هەڵهاتن لە هەرێمی كوردستان

زەیدان مەلا تەها
  2022-09-17     579

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاریی "نەیریج" جگە لە شەپۆلی كۆچ بەرەو ئەوروپا بەهۆكاری جیاجیا، هەزاران كەسی "سەرمایەدار" و ئەوانەی لەسەر چینی ناوەڕاست ئەژمارن لە كوردستان بە پارەكاریی سەرقاڵی كڕینی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی دوەمن کە تێچوی هەر ڕەگەزنامەیەكی زیاتر لە 100 هەزار دۆلار، لەمەش سەیرتر لەناو ئەوانەدا 600 كەسیان پلەدار و بەرپرسی باڵای حكومەت و دەسەڵاتەكانن!

ئەم شەپۆلی جۆراوجۆری كۆچ و هەڵهاتنە كە بەگوێرەی داتاكانی ڕاپۆرتەكە پشكی شێری لە سلێمانییە پاشان هەولێر، شایەنی زیار لە هەڵوێستەكردنێكە، لە سادەترین واتاشیدا بێ متمانەیی و بچڕانی تاڵەموی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵكە، بەتایبەت لەپاش ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ هیواكان بە هاتنە كایەی حوكمڕانییەكی دام و دەزگایی زیاتر لە جاران دەبنە بڵقی سەر ئاو و لە جێگەی ئەوەدا دەسەڵاتی ئەمنی و حزبی و میلیتاری لە گەشەی بەردەوامدایە كە بونەتە پەرژینی دەسەڵاتە بنەماڵەییە بەرتەسكەكان.  

لە كوردستان ماوەی 30 ساڵە بە فەرمی ژیانی پەرلەمانی هەیە، كەچی تازە لە خولی پێنجەمداین! بۆ خولی شەشەمیش هیچ هیوایەكی هەڵبژاردن لە ئاسۆی نزیكدا نییە، لە كاتێكدا دەبو بەرەو هەشتەم و نۆیەم بڕۆشتینایە، لەسەر ئاستی دەزگای جێبەجێكردنیش، حكومەت بچوكترین منەتی بە پەرلەمان نییە، هەبونی ئەم دەزگایەش جگە لە دیكۆرێك بۆ شەرعیەت بەخشین بە پرۆسە سیاسییەكە، هیچ ئیزافەیەكی ئەوتۆی لەسەر ئاستی لێپرسینەوە و چاودێری نییە، بەم دۆخەشەوە پەرلەمان خۆی بوەتە بار و بارگرانی بەسەر بودجە و بەشێكە لە قەبەكردنی هەیكەلی حوكمڕانی بێ بەرهەم و بێ ناوەڕۆك لە هەرێم.

لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەناو حكومەتدا، حكومەتی بچوككراوە هەیە كە سەرۆك و ڕاوێژكارە هەرە نزیكەكانینی، ئەو حكومەتە بچوككراوەیەش كە زیاتر عەقڵیەتی ئەمنی و سەركوتكردن بەسەریدا زاڵە، تەنها لە هەولێر و دهۆك و كۆمەلێك پرسی ترە، و بۆ وردەكاریی ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و پشدەر و بتوێنیش، كۆمەڵێك وردە جەمسەری هێز بڕیاردەرن كە پارچە شكاوە پەرتبوەكانی یەكێتین و ساڵانێكە لە زۆرانبازییەكی عەبەسیدان و لەگەڵ خۆیاندا خەڵكیشیان نیوە گیان كردوە، لەو كاتانەشی دەكەونە شەڕەقۆچەوە سڵ لە ئازاردان و تەنانەت كوشتنین ناكەنەوە و ئاخر شت بیری لێ بكەنەوە یاسا و دامودەزگایە.

لە كاتێكدا كە بچوكترین دەنگی ڕەخنەگرانەی ڕاستەقینە سەركوتكردن و بێدەنگ كردن چارەنوسی بێت، پرەنسیپ و بنەما حیزبییەكان و حكومی و دیموكراسییەكانیش بخرێنە بن پێ، ئەوە بێگومان هەموكەس بیر لە هەڵهاتن دەكاتەوە چ بە یاسایی بێت یان نایاسایی چونكە لەم دۆخەدا كە چەك و هەڕەشە و زەبر و زەنگ ئاراستەی دەكات، كەس نازانێت سبەی و دو سبەی خۆی و سەروماڵی چی بەسەر دێت، ئەوەندش بەسە بۆ پەند وەرگرتن كە  زۆر كەس ساڵێك بەر لەئیستا خۆیان بە "كوڕی سێو لە باخەڵ دەزانی" یان خۆیان بەشێك بون لە سیستمەكە، كەچی ئێستا ئاوت كراون و ڕەنگە بەباشی نەتوانن لە ماڵی خۆیاندا بنون یان پشویەكی ئارام بدەن و لەگیانی خۆیان دڵنیا نین.

ئەو شڵەژان و پەرتەوازەییەی دەسەڵات كە لەكاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكاندا سەرهەڵدەدەن، باشترین پێوانەن بۆ  پەیوەندی خەڵك و هەردو لەتەكەی دەسەڵات لە هەولێرو سلێمانی، چونكە جگە لە كوتەك و گرتن و زیندانی و هەوڵی ئازاردانی فیزیكی، هەمو هۆكارەكانی تری پەیوەندی دەبچڕێن و ئەمەش سەرەنجام كۆمەڵگا و خەڵكانێكی توڕە و ترساو و بێهیوای لێ بەرهەم دێت.

ئەو ملیارەها دۆلارەی بۆ كڕینی پاسپۆرت و ڕەگەزنامە چوەتە دەرەوە لە كوردستان، دەكرا ئاوەدانی و پەرەپێدانی باشی پێ بكرێت كە بەسود و قازانجی هەمولایەك بشكێتەوە. بەڵام لە دۆخێكدا كەس لە سەروماڵی خۆی دڵنیا نەبێت و هێزی چەكداری نا یاسایی بكرێنە پارێزەری یاسا!، هیچ كەسێكی پارەداریش ڕیسكی ئەوە ناكات داهات و سەرمایەی خۆی لە ژینگەی نا دڵنیا و لە سایەی حوكمڕانی میزاجیدا خەرج بكات و ئەوە ڕونە كە پارە سروشتی وەهایە هەمیشە ترسنۆكە.

تا حوكمڕانی لە كوردستان لە بری متمانە پشت بە كوتەك و سەركوتكردن و خۆ سەپاندن ببەستێت و هەتا سەرۆكی حیزبە دەسەڵاتدارەكان و كوڕ و برازاكانیان لەسەرو ئەو ماقڵەی ئەو حكومەتەشەوە بن كە خۆیان دروستیان كردوە، ئەوە هەڵهاتن و داڕمانی زیاتر چاوەڕوانی كوردستان دەكات و لە سایەی ئەم دۆخەشدا هەمیشە ترس لە سەرو ماڵ و دڵەڕاوكێ لای ئەوانەی نابنە بەشێك لەو سیستمە وەك هەور و تارماییەكی گەورە زیاتر بە ئاسمانی كوردستاندا پەخش و پەرێشان دەبێتەوە.

*زەیدان مەلا تەها، دەرچوی كۆلێژی یاسایە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×