شەوی چلە

ستارە عارف
  2023-12-22     489

شەوی چلە دوا شەوی مانگی سەرماوەرز و یەکەم شەوی مانگی بەفرانبارە و  درێژترین شەوی ساڵە بەپێی ساڵنامەی کوردی، ناوی مانگە کوردییەکان چەند جوان و نازدار و چەند چێژ بەخشن، شەوی چلە لەناو کورد دا بە بایەخ و گرنگە، لەمێژوی کۆنی کورددا و بەپێی ئایینی ڕاستەقینەی کوردی(یارسان و ئێزیدی و زەردەشتی و کاکەیی و باوەڕی مێترایی)، کە ئەم ناوانە هەمویان سەرچاوەکەیان یەکە و گوزارشت لەیەک ئایین و باوەڕی کوردەواری دەکەن، بەڵام بەهۆی داگیرکاری و هێرشە بەردەوامەکانی دوژمنانەوە لەمێژوەوە تا هەنوکە بۆ سەر کورد و ناسنامە و باوەڕداریی و ئایینەکەی ڕوبەڕوی لێکترازان و گۆڕینی ناو و ناونیشان بونەتەوە.

شەوی چلە بۆیە لەناو نەتەوەی کورددا شوێن بایەخ و سەرەکی بوە و وەک جەژن پیرۆز کراوە و دەکرێت و میللەت تا بەیانی شەوارەیان گرتوە، چونکە کورد نەتەوەیەکی سروشت دۆستە و باوەڕە ئاینیەکەی پشتی بە سروشت و خۆر و ڕوناکی بەستوە و هەمیشە گۆڕانکاری وەرز و خۆزا و هەتاو لای کورد پیرۆز و سەرەکی بون و شێوەی کەسایەتی و ڕوداو و بەسەرهاتەکانیان لەو خولگەیەدا و بەو پێیە پێوانە کردوە و لێکداوەتەوە.

کورد لەبەرئەوەی لەسەرەتای دروستبونییەوە سروشتیانە ژیاوە و لەناوچەی کەوانەی بەپیتدا واتە میزۆپۆتامیا و زاگرۆس و لەپێواژۆی ژنسالارییەوە و یەزدانەکانی ژندا پشتی بە سەرچاوەکانی سروشت بەستوە و خۆی پێ ژیاندوە و خۆری پەرستوە و هەر گۆڕانێکی سروشتی و وەرز بۆ ئەو نیشانەی زیندوبون و دەلالەتی ژیانی بەخشیوە، ئەو کلتورە کۆنەی سەردەمی نۆئۆلۆتیک لەناو کورددا وەک شوناس ماوەتەوە، بەڵام لەئەنجامی داگیرکردنی کورد و دابەشکردنی کوردستان و سەد ساڵ جینۆساید و تواندنەوەی کلتوری و لەناوبردنی باوەڕداری و زمان و ناسنامەکەی و کوشتنی هەمیشەیی فیزیکی و ڕۆحی لەلایەن وڵاتانی داگیرکار و تەماعکاری عەرەب و تورک و فارسەوە، زۆر لەبایەخی نەریت و ناسنامەکەی کەمکراوەتەوە و زۆر فەرهەنگی کوردی لەناو چون و توێنراونەتەوە یان تێکەڵ بە نەریتی قێزەونی بیابانی عەرەب و ئەوانیتر کراون، وەک چۆن پەرتوک و پەرتوکخانەکانی هەمیشە سوتێنراون بۆ ئەوەی ڕەچەڵەکی بتوێننەوە.

یان بە جۆرێکیتر کلتور و فەرهەنگی کوردی لەو سەرەتاییەوە دزراوە و بۆ وڵاتانی تر گوێزراونەتەوە، بۆیە زۆر جار باس لەوە دەکەین یان دەکەوێتە بەرچاومان، کە زۆر دابی وڵاتانیتر لەکورد دەچن، نمونە شەوی چلە و باوەڕداری مێترایی و زەردەشتی وەک داب و باوەڕی کورد لەلایەن فارسەوە براون و بە چەشنی ناسنامەی فارسی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بۆیە کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە شەوی چلە ساڵانە پیرۆز دەکەن وەک نەریتێکی ئێرانی لێیدەڕوانن نەک کوردی، هەر لەبەرئەوەی فارس بە نەریتی خۆی دەزانێت و پیرۆزی دەکات بۆیە کوردیش لەوێ پیرۆزی دەکەن، چونکە زۆرینەی ناسنامە و فەرهەنگی ڕەسەن و بنەڕەتی کوردی لەلایەن ئەو وڵاتە داگیرکارانەوە دزراون و کوردیش خۆی لەو تەماعکارییە کەم بە ئاگایە، لەساڵی ڕابردویشدا، ساڵی٢٠٢٢ شەوی چلە لەیونسکۆ وەک فەرهەنگێکی ئێرانی لەلایەن ئێرانەوە تۆمار کرا.

بۆ نمونە یەزدانەی ژن لەناو کورددا هەبوە، چونکە ژن لەلای کورد ڕێز لێگیراو و خاوەن بڕیار بوە، ئەو کلتوری یەزدانی ئەستێرە و پاشان گۆڕینی ناوەکە لەکوردییەوە بە عەشتار و ڤینۆسی یۆنانیش گەیشتوە، بەهەمان شێوە باوەڕی مێترایی و ئایینی یارسان و زەردەشتی وەک باوەڕ و فەرهەنگ ئێستا بونەتە موڵکی وڵاتانی سەردەستی جیهان یان وڵاتانی داگیرکاری کورد، یان بە جۆرێکیتر لەلایەن وڵاتانی عەرەبی عێراق و تورک و فارسەوە شێوێنراوە و ناو و ناتۆرەی ناپەسندیان بۆ فەرهەنگە ڕەسەنەکەی کورد داتاشیوە و بە تۆپزی کورد بە موسڵمان کراوە و نەریتی پاشڤەڕۆ و قێزەونی بیابانی عەرەبیان بەسەردا سەپاندوە.

بۆیە شەوی چلە یان جەژنی چلە و بەرات و جەژنی نەورۆز زۆریتر فەرهەنگی ڕەسەن و سەرەکی و ڕاستەقینەی نەتەوەی کوردن و گوزارەن لەسروشت دۆستی و خۆر ویستی و جوانپەرستی و سەرکەوتنی ڕوناکی بەسەر تاریکیدا و شکۆمەندی و نزیکی کورد لەڕەسەنایەتی و ڕوناکییەوە، لەمێژوی هەرە کۆنی کوردییەوە هەسارە و ئەستێرەناسی و گەردونناسی لای کورد پەسەند و کارپێکراو بون، شارستانییەت و ژیاری سۆمەرییەکان بنەڕەتییان بەگوێرەی سەرچاوەکان کوردن و کوردیین، کە ئێستا بە ناوی ئەکەدی و بابل و هتد عەرەبی بیابانی عێراق بەهۆی سەردەستی و زاڵمییانەوە بەسەر کورددا لەکوردیان دزیوە و بە ناوی عەرەبەوە بەیت و بالۆرەی بە باڵا هەڵدەڵێن.

وەک چۆن تا ئەمڕۆیش عەرەب و تورک و فارس لەدزینی زمانی کوردی و هونەر و مۆزیکمان بەردەوامن و بە ناوی خۆیانەوە ڕەواجی بۆ پەیدا دەکەن، بە داخەوە کوردیش هێندە ژێر دەستە کراوە و چەوسێنراوەتەوە، کە زۆرجار خۆمان وشە و ڕستە و دەستەواژە و زمان و فەرهەنگمان دەکەین بە موڵکی ئەوان و بە کلتوری عەرەب و فارس و تورکی لەقەڵەم دەدەین و خیانەت لەخۆمان دەکەین.

شەوی چلە لای میتراییەکان پیرۆزە باوەڕداری میتراییش کوردن و کوردیین و زۆر لەلێکۆڵەرەوان شەوی چلە بە شەوی لەدایکبونی میترا ناو دەبەن، هەڵبژاردنی میوە ئەو میوانەی شەوی چلە لەلای کورد بێ مەرامەت نییە و هەر یەکە و دەلالەتێکی گرنگی هەیە و لەفەلسەفەی زەردەشتییدا، کە ڕوناکی هەمیشە بەسەر تاریکیدا سەردەکەوێت و خۆر و ئاوهەوا و خاک و ڕوناکی لەپڕەنسیپە گرنگەکانن، کە کوردیان لەسەر بونیاد نراوە و ڕەگی مێژویی و کلتوری لەڕەچەڵەکماندا داکوتاوە، سەرەتایی داگیرکردن و جینۆسایدی کورد بە پلەی یەکەم بۆ ناسنامە نەتەوەیی و فەلسەفە و باوەڕدارییەکەی لەمێژودا دەگەڕێتەوە.

لەبەرئەوە زۆر گرنگە کورد بۆ کلتور و فەرهەنگی ڕاستەقینەی خۆی بگەڕێتەوە و ناسنامە و شوناسەکەی زیندو بکاتەوە و بایەخی پێبدات، ڕزگاری کورد لەدەستی عەرەب و بە عەرەبکردن و بە تورککردن و بە فارسکردن و ستەمکاری ئەو وڵاتانە بە گەڕانەوە و زیندوکردنەوەی فەرهەنگەکەی دەست پێدەکات..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×