هەڵەبجە

ستارە عارف
  2023-03-30     543

بەرواری١٣/٣/٢٠١٤ لەکابینەی نێچیرڤان بارزانیدا بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و پەرلەمانی کوردستان لەهەمان بەرواردا هەڵەبجەی بە پایتەختی ئاشتی ناساند، کە ئەو کاتە حکومەتی کاربەڕێکەر بو، بێ ئەوەی لەو بەروارەوە یەک بنەمای پارێزگابونی بۆ دابین و جێبەجێ بکەن و تەنیا لەسەر کاغەز پارێزگاییە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دو ڕۆژ پێش ٣٥ هەمین ساڵیادی کیمیایبارانکردنی شاری هەڵەبجە ٢٠٢٣ مژدەی ئەوەی دا، کە بڕیاریانداوە پڕۆژە یاساییەک لەپەرلەمانی عێراقەوە بۆ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە پەسند بکەن و پێداویستییە گرنگەکانی بۆ دەستەبەر بکەن، هێشتا پڕۆژە یاساییە و پێدەچێت هەر بۆ خۆشیرینکردن لای کورد و هەڵەبجە بێت و نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەگەر بەغدا ڕاستگۆییە لەگەڵ کورد بۆچی تۆمەتباران و تاوانبارانی کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال و تەواوی جینۆسایدی کورد لەدەرەوەی وڵات و ناوەوە ناهێنێتە بەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و سزایان نادەن و دەستگیریان ناکەن، کە دەستیان پێیان دەگات؟، بۆچی پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دوادەخەن و کاری لەسەر ناکەن؟، بۆچی قەرەبوی کوردانی زیانلێکەوتویی کیمیایباران و جینۆساید ناکەنەوە؟.

هەڵەبجە دوای٣٥ ساڵ دەربازبون بەسەر تاوانی کیمیایبارانکردنیدا لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە، لەڕابردو زیاتر بە دەست نەبونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، کێشەی منداڵە ونبوەکانی هەر ماوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێک دەبوایە ئەم غەمە گەورەییەی لەکۆڵ بنایە و کاری لەسەر بکردایە.

ئەو ژمارە کۆمپانیا بیانییەی لەبەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی و فرۆشتنی بە عێراق دەستیان هەبوە و چەکە قەدەغەکراوەکانیان لەلایەن ڕژێمی بەغداوە دژی کورد بەکارهاتوە، ژمارە و بەڵگە لەبارەیانەوە ئاشکران، پێویست بو بە فشار و هەوڵی دەستەڵاتدارانی کورد و بەغدایش سزابدرانایە و داوای قەرەبویان لێبکرایاتەوە، لەساڵی٢٠١١وە تەنیا لەلایەن چالاکوانان و چەند کۆمەڵەیەکەوە کار لەسەر دۆسیەکەیان و ئاشکراکردنیان کراوە.

دوای تێپەڕبونی ٣٥ ساڵ بەسەر کیمیایبارانکردنی هەڵەبجەدا، هەوڵەکان بۆ بە جینۆساید ناساندنی لەئاستی جیهانییدا سستە و لەناوخۆدا سەرەڕای ئەوەی لەلایەن پەرلەمان و حکومەتی عێراق و کوردستانیشەوە ناسێنراوە، بەڵام هەنگاوەکانی دوای ئەو پلەیە لەئاستی نەبودان، حکومەتی عێراق پابەند نیە بە پرسی قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی تاوانی هەڵەبجە و دۆسیەکانیتری کوردەوە، هەڵبەتە لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەڵاتەکەیان هیچ فشارێکیان لەعێراق نەکردوە، لەکاتێکدا دەبوایە دوای ئەوەی لەساڵی٢٠٠٨وە تاوانی کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە و تاوانی ئەنفال و بارزانیەکان و کوردانی فەیلی بە جینۆساید ناسێنران لەلایەن بەغداوە قەرەبوبکرانایەتەوە، کاربەدەستان و ستەمکارانی هەرێمی کوردستان تاکە مەرامیان پارە و بودجەی خۆیانە لەبەغدا، بەغدا قەرەبوکردنەوەی جینۆسایدکراوانی کورد بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانێت، لەکاتێکدا ئەو ڕژێمە کوردی جینۆسایدکردوە، وێڕای ئەوەی جاشیش بەشداربون.

تا ئێستا پڕۆژە یاسای قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی کورد لەپەرلەمانی کوردستان دەرنەچوێنراوە، وەک بنەمایەک دەبێت ئەو یاساییە لەکوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی لەبەغدا پشتبەست بەو یاسایە قەرەبو بکرێنەوە و پاشان لەئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێن و هەنگاوی بۆ هەڵبگرن و لەکوردستانەوە فشارەکان دەستپێبکەن، ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر کورد کاری لەسەر ئەو دۆسێیانە بکردایە و هەوڵەکان زۆر و زەوەندە بونایە، نەک نەدەبو بەغدا قەرەبوکردنەوە بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بزانێت، بەڵکو دەبوایە شەرمی بکردایە و ناچار بکرایە داوای لێبوردن لەکورد بکات، لەپای ئەو هەمو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەی لەلایەن ڕژێمەکانی بەغداوە دژی کورد ئەنجامدراوە و پاشان قەرەبوی تەواوی کوردستانیان بکردایەتەوە، وەک چۆن لەدۆسیەی هۆڵۆکۆست و ئەڕمەنیەکاندا کراوە، بەڵام بەهۆی جاشایەتی و ملکەچی دو بنەماڵەوە ناردنی بودجە و پارەی ئاسایی کوردیش لای بەغدا بوە بە منەت و خێر و سەدەقە و تەواوی دۆز و پرسی کورد کراون بە قوربانی ئەوانی چەتە و دەست و پێوەندەکانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×