نزاتان بۆ چی کرد؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2025-04-25     99

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

  دەمویست پێش ئەوەی هەرسێ ڕۆژەکەی تەواو بێت گوتارێک سەبارەت بە ڕۆژی نزا لەکوردستان بنووسم! ڕۆژی ٢٣-٤-٢٠٢٥ یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوەی "ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان" لە شاری هەولێر بەئامادەبوونی شەش سەد کەس کە زۆریان لەدەرەوەی کوردستان بانگهێشتکرابوون بەڕێوەچوو! پاشان گوتم با ڕووداوەکە تەواو ببێت و بزانین ئەنجامەکەی هیچی لێ بەرهەم دێت!

    وەک دەڵێن لەناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە ئەم بۆنەیە دامەزراوە و کۆمەڵە کەسێک کۆبوونەتەوە و نزایان بۆ ئەمریکا و خەڵکەکەی کردووە، بەو هیوایەی وڵاتەکەیان پڕ ئاشتی و دوور لە شەڕ و وێرانی بێت، هەم پێکیشەوە کاتێکی خۆشیان بەسەربردووە. ئەمە کارێکی خراپ نییە و هاووڵاتیان وڵاتیان خۆشدەوێت و نزای بۆدەکەن، ئەمەلەلایەک و لەلایەکیتریشەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندن و ‌هێندە سەرچاوەی سروشتی و پیشەسازیان هەیە کە تەنیا بودجەی ساڵانەی سەربازی ئەمریکا  هێندەی بودجەی چەند ساڵێکی عێراق دەبێت، بۆیە هیچ کێشەیەک نییە بۆ ئەو وڵاتە.

   بابێینەوە شاری هەولێری دێرینی هۆلاکۆ بەزێن لە باشووری کوردستانی پڕ کێشە وگرفت و داماوی و کەمێک لەنزیکەوە و بەوردی بزانین چی ڕوویدا! ڕۆژی نزا بۆ کێ ؟ و بۆ کام نیشتمان؟ بۆ کوردستان، یان بۆ عێراق! بەهەرحاڵ، شتەکە زۆر گشتگیر و پڕ قسەی باقوبریق، بەبێ ئەوەی بزانین نزا بۆ کام نیشتمان؟ کۆمەڵە کەسانێک بەشداربوون کە هەمیشە نزا بۆ ئەوە دەکەن  وڵاتێک بۆ میللەتی کورد هەرگیز نەیەتە دی! ئایا پێکەوە لەگەڵ ئەمانەدا نزاتان کرد؟ ئایا نزاتان کرد کە کوردستان بەزوویی ببێتە دەوڵەت؟ دڵنیام کە ئەم کارە تەنیا بەنزا نایەتە دی، بەڵام هەرخۆشە ئەگەر ئەونزایەتان کردبێت، چونکە هەرنزایەکی تر بەبێ ئەم نزایە هیچ لام گرنگ نییە!

 ڕۆژی نزا هیچ پێویست نییە و لە پارە خەرجکردنێکی بێسەروبەر هیچی تر نییە! دیارە هێندە پارە زۆرە، کە ئەم خەرجییە بێ ئەندازەیە و بێ گوێدانە باری دارایی باشووری کوردستان خەرجدەکرێت! خۆتان کۆکردنەوەو لیکدانێك بکەن و بزانن بە نزیکەیی چەند خەرجکراوە، هەرهیچ نەبێت شەش سەد کەس بۆ سێ چوار ڕۆژ مانەوە و چوار پێنج شەو میوانخانە و سێ ژەمە نانخواردن و بەنزینی ئۆتۆمبیلە هەشت بستۆنەکان و، هتد.    حکومەتی هەرێم پارەی نیو مووچەی نەبوو بیخاتە سەر تۆزەکەی بەغدا و مووچەی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی کوردستان بدات!  مووچەی ئەو مامۆستا خانەنشینانەی کە ئێوەیان پێگەیاند، مووچەی ئەو دایکی شەهیدانەی کوڕێک و دووان و سیانیان شەهید بوو تا گەیشتینە ئەمڕۆ، مووچەی ئەو برایانەی کۆڵان و شەقامەکانی شارمان پاکدەکەنەوە! کەچی ئێستا ڕێوڕەسمی ئاوا ساز دەکەن بەدووان سیانێکیان پارەی مووچەیەکە!  ئێستا وەڵاممان دەدەنەوە و دەڵێن هەمووی پارەی خۆمانەو  حکومەت یەک دیناری نەداوە، گریمان واشبێت، ئەی بەڕێزتان پارەتان لەکوێبوو؟  دڵنیابن نەکەس وەڵام دەداتەوە و نە چاوەڕێی وەڵامیشین! ئەم نووسینانە تەنیا بۆ دەربڕینی سەرنجی ئێمەی سووتاو و خەمخۆری ئەم نیشتمانە بریندارەیە، کە هاووڵاتیان نازانن چی بکەن بەدەست لێپرسراوان و دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە!

   ئێوە نزا بۆ کێ دەکەن و کێ دەلاوێننەوە، کەسوکارە سەربەرزە هەژارە دڵسۆزەکانی بەجێماوی ئەنفال!!! نزا بۆ دایکانی ئەو هەموو لاوە خوێنگەرمانەی لەشەڕی براکوژیدا سەریان نایەوە!! نزا بۆ بریندارانی چەکی کیمیایی کە تائێستا زۆریان بەدەم ئازارەوە دەتلێنەوە!! نا .. ئێوە نزا مەکەن، با هەژارانی وڵات نزاتان بۆ بکەن کە ئێوە هەر ساغ و سەلامەتبن و زیاتر دەوڵەمەندبن و جیاوازی نێوان ئێوەو هاووڵاتیان گەورەتر بێت!

   باشە نەدەکرا هەریەک لەماڵی خۆیەوە نزا بۆ ئەم نیشتمانە بکاو و ئیتر ئەم هەموو پارەیە بەفیڕۆ نەدرێت؟ نەدەکرا ئەوهەموو پارەیە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە و سەوزکردنی ڕووبەرێک زەوی کوردستان بەکاربهاتایە، نەک بۆ تێرکردنی ئەوکەسانەی کە لەمنداڵیشدا نەبوونیان نەدیوە و هەر نازانن هەژاری چییە! دیسانەوە پێمان دەڵێن ئەمە هۆکارێکە بۆ ناساندنی کوردستان و لێکنزیکبوونەوە لە وڵاتانی تر و دانیشتنی دووقۆڵی و سێ قۆڵی بەڕێوەدەچێت و  میوانەکان دەبەن بۆ سەردانیکردنی چەند شوێنێکی کوردستان، جا توخوا ئەوە ئەوە دینێت و چاوەڕێی هیچی لێدەکرێت! خۆ پەیوەندی بەرپرسانی کورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان هەر زۆر لەلوتکەدایە، بۆ نموونە هەر ئەوەندە نازانی دەگەنە ئیمارات و لەگەڵ لوتکەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە، بەڵام باسی چیدەکەن، توخوا کەس دەزانێت باسی چی دەکەن؟ ڕۆژێک یەکێک لەم بەرپرسانە هات و بڵێت لەسەر چی قسەیان کردووە؟  باشە قسەکانمان ناوێت، بەڵام نازانم ئەم برادەرانەی لای ئێمە دەتوانن پێمان بڵێن کە هیچ نەبێت،  لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە نزا بۆچی دەکەن!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×