پێویستمان بە پێرەمێردێکە ئەم داستانەمان بۆ بنوسێتەوە!

خالید رەزا ئەمین
  2025-02-08     690

(١)

پیرەمێردی نەمر چیرۆکی لە خۆبردویی و قارەمانێتی  دوانزە سوارەی مەریوانی بۆ تۆمار کردوین. وەکو خۆی لە سەرەتای نوسینەوەی داستانەکەدا نوسیوێتی:

" دوانزە سوارەی مەریوان!

مناڵ بووم هەرچەند بەیتی دوانزە سوارەیان بۆ ئەکردم بەو منداڵیە خۆم بە پاڵەوانێک دەزانی کە داراغا ئەیگوت: کوڕگەل فیدای هەڵمەتی شێرانەتان بم، ڕۆژێکە و ئەمڕۆ ڕووی خاکەکەتان سپی بکەن. منیش بەخەیاڵ لنگم ئەدایە ئیجگار کە ئەیان خوێندەوە:

جوامێر ئاغای ڕەنگینە

پڵنگی چنگ بەخوێنە

من ئەوەندەی تر شەیدای ئەبوم ، ئینجا زۆر ئاواتە خواز بووم بۆم هەڵکەوێ ئەم دوانزە سوارە بنوسمەوە، بەڵام هیچ بەڵگە و بناغەیەکم دەست نەکەوت، منیش ڕاست و ڕەوان باوکم چۆن لە باپیرمی بیستوە و منیش چۆن لە باوکم بیست وا نوسیمەوە، ئەمەش ڕاستیەکەیەتی ..."

لە کۆتایی داستانەکەش دا نوسیوێتی:

" ئێمە شەڕی (دوانزە سوارە) مان تا ئێرە هێنا و بێ پڵاو خواردن گەڕاینەوە، زۆر پێ خۆشحاڵم کە ئەم داستانەی میلەتەکەم خوا بەرمنی خست کە بینوسمەوە و ئەو ناوبانگ و ناو نیشانەیان زیندوو بکەمەوە".

(٢)

شەهید ئەنوەر حەسەن و هاوڕیکانیشی لە ساڵی ١٩٨٢ لەگوندی قازان وەکو دوانزە سوارەی مەریوان بەخوێنی خۆیان دژ بەگەلەجاش و بەعسیەکان  مێژوی خۆنەویستی و نەبەردیان، بۆ نوسینەوە ڕۆحی خۆیان نەزری کوردستان کرد. لەو رۆژگارەدا ئەم چەند دێرە بوبو بە وێردی سەرزمان:

دوانزە سوارەکەی قازان

کاک ئەنوەر بوو پێشڕەوتان

چاوی گەشمان کاڵ بۆ وە

بۆ شەهیدانی قازان

(٣)

ئێستەش لە ژێر خێوەتی شکۆدا لە بناری گوێژەی ڕەنگین دا، سیانزە سوارەی گیان لەسەر دەست جارێکی تر مێژوی خەباتی مەدەنیمان بۆ دەنوسنەوە. ژیانی خۆیانیان لەم سەرماوسۆڵەدا خستۆتە سەر لەپی دەستیان و ئەوە ١٢ رۆژە مانیان لە خواردن گرتوە، دژ بە نادادی و زوڵم و زۆری دەسەلاتی کوردی و داوای مافی خوراوی هەموان دەکەن. نابێ بەتەنها بەجێێان بهێڵین، نابێ ڕێگە بدەین بە بەرچاوی خۆمانەوە بمرن ئەمانە خوشک و برا و هاوخوێنی خۆمانن. دلسۆزان و خەمخۆران بەزوترین کات بیر لە چالاکیەکی جەماوەری گەورە بکەنەوە کە تیایدا بە شکۆوە گیانی سیانزە سوارەی خێوەتەکە لە مردن ڕزگار بکرێ. بە ئەرکی خۆمم زانی لەم غوربەتەوە ئەم پەیامە بۆ هاوسۆزی و پشتتیوانی و دەسگوشین یان بڵاو بکەمەوە، تف لەو دەسەڵاتە ملهوڕ و خۆ سەپێنە بکەم کە چێژ لە سزادان و برسیکردن و دزینی سامانی سەرئەرز و ژێر ئەرزی وڵاتەکەمان ئەبێنی و باکی بە مردنی ڕۆڵەکانی نیە. بەڵێ پێویستمان بە پیرەمێرد ێکی ترە مێژوی ئەم سیانزە سوارەیەشمان وەکو خۆی بۆ بنوسێتەوە تا ببێتە وانەیەک بۆ نەوەکانی داهاتومان. 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×