ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
یەکێک لە ئامانجەکانی نووسین ئەوەیە، کە نووسەر ئەو ئەرکەی لەسەرشانیەتی، ئەو بیرۆکەیەی لە مێشکیدایە بەدڵسۆزی و پاکی و دروستی دەیخاتە ڕوو! ئیتر هیچ باکی بە کاردانەوەی دەوروبەر نییە، چونکە ئەو ئامانجی خۆی دێنێتە دی. مەبەستم زۆر ڕوونە و هیچ تەمومژێکی بەسەرەوەنییە، کاتێک ئەم چەند وشەیە دەنووسم ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت و ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوچەکە زۆر بەخێرایی تێپەڕدەبێت و من نازانم سەرکردەکانی کورد لەم کاتەدا سەرقاڵی چیین؟ بەڕاستی بۆیە دەڵێم نووسەر ئەوەی لەسەرشانیەتی دەیکات و بەرانبەر مێژوو گەردنی ئازاد دەکات، چونکە هەرلەم بابەتە و لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر ئێستا سەیربکەیت دەیان وتار نووسراوە و بەگشتی نووسەرانی دڵسۆز ئەوئەرکەی سەرشانیان جێ بەجێ دەکەن، ئەگینا سەرکردەکانی کورد هیچ هەڵوێستیان نییە و ناشیان بێت! ئەمە چەندین ساڵە دەیانی وەک بەندە بەدەست ئەم بێ باکیەی لێپرسراوانی کوردەوە دەناڵێنین و ڕۆژێک نەمان دی سەرکردەیەکی کورد بێت و بڵێت بەڕاست وتاری ئەو نووسەرە کاریگەری هەبوو و بڕیارێکی گرنگمان پشت بەستوو بەو نووسینە وەرگرت!
نامەوێت وشەو بۆچوونەکانی هاوڕێیانم سەبارەت بەم بابەتە دووبارەبکەمەوە و کاتی خوێنەر بەفیڕۆ بدەم، بۆیە یەکسەر دەچمە سەر کرۆکی بابەتەکە و وەک وتم ئەوئەرکەی سەرشانم دەرهەق بە نەتەوە و خاکی کوردستان ئەنجام دەدەم.
ئایا ئێستا کاتی ئەوەیە کە کورد لە باشووری کوردستان ئاوا بێ باک و خەم سارد ڕۆژگار بەڕی بکات؟ ئیتر یان ئەوەیە سەرکردەکانی کورد هیچ لەخەمی گەلی کورددانین و خەمی حیزبەکەیان لەسەروو گەلەوەیە، یان ئەوەیە نەزانن! هەردووکیان یەک لەیەک خراپتر! ئەگەر دەڵێن وانییە و بەندە نەزانە، تکایە بۆمان ڕوونبکەنەوە واتای چی کۆبونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ ماوەی نۆزدە ڕۆژ دواخرا( بەقسەی خۆیان تا ڕۆژی ٧-١-٢٠٢٥ کۆنابنەوە) ئایا ئەمەکاتی ئەوەیە، کە ئاواڕۆژ و سات بە خۆڕایی بەڕێ بکرێت، ئەگەر تەنیا بێ باکی نەبێت! دەبوو ئێستا پەڕلەمان و حکومەت کارابوونایە و ئالەم دڵەڕاوکێیەی سیاسەتی کوردی ڕزگارییان بکردینایە! پێمان مەڵێن ئاخر ئەوانە حیزبن و پێویستیان بە کات هەیە تا تاوتوێی بەرنامەکانی حکومەت بکەن و بزانن لەگەڵ هەریەکەیاندا دەگونجێت، ئەمە هیچ بیانوو نییە و منداڵیش لەئێستادا تێگەیشتووە هیچ جیاوازییەک لەنێوان حیزبی کوردیدا لەم سەری ڕاستەوە بۆ ئەوسەری چەپ نییە و تەنیا خەریکی خۆدەوڵەمەندکردن و سەرقاڵی بازرگانین و لەکاتی بێ ئیشیشدا دەسەڵاتداریی دەکەن!
ئەی باشە چیتان لێبکەین! برادەرینە دەیانی وەک من چەندین ساڵە لێتان دەپاڕێینەوە، کە گوێ بگرن و واز لە دزی و ڕاووڕووت بێنن و خەریکی دەوڵەتداری بن ، کەچی ئێوە گاڵتەتان بەهەموومان دێت و ئەڵێی لەگەڵ ئێوەمان نییە! ئەی باشە ئێوە بەچی تێدەگەن؟ تەنیا دەبێت چەکوشەکە بدرێت بەسەرتاندا ئەوسا بەهۆش دێنەوە، بەڵام پاش چی ، پاش ئەوەی کار لەکار دەترازێت! چەندین ساڵە پێتان دەڵێین ئەم کارە زۆر ئاسانە بۆ نەتەوەیەک کە وڵاتی هەبێت، بەڵام ئێمە بێ وڵاتین و دەزانین دوای ئەوچەکوشە چی نەگبەتییەک چاوڕێمان دەکات و دەگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٩٠ ! لێپرسراوانی حیزبی بەئاگابێنەوە و خۆتان مەخەڵەتێنن، کەگوایە ئێوە هێزتان هەیە و دەتوانن کۆنترۆڵی هەمووشتێک بکەن، نا خەیاڵتان خاوە برادەرینە و تەنیا سەیرێکی نووسینی ماڵپەڕەکان بکەن ( ماڵپەڕە دڵسۆزەکان و نووسەرە ئازا و سەربەخۆکان) بزانن نووسەران چۆن ئامۆژگاریتان دەکەن، بەڵام چی بکەم ئێوە ناخوێننەوە و سەری خۆتان نایەشێنن! ئاخر وڵات چۆن ئاوا بنیات دەنرێت و دەبێت نەوەکانی دواڕۆژ چۆن باستان بکەن!
تکایە مەبنە شێری ناوخۆو ڕێوی دەرەوە، کە تا ئێستا وا دەجووڵێنەوە! نازانم بە هەموو عەقڵێکتانەوە ئەم کارانە دەکەن، یان نایزانن، دیسانەوە یەک لە یەک ترسناک تر! سەرکردەی کورد بەپێچەوانەی سەرکردەی میللەتانەوە لەکاتی تەنگانەدا دەرناکەون و خۆیان دەشارنەوە و کاتێک ڕووداوێکی دڵخۆشکەرە هەبێت دێن و وتار دەدەن! ئەزانن ئەوە بۆ وایە، بۆ ئەوەی لە دوایدا بەرپرسیارێتی هەڵنەگرن و لەکاتی ڕووداوەکەشدا چارەسەر و بیری ستراتیجییان نییە! باشە ئێوە هیچ نەبێت ئەم دەیان ساڵەی دەسەڵاتداریتان لە باشووری کوردستان بچوونایە چەند کۆرسێکی بەڕێوەبردنی وڵاتتان بخوێندایە! یان ئەوەیە دەڵێن و وا بیر دەکەنەوە کە بۆ کاتیی هاتوون و خۆتان داناوە بۆ ڕاکردن و هیچ باکتان بە مێژوو نییە و نازانن مێژوو هەر لاپەڕەی پرشنگداری نییە، بەڵکو زبڵدانیشی هەیە!
لەدوای پێشەوا قازی محەمەدەوە پاش کۆماری کوردستان لە مهاباد، هیچ کەسێک هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی نەداوە، بێجگە لە بیروڕای پارتە نەتەوەییەکانی وەک پاسۆک کەتەنیا لە چوارچێوەیەکی تەسکدا بوو، تا کاتی گشتپرسی باشووری کوردستان ساڵی ٢٠١٧، کە بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی خاوەن ئەوهەڵوێستەبوو! بەڵی، بارزانی دەیویست ئەوەبکات و ئامانجی دروستکردنی دەوڵەت بوو( پەلەم لێمەکەن و ئێستا ڕوونی دەکەمەوە کە چۆن دەوڵەتێک!). ئەوە بوو ڕاگەیاندنی دەوڵەت سەرینەگرت و کارەکە شکستی هێنا، چونکە یەکێتی ئەودەوڵەتەی نەدەویست کە بارزانی دروسی بکات! دڵنیابن ئەگەر کۆچکردو جەلال تاڵەبانی هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتی بدایە، ئەوا پارتی دژی دەوەستایەوە، ئەمە وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە و بەداخەوە تا ئێستاش هەروایە! نازانم بێجگە لەکورد هیچ نەتەوەیەک هەیەکاری وابکات؟ سەیری مێژووی دروستبوونی دەوڵەتان بکەن بزانن زۆرینەیان، ئەگەر هەموویان نەبێت، کەسێک یان سەرکردەیەک پێشەوایەتی میللەتێکی گرتۆتە ئەستۆ و گەیاندونیە ڕۆژی ئازادی و سەربەخۆیی، کەچی لە نێو سەرکردەکانی کورد دا بەدرێژایی مێژوو هەوڵی وانابینین، هەرهیچ نەبێت لە مێژووی ئەم سەد ساڵەی دوایی! هەرچەند ساڵ جارێک بە چەند دەستکەوتێکی بچووکی حیزبیی قایل بووە و کۆتایی بە خەونەکانی گەلی کورد هێناوە! بەپێچەوانەی گەلانی تریشەوە نەتەوەی کورد زۆرترین قوربانی و دەربەدەری و دەردەسەری داوەو هەرجارەی هەستانەوەی دەیان ساڵی خایاندووە! گەلی واهەیە یەک ڕۆژ خەباتی چەکداریی نەکردووە و ئەوە بۆدەیان ساڵ دەچێت دەوڵەتە! وەڵامی سوواوی زۆرینەی سەرکردەکانی کورد بۆ ئەم پرسە، یەکسەر ئاخر بارودۆخی ئێمە جیاوازەو ئێمە ئاوا و ئاوا، لەوقسە پڕوپووچانە! بەبڕوای من کورد خاوەن ئیرادەی دروستکردنی دەوڵەتی نییە، یان نەیبووە، یان لە جینەکانیدا ئەوەهەیە کە دەبێت هەر خزمەتی کەسانی تر بکات و خۆی بە کەمتر بزانێت و ئیتر ئەمەش وەک مۆری ناوچەوانی لێهاتووە! جابۆ ئەوەی لەباسەکە دوور نەکەومەوە دەگەڕێمەوە سەر باسی دەوڵەتەکی بارزانی کە ساڵی ٢٠١٧ دەیویست شەرمنانە ڕایبگەیەنێت و خۆی ببێت بە سەرکردە و دامەزرێنەری! بەڵی ئەم ویستە هەبوو، هەرچەندە بارزانی هیچ کات ئەوەی بە ڕوونی نەوتووە، بەڵام لێکدانەوە و شیکاری بۆ ئەوڕۆژانە بەئاشکرا دیاربوو! لەلایەکەوە زۆر دەستخۆشیم لێدەکرد و پاڵپشتی تەواوی بووم، چونکە وەک کەسێکی نەتەوەیی ئاواتی پەنجا ساڵەمان دەهاتە دی، هەرچەندە لەلایەکی تریشەوە زۆر ناتەبا بووم لەگەڵ ئەوەی کە دەمخوێنەوە، ئەویش ئەوەبوو کە دروستە بارزانی هەوڵی دروستکردنی دەوڵەت دەدات، بەڵام بەهەمان شێوەی وڵاتانی کەنداو کە دەبێت بنەماڵەی بارزانی دەسەڵاتدار بن و ئەودەسەڵاتەش هەرلای خۆیان بمێنێتەوە، کە ئەمە لەلای بەندە گونجاو و قبوڵکراو نەبوو! بەهەرحاڵ ئێستا پارتییەکان دەبێژن، لە کوێدا بارزانی باسی ئەوەی کردووە، کە هەردەبێت خۆیان دەسەڵاتداربن؟ نەخێر لەهیچ شوێنێکدا ئاماژەی ئەوەنییە و باس نەکراوە، بەڵام خۆ مرۆڤ لێکدانەوە و شیکاری بۆ ڕووداوەکان دەکات و باشترین بەڵگەش ئائێستایە، کە نەدەوڵەتین و وا خەریکە لە سایەی سەری پارتی و یەکێتییەوە هەرێمەکەش دەبێت بەقوربانی کەچی واز لە دەسەڵات ناهێنن، جا ئیتر ئەگەر دەوڵەت دروستببوایە چی دەگوزەرا؟
بەبڕوای من ئەگەر هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بگەشتایەتە سەرکەوتن و بەدیبهاتایە، زۆرینەی کورد هەر ڕازی دەبووین کە دەوڵەتێکی شێوە قەتەر یان ئیماراتمان هەبووایە، با تەواو بەدڵی ئێمەش نەبووایە بەڵام ئەوە ئاواتمان بوو!
وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا، ئەم سەرنجانەی ئێمەومانان بۆ مێژووە و چاوەڕێ ناکەم سەرکردەیەک بێتە جواب و بڵێت ئیتر بەسە و پێویستە بگۆڕێین و بەئاگا بێینەوە!
کەی سەرکردەی بەڕێز دێیت و دەڵێیت ئەم هەموو وێنەیەی بەدیوارەکانەوە هەڵتانواسیوە و هەمووی داگرن، کەس موقەدەس نییە بەڵکو تەنیا نەتەوە و خاکە، کە پێویستە لەسەروو هەمووانەوە بێت! ئێ خۆ چاوەڕێ ناکەم بارەگای چەند نهۆمی حیزب بۆ نەخۆشخانە چۆڵ بکرێت، یان بکرێت بە خوێندنگە! لەوبڕوایەدا نیم کە حیزبەکان بە پارتە پۆپۆلیستەکانیشەوە ڕاست و دروست پەیوەندیان بە وڵاتانی ناوچەکەوە بخەنە ڕوو و بەبەرچاوی هاووڵاتیانەوە باسی بکەن کە چی دەگوزەرێت! ئەی باشە چاوەڕێی چی بکەین؟ دوو چارەسەرهەیەکە سێیەمیان نییە: یەکەم ئەم حیزبانە تا زووە و کات ماوە بەخۆیاندا بچنەوە و بگۆڕێن و ڕەنجی خەڵکیش بەبانەدەن، عەقڵ بەکاربێنن و خۆیان لە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوویی ڕەنجەڕۆ نەکەن و خزمەتکاری خەڵکبن، دووەم یان دەبێت نەمێنن! چۆن و کەی، ئەوە باسێکی ترە.... ؟