ڕۆڵی  پەروەردە لە چاککردنی  ڕەفتارە نەرێنییەکان

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2024-05-30     216

  (ژیری وەک چەتر وایە، تەنھا کاتێک کاردەکات کە کراوە بێت - تۆماس دیۆر)

 

ھەموو ڕەفتار و ھەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ، زادەی وەرگرتن و فێربوونن، دەکرێ لە ژینگەیەکی لەبار و تەندروستدا بیرکردنەوە و ڕەفتاری  باش ببینین، بەپێچەوانەشەوە لە ژینگەی خراپ و دوور لەڕەچاوکردنی ھەنگاوە باشەکان، ڕەفتاری نەرێنی و خراپ ڕەنگدەداتەوە.
لە شێوازی دیاریکردنی ئاراستەی باشەکان  یان  خراپەکاندا لەسەر ڕەفتارەکانی تاک، پەروەردە ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاوی ھەیە، بۆیە دەکرێ بە چاوی گرنگی پیدان  و پڕ بایەخ و نرخاندن لێی بڕوانرێت.
زۆرجار لەسەر کۆمەڵگەی پێشکەوتوو یان دواکەوتوو باس دەکرێت و پۆلێن دەکرێن، لەسەر یەکێک لەو دوو ئاراستەیە دادەنرێن،  بۆ ئاراستە باشەکە  دەڵێن  ئەو کۆمەڵگەیە زۆر خۆشبەختن، بەڵام  بۆ ئاراستەکەیتر کە خراپەکەیە دەڵێن ئەو کۆمەڵگەیە زۆر نائارام و توندوتیژن و ناشارستانین. 
ئەمانە ھەمووی پەیوەندی بە فەلسەفە و جۆری پەروەردەکەیانەوە ھەیە، دیارە دروست بوون و بەدیکردنی  ڕەفتاری نەرێنیش ڕاستە بەشێوەیەکی  گشتی  پەروەردە، کاری لەسەر دەکات بەڵام زۆر ھۆکار بوونیان ھەیە تا ڕەفتارەکان  دەبن بە نەرێنی، بەتایبەت لە ناو منداڵاندا ، ھەر ئەو ڕەفتارانە ئەگەر ئاراستەکەیان نەگۆڕێ لەگەڵ ھەڵکشانی تەمەن  ھاوتەریب ڕەفتارەکەش لەگەڵیدا گەورە دەبێت، 
پێش دەستنیشانکردنی ھۆکارەکان، بەباش وپێویستی دەزانم، ڕەفتاری نەرێنی بناسێنین.
ڕەفتاری نەرێنی بریتین لە و کار و ھەڵسوکەوت و ڕەفتارانەی کە لەڕووی پێوەری  کۆمەڵایەتی، پێچەوانەی داب و نەریت و یاسای کۆمەڵگەن و لای خەڵک بە نامۆو نەگونجاو سەیر دەکرێن.
نمونەی ئەو ڕەفتارانە(دزیکردن، درۆکردن، دەمپیسی(جنێو و وتەی ناشیرین)، داوێن پیسی(دوورکەوتنەوە لە ئاکار)، توندو تیژی و شەڕەنگێزی(ئازاردانی کەسانیتر)، (بوھتان - بوختان) واتە ھۆنینەوەی درۆی ھەڵبەستراو بۆ کەسانیتر، ....... ھتد).
ئینجا ھەندێک لەو ھۆکارانە دەخەمە بەرچاو کە دەبنە دروست بوونی ئەو ڕەفتارانەی کە نەرێنین:
١-خراپ مامەڵەکردنی دایک و باوکی مناڵ و گرنگی نەدان بە پەروەردەی دروست، یان نەشارەزایی و کەمتەرخەمی
٢-توندو تیژی و ناکۆکیەکانی دایک و باوکی مناڵان لەبەرچاوی ئەواندا، چونکە ئەو ڕەفتارە ئەگوازرێتەوە بۆ مناڵەکانیان
٣-سۆز و نازی زۆری دوور لە پلانی پەروەردەیی
٤-جیاوازیکردنی مناڵان لەلەیەن دایک و باوکیان، بەوەی یەکێکیان بچوکترە نازی زۆرتر بدەنێ یان ئازاردانی یەکێکیان لە بەرچاوی ئەویتر لەسەر کارێک و ڕەفتارێکی ھەڵە، ئەوەش پێویستی بە مامەڵەی پەروەردەیی و زانستی ھەیە، نەک لێدان و توندوتیژی
٥-وەرگرتنی ڕەفتارێکی نەرێنی  لەدەرەوەی  خێزان و ڕاستنەکردنەوەی ھەڵەکە
٦-مامەڵە کردنی مناڵ وەک گەورە و دوورخستنەوە لە جیھانەکەی خۆی
٧-نەبوونی ھەماھەنگی  لە نێوان قوتابخانە و خێزانەکان، چونکە لەو کاتەدا ھۆکاری ڕەفتارە نەرێنیەکە نازانرێ و ناتوانرێ ئاراستەکەی بگۆڕدرێت بۆ ئەرێنی
ئەوانەی سەرەوە بەشێکی  گرنگ و کاریگەرن لەسەر ھۆکاری دروست بوونی ڕەفتاری نەرێنی، ھەر یەکێک لەو خاڵانەی سەرەوە دەکرێ کاریان لەسەر بکرێت و بەرنامە و پلانیان بۆ دابنرێت ھەموو ئەو ڕەفتارە نەرێنیانە بکرێن بە ئەرێنی و ڕەفتاری باش و بەجێ، بۆ ئەو کارەش تەنھا پێویستە کار لەسەر پەروەردە بکرێت.
بۆ ئەم مەبەستەش ماندوو بوون و ‌ھێز و ئیرادە گرنگە، وەک (تۆماس جێفرسۆن)دەڵێت: (من باوەڕێکی بەھێزم بە بەختەوەری ھەیە، دەبینم تا زیاتر لە کارەکەمدا ماندووبم، دەستکەوتی زۆرترم  دەستدەکەوێت).
ئەکرێ ئاماژە بە لایەنێکی گرنگ بدەین کە ئەویش ھەڵەکردنە، چونکە ھەموو مرۆڤێک ھەڵە دەکات و ھەڵە بە تاوان دانانرێت، چونکە لە ئەنجامی ھەڵەکردن ڕێی ڕاست ئەدۆزرێتەوە و ھەست بە بوونی ھەڵەکە دەکرێت و ڕاستە ڕێکە دەردەکەوێت.
ھەر بۆیە (ویلیام ڕاندۆڵف ھێرس)وتوێتی: (گەورەترین ماف مافی ھەڵە کردنە) لەمەوە دەردەکەوێت  ئاکام و گەیشتن بە کردن و ئەنجامدانی ڕەفتاری ئەرێنی، ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانمانن.
لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا دەکرێ پلان و بەرنامەی  گونجاوی پەروەردەیی بۆ ڕەفتارەکان دابنرێت و توێژەرانی دەروونی و مامۆستایان بەباشی ڕابھێنرێن لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ  ئەو کەسانەی ڕەفتاری نەرێنی وەرگیراو ئەنجام دەدەن، ئەو تاکەی ھەڵە ئەنجام دەدات و ڕاستناکرێتەوە، وا دەزانێ ئەو ڕاستە و ئەوانیتر ھەڵەن، لەسەر ئەم شێوازە لە کۆنەوە وتراوە:(مرۆڤە ژیرەکان لە ھەڵەی کەسانی ترەوە فێر دەبن، لە کاتێکدا گەمژەکان لە ھەڵەکانی خۆیانەوە  فێر دەبن).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×