پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت / زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
لەسەروبەندی یادی ٢٤٢ ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانی دەیان وتار و بەرنامە و بابەتی تایبەت بەم شارە نازدارە نووسراوەو بڵاوبوونەتەوە. وتاری پێداهەڵدان و باسکردن لە گرنگی و ڕۆڵی ئەم شارە زۆر باسکراوە و ئاماژەبە کەسایەتییە ناودارەکانی شاری سلێمانی دراوە، کە هەموویان جێگەی شانازیین و بەڕاستیش هەرچی وتراوە ئێشتا زۆر کەمن بەراورد بە قوربانی سلێمانیان بۆ کوردستان. شارەکانی وەک مهاباد و ئامەد و قامیشلۆ وسلێمانی ئەگەر وەک چوار نوێنەری پارچەکانی کوردستان سەیربکرێن، لەناوئەمانیشدا شاری سلێمانی ئێشتا بڵندتر دەردەکەوێت، چونکە کوردانی ئەم شارە خەم و ئازارەکانی هەرچوار پارچەکەیان لەکۆڵناوە! لەوانەیە مهاباد پشت وپەنای سڵێمانی بێت، بەڵام زۆر نزیک نەبووە لە قامیشلۆ، یان ئامەد پەیوەندی پتەوی لەتەک خۆرئاوای کوردستان هەبووبێت، بەڵام زۆر نزیک نەبووە لە شاری سلێمانی و هەروەها! ئەمە کەمتەرخەمی نییە و بەڵکو هەندێکجار سەرەڕای ئەو گرفتانەش هەر پەیوەندی باش بینراوە و تۆمارکراوە، خەمی پارچەیەک، یان شارێکی کوردستان بووەتە خەمی هەموو کوردستانیان ئیتر نەک تەنیا لەکوردستان، بەڵکو لە گشت دونیادا. ئەوەی کوردانی شاری سلێمانی جیادەکاتەوە بەڕاستی ئەوەیە کە نەک بۆ خۆی و خاکی سلێمانی دەسووتێت بەڵکو زۆر ئازایانە و بێ باکانە بۆ تەنیا کوردێکی گوندێکی دوورەدەستی باکووری کوردستان خەم دەخوات و لەناخەوە و بەڕاستی دەسووتێت. ئەی نەتان بینی کاکەسیروان چۆن خۆی سووتاند بۆ باکوور، هەروەک کاکە دیار غەریب لەپێناو باکووردا شەهید بوو... خۆ هەردوێنێ بوو خۆپیشاندان و دانیشتووانی ئەم شارە بۆ پشتگیری لە خۆرئاوای وڵات و بەڕێکەوتنی دەیان گەنجی شارەحەیاتەکە بۆ ئەوێ دونیای هەژاند. کاتێک سەرکردەیەکی وەک قاسملۆ شەهید دەکرێت سلێمانی ڕەشپۆش بوو، هەرچەندە شار بەهێمنی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جەلادەکان ئامادەدەکرد. پرسەی ئەم تەواو نەبوو پرسەی بۆ دکتۆر شەرەفکەندی تازەکردەوە و لەناخەوە دەکوڵا، ئەمە لەکاتێکدا باشوور لەڕۆژەسەختەکانی دوای ڕاپەڕیندا ڕۆژگاری گرانی بەڕێ دەکرد.
شار دەبێت ئاوا بێت، هەرلەڕۆژانی خەباتی نهێنی حیزبی هیوا و کاژیک و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی ترەوە بۆ تەنیا ڕۆژێکیش بیری نەتەوایەتی لای کوردانی شاری سلێمانی کاڵ نەبووەتەوە و تەنانەت پارتە کۆمۆنیستەکانیشی هەر کوردستانیانە بیردەکەنەوە و خەبات دەکەن.. بڕوا ناکەم یەک کورد لە سلێمانی بیر لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی نەکاتەوە، لە گەورە تابچووک، لەوانەی بەرپرسن، یان دەوڵەمەندن، یان ڕۆشنبیرن، یان دانیشتووی دوورترین گوندی شارن.... ئەوە ئەو بنەمایانەیە کە کوردانی شاری سلێمانی نەوەکانیان لەسەری پەروەردە دەکەن و هەمیشە خەونی یەکبوونی تەنانەت حیزبە دژبەیەکەکانیشیان لەمێشکدایە، بۆ نموونە زۆر جار لەدڵسۆزی و خەمخۆریدا بە پارتی و یەکێتی دەوترا، کە بڕواتان بێت دەکرێت هەردوولا ببن بەیەک حیزب خۆ ئێوە جیاوازیتان نییە و ئیتر بۆچی بەرانبەر یەک قسەدەکەن!
کوردانی شارێک ئاوا بیر بکەنەوە ئێستا هەروا بەئاسانی پیلانی جیاکردنەوەی ئەم شارە لە باشووری وڵات قبووڵ دەکەن؟ جا دەکرێت بژیت بەبێ هەولێر، یان دهۆک، یان کەرکوک، یان هەڵەبجە؟ ئایا دەگونجێت گەنجێکی شاری سلێمانی کە تاسەرئێسقان نەتەوەییە، بەو کارە ڕازی بێت و بڵێت ئامین؟ گەنجانی ئەم شارە کار بۆ کوردستانی گەورە و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن نەک بۆ بچووکردنەوەو لەتکردنی وڵات. لەکۆتاییدا یەک پرسیاری زۆر سادە هەیە بۆ ئەوکەسانەی بیر لە دابڕینی شاری هەڵمەت وقوربانی لەکوردستان دەکەنەوە، ئایا ئێوە پرستان بەکێ کردووە تا بڕیاری وابدەن؟ ئایا خەڵکی شار ڕازییە؟ گشتپرسییەکتان ئەنجامداوە تا پێمانبڵێن تەواو ئیتر ئەم شارە لە باشوور جیا دەکەینەوە؟
