دەستلەکارکێشانەوە، وەک وانە وپەند

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2024-08-22     162

دەستلەکارکێشانەوە  بەمانای  دەستبەرداربوون  و وازھێنان  لە  پۆست یان  کارێک کە مرۆڤ پێگەی خۆی تیا بینیبێتەوە و جێدەستی خۆی تیا  دەرخستبێت.
  دوو ھۆکاردەبنە ئەنجامدانی  دەستلەکارکێشانەوە، ئەوانیش ئەمانەن:
١-کەسێک خۆی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە لەکارێک یان پۆستێک بدات، جا لەبەر ڕایی نەبوون و بەدەست نەگەیشتنی ئاکامێک، یان دروستکردنی بەربەست لەلایەن کەسان و لایەنیتر، ئەویش ناچار دەکرێت دەستبەرداری پۆست و شوێنەکەی ببێت.
٢-وەرگرتنی ھەڵوێست لەسەر ئەوەی ھەست بە دەستخستنە ناوکار و ئیشەکانی و سنوور بەزاندن بە یاسا شکینی ، ئەوەش لە بەر بەرژەوەندی کەسی و گروپێک ئەوە  ڕوودەدات.
لە ھەرێمی کوردستان، لەدوای راپەڕینەکەوە و دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆماڵی، کەمترین  بەرپرس دەستیان لە کار و پۆستەکانیان کێشاوەتەوە و بەرداوە، ئەوەی لە کاتێکی  ھەستیار دەستی لە کارکێشایەوە، شاعیری مەزن (شێرکۆ بێکەس)بوو کە وازی لە پۆستی  وەزیری ڕۆشنبیبی  ھێنا لە بەر ئەوەی دەست خرایە کارو باری وەزارەتەکەی و وەڵامی ئەو بەھەڵوێست وەرگرتن و دەستی  لەپۆستی وەزیری ڕۆشنبیری ھەڵگرت، لەو کاتەدا ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە دەنگدانەوەی نەبوو، ئەویش بەھۆکاری کەمی میدیا و بەربڵاونەبوونی سۆشیالمیدیا، ئەو میدیایانەی ھەبوون تەنھا میدیای حیزبی بوون، ئەوەش دەزانین کە میدیای حیزبی لە ئامانج و ستراتیژی  بەرژەوەندی خۆی کاردەکات.
ھەرئەوەشە ئامانجەکان نزم و کەم بایەخن لایان، چونکە لەبەرژەوەندی گشتی کار ناکات، بگرە زۆرجار بەڕەوتی  پێچەوانەوە دژی ئامانجە گەورەکەیە کە خەڵکە.
لە دوای دەستلەکارکێسانەوەکەی (شێرکۆ بێکەس) چەند کەسێکی کەم  دەستبەرداری پۆست بوون، کەمترین دەنگدانەوەی ھەبوە، بەڵام لەم دواییانەدا بە ھۆی زۆری  میدیا و بەربڵاوی تۆڕەکان، ئەو دەستلەکارکێشانەوانە، دەنگدانەوەی زۆریان ھەبووە، وەک دەست بەرداربوونی(زانا عەبدول ڕەحمان) لە پۆستی قایمقامی  قەزای پێنجوێن و دەستلەکارکێشانەوەکەی  بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی  لە ٢٠-٨-٢٠٢٤ کە ئەتوانم بڵێم کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا و ئێستاش تا نوسینی ئەم وتارە  بەردەوامە. 
لە مێژووی جیھانیشدا زۆر کەسایەتی  وازیان لە پۆستەکانیان ھێناوە، تا ئێستاش باسدەکرێن و بە نمونە دەھێنرێنەوە، بە باشی دەزانم چەند نمونەیەک باس بکەم:
 ١-ریچارد نیکسۆن - سەرۆکی ئەمریکا کە لە ساڵی ١٩٧٤ دەستی لە پۆستەکەی بەردا بەھۆی سکاندالی واتەرگەیت.
٢- فیدێل کاسترۆ – سەرۆکی  کوبا کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی لە دەسەڵات بەردا بەھۆی خراپی باری  تەندروستی.
٣- بۆریس یەڵتسن - سەرۆکی ڕوسیا کە لە ساڵی ١٩٩٩ دەستی لە پۆستەکەی بەردا.
٤- رۆبێرت موگابی - سەرۆکی زیمبابوی  کە لە ساڵی ٢٠١٧ دەستی لە پۆستەکەی بەردا دوای کودەتایەکی سەربازی.
٥- حوسنی موبارەک، سەرۆکی میسر کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستی لە پۆستەکەی بەردا دوای خۆپیشاندانەکانی بەھاری عەرەبی.
ھۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوە جیاوازن، وەک (گوشاری سیاسی و ناڕەزایەتی گشتی و کێشەی تەندروستی و دەست وەردان  و سنوور بەزاندن  وپاوانخوازی، .....)
ئەوەی لای من گرنگ و جیی بایەخە ئەم دەست لەکارکێشانەوەیەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیە کە لەسەر کەیسێکی گرنگ ئەو کارەی کردوە، کە کەیسی موڵکی گشتیە،  بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بزوتنەوەکەی ئەو کە بۆ دژایەتی گەندەڵی دروست بووە، دەکرێ ئەم دەرفەتە لەدەست نەدات و بازنەی دژایەتی کردنی گەندەڵی و پاوانخوازی بێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆی سیاسی وبیکاتە خاڵی وەرچەرخانی ھەنگاونان بۆ سنووردانان بۆ پاوانخوازان، بە فشارخستنە سەر لایەن و حیزبەکانی ناو حکومەت، ئەگەر وەڵامیان نەرێنی بوو، گوێ بە ووتەی ھەندێ کەس نەدات گوایە بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنە، ھەنگاوی دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵی وەزیر و پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی  و ڕاوێژکارەکانی  ڕابگەیەنێت، ئەمکارە ئەو پەڕی ھەڵوێستی ئەرێنی و گونجاوە، لەم دۆخە سەختەی چاوچنۆکان و تەماعکاران کە خەریکی لووشدان و وێرانکردنی نیشتمانن.
لەم بارەوە (مارک توین) وتوێتی( بەجێھێشتنی دەسەڵات و پۆست کاتێک دەزانیت کاتەکەی ھاتووە، ئەوە نیشانەی ژیریە).
من لە بزوتنەوەی گۆڕان دەپرسم کە بەڕێوەبەری گشتی  دەست لە کارکێشاوەی پەروەردەی سلێمانی سەر بەو بزوتنەوەیەیە، ئایا ئێوە ھەر سوورن لەسەر گۆڕانکاری و بەدیھێنانی دادوەری یان نا ؟ ئەگەر بەڵێیە ئەوە کرداری ئەوێ، فەرموون ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن، چۆن پشتیوانی بەڕێوەبەری  گشتیتان کرد، ئاواش دەست بکەن بە فشارەکانتان، لە بەر بەرژەوەندی گشتی.
وتەیەکی (نێڵسۆن ماندێلا) دەکەمە کۆتایی ووتارەکەم، کەوتوێتی:( دەستبەرداربوون لە دەسەڵات گرنگترە لە دەستگرتن بەدەسەڵاتەوە).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×