گرفتەکانی بەردەم پڕۆسەی پەروەردە لەم کات و ساتەدا زۆرن، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی پەروەردەیی پێویستە ھەنگاوەکانی بەپلان و بەرنامەداڕشتن بن، ھەر لەو گرفتانەی دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای پەروەردە کردن لەلایەن دایبابانەوە، ئەویش چارەسەرکردنی ئەو ھەڵانەی لەشێوازی نادروستی مامەڵە کردن لەگەڵ منداڵدا، وەک توند و تیژی و سزای جەستەیی، یان زیادەڕۆیی لە پاراستن، پشتگوێخستن، ڕەنگدانەوەی ناتەبایی لە نێوان دایبابەکان، زیادەڕۆیی لەبەکارھێنانی ئامێرەزیرەکەکان کە دەبێتە ھۆکاری کێشە و ئاڵۆزی دەروونی و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی لەلای منداڵان و ھەرزەکاراندا.
سەرەڕای گرفتەکانی پەروەردە لە ناوخێزاندا کە زیاتر دایک و باوک ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام ئەوانیش ھەر لەبنەڕەتدا سیستمی حوکمڕانی و فەلسەفەی پەروەردە لێیان بەرپرسە.
ئەگەر بەشێوەیەکی دروستی پەروەردەیی و ڕەخنەیی سەیری پڕۆسەی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان بکەین لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، کێشە و گرفتەکان زۆر و کەڵەکەبوون بە ھۆکاری پەراوێزخستن و گرنگینەدان بە پڕۆسەکە و نا کامڵی و بێ ئاگایی بەرپرسانی پەروەردە لەم ھەرێمەدا، دیارە تەنھا یەک لایەنە نیە بەڵکو کۆی سیستمی سیاسی و بەرپرسان ئەو خەوشانەیان بەردەکەوێت، کە ڕووبەڕووی پەروەردە و سیستمەکەی بوونەوە، واتە لە ڕووی (ئابووری و دارایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کارگێڕی، .....)
بەجۆرێکی تر دەکرێ بڵێین، گرفتەکانی پەروەردە ھەریەک لە خێزان و فێرگە و سیستمی پەروەردە کە لێی بەرپرسن، کاتێ سیستمی کارگێڕی و بەڕێوەبردن تووشی خراپی و تێوەگلانی گەندەڵی دەبێت، لایەن و سێکتەرەکانی تری کۆمەڵگە بەجارێ تووشی ئیفلیجی و وێران بوون دەبن.
ھەموو تاکێکی بەئاگا ئەزانێ دۆخی ئابوری و دارایی ئەم ھەرێمە دەرگیری چ کارەساتێکی نادادی و پاوانخوازی بووە بە دەست کۆمەڵێ بەرپرسی نابەرپرس، کەتەنھا ھەوڵیان پڕکردنی گیرفانی خۆیان و منداڵەکانیان و کەسە نزیکەکانی خۆیانە.
جا پڕۆسەی پەروەردە چۆن لەم دۆخە نالەبار و سەختە بەدەستی ئەمانە، چۆن دەگاتە کەناری ئارام؟
لەوانەیە تۆی خوێنەری ئەم وتارە لەدڵی خۆتدا بڵێی بۆچی نوسەر وا توند و تووڕەیە و ڕەحم بە لایەنی پەیوەندیدار ناکات؟ بەڵام ئەوە بزانە کە چەندین ساڵە بەنوسین و کۆڕ و سیمینار پێشنیار و ڕەخنەکانم خستۆتەڕوو، ھەر من نا بەڵکو چەندین کەسی دڵسۆزو خەمخۆر، نەک گوێیان لێ نەگرتووین بگرە خراپتریان کردووە، لەخۆڕانیە پیرەمێردی نەمر فەموویەتی:
کە کار کەوتە دەست تەبیعەت مردوو
فاتیحە دادەن بۆ ڕۆحی زیندوو
سەرم سوڕماوە لە کردەوەی خوا
زۆر مردوو بەشی زیندووان ئەخوا
وتمان تکایە بەبیری خراپ و بێفەڕی حیزب وێرانی مەکەن، خراپترتان کرد. وتمان تکایە کەسی شیاو بخەنە شوێنی شیاو لەپەروەردەدا، ھەرچی خۆتان پێتان باش بوو ئەوەتان دانا، بۆیە وێرانترتان کرد.
وتمان تکایە بڕیارەکانی کۆنفرانسە پەروەردەییەکان جێبەجێ بکەن، کەخۆتان ڕۆڵتان ھەبووە، لەدانانیان، نەتان کرد و خراپترتان کرد.
وتمان با داھاتی تایبەت بۆ پەروەردە دابنرێت، لەجیاتی ئەوە کەسوکاری فێرخوازانتان خستە ئەو بارە قورسە، خراپترتان کرد.
وتمان موچە دوامەخەن و بژێوی ژیانی مامۆستایان چاک بکەن، کەچی نەک موچەکانتان بڕی بەڵکو بەرزکردنەوەی موچە و ساڵانەشتان نەھێشت، خراپترتان کرد.
زۆرجار وتمان دەستی ئایدۆلۆژیای حیزب مەکەن بە پێوەر بۆ دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەر، خراپترتان کرد.
وتمان دۆخەکە ناسکە و ھەستیارە تکایە جوان مامەڵەی لەگەڵ بکەن، کەچی خراپترتان کرد.
وتمان خولی تایبەت بە ڕاھێنان و کارامەییەکان بۆ مامۆستایان ئەنجام بدەن، نەک نەتانکرد خراپترتان کرد.
وتمان بینای فێرگە و خوێندنگەکان موڵکی گشتی و پەروەردەن، تکایە مەیکەن بە موڵکی کەسی و وەربەرھێنەر خراپترتان کرد.
وتمان بەھۆکاری تاقیکردنەوە شێواوی مەخنە پڕۆسەی پەروەردەوە، ھەوڵ بدەن کاریگەریەکانی کەم بکەنەوە،کەچی تاقیکردنەوەتان بۆ وانەکانی کارامەیی و بەھاکانیش دانا، خراپترتان کرد.
لەکۆتاییدا ئەمەوێ وتارەکەم بە شیعرێکی شاعیری ناوداری کورد(شوکری فەزڵی) کۆتایی بێنم کە بۆ ئەم دۆخەی ئێستای ھەرێمی کوردستان گونجاوە،فەرموویەتی:
ئیش کە ڕووی ئێستە لە ھەورازە سەرەولێژی نەکەی
فکری وردیشی ئەوێ، ھەر بە دۆعا و نوێژی نەکەی
گێرەشێوێنێ کە کای کۆنی بە با دا لە کنت
چاکە ھەر لێی خوڕی، سەیری دەم و کاوێژی نەکەی
سەرەتای ئیش ھەموو یەک بوونە، ئەویش نابێ ھەتا
ھەر برینێ کە لە دڵدا ھەیە ساڕێژی نەکەی
حەیفە چاوێ کە جەفا کۆڵەوەژی تێدەشکان
تۆ بە کلچێوکی وەفا عەینی گەلاوێژی نەکەی
قەومی بێ سەر نییە ئەمڕۆ لە ھەموو عالەمدا
ئەتەوێ تاجی سەری بی، بە ھەوا گێژی نەکەی.