دابنێین، کە سی ساڵ زیاترە لەکوردستان نەک خزمەتی کۆمەڵگەی کوردی ناکەن بەڵکو ئەندازیاری کاولکارین و ئەوەی خراپ و نەرێنییە لەڕوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەییەوە بەسەر کوردی باشوری کوردستانییاندا هێناوە.

ئەمڕۆ زۆر بە چڕی سەرەڕای ئەو هەمو کاولکاری و ستەمەی ئەنجامیانداوە، خاکیان فرۆشتوە و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی وڵاتەکەیان تاڵانکردوە و کوردیان لەبەردەم ڕای گشتی ناوخۆ و دەرەوەدا بچوک و بێ بەها کردوە، لەبەرئەوەی چەند مانگە دۆسیەی نەوتی کوردستانییان لەدەست دەرهێنراوە و وەک ڕابردو ناتوانن بازرگانی بە نەوت و گازی پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و دەوروبەری هەولێرەوە بکەن و تاڵانی بکەن و پارەی کوردستان سپی بکەنەوە و بۆ بانکەکانیان لەدەرەوەی وڵاتی ببەن و وەک فیرعەون هەر خەریکی شەوی سور بن و ژمارەی قومارخانەکانییان لەسلێمانی زیاد بکەن،

بۆیە هەنوکە چنگی دوژمنانەیەیان لەچیاکانی کوردستانیش گیر کردوە و تازەترین نمونەیان جینۆسایدکردن و ئەتکردنی چیای گۆیژەیە لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە بە فەرمان و بڕیاری قوباد و بافێڵ تاڵەبانی، ئەو بنەماڵەیەی لەدوای ساڵی١٩٩٢وە سلێمانی سزا دەدەن و خاپوری دەکەن و تەعریبی دەکەن و ناسنامەکەی دەشێوێنن و لەناوی دەبەن، سلێمانی بە شار لەدایک بوە و ئەوان کردویانەتە ئۆردوگایەکی وشک و بێخزمەت و کاولکراو و تەعریبکراو و پڕ لەقومارخانە و خەڵکی نامۆی بیابان و شوێنیتر و ناوچەیەک بۆ دەزگای هەواڵگری هەمو وڵاتانی دوژمن و داگیرکاری کورد، ئەمان لەبەعس خراپتر کاولیانکرد و بچوکیان کردەوە.

بۆیە دەبێت تەواوی هێز و وزەمان بۆ پاراستی چیای گۆیژە بخەینە کار، سەرخستنی ئەم هەڵمەتە و ڕاگرتنی تاوانی هەڵکۆڵینی چیای گۆیژە سەرکەوتنە بەسەر ستەم و داگیرکاری و وێرانکاریی زیاتریاندا، دەتوانین ئەم چالاکییە سەربخەین و ئیرادەمان بەسەر تاوانەکەدا سەربخەین، هاوکار بن و بەشداری لەهەڵمەتی پاراستنی چیای گۆیژەدا بکەن، بۆ ئەوەی لەداهاتودا کارەساتی بومەلەرزە و گۆڕینی کەشو هەوا بە خراپی و زیادبونی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و پیسبونی هەوا لەئەنجامی نەمانی چیاکە و ڕودانی لافاوی بەردەوام و کەوتنەوەی نەخۆشی دەگمەن ڕوتان تێنەکەن و نەوەکانتان پارێزراو بن، هەر یەکەیەکی نیشتەجێبون لەشوێنی گۆیژە دروستبکرێت، کە بێگومان بۆ مەلەسەی تەعریبە و بۆ فیرعەونەکانی دەستەڵات خۆیان و عەرەبی دروست دەکەن، ساغڵەم نابێت و ڕودانی بومەلەرزەی بەردەوام ژیانیان دەخاتە مەترسیەوە و ڕوتاندنەوە و هەژاری کوردی خۆیشمان زیادتر دەکات، سەدان و هەزاران کاریگەری لەڕوی دروستکردنی هەڵاوسانی ئابورییەوە و نەبونی فرۆشی یەکەکان و بەرزکردنەوەی نرخی بازاڕی کاری بە دوادا دێت، جگە لەوەی ژینگە و سروشت دەشێوێنن و پیسبونی ژینگەیی بەرهەم دەهێنن، لەوەیش زیاتر دۆسیەی تێکدان و ڕوخاندنی چیای گۆیژە تەنیا بابەتێکی ڕوتی ژینگەیی نیە، بەڵکو پاراستنی چیاکە بەرگریکردنە لەخاک و نیشتمان و لەکەرامەتی کوردی، داکۆکیکردنە لەمێژو و لەپاڵپشت و پشتوانی سەرەکی و تاکانەی کورد، کە چیایە و خاوەندارێتیە لەشوێنەوار و جوگرافیا و مێژوی ساڵەهای تێکۆشانی کورد و هەمو ئەو شەهیدانەی بەرامبەر بەهێرش و داگیرکاری دوژمن پاراستویانە و خۆێنیان لەپێناویدا ڕشتوە، دەبێت ئێمەیش وەک ئەو شەهیدانە چیای گۆیژە و چیاکانیتری کوردستان لەبەرامبەر لەشکری داگیرکاری و کاولکاری ستەمکاران و دوژمنانی چیا و شاخ و کورد و نیشتمان بپارێزین و هەڵمەتەکەمان فراوان و بە جیهانی بکەین، کوردانی ئەوروپا تکایە خەمی گۆیژە هەڵبگرن و بەردەم دادگا و ناوەندە جیهانییە ژینگەییەکان بگرن و پشتوانی ئەم هەڵمەتە بکەن، گۆیژە بپارێزە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوت پارێزراو بن...

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×