ھەڵوێست وەرگرتن دژی پاوانخوازی و نادادی کۆمەڵایەتی

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2024-08-03     126

لە سەرەتای دەستپێکی وتارەکەم، دەمەوێ ئاماژە بە ھەڵوێست بکەم و بیناسێنم.
ھەڵوێست: دەربڕینی کۆمەڵێک ھەست و بیروباوەڕ و ڕەفتارە بەرامبەر بە ڕووداوێک یان بابەتێک یان بابەتگەلێکی وەک (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، پەروەردەیی، ئابووری.....)ھتد.
  ھەڵوێست وەرگرتن  زۆرجار بەرامبەر کردار وھەڵوێستی کەسێکیش سەرچاوە دەگرێت، واتە ھەڵوێستی تاکە کەسی ئەویش لە کاتێکدایە کەسی بکەری رەفتارەکە لای ئەوی تر بە نامۆیی و پێچەوانە لێکدەدرێتەوە، لە بەرامبەردا ھەڵوێستی لەسەر وەردەگرێت، ھەڵوێستەکە یان ھەڵچوون  دەبێت کە بە وتن و دەربڕین یان دەنگدابڕان و زویر بوون دەبێت.
ئەمەش لە بواری  دەروونناسیدا وەک ئارەزوویەکی بەدەست ھێنراو پێناسە دەکرێت بۆ ھەڵسەنگاندنی کەسەکان، لەسەر کێشە، شت، یان ڕووداوەکە بە شێوەیەکی دیاریکراو، ئەم ھەڵسەنگاندنانە زۆرجار ئەرێنی دەبن کەسی بکەر سوودی لێدەبیننێت و ئەو ڕەفتارە باش دەکات و دووبارەی ناکاتەوە، یان نەرێنی دەبێت کەسەکە مامەڵە ناشیاوەکە بەردەوام بکات و بیکاتە ڕکەبەری و سورتربێت لەسەر ڕەفتارەکەی. یان لەوانەیە ھەندێکجار نادیار و شاراوەبن و لای زۆر کەس نەگەنە ئامانج و مەبەستی ڕوون و دیار.
لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا ھەڵوێست بەپێی سەردەم و کات وشوێن،  شێوازەکانی و قۆناغەکانی ژیانی ژیاری کۆمەڵگەی کوردەواری گۆڕانی بەسەردا ھاتوە و دیاریکراوە، چونکە کورد نەتەوەیەک بووە ھەمیشە لە ھەوڵ و خەباتدا بووە، بۆ ڕزگاری و خۆپاراستن و بەرگری لە خاکەکەی و خۆی وەک نەتەوە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا بەرزترین لوتکەی ھەڵوێستە.
گەل و نەتەوەی زیندوو ئەوەیە، کە ڕێگە نەدات دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی نیشتمانەکەی یان ئەو عکومەت و کەسانەی بەڕێوەی دەبەن، لە جیاتی ژیانی ئاسایی  وەک مرۆڤ بژین وھاوسەنگ و یەکسان بن لەگەڵ ھاونیشتمانیەکانیان. نەک ببنە چەوسێنەرو پاوانخواز ئەوەش بە دروستکردنی دەیان ڕیکخراوو کۆمەڵەی سەربەخۆ و فشار تا ببنە بەربەست لەبەردەم  دروست بوونی خەونی بە دکتاتۆر بوونی دەسەڵات و ڕیبگرن لە ھەستی پاوانخوازی و ستەمکاری ئەو دەسەڵاتە.
ئەکرێ ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی ھەڵوێست بکەینە چەند قۆناغێک پێش ڕاپەڕینەکەی بەھاری ١٩٩١ خەڵکی کوردستان لە سەنگەری بەرگرییەکی سەختدا بووە بەرامبەر ڕژێمی بەعسی ڕوخاو و گەورەترین قوربانیش ھەر خەڵک داوێتی. 
ئەو ھەڵوێستە بە ئامانج و ئاکام گەیشت، بەھۆی وەدەرنانی ئەو ڕژێمە لە ھەموو شار وشارۆچکەکانی کوردستان، لەبەرامبەردا ڕژێم دامودەزگاکانی کارگێڕی لە ھەرێم کێشایەوە، ھێزە کوردییەکانیش  بەھۆی دروستبوونی بۆشایی کارگێڕی، ساڵی ١٩٩٢ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ئەنجامدا و یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزرا، لێرەوە پەنجا بە پەنجا واتە دابەشکردنی دەسەڵات بۆ دوو ھێز، پاش ئەوە ساڵی ١٩٩٤ بەھۆی ناکۆکی و ململانێی حیزبەکان و یەکتر قبوڵنەکردن شەڕی خۆبەخۆی کورد دروست بوو، لە ئاکامدا سەدان ڕۆڵەی کورد بوونە قوربانی و دوو زۆنی و دوو جوگرافیای  سیاسی لەھەرێم ھاتە کایەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەوەی بۆتە جێی سەرنج و باس و تێبینی زۆر کەس، ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان ھەمیشە ھەڵوێستیان ھەبووە لەو کاتانەی پێویست بووبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە دەسەڵاتداران گوێیان بە خواستی خەڵک نەداوە و بە پێچەوانەوە، ھەڵوێستیشیان لە ناو ھزری تاکی کورددا کوشتووە.
تەنانەت ئەوەندە بێ پلان و بی بەرنامە کاریان کردووە، بە ھۆی پابەند نەبوون بە یاسا و بوونی ھێزی تایبەت و کەسی، کە بۆ مەبەستی  پاوانخوازی بەکاریان  پاوانخوازی بەکاریان ھێناوە، لە ئەنجامدا ستەم و نادادییەکی زۆر ھاتۆتە ناو ھەرێم و دەنگی ناڕازی زۆر بووە.
ئەو دەنگە ناڕازییانە پێویستیان بە ھەڵوێستە بەڵام ھەلومەرجی ڕامیاری وئاستی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و دەستوەردانی ھەرێمایەتی، ھەستی بەرپرسیارێتی لای ھاوڵاتیان ناڕەزایەتیەکانی کردوە بە گوفتار نەک ھەڵوێستی کرداری، ئەمەش بۆ نەبوونی دادگایەکی بێلایەن و سەربەخۆ دەگەڕێتەوە.
ھەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر دەسەڵاتی پاوانخواز گرنگە بۆ پاراستنی مافەکانی ھاوڵاتیان و بەرقەرار کردنی دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا. 
ئەوەی نیگەرانی دروست کردوە لای خەڵک، داگیرکردنی موڵکی گشتیە لەلایەن بەرپرسان وکۆمپانیاکانی حیزبە باڵا دەستەکان، چونکە بەگشتی لەم ھەرێمە لەجیاتی ئاوەدانی و کامەرانی، پاوانخوازی و وێرانکردن و داگیرکردن بۆتە پیشەی بەرپرسان و کۆمپانیاکانیان.
تەنانەت دەست درێژی کراوەتە سەر موڵکی پەروەردە و پاوانگە ولەوەرگە و موڵکی (مساگحە)واتە ئەو موڵکەی ھی حکومەتە و بۆ ماوەیەکی دیریکراو بە پێی مەرج و گرێبەستی کاتی دیاریکراو دەدرێت  بە کەسێک یان کۆمپانیایەک، لە ئێستادا ئەو زەویانە زۆربەیان داگیرکراون لەلایەن بەرپرسانەوە.
لەسەر لایەن و ئەو کەسانە پێویستە ھەنگاوەکانی ھەڵوێست وەربگرن، لە بەرامبەر ئەو پاوانخوازیانەی کراوە، کە ھەڵوێستیش بەچەند ڕێگە وھەنگاوێک دەکرێن ئەوانیش بەشێکیان ئەمانەن:
١-دەرکردنی نوسراوی ناڕەزایەتی
٢-خۆپیشاندانی ئاشتیانە و مەدەنیانە
٣-ڕەخنەگرتن لەرێگەی میدیاوە(نوسین وبەدواداچوون و چاوپێکەوتن و توێژینەوە)
٤- ھەماھەنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
٥-پشتیوانی کردنی ئۆپۆزیسیۆن(ئەگەر ھەبێت)
٦-داواکردن لە داواکاری گشتی تا ڕێگربێت لە پاوانخوازی(لە کاتی دڵنیا بوون لە سەربەخۆیی دادگاکان).
ئەو ھەنگاوانەی  سەرەوە، ڕێگەکانی وەرگرتنی ھەڵوێستن، کە لەم ھەرێمەی ئێمە بەشێکیان ئەنجامدراون، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و تێبینی و ڕەخنەیە بۆ سەر لایەنی ئەنجامدانی کاری پاوانخوازی، ھیچ وەڵام وبۆچونیان نەبوە لەسەر ئەم خواستە گرنگەی خەڵک کە ھەڵوێستە.
ناڕەزایی دەربڕین پێویستیەکی گرنگە بۆ ئەوەی لەمپەر وبەربەست بۆ کاری خراپ و قێزەوونی پاوانخوازی دابنرێت، (مارتن لۆسەر) لەسەر وەرگرتنی ناڕەزایی وتوێتی(ھەر کەسێک گیانی  مرۆڤدۆستی ھەبێت، دەبێت بڕیار بدات کە چ جۆرە ناڕەزایەتییەک لەگەڵ بیروڕاکانیدا دەگونجێت، بەڵام دەبێت ھەمووکەس ناڕەزایەتی دەرببڕێت).
 لەم وتەیەی (لۆسەری) مەزن ئەوەی دەبێتە پێوەر و پێوانەی بوونی کایەی چاودێری و بەدواداچوون، ھەڵوێست وەرگرتنە، لەسەر ھەموو کایەکانی  ژیان، لەو کاتەشدا ئەوەی قووڵدەبێتەوە وبەدی دێت، دوو ئامانجی گەورەن بۆ ژیان ئەوانیش، بوونی دیمۆکراسی ڕاستەقینە و یاسا ودادگایەکی سەربەخۆیە، کە ھەموو مرۆڤەکان لەسایەیاندا بە کامەرانی شاد دەبن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×