پشووی ھاوین، دەرفەتی زێڕین

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2024-07-01     283

پشووی ھاوینە، کاتێکی دیاریکراوی ساڵە بۆ پرۆسەی  پەروەردە، واتە ئەو کاتەیە کە ئەوانەی کاردەکەن  لەناو قوتابخانە و خوێندنگە و زانکۆکان، دەوام ناکەن و پشوو وەردەگرن، جگە لە یەکە کارگێڕییەکان، بە مەبەستی ڕایی کردنی کارەکان و ڕێکخستنی پلان و ئامادەکارییەکان، ئەم پشووەش لە خۆڕا و بە ھەڕەمەکی و خواستی تایبەت دانەنراوە، بەڵکو بە پێی توێژینەوە و لێکدانەوەی زانستی و لەبەر چاوگرتنی بواری دەروونی و ھەلومەرجی کەش و ھەواو پلەکانی گەرما دیاریکراوە.
بەدەر لەو ھۆکارانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداون، ھەندێ وادەبینن کە پشووی ھاوینە دەرفەت و فرسەت دەخولقێنێ لەبەردەم پرۆسەی پەروەردەدا تا ھەنگاوی تر و باشتر بنرێت لە گشت بەش و جۆرەکانی  پەروەردە، ئەوانەی گرنگ وپیویستن بە خاڵ ئاماژەیان بۆ دەکەین، ئەمانە بەشێکیانن :
١-بەھێزکردنی خولیا و خواستی خوێندکاران، بەھۆی بەشداریکردنیان لە (خولی خواست)واتە ئەو خولانەی کارامەیی و ویستی تایبەت گەشە پێدەدەن، وەک وەرزش، موزیک، شێوەکاری، مەکەوانی، ئەسپسواری، ....... ھتد 
٢-یەکەی ڕاھێنان و مەشقی پەروەردە، دەکرێت خولی جۆراوجۆر بۆ مامۆستایان بکاتەوە، تا توانست و ئاستی زانستی و پەروەردەیی مامۆستایان بەرزتر و گەشاوەتر بکات
٣-فرسەتێکی باش و گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕو چاپکردنی ئەو پڕۆگرامانەی خوێندن کە پێویستە بگۆڕدرێن
٤-نۆژەنکردنەوە ودروستکردنی بینای نوێی خوێندن، بە پێی پێویست 
٥-ناردنە دەرەوەی کۆمەڵێ مامۆستای شارەزا و خاوەن ئەزموون بۆ ئەو ووڵاتانەی پرۆسەی پەروەردە تیایاندا پێشکەوتووە، تا لەوێ فێربکرێن و ئەو ئەزمونەی ئەوان بۆ لای خۆمان بگوازنەوە
٦-دیاریکردن و دانانی پلانی میلاکات بۆ ئەو خوێندنگانەی پێویستن و وەرگرتنی داواکاری ئەو مامۆستایانەی داوای گواستنەوە دەکەن
ئەمانەی سەرەوە بەشێکی گرنگ بوون لەو کارانەی کە پێویستە لە پشووی ھاویندا پلانیان بۆ دابنرێت و ئەنجام بدرێن.
بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە بۆتە مایەی سەرنج و تێبێنی سەبارەت بە پشووەکانی ھاوینە، ئەوەی گرنگی پێدەدرێت، نە زانستیە و نەپەروەردەییە، بە نمونە ئێستا خوێندنگە و پەیمانگە ئەھکییەکان ھەڵدەستن بەکردنەوەی خولی بەھێزکردنی وانەکان، کە ئەمە لای ئێمە خولی بێزاربوونە لەوانەکان، چونکە ناکرێ خوێندکار ھەموو ساڵەکە خەریکی خوێندن بێت، ئەی کەی و چۆن پشوو بدات؟ لەو کاتە دا ھەست بە ماندوویی و بێزاری و لەدەستدانی ووزەیەکی زۆر دەکرێت.
لە ھەموو ووڵاتانی جیھان پشووی ھاوینە ھەیە، بەپێی ھەڵکەوتەی جوگرافی و پێگەی ئەو دەوڵەتانە لەسەر ھێڵەکانی پانی و درێژی.   
ھەموو کارکردنێک دوای ئەنجامدان و ماندووبوون پێویستی بە ئارامگرتن و پشوودان ھەیە، بێگومان بۆ پرۆسەی پەروەردەش ئەمە گونجاوە، ئاساییە مرۆڤ لە کارەکەی ماندوو بێت، ھەروەھا ئاساییە ھەوڵی پشوودان بدات، وە ھەموو کەسێک توانای دۆزینەوەی باشترین ڕێگای پشوودانی نییە، کەواتە کە نەتتانی  ئەو ھەلە کە ناوی پشووە وەربگریت، کاتێ ناتوانرێت پشووەکە بە باشی وەربگرێت  بۆ ئەو کەسانە بۆیان دەبێتە قورسایی.
پشووی ھاوین دوای چەند مانگێکی زۆر لە ھیلاکی و ماندووبوون و ھەوڵدان لە ناو پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا بە مابەستی فێربوون، کە لە خوێندن و پێداچوونەوە وتاقیکردنەوە و تووشبوون و بەریەککەوتن لەگەڵ حاڵەتی  ئاڵۆزی دەروونی و نا ئارامیدا دێتە پێش، لەو کاتەدا پشوو وەرگرتن دەبێتە پێویستیەکی حەتمی  و مافێکی ڕەوای خوێندکاران  و ناکرێ  ئەنجام نەدرێت.
  پشوو گرنگە بەڵام پێویستە جەخت لەسەر گرنگی ڕێکخستنی کات بکرێتەوە بۆ سوود وەرگرتن لێی و چێژ وەرگرتن لە زۆرترین خواستە دەروونی و جەستەییەکانی فێرخوازان.
پشوو چەند گرنگە، چۆنیەتی بەسەربردنی کاتی پشووی ھاوین ئەوەندەیتر گرنگە، تا بە پلانێکی دیاریکراوی بەرنامە بۆ دانراو ئەنجام بدرێت.
زۆر جۆرو بابەتی  گرنگی ژیان ھەن کە بخرێنە ناو پلانی کاتی پشووی ھاوین بە مەبەستی سوود بینین و تێرکردنی خواستەکانی  فێرخوازان و گەشە پێدانی بەھرەکانیان، لەو بەھرانە(خواستی خوێندنەوە(گۆڤار- ڕۆژنامە- کتێب)، وەرزش کردن، گەشت کردن و ئاشنابوون بە شار وشوێنەکانی تر، سوودوەرگرتن لە کات و ڕاھێنانیان بۆ ئەوەی کات بەفیڕۆ نەدەن، بینین و ئاشناکردنیان بە فیلم و چێژوەرگرتن لە ڕوداوەکانیان، ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگەو چۆنێتی پاراستنیان، خۆشویستنی گیانداران و باڵندەکان چونکە بەگشتی مناڵان حەزیان بە ھاوڕێیەتیان دەکەن، ئەنجامدانی گەشتی بچووک بۆ باخی گشتی وکتێبخانەی گشتی لەلایەن دایک وباوکی فێرخوازان بەمەبەستی ئاسودەکردنی دەروون وچێژبەخشین ...... زۆریتر).
لە سەر حکومەت پێویستە قوتابخانەی ھاوینە بکاتەوە بۆ ئەو فێرخوازانەی مەبەستیانە گەشە بە بەھرەکانیان بدەن، نەک قوتابخانە و پەیمانگای بەناو ئەھلی و بازرگانی، ڕاستە خەڵک ئەمکارە دەکات، بەڵام ئەو بۆشاییە لایەنی پەیوەندیدار دروستی کردوە کە حکومەتە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×