گەلی تێکۆشەری ئێمە بە مانگرتنی پڕشکۆی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (٢٥ی خەرمانان، ٢٠٢٤/٩/١٥) پێمان دەڵێن:
یەکەم، ئێمەی دەستپێشخەر و دەستپێکەری شۆڕشی ژینا و "ژن، ژیان، ئازادی"، شانازی دەکەین بەوەی کە ئەم سەرهەڵدانە نەک لە هەموو کوردستان بەڵکوو لە ئێراندا بڵاو بووەوە و ئەو دروشمە دەنگدانەوەی جیهانی هەبوە،
دووهەم، ئێمە بەبێ ڕۆچوونە ناو سیاسەت و هەڵسوکەوتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، دیسانیش جوابی بانگەوازەکەمان دایەوە.
سێهەم، ئێمە لانی کەم چاوەڕوان بووین هەموو حیزبەکان لە دوو دێڕدا، پێکەوە باگەوازەکەیان واژۆ بکردایە،
چوارەم، ئێمە کە بە یەکگرتووییەوە هێزی خۆمان بە دۆست و دوژمن ناساند، چاوەڕوان بووین و چاوەڕوانین کە حیزبەکانمان لەم بارودۆخە دژوارەدا جارێکی تریش پێداچوونەوە بکەن بە سیاسەت، هەڵوێست و پەیوەندییەکانی نێوان خۆیاندا.
پێنجەم، ئێمە دەستەچیلەی خۆمان هێنا، بەڵام نەمانبینی حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێران داوای مانگرتنێکی هاوشێوە بکەن لە شوێنێکی پچووکی ئەو ئێڕانە گەورەیە! ئەوان ئەمڕۆ چەپڵەمان بۆ لێ دەدەن، کەچی کاتێک دێتە سەر باسی داهاتووی ئێران، داوامان لێ دەکەن ئەگەر ئەوان لە تاران دەسەڵاتیان گرتە دەست، نوێنەر بنێرین با بۆیان ڕوون بکەنەوە بزانن چیمان دەوێت!! حیزبەکان و ڕێبەرانی سیاسی ڕۆژهەڵات پێویستە زۆر وریا بن، شەففاف و لە پێگەیەکی یەکسانەوە لەگەڵ ئەو لایەنانە هەڵسوکەوت بکەن.
شەشەم، گوشاری زۆر لەسەر تێکۆشەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانمان لە باشوور، کوردیی ئاخافتنی کابرای سەرۆککۆمار لەوێ و باقی ڕووداوەکان ... "یەک زەڕە کارمان لێ ناکا، تەرکی ڕێگامان پێ ناکا".