هەڵبژاردنی گشتی لە UK: هاوپەیمانی فاشیزمی ئیسلامی‌و ڕاستڕەوی پەڕگیر

نەبەز ئەحمەد
  2024-06-29     228

دوای سەرکەوتنی بزوتنەوەی Brexit ئەمە سێهەمین هەڵبژاردنی گشتیە² کە لەماوەی 7 ساڵ لە UK ئەنجام دەدرێت، سەرەڕای ئەمەی سیستمی هەڵبژاردن لە بنەڕەتدا 5 ساڵ جارێکە و سیستمی سیاسیش فۆڕمێکی ترادشناڵانەی هەیە کە تەنیا دوو پارتی سیاسی خاوەن هەژمونی سیاسی زۆرینەن و حوکومەتیش لەسەر بنەمای زۆرینەی سادەیە، بەڵام چونەدەرەوەی UK لە یەکێتی ئەوڕوپاو هەژمونی سەرکەوتنی ئەم بزوتنەوەیە گۆڕانکاری جدی لە گفتوگۆی سیاسی و کەلتوری دروستکردوە، ئەم سیستەمە ترادشناڵەی ڕوبەڕوی دۆخێکی چارەنوساز کردۆتەوە، بەتایبەت ئەم هەڵبژاردنە کە لەسەرەتای مانگی داهاتو ئەنجام دەدرێت بەگوێرەی ڕاپرسیە بەرایەکان سەرەڕای ئەوەی پارتی کرێکاران سەرکەوتنی مسۆگەر کردوە لەگەڵ ئەمەشا سەرەتای زەمەنێکی نوێی سیاسی و کەلتوریە لەم وڵاتەدا، بەڵام بۆچی ئەم هەڵبژاردنە یەکلاکەرەوەیە بۆ UK، چ پەیوەندیەکی بە ژیانی سیاسی و کەلتوری ئێمەوە هەیە؟

لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانکاریەکان لەکایەی سیاسی بەجۆرێکە کە لەدوای جەنگی جیهانی دوەمەوە تاوەکو ئێستا هاوشێوەی نەبوە، جیاوازی نێوان جەمسەرو ئایدۆلۆژیە سیاسیەکان هێندە ڕادیکاڵ و گەورە بوە لەسەر هیچ شتێک کۆک نین، پارتی کۆنزێرڤەتیڤ لە ئێستایا قوربانی سەرەکیەو پێناچێت وەک پارتێکی سیاسی چیتر بتوانیت بەرگری لە بون و مانەوەی خۆی بکاتو چاوەڕوان دەکرێت لەم هەڵبژاردنە نیوەی زیاتری کورسیەکانی لەدەست بدات، بەگوێرەی نوێترین ڕاپرسی دەزگای توێژینەوەی ( YouGov) ژمارەی کورسیەکانی کۆنزەرڤەتیڤ لە 365 بۆ 108 کورسی کەم دەبێتەوە و گومان دەکرێت نیوەی ئەمانەش دوای دەرچونیان سەنگەر بگوازنەوە بۆنێو پارتەکانی تر، بۆیە چارەنوسی ئەم هێزە بەناچاری بریتیە لە چۆڵکردنی پێگەکەی بۆ هێزە ڕاستڕەوە پەڕگیرەکانی وەک بزوتنەوەی ڕیفۆرم کە لە هەڵکشانێکی خێرادایە بەسەرۆکایەتی نایگل فاراچ.

لەبەرامبەردا پارتی کرێکاران بەشێوەیەکی کاتی لەترسی هەڕەشەی چەپی پەڕگیر چۆتە هاوسەرگیریەکی سیاسی لەگەڵ ئەم بەشە لە کۆنزێرڤەتیڤەکان کە لەڕوی ئابوریەوە لیبڕاڵن و لەترسی ڕاست و چەپی پەڕگیر پارتی کرێکاران وەک باشترین چارەسەری خراپ هەڵدەبژێرن³. بەهۆی ئەم دووکەرت بونەی کۆنزێرڤەتیڤ لەنێوخۆدا لەلایەک و مەترسی هەڵکشانی ڕاستڕەوەکان لەلایەکیتر، لە ئێستادا ئەم هەڵبژاردنە بەشێوەیەکی کاتی لەبەرژەوەندی پارتی کرێکارانە، بەگوێرەی هەمان ڕاپرسی سەرەوە ئەم پارتە زۆرینەیەکی سوپەڕ بەدەست دەهینێت کە چاوەڕوان دەکرێت 200 کورسی لەسەروی زۆرینەی ئاسای بەدەست بێنێت، واتا لەکۆی 650 کورسی پارتی کرێکاران 425کورسی بەدەست دێنێت. سەرەڕای ئەمەی سەرکەوتنەکە مسۆگەرکردنی پێگەیەکی زۆر بەهێزە بۆ کابینەکەی کێر ستارمەری سەرۆکی حزب کە دەتوانێت بەبێ ئاستەنگ مانیفێستۆی حزب جێبەجێ بکات، بەڵام لەبەرامبەردا زۆرینەی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازی شەقام بریتیە لە ڕاستڕەوی توندڕەو کە لەم قۆناخەدا تەنیا لەخۆئامادەکردنن بۆ ئەوەی ببن بە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی، بەشی زۆری چاودێران و دەزگاکانی توێژینەوەو هزری دۆخەکە وا هەڵدەسەنگێنن کە هەنگاوی دوای ئەمە لێدانێکی زۆر هێواشی پێویستە لەلایەن ئەم ڕاستڕەوانە بۆ شکاندنی حوکومەتی لەیبەر و گرتنە دەستی دەسەڵات، ئەمەش بەهۆی ئەم درزو کەلێنە ئەبەدی و ئەفسوناویەیە کە هەرگیز لەیبەر ناتوانێت چارەسەری بکات و کۆنزێرڤەتیڤ وەک درزێکی ستراتیژی بەئەنقەست جێی هێشت بۆ شکانی لەیبەر، ئەم درزەش بریتیە لە قەیرانی پەنابەران، یان ئەوەی ڕاستڕەوەکان بە دەنگێکی زۆر بەرز گۆی دەکەن  Mas Immigration.

بۆچی ئەم درزە ئەستەمە بتوانرێت پڕبکرێتەوە، بۆ هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێت کۆتای بەم قەیران بهێنێت؟ لە بارودۆخی ئێستادا گرفتی پەنابەران بۆچی بۆتە تەوەرەی سەرەکی؟

هەڵبەتە پرسیاری یەکەم پرسیارێکی گشتیەو پەیوەندی بەتەواوی کۆمەڵگاکانی دونیاوە هەیە بەڵام مەبەستی پرسیارەکە ئەمەیە بۆچی لە UK ناتوانرێت سیستمێکی هاوسەنگ و جێگر هەبێت کە بتوانێت بەرگەی قەیرانەکان بگرێت و ئەم درزە تا ڕادەیەک بشاردرێتەوە، وەڵامەکە زۆر بەکورتی ئەمەیە قەیرانی پەنابەران دەرهاویشتەیەکی سروشتی کارکردی سیستمی ئابوری ئەم شانشینەیە، ئەم سیستەمە هەمیشە پێویستی بە سوپای ئامادەی بێکاران هەیە (مەبەست لێرە کرێکاری ئاساییە کە خاوەن هیچ پسپۆڕیەک نیە، یان دەستی کاری هەرزان) کە باڵانسی بازاڕ بە نرخێکی کەم ڕادەگرن. ئەم قەیرانە بەتایبەت لەدەرەنجامی گەشەکردنی سێکتەری خزمەتگوزاریەوە سەرچاوەی گرتوە (ئەم سێکتەرە لە ٪81 ئابوری ئەم وڵاتە پێک دێنێت) ئەم ڕوبەرە فراوانەی ئەم سێکتەرە ئابوریە بۆشاییەکی گەورەی لە بازاڕی کاری خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان دروست کردوە، ئەمەش تەنیا بە کرێکارێک پڕدەکرێتەوە کە پێویستیە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی دەبێت لە ئاستێکی زۆر نزمدابێت، تەنانەت نابێت لەنێو بازنەی چینی کرێکاران بێت، واتا دەبێت under class بێت کە ئەمەش تەنیا پەنابەرانی وڵاتە هەژارەکان دەتوانن ئەنجامی بدەن ( بۆنمونە کرێکاری خەسلی سەیارە و دەلاکی کە کوردەکان ئەنجامی دەدەن نمونەی کارەساتاوی ئەم دۆخەیە).

وەڵامی پرسیاری دوهەم بریتیە لەمەی کە چارەسەرەکە دەسکاری سیستمی ئابوریە ئەمەش پێوستی بە پارتێکی ڕادیکاڵە، واقعیەتیش بریتیە لەمەی کە هیج هێزێکی سیاسی ڕادیکاڵ لە سیستمی سیاسی UK شوێنی نابێتەوە، نوێترین نمونەش جێرمی کۆربن بو کە چەند هەنگاوێک لە دەرگای ژمارە 10 نزیک بو بەڵام لە بارودۆخێکی سحراویدا تەنانەت لە حزبەکشی دەرکرا.  

دەربارەی پرسیاری سێهەم تەنیا پێویستە سەیری ئەم فاکت و ژمارانە بکەین. لەماوەی چوارساڵی ڕابردو لە هەر دەقیقەیەک پەنابەرێک هاتۆتە نێو UK، لەهەر دوو دەقیقە جارێک حوکومەت پێویستە خانو بۆ پەنابەرێک دابین بکات، یەک لەسەر سێی دانشوانی ئەم وڵاتە بریتیە لەم پەنابەرانەی کە تەنیا لەماوەی ئەم چوارساڵە گەیشتون، تەنیا لەماوەی دووساڵی ڕابردو زیاتر لە 2.5 ملیۆن پەنابەر هاتۆتە UK. لە ئێستادا ڕێژەی پەنابەر لە UK نزیکەی ٪15 دانشتوان پێک دێنێت، کە دەکاتە زیاتر لە ١٠ ملوێن پەنار، واتا لە هەر 7 کەس یەک کەس پەنابەرە ( ئەمە تەنیا ئەوانەی کە لەدەرەوە هاتون و لەنێو ئەم وڵاتە لەدایک نەبون، هەڵبەت ڕێژەکە زۆر لەمە بەرزتر دەبێتەوە ئەگەر ئەمانەش هەژماربکرێن کە لە uk لەدایک بونە و مناڵی ئەم پەنابەرانەن) بەگوێرەی بۆچونی سیاسیەکان و ئابوریناسان ئەم ژمارەو ئامارانە ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە ژمارەکە هاوشانی پێویستیە ئابوریەکە نیە، پەنابەر لە چارەیەکی ئابوری بۆتە گرفتێکی ئابوری، ئەمەش بەهۆی هەڵاوسانی ژمارەکە، بەجۆرێک بەگوێرەی ئاماری حوکومەت ئاستی ستانداری ژیان لەم وڵاتە دابەزیوە و هەژاری هەڵکشاوە.

بەڵام سەرەڕای ئەم فاکت و ئامارانەی سەرەوە ئەمەی کە پێی دەوترێت قەیرانی پەنابەران لە UK لە بنەڕەتدا پرسێکی فکری و کولتوریە لەمەی تەنیا  ئابوری و سیاسی بێت، ڕاستیە شاراوەکانی پشتی ئەم گفتوگۆ سیاسیەی کە ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ خۆیدا هێناوە بۆتە تابۆیەک کە هیچ لایەنێک بوێری ناکات قسەی لەسەر بکات، چونکی هەر گفتوگۆیەکی جدی لەسەر ئەم فاکتە هەقیقیانە نرخە سیاسیەکەی پرسی پەنابەران بێ بەها دەکات و چیتر کارتێکی باش نابێت بۆ سواڵی دەسەڵات.

هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەم پرسە لە ئاستێکی زۆر فراوان بەم شێوەیە بەسیاسی کراوە دەگەڕێتەوە بۆ شاردنەوەو بەتابۆکردنی قسەکردن لەسەر هەقیقەتی پرسەکە کە ئەمیش بریتیە لەمەی پرسی پەنابەران لە UK (تەنانەت لە تەواوی وڵاتانی خۆرئاوادا) بریتیە لە گرفتی کەلتوری و ئایدۆلۆژی نەوەک ئابوری، بۆ نمونە هەمیشە کە قسە لەسەر ئەم پرسە دەکرێت ڕاستەوخۆ ئاماژە بە پەنابەرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرزو نزمی ڕێژەکەیان4، بەکورتی قەیرانی پەنابەران هەمیشە هاوشان بوە لەگەڵ پرسی ئەخلاقیاتی ئیسلامی و ڕەتکردنەوەی بەها لیبڕاڵ و دێمۆکراسیەکانی خۆرئاوا، بۆیە فۆکەس کردن لەسەر بەرزبونەوەی ڕێژەی پەنابەران لەبنەڕەتدا نیگەرانیەکی ئابوری نیە بەڵکو ترسە لە لێکەوتە کەلتوریەکان. بەڵام گرفتەکە لەمەدایە کە خۆرئاوا خاوەن گوتارێکی ئەقلانی و زانستی نیە کە لە چیەتی ئەم پرسە بکۆڵێتەوە و خاوەن دونیابینیەکی ڕون بێت، بە پێچەوانەوە پرسی پەنابەران لە ڕێگای ئەخلاقیاتی Cancel Culture و Political Correctness بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک چەمکی ناڕون و پڕ لەکێشەی وەک ئیسلامۆفۆبیا، stereotype و ڕەگەزپەرستی سێستماتیکی، Xenophobia ، Privilege ، Inclusivity گفتوگۆی دەربارە دەکرێت، ئەم سادەکاری و رۆمانتیسیسزمەش زیانێکی گەورەی لە پرسەکە داوە و بۆتە هۆی داخستنی تەواوەتی دەرگا بەسەر هەر تێگەیشتنێکی جدی و زانستی، لەبەرامبەردا سودی یەگجار نایابیشی بە هێزە فێندەمێنتالەکان بەخشیوە.

 بەهۆی غیابی گوتاری فەرمی ئەخلاقیاتی لیبڕالی، جیهانی خۆرئاوا لەڕێگای گوتاری سادەگۆی و هەرزەیی ماس میدیا قسە لەسەر پرسی پەنابەران دەکات، هەڵبەت ماس میدیاش وەک ئاشکرایە خاوەن گوتاری ئەقلانی نیە و کەرستەیەکە لەژێر دەستی گوتارەکانی تر، بۆیە  جگە لە ئەخلاقیاتی خواستی ڕۆژانەی بینەر کە لەئێستادا بریتیە لە کولتوری ڕەتکردنەوە و Political Correctness شتێکی تری نیە بتوانێت لەرێگایەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا بکات، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ماس میدیا زیاتر وەک هەرزەکارێک ڕەفتار بکات، وەک دەبینین ئەم دەزگا قەبەو زلە جگە لە کاردانەوە ناتوانێت لەهیچ بگات و زۆر دڕندانەش پەلاماری هەرجۆرە هەنگاوێک دەدات کاتێ دەزگایەک، لێکۆڵەرێک یان بیرمەندێک بیەوێت جیا لەزمانی ئەمان لە پرسی پەنابەران نزیک ببێتەوە، تەنانەت ئەخلاقیاتی چەوساندنەوەی ژنان و مناڵان و توندوتیژی لەسەر بنەمای شەڕەف و جێندەری کە دیاردەیەکی باوە لای پەنابەرەکانی جیهانی ئیسلامی بۆتە تابۆیەک هیچ دەزگایەکی ئەکادیمی و زانستیش بوێری ناکات گفتوگۆی لەسەر بکات، فاشیزمی دینی لەوپەری چالاکی خۆیدایە لەنێو ئەم پەنابەرانە، کەچی لۆژیکی ماس میدیا لەڕێگای چەمکێکی وەک ئیسلامۆفۆبیا مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیە دەکات کەبۆتە ڕوپۆشێکی ئاسنین لەدژی هەر رەخنەو دونیابینیەکی نوێ دەربارەی ئاین، وەک ڕونیشە ئەم چەمکە لە ئێستادا  بەباشترین شێوە ئەم فاشزمە دەپارێزێت کە لەدەرەنجامی ئەمەدا بۆتە هۆی گەشەکردنی فانەتیکێکی دینی و خێڵەکی لەنێو جەرگەی خۆرئاوا کە لە عراق و ئەفغانستان هاوشێوەی نیە5.   

بەم شێوەیە لەدەرەنجامی جێهێشتن و بەلاوەنانی پرسی پەنابەران لەلایەن دەزگا زانستی و ئەقلانیەکانی خۆرئاوا، ئەم پرسە کەوتۆتە ژێر ڕەحمەتی ماس میدیا، ئەمیش وەک کەرستەیەک لەسەر ئەم پرسە خواستی دوو گوتار پەخش دەکات، گوتاری فاشزمی ئیسلامی لەلایەک کە وەک نوێنەری ڕاستەقینەی پەنابەران خۆی نمایش دەکات، گوتاری هێزە ڕاسترەوە پەڕگیرەکان لەلایەکیترەوە کە وەک نوینەری کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان خۆیان پێشکەش دەکەن. هەڵبەتە لە ڕوکاردا وا دەردەکەوێت ئەم دوو گوتارە ڕادیکاڵانە دژن، بەڵام بۆ مرۆڤێکی ئاسایش ڕونە کە ئەخلاقیاتی ئیسلامی و ئەخلاقیاتی ڕاستڕەوی پەڕگیری خۆرئاوای ناکۆک نین بەڵام ستراتیژیەن هاوپەیمانن، هەردو هێزەکە دانسێکی نایاب بەیەکەوە دەکەن کە هەریەکەیان دەزانێت ئەویتر پێشمەرجی بونی ئەمە، پاشەکشەو لەنێوچونی یەکێکیان هەڕەشەو مەترسیە بۆ سەر ئەویتر6.

پەیوەندی ئەم دوو گوتارە پەیوەندیەکی پارادۆکسیکاڵە، لەسەر دژایەتیەکی سەڕێژ لە هاوتەبایی بونیات نراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بونی خۆیان بپارێزن ناچارن ببن بە هەڕەشە بۆسەر یەکتری، واتا پەیوەندیەکە لەخودی دژایەتیەکەدایە، لەگەڵ ئەوەی دەبێت ناکۆکیەکە تا ئەوپەڕی سنور بڕوات بەڵام ئەمە لەپێناو لەنێوبردن و سڕینەوە دانیە بەڵکو لەپێناو گەورەکردن و زیاترکردنی هەڕەشەکەدایە کە وزەی ژیانی ئەم دوو گوتارە دابین دەکات. ئەمەش لە شێوەی کارکری ئەم گوتارانە دەردەکەوێت، کارکردی ئەم دوو گوتارە بریتیە لە بەدیهێنانی ئامانجی باڵا یان گەیشتن بەخاڵی پەتی کە بریتیە لە بەدیهێنانی کەلتوری بێگەردو پەتی کە پاکژ کراوەتەوە لەهەرجۆرە خەوش و زیادەیەک، بەڵام بۆ هەر کەسێکی خاوەن هۆش ئاشکرایە کە ئەم بێگەردیە گۆڕستانە نەوەک کۆمەڵگای مرۆی، بێگەردی تەنیا ئەم کاتە فۆڕمێکی مانای لەهۆشی مرۆڤ وەردەگرێت کاتیک زیادەو پیسی ئامادەبێت. بەمجۆرە کارکردەکە بریتیە لەمەی کە خودیی ئامانجەکە خۆی ئامرازە و هەر ئەم ئامرازبونەشی جەوهەرەکەیەتی، واتا شەڕێکی ناکۆتا لەسەر ناوی بێگەردی لەڕێگای پاراستن و گەورەکردنی هەڕەشەی گەماری و گەندەڵی.  

لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵی ڕابردو بزوتنەوە فاشیە ئیسلامیەکان و ڕاستڕەوە پەڕگیرەکان لە جیهانی خۆرئاوا ئەم ڕۆڵە بۆیەکتری دەگێرن، هەریەکەی ڕۆڵی گەمار و زیادە بۆ ئەوەی تر دەگێڕێت و بە زیادکردنی قەبارەی دوژمنەکەی قەبارەی خۆی دوو ئەمەنە زیاد دەکات. لەلایەک گوتاری فاشستی ئیسلامی وێنەی خۆی وەک هەڕەشە دەخاتە خزمەتی ڕاستڕەوی توندڕەو و دژایەتی سەرلەبەری تەواوی بەها کەلتوری و سیاسیەکانی ئەم کۆمەڵگایانە دەکات و هەڕەشەی فەتح و چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلام دەکات، لەبەرامبەردا کاردانەوە و هەڕەشەی ڕاستڕەوەکان وەک دیاری وەردەگرێت کاتێک ئەمانیش فۆبیا ئاسا داوای ڕاپەرین دەکەن لەدژ ئەم هەڕەشەیە، بۆ نمونە نایگل فاراج تا ئێستاش دەستەواژەی داگیرکاری بەکاردێنێت بەرامبەر بە هاتنی پەنابەران بۆ UK و ناوی چەندین شەقام و گەڕەک دێنێت کە هیچ کەسێک زمانی ئینگلیزی نازانێت و بەتەواوی ڕەتی سەرجەم بەها کەلتوریەکانی ئەم وڵاتە دەکەنەوە.    

هەلبەت ئەم یاریە مەترسیدارە کاریگەریەکانی لە ئێستادا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و لەتەواوی وڵاتانی خۆرئاوادا بزوتنەوە ڕاستڕەوە پەڕگیرەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر شەقام داناوە و بزوتنەوە فاشستیە ئیسلامیەکانیش بەتەواوی کۆنتڕۆلی ڕەوەند و کۆمیونتی پەنابەرانیان کردوە و هەژمونی تەواویان لەسەر دونیابینی پەنابەران هەیە، بەجۆرێک ئەم ئەخلاقیاتە فاشستیە لە ئێستادا بۆتە وەجهی پەنابەران لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان. یاریە مەترسیدارەکەش ئا لێرەوە دەستپێدەکات کە ئەخلاقیاتی فاشستی ئیسلامی لەخۆرئاوادا زۆر بە هۆشیارانە ڕۆڵێکی ستراتیژی دەگێڕێت لە گواستنەوەی دەسەڵات لە ڕاستڕەوی نێوەڕاست بۆ ڕاستڕەوی پەڕگیری، وەک ئەمەی لە ئێستادا لە فەرەنساو UK دەیبینین، بەشێکی دیار لە بیرمەندان و چاودێرانی سیاسی و ئابوری پێیان وایە ئەم دۆخە هاوشێوەی قۆناخی گواستنەوەی ساڵەکانی دوای 1930 کە ڕاستڕەوی میانڕەو شوێنی چۆڵکرد بۆ پەڕگیرەکان و دواجار بەهاتنە سەرکاری نازیەکان کۆتای هات 7.

هەڵبەت ڕاستڕەوی پەڕگیر بەر لەجەنگی جیهانی یەکەم پێویستیان بە کات و پڕوپاگندەیەکی زۆربو تا جەماوەر لەدەوری ئەفسانەیەک کۆبکەنەوە گوایە هەڕەشە لەسەر بێگەردی کەلتوری هەیە، بەڵام لە ئێستادا بزوتنەوە فاشستە ئیسلامیەکان ئەم ئەرکە وەک دیاری و بەخۆڕای پێشکەشی ڕاستڕەوی پەڕگیر دەکەن، چەپی توندڕەویش هۆشیارانە پاڵپشتی لەم هەنگاوە خەتەرناکە دەکات و بۆتە هاوپەیمانی ئەم ئەخلاقیاتە فاشستیە و بە ئەنقەست دنەی ئەم بزوتنەوە ئیسلامیانە دەدەن تا زیادەڕۆی لە بانگەوازە فاشستیەکانیان بکەن، ئەم تاکتیکانەی چەپی توندڕەو هێندە ناشرین بوە تەنانەت حزبی کۆمیونست بە هاوبەشی لەگەڵ گڕوپە ئیسلامیە پەڕگیرەکان خۆپشاندانی ناڕەزایان ئەنجامدا دژی کوشتنی قاسم سلێمانی، لە خۆپشاندنی دژ بە ئیسرائل لە لەندەن کۆمیونستەکان لەگەڵ ئیسلامیەکان تەکبیری ئەلاهو ئەکبەریان دەوتەوە و داوای سڕینەوەی ئیسرائیلیان دەکرد لەسەر نەخشەی جیهانی.    

هەڵبەتە ئەمەی لێرەدا خاڵی جەوهەریە ئەمەیە کە گواستنەوەی دەسەڵات لە ڕاسترەوی میانڕەو بۆ ڕاستڕەوی پەڕگیر کردەیەک نیە جارێکیتر ئاوەژۆبکرێتەوە، سەرکەوتنی ترامپ دێمۆکراسی ئەمەریکای لە شەڕی نێوخۆ نزیک کردۆتەوە، بەشی زۆری چاودێران و لێکۆلەرانی سیاسیش باوەڕیان وایە لە ئەوروپا  دۆخەکە بە پاسڤ بونی یەکێتی ئەوروپاو وەستانی گەشەی دێمۆکراسی و سەرکەوتنی پڕۆژەی پۆتین کۆتای دێت8. بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە بەتەنیا چەند گۆڕانکاریەکی نێوخۆی و لاوەکی نین، هەر کەسێک کە خاوەنی زنیاریەکی سەرەتاییە ئەمە دەزانێت کە لێکەوتەکانی ئەم گۆرانکاریانە جیهانین بەتایبەت بۆ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکاریەکان ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەیان دەبێت. بەکورتی سەرکەوتنی بەرەی ڕاستڕەوی پەڕگیر بۆ دونیای ئێمە بریتیە لە کۆتای هاتنی هەر خەونێک بۆ بەرگری کردن لە ئازادیە سیاسیەکان و بەها گەردونیە ئینسانیەکان، بریتیە لە داخرانی کەلتوری و وەستانی هەر جۆرە پڕۆسەیەکی بەمۆدێرنکردنی کەلتوری و نزیک بونەوە لەبەها لیبڕالەکانی جیهانی خۆرئاوا، بەمانایەکیتر سەرکەوتنی پەڕگیری ڕاستڕەو بریتیە لە داخستنی هەر ئاسۆ و هیوایەک بۆ گۆڕانکاری لە دونیای خۆرهەڵات، ئەمەش هەر ئەم ئامانجەیە کە ئەخلاقیاتی فاشستی ئیسلامی زۆر بە تۆکمەیی کار بۆ وەدیهێنانی دەکات.

.................................................................

١/ لە ئەدەبیاتی نوسینی کوردیدا بەتایبەت لە زمانی ڕۆژنامەوانیدا زۆر بەکەمی جیاوازی دەکرێت لەنێوان ناوی شانشینی یەگرتوی بەریتانیا کە کورتکراوەکەی بریتیە لە UK لەگەڵ ناوی بەریتانیا. ئەمانە جگە لەوەی دوو ناون کە نوینەرایەتی دوو قەوارەی سیاسی تاڕادەیەک جیاواز دەکەن لەهەمانکاتیشا دوو ئایدیای سیاسین کە بەتەواوی یەک مانا نادەن بەدەستەوە. بەریتانیا بریتیە لە قەوارەیەکی سیاسی و ئیداری کە لە هەرسێ نەتەوەی ئینگلیز، وێلش و سکۆتلاند، لەبەرامبەردا UK بریتیە لە ئایدیا و قەوارەیەکی سیاسی و سیستەمێکی ئیداری کە لەچوار نەتەوە پێک هاتوە، کە بریتین لە سێ نەتەوەکەی سەرەوە لەگەڵ ئێرلەندای باکور. هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەڕلەمانی وێست منستەر لە لەندەن لەسەر ئاستی UK دەکرێت نەوەک بەریتانیا. 

٢/ هەڵبژاردنەکە لە 4 تەموزی مانگی داهاتو ئەنجام دەدرێت.

٣/ کیر ستارمەر ساڵی ڕابردو لە کۆنفراسی Progressive Britain conference وتی لەیبەر بریتیە لە لە کۆنزێرڤەتیڤی ڕاستەقینە.

٤/ بەگوێرەی ئامارەکانی حوکومەت ڕێژەی پەنابەرانی وڵاتانی باشور و خۆرئاوای ئەفریقا و هیندستان زۆر بەرزترە لە پەنابەرانی ولاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلامی. بەلام سیاسیەکی وەک نایجل فاراج هەرگیز بەبێ ڕادیکاڵیەتی ئیسلامی قسە لەسەر پرسی پەنابەران ناکات.

٥/ دەربارەی چەمکی ئیسلامۆفۆبیا و مامەڵەی خۆرئاوا لەگەل ئەم چەمکە بڕوانە ئەم وتارەی ماردین ئیبراهیم لەم لینکەدا ( https://jineftin.krd/2024/05/23/%d8%a6%db%8c%d8%b3%d9%84%d8%a7%d9%85%db%86%d9%81%db%86%d8%a8%db%8c%d8%a7-%d8%a6%db%8c%d8%b3%d9%84%d8%a7%d9%85%db%86%d9%81%db%86%d8%a8%db%8c%d8%a7-%d9%88%db%95%da%a9-%d8%aa%d8%a7%d8%b1%d9%85%d8%a7/ )

٦/ هەروەک دەیبینین هەمان یاری لەنێوان بزوتنەوەی حەماس و هێزە ڕاستڕەوە پەڕگیرەکانی ئیسرائیل ئەنجام دەدرێت.

٧/ چاوپێکەوتنێکی yanis varoufakis وەزیری پێشوتری دارای یۆنان و ئابوریناس.

٨/ هەر یەک لەم نوسەرانە ( Robert Kagan، Anne Applebaum،  Timothy Snyder ) کۆمەڵێک کاری گرنگیان هەیە دەربارەی هەڵکشانی بزوتنەوە پەڕگیرەکان و لێکەوتەکانی لە وڵاتانی دیمۆکراسی خۆرئاوا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×